دەستە گوڵێک لەبەر دەم سەفەری شێرکۆدا
دەستە گوڵێک لەبەر دەم سەفەری شێرکۆدا
سەر ھەڵبڕە ئازیزەکەم٬ دە ئاوڕێکمان لێ بەرەوە
بڕوانە ھەموو بست بە بستی کوردستان و ئەم جیھانە بێ غیرەتەش٬
لەگەڵ وێستانی ھەناسەتا ڕاوەستاون
دە بڕوانە چۆن سەرزەوی لەگەڵ ھەست و ئەندیشەتا ئاوێتەیە؛
بەدواڕۆحی بێ ئارامتدا پۆڵ پۆڵ شێعر دەفڕن بەرەو ئاسمان٬
دەستە دەستە وشەی شەھید٬ بە شوێن کاکۆڵی خاوت دا دەگەڕێن
کوردستان بۆ بێ کەسیەکەت؛ بێ کەسیەکەت بۆ کوردستان دەگرین
دە ئاوڕێکمان لێ بەرەوە٬ بڕوانە ئیفێل بەسەر تەوێڵی زێڕینەوە٬
وشە٬ وشەی شێعرەکانت ئەدرکێنێ.
دەبڕوانە شەھیدەکان بۆ پێچانی زامی قووڵ و جەرگبڕیان شاڵگەردنەکەتیان دەوێ
ژاکەتەکەت بدە بەسەر شانی دایکی نیشتمانا سەرمایەتی
ھێشتا زووبوو بۆ نوستنت پیرەمەگروون!
ھەڵۆکانت بێ ھێلانەن٬
قەڵەمەکەت بۆکێ بەجێ دێڵی؟
لەم وڵاتە ئیمپڕاتوورێکی تر شک نابەین
لەدوای تۆ ئیتر بەسەر تەوێڵی دەفتەرەوە٬
پێنووس فرمێسکێکی ھەڵناوەرێ.
لەدوای تۆ ئیتر شەپۆلەکا ھاوارەخنکاوەکانمان بەرەو ئاسمانی بێ ئینتھا بەڕێ ناکەن.
لەدوای تۆ کە گوللە بارانیان کردین٬
کێ کفنی سوورمان بۆ ببڕێ
ئیتر لەدوای خەنجەر کێ دەستی بکوژمان بگەزێ و بینەقاقای ڕاوەشێنێ.
ئیتر لەدوای تیرۆر٬ کێ یەخەی پۆلیسی نووستوو ھەڵتەکێنێ و پرسەی غەریبیمان بۆ بگێڕێ
ئیتر لە دوای ئەنفال کێ بەشوێن گۆڕی بێ سەروشوێنمانا بگەڕێ
ئیتر لەدوای کیمیا باران کێ ھەواڵی شەھیدبوونمان بباتە بەر دەم دیوانی خوا و سەر مێزی مافی بەشەر
بەدوا کۆچە سەوزەکەتا گەرووی شیعر٬
بوغزێک گرتوویەتی نە ئەوەیە بمرێ نە ئەوەیە پشوو بێنێتەوە.
بۆ کوێ دەڕۆی ئەوەتا خاک ٬بەخۆی و دار و باخ و ئاوەکانی٬ چیا و ئاوەدانییەوە
دەستەمۆی ئەندیشەی بەرز و ھەستی مەردانەتن.
وەختە بەدوای رۆحی خۆتا کوردستان و ھەموو دونیاش ھەڵفڕێنی
ئازادی لە دێڕێکی شێعرێکی تۆدا خۆی ئەناسی
دە وەرەوە پەخشانێکی نوێ ھەڵدروو بۆ پەیکەری دێموکراسی
ھەواڵی نوستنی تا ھەتاییت٬
ھەموو خەوتووەکانی ئەم جیھانەی لەخەو ھەستاند.
لەو دەمەدا ئێمە خەوتین تۆ بێدار بووی.
لەو دەمەدا کە ئاویش مرد تۆ زیندوو بووی ٬
بڕوا ناکەم٬
بڕواناکەم دەستی مردن بە باڵای بەرزت ڕابگا.
تۆ ھەر زیندووی٬ ڕۆحی تۆ ئەوەتا ئێستا لەگەڵ ھەوری ئەم ئاسمانە ئاوێتەیە و ھەموو ڕۆژێ بەھارێکی تازەی پێیە و بەسەر مانا دائەبارێ.
بۆ کوێ دەڕۆی ھەر گەڵایەک کە ئەیبینم شێعرێکی تۆی لێ نوسراوە قەسیدەیەکی نوێ بڵێ یەخەی سەنگەر٬ بۆ بیستنی قەسیدەیەک دەستەونەزەر ڕاوەستاوە .
