1
تایێکی ڕیشه‌یی دڵ، به نووکی غه‌مزه دادا
ده‌ستێکی بۆ سه‌ما برد ڕووبه‌ندی ماهی لادا
نافه‌ی گوڵی عه‌یان بوو، عه‌تری به ده‌م سه‌با دا
باریک و لووس و ناسک، دوو زولفی خاوی بادا
وه‌ک شاخی گوڵ به لا دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
2
به عیشوه زولفی لادا، له سه‌ر عیزار و زاری
دوگمه‌ی یه‌خه‌ی ترازا، بزووت هه‌وری به‌هاری
که شه‌و به‌یانی به‌ردا، گوڵ و وه‌نه‌وشه باری
سه‌ڵای له عاشقان دا، باخی گوڵ و هه‌ناری
دونیا به ئینتیزاری، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
3
که که‌وته چه‌رخ و گه‌ردیش ته‌شی به ده‌ستی ڕه‌نگین
هه‌ودای له لێو و ده‌م دا، خورشیدی سینه نه‌سرین
سه‌مای به "زوزه‌نه‌ب" دا "که‌فولخه‌زیب"ی شیرین
گرتی خه‌تی "مه‌دارات"، شه‌فه‌ق به "عه‌قدی په‌روین"
سێحرێکه بۆ دڵ و دین، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
4
له‌بانی ئاره‌قی ڕشت له پێکه‌نینی زاری
به خه‌نده، خونچه گوڵ بوو، گوڵاوی لێ ده‌باری
وتم: بفه‌رموو بۆ سه‌ر دوو چاوی من به یاری
به چاوی من ببینن، ته‌لێسم و سێحر کاری
ــ که سه‌روی جویباری، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
5
که زولفی که‌وته‌سه‌ر ڕوو، هه‌موو خه‌تای به چین دا
خه‌رامی تاووسانهی به سه‌روی نازنین دا
سپێده‌یی به‌یانی به باخی یاسه‌مین دا
فه‌نایی پڕ به‌قا بوو، ده‌می له پێکه‌نین دا
سه‌د ئافه‌تی له دین دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
6
نووکی ته‌شی به گه‌ردیش قوتبێکه چه‌رخی پێوه
"مه‌جه‌ڕڕه" بوو به داوی که چه‌رخی که‌وته نێوه
وه‌ک "زوهره" ده‌ستی کێشا که به‌ندی قه‌وسی زێوه
ئه‌ستێره ماهی داگرت سابت کرا به پێوه
ئاره‌ق به ڕوو به‌ڕێوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
7
یه‌خه‌ی کراسی لاچوو پشکووت به هه‌ر دوو لێوان
گوڵ و شه‌که‌ر ده‌باری له کووچه‌باخی سێوان
زولفی که لادا، کوڵمی وه‌ده‌رکه‌وت له نێوان
شهمس و قهمهر هه‌ڵاتن دوێنێ به نوێژی شێوان
عاشق ده‌که‌وتنه کێوان، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
8
که ده‌ستی برد و هێنا به دولبه‌ریی به تادا
وهچهرخی خست و گێڕای به ڕانی سافی دادا
عه‌یان بوو په‌نجه‌یی ڕۆژ به "خه‌تتی ئیستیوا"دا
به سوبحی سادق ئه‌نگووت"زه‌نه‌ب" له نێو سه‌مادا
حیڕه‌ت له "ماسیوا"دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
9
سمی غهزالهیی چین له نافهدا عه‌یانه
ده‌ڵێی له نیوه‌شه‌ودا سپێده‌یی به‌یانه
قه‌دی گوڵ و ده‌می گوڵ، دوو مه‌مکی قووتی گیانه
له باخی یاسهمیندا شکۆفه‌یی گوڵانه
به‌هاری بێ خه‌زانه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
10
که که‌وته چه‌رخ و گه‌ردیش ته‌شی به ڕانی لووسی
ده‌که‌وته پایبووسی دوو زولفی ئابنووسی
"زه‌نه‌ب" له مانگه‌شه‌و دا ده‌هاته چاپلووسی
له بان به‌یازی گه‌ردن به خه‌تتی خۆش نووسی:
ــ مه‌هتابه پایبووسی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
11
دوو زولفی چین به چین کرد، که نافه‌یی خه‌تایه
دوو مه‌مکی خسته سه‌ر لق، هه‌ناری دڵگوشایه
به خه‌نده چه‌رخی پێدا که شه‌وق و نه‌شئه وایه
به نوکته پێی نێشان دام، سه‌ما له سه‌ر هه‌وایه
هه‌موو ئیشاڕه وایه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
12
شکۆفه وا هه‌ڵستا له زێڕوزێو حوبابێ
له که‌وسه‌ری به‌هه‌شتێ، ده‌روونی پڕ کرابێ
خڕ و له‌تیف و ناسک، بلوری خودنوما بێ
به جورمی نووکی ده‌رزی، له نیوی درزی دابێ
دیاره سه‌روی وا بێ! شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
13
قوتووی لوئالییانه له زێوی داڕژاوه
به ته‌رزی درزی ده‌رزی له خۆوه درزی داوه
له به‌ر نه‌زاکه‌تی ڕۆژ، ڕه‌واقی دادڕاوه
لهبالهبه له حیکمه‌ت، له شه‌هدی هه‌ڵکراوه
به مه‌ی عه‌یان کراوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
14
به داوودڵ که سۆسن له خونچه‌گوڵ یه‌ره‌ق بوو
به هاتوچۆی سه‌ماوه، گوڵی وه‌ره‌ق وه‌ره‌ق بوو
شهقایقێکی شه‌ق بوو، شهقایقێ که شه‌ق بوو
به عاره‌قی عورووقی که سه‌رخۆشی عه‌ره‌ق بوو
به مه‌ی چ موسته‌حه‌ق بوو، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
15
شیفای جه‌راحه‌تی دڵ ته‌شی نه‌بوو که ڕستی
شهسپهڕی خاوی خۆی بوو، وا ده‌رپه‌ڕی له ده‌ستی
هه‌تیوی که‌لله‌شه‌ق زوو، به داوی حیله به‌ستی
له تاوی هاتوچۆدا، به لێوی خونچه گه‌ستی
به ڕۆح و دڵ، به قه‌ستی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ
16
ده‌مێ له بیرهخهودا جه‌ماڵی ویم به دڵ دی
دوو چاوی مه‌ست و کاڵیم وه‌کوو غه‌زالی سڵ دی
ئه‌گه‌رچی نه‌وبه‌هاریم به ڕه‌نگی باخی گوڵ دی
هه‌ناری نهوڕهسیدهم شکاو و خاو و بڵ دی
گوڵم له خاک و گڵ دی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
17
وتم: چبوو نه‌مامم! به خاڵ و خه‌ت نه‌ماوی؟
وه‌کوو به‌هار و سونبول بڵاو و تێکشکاوی
وتی: گڵاو و پیس بووه، شکۆفهگوڵ، گوڵاوی!
به گه‌ردیش و سه‌ماوه، ستارهیی سه‌ماوی
به‌سه‌رچوو چاووڕاوی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
18
مه‌که‌ن مه‌نعی "وه‌فایی" که خاو و دڵ بڵاوه
به داوودڵ، دڵی خۆی به داوی زولفی داوه
سه‌رێکه مه‌ستی نازه، دڵێکه بۆی نه‌ماوه
دڵم حه‌قی به ده‌سته، فتوای سه‌رم دراوه
ئه به‌م غه‌زاله چاوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
1
تا: 1) دا‌و، هه‌ودا. تاڵ، تار، لۆ. 2) بار، لابار، تاینچه. 3) تایه، ته‌گه‌ر.
غه‌مزه: 1) ناز، کریشمه، حه‌ڕه‌که‌تی چاو و برۆ له ڕووی نازه‌وه. 2) قهفچهی ته‌شی.
سه‌ما: حه‌وا، عاسمان، ئاسمان.
ڕووبه‌ند: نوقاب، ڕووگره، ڕووپۆش.
ماهـ : مانگ، هه‌یو، هه‌یڤ.