پێت وانەبێ کە نیشتمان واز لە قەڵەمەکەت بێنێ
ھەر چاوەڕێی شێعری تازەین ھەتا ھەر کوردێ ئەمێنێ
ساڵانێکی زۆرە بەفر کولوو٬ کولوو لەنێو دەقی شێعرەکانت دا ڕەنگ ئەدەنەوە.
باران بەر لەوەی لێوی تینووی زەوی ھەڵمژێ٬
بەسەر پەلکی ھزری تۆدا دێتە خوارێ.
سرووشت بە ھەمو جوانیەکانیەوە لە ئامێزی گرتووی٬
من کەژاوەی ئەم سەفەرەت٬
لە کام گوڵ و لە کام چەپکە ریحانەی ساوا بۆ ھەڵبەستم .
پەنجە بۆ گژوگیا ئەبەم بەدەستمەوە نایەن
دەست بۆ ھەر گەڵاێی ئەبەم لەگەڵ ھەستی منا نامۆن نامۆ
بە چ زمانێ بە تاڤگە ببڵێم دوو باڵی پەمەیت لە کەفی ئاو
بە ھەور بڵێم ٬فەڕشێکی سپیت لە ئارەقەی گوڵ و
بە با بڵێم جووتێ کاڵەی ئاورێشمیت لە کاکۆڵی شەنگەبیزا
بۆھەڵبەستێ؟
بۆ کوێ دەڕۆی؟ بڕوانە شوشەبەندی چاویلکەکەت
جێ پەنجەی حەزی ھەزاران کۆرپەی ھەتیوی پێوەیە ھەموو لە دەریای چاوانت دا پێدەکەنن.
بەربەیانە ھەستە مەنوو٬ ڕەنگە لەگەڵ نوستنی تۆ شێعری کوردیش خەونووچکە بیباتەوە٬
ئاخر گیانە لەوساوە تۆ بەڕێوە بوی٬ ئەویش بێ وچان و سانەوەێک ھەردەم بەسەر دوندی ترووپکی ئاسمانەوە لەگەڵ شنەی بیری تیژت بەسەر سەفحەی ئەدەبیاتی ھەموو دونیاوە بەرز ٬بەرز٬ ئەشنێتەوە٬
تفەنگ ماندوو بوو تۆ ماندوو نەبووی
شمشێر بەزی تۆ نەبەزیی.
مردن وێستا تۆ نەوێستای٬
ھەموو ڕۆژێ ٬بەڕاوێژێکی تازەوە لەگەڵ پەیک و قاسیدانی مەرگ دوای
شوێن نەماوە نەچووبێتی بۆ کوێ ئەچی؟
لەیەک کاتا لێرەش بووی و لە ئاسمانیش.
من دڵنیام ئێستا ھاوڕێکانت لەوبەری گەواڵە ھەورەکانەوە
بەسۆز و گڕپەی شمشاڵەکەی قالەمەڕەوە
بەشنەی نۆتی مۆسیقای شێعرەکانی حەزرەتی نالییەوە
بە دەسکە گوڵی سوورەوە، وەک تامەزرۆی نۆبەرەی بێستانی ھاوین
دەست لەسەر سینگ لە بەر دەمی ئەسپی سپی ئەم سەفەرەتا،
چاوەڕێی دیداری ڕووحی ھیلاک و ماندووتن .
ئەمجارەیان بەرھەمی سەوزی زیندوومان، لەگەڵ ڕێزەی باران و
لەگەڵ تیشکی زێڕینی کازێوەدا، بەسەر باخچە پڕ گوڵەکەی دەربەندی پەپوولەدا بۆ ئەبارێنی.
من دەزانم تا ھەتایە بەم سەفەرەت پیلانی مردنی ڕەشت، کردە بڵقێکی تەسکی سەر ئاو، تۆ نامری ئەوەتا قەسیدەکانت وەک سۆڵاڤی لووتکەی سپی بە کەناری مێژووی سەوزی ئەدەبی کوردا،
بەرز، بەرز، دێنە خوارێ و موو بە موو دەی ئاژوێنن.
ئەمجارەیان پەیامی نەورۆزانەکەت،
چۆتە باوەشی ئاگرەکەی زەردەشتەوە و
پەنجەی سڕی کاوەی نەمر دەبژوێنن
ئاگری سووری لووتکەی کەژی پێ دەگەشێتەوە و ئەوەتانێ
چراکانی سەر ھەڵەمووت تا ھەتایە ھەر دەسووتێن؛ ھەر دەسووتێن.
سەلاحەدین حوسەینی (بۆکان-کانیدرێژ)