نافه: 1) بژ و پهرچهمۆکی گوڵان. 2) کیسه‌یه‌ک به بارستایی نارنجێک که له ژێر زگی ئاسکی(نێر) هه‌ڵکه‌وتووه و خاوه‌نی درزێکه که ماکه‌یه‌کی قاوه‌یی ڕه‌نگی چه‌ور به نێوی مسک یا موشک ده‌داته ده‌ر که بۆنێکی زۆر خۆش و عه‌تراوی هه‌یه. 3) نێوک، ناف، ناڤ، ناو‌کی زگ. 4) کاکڵ، نێوه‌ندی هه‌رشتێک.
به‌لادا: خواربووه‌وه، لاربووه‌وه، داچهماوه.
ــ تاڵێک له ڕیشه‌ی دڵی به قهفچه و نووکی ته‌شییه‌وه کرد، یان به غه‌مزه‌ی چاو بارێک ڕه‌گ و ڕیشه‌ی دڵانی بۆ لای خۆێ ڕاکێشا. به واتایه‌کی تر، ئه‌و دا‌و و ههودایهی که شیرین ده‌یڕێسێ، تاڵێکه له ڕیشه‌ی دڵ.
ژنان که ده‌ست به ته‌شی ڕستن ده‌که‌ن، ده‌ستێک به‌ره‌و لای سه‌ر بۆ بادانی هه‌وداکه هه‌ڵدێنن و ده‌ستێکیان له خواره‌وه، واته له لای ڕانیان، به تهشییهکهوه ده‌گرن. هه‌روه‌ها، له کاتی ته‌شی ڕستندا وا باوه که ناڕاسته‌وخۆ هێندێک حه‌ڕه‌که‌ت و ئاکاری خۆنواندن، وه‌ک: ده‌ست به کهزیهدا هێنان، زولف بادان، ڕووبه‌ند لادان و ڕووسه‌ری چاکردن، وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. به‌ڵێ، له‌وکاته‌دا که ده‌ستێکی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵێناوه، ڕووبه‌ندی له سه‌ر ڕووخساری وه‌ک مانگی لاده‌دا و به‌م کاره بژ و په‌رچه‌می گوڵی(که هێمایه بۆ قژ و زولفێک که به نافه و مسک خۆشبۆن کراوه) ده‌رده‌که‌وێ و عه‌تر و عه‌بیری به ده‌م بای سه‌باوه بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌و باڵابه‌رز و تاس و لووس و شلک و ناسکه که دوو زولفی خاوی خۆی باده‌دا و ده‌هۆنێته‌وه و، وه‌ک لقی گوڵ داچهماوهتهوه و که‌مێک لاربووه‌ته‌وه، شیرینه که ته‌شی ده‌ڕێسێ!
2
عیشوه: ناز، کریشمه.
عیزار: خه‌تی سه‌رلێو، ڕوومه‌ت، ڕوخسار.
هه‌وری به‌هاری: هێمایه بۆ گه‌ردنی سپیلکه و سینه‌ی لۆکه‌یی و مه‌مکی تورت.
به‌ردان: به‌ره‌ڵڵا کردن، ئازاد کردن، لێکه‌وتنه‌وه.
سه‌ڵا: بانگکردن، بانگهێشتن، هه‌را کردن، جاڕ دان.
ــ زولفی که که‌وتووه‌ته سه‌ر ده‌م و زار و ڕوخساری، به ناز و کریشمه لایده‌دا. دوگمه‌ی بهرۆکیشی که ده‌ترازێ، گه‌ردن و سینه و مه‌مکۆڵه‌ی وه‌ک هه‌وری به‌هار که سپیلکه و لۆکهیین وه‌جووڵه ده‌که‌ون. که شه‌ویش به‌سه‌ر ده‌چێ و به‌یانی لێده‌که‌وێته‌وه له لایه‌ک گوڵ (که ئاماژه‌یه به کوڵمه و ڕوخسار) و، له لایه‌ک وه‌نه‌وشه (که هێمایه بۆ زولف و که‌زیه) داده‌بارێ و ده‌رده‌که‌وێ. له‌و کاته‌دا باخی گوڵ و هه‌نار(سینه و مه‌مک)ی جاڕ له عاشقان ده‌دا. عاله‌م هه‌موو چاوه‌ڕوانن که شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
3
چه‌رخ: 1) سووڕان، ده‌ورلێدان. 2) گرده‌ڵ، گه‌ڕۆک، هه‌ر شت و ئامرازێک که به ده‌وری خۆیدا خول بخوا و بسووڕێ، یان بیسووڕێنن. 3) تا، تایه، تۆپ، ته‌گه‌ر. 4) چهغماغ، فه‌نده‌ک.
گه‌ردیش: گه‌ڕان، سووڕان، خولانه‌وه.
هه‌ودا: تا، تاڵ، تار، دا‌و، لۆ.
خورشید: خۆر، هه‌تاو، ڕۆژ.
نه‌سرین: گوڵێکی زه‌رد و سپیی خۆڕسته.
سه‌ما: ڕه‌قس، هه‌ڵپه‌ڕین، هه‌ڵبه‌زدابه‌ز، به ده‌وری خۆ خولانه‌وه، له‌ش جووڵاندن.
زوزه‌نه‌ب: خاوه‌ن که‌لک، کلکدار، ئه‌ستێره‌یه‌کی کلکداره(ئه‌و نوور و ڕووناکییه‌ی لێی ده‌بریسکێته‌وه وه‌ک کلک وایه).
که‌فولخه‌زیب: ده‌سته‌واژه‌یه‌کی لێکدراوی عه‌ره‌بییه، واته ده‌ست و په‌نجه‌ی خه‌نه لێدراو.
کهف: به‌ری ده‌ست، په‌نجه.
خهزیب: سووراو، خه‌نه، وه‌سمه، ڕه‌نگ.
مه‌دارات: کۆی مه‌دار، هێڵیکی گریمانه‌یی و فه‌رزییه که هه‌سار(گه‌ڕۆک)ه‌کان له سووڕان و خولانه‌وه‌ی خۆیاندا به ده‌وری خۆردا تێپه‌ڕی ده‌که‌ن. هه‌ر کام له‌و جه‌غز و هێڵانه‌ی که ده‌گه‌ڵ هێڵی ئیستیوا(نێوقه‌د)ی گۆی زه‌وی ڕێکهوڕاست هه‌ڵکه‌وتبن مهداراتیان پێ ده‌گوترێ.
شه‌فه‌ق: شه‌به‌ق، سوورایی ئاسۆ له دوای خۆر ئاوابووندا.
عه‌قدی په‌روین: شه‌ش ئه‌ستێره‌ی چکۆڵه‌ن که له ئاسماندا وه‌ک گه‌ردنبه‌ند یا ڕشته‌ی مرواری یان هێشوو ترێ دێنه به‌ر چاو.
سێحر: جادوو، ته‌لێسم، کاری سه‌یروسه‌مه‌ره.
[شیاوی سه‌رنجه، ئه‌و خورییه‌ی که شیرین ڕستوویهتی، ڕه‌نگی سپی بووه و هه‌ر بۆیه‌شه وه‌فایی به خه‌یاڵ له زۆر ماکه و که‌ره‌سه و دیارده(ڕه‌نگ، گوڵ، وێنه، جووڵه...) ی جۆراوجۆری سروشتی، زه‌وینی و ئاسمانی(سه‌ماوی) ئاماڵ سپی ڕه‌نگ، بۆ ده‌ربڕین و نواندنی ئیماژ و وێنه شێعرییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه].
ــ وه‌ختایه‌ک ته‌شی به ده‌ستی جوانی وی ده‌که‌وێته خولخواردن. ئه‌و ڕووههتاوه که سینگی وه‌ک گوڵی نه‌سرین زه‌رد و سپییه، ههوداکهی به لێو ته‌ڕ ده‌کا و بای ده‌دا(ئه‌وانه‌ی ته‌شی ده‌ڕێسن، ده‌ستیان بۆ ته‌ڕ کردنی هه‌وداکه له لێو ده‌خشێنن یا ههوداکهی به لێو ته‌ڕ ده‌که‌ن).
وه‌ک له سه‌ره‌وه گوترا، وه‌فایی، لێره‌دا، ته‌شییه‌که و گڵۆڵه ڕستڕاوهکهی به ئه‌ستێره‌ی کلداری"زوزه‌نه‌ب" چوواندووه که وه‌ختایه‌ک به ده‌ستی خهنهلێدراوی دڵگری شیرین خولده‌خوا و ده‌سووڕێ، وه‌ک ئه‌وه وایه که ئه‌ستێره‌ی"زوزه‌نه‌ب"ی له ئاسماندا وه‌سه‌ما خستبێ. په‌نجه‌ی ئاماڵ سوور و خهنهلێدراوی شیرین وه‌ک شه‌به‌ق که خه‌تی مهداراتیان لێ تیشکدراوهتهوه ده‌وه‌ره‌ی"عه‌قدی په‌روین"یان داوه. به واتایه‌کی تر، بریسکانه‌وه و تیشکدانه‌وه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی خهنهلێدراوی شیرین، له ده‌ورانده‌وری ئه‌و کۆمهڵهئهستێرهیه گه‌لێک هێڵی شه‌به‌قیی وه‌ک خه‌تی مه‌دارات دروست کردووه. دیاره ئه‌و کاره بۆ دڵ و دین وه‌ک سێحر و جادوو دێته به‌ر چاو، که شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
4
له‌بان: کۆی لهب، لێو، ده‌م.
ئاره‌ق: 1) عاره‌ق، عاره‌قه، خوناوی سه‌ر لێو و گۆنا، شله‌مه‌نی تکاو، ته‌ڕایی له له‌ش دهڵاو. 2) عاره‌ق، مه‌ی، شه‌ڕاب، باده.
به یاری: یاری کردن، گه‌مه کردن، ڕابواردن.
ته‌لێسم: سێحر، جادوو، کاری سه‌یروسه‌مه‌ره.
سێحرکاری: کاری سێحراوی.
سه‌رو: دارێکی باڵابه‌رزی کهللهقهندیی گه‌ڵا نووک تیژی خۆشبۆیه.
جۆیبار: جۆگه‌له ئاو، جۆبار، ڕۆبار، چۆم.
ــ کاتێ وه‌پێکه‌نین که‌وت، تک تک خوناو و ئاره‌قه له سه‌ر لێوه‌کانی ده‌هاته خوار. پێش ئه‌وه‌ی پێبکه‌نێ لێوی وه‌ک خونچه وابوو، که وه‌پێکه‌نین که‌وت، ده‌می وه‌ک گوڵ، گوڵاوی لێ ده‌تکاوه.
له‌و حاڵه‌ته‌دا، پێمگوت مادام تۆ ئاوا خوناوه و گوڵاوت لێ ده‌تکێته‌وه، بۆ کایه و گه‌مه‌ش بێ، وه‌ره سه‌ر ئه‌و دوو چاوه‌ی من(که جۆگه‌له‌ی فرمێسکیان له به‌ر ده‌ڕوا)، تا به چاوی من ئه‌و ته‌لێسم و سێحرکارییه ببیندرێ که تۆ سه‌روی سه‌ر ڕۆبار و جۆباری.
5
خه‌تا: 1) نافه‌ی خه‌تا. 2) خه‌ڵکی خه‌تا، هه‌رێمێک له چینی باکووری که نافه‌ی بۆنخۆش و به‌نێوبانگی لێ به‌رهه‌م دێ. 3) جۆرێک نه‌خش و کر و ڕازاندنه‌وه له فەڕش و مافووره‌دا.
خه‌رام: لاروله‌نجه، خۆلهنگاندن، به ناز ڕۆیشتن.
تاووس: باڵنده‌یه‌کی جوانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی کلک درێژه.
سپێده: کازێوه، به‌ره‌به‌یان.
یاسه‌مین: گوڵێکی جوانی بۆنخۆشی سپییه، که له عه‌ترسازی و ڕهنگڕشتندا که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ.
فه‌نا: نه‌مان، له به‌ین چوون، له‌نێوچوون، مەفح بوونه‌وه، بهتڵان.
به‌قا: مان، مانه‌وه، زیندوو، درێژه‌دان به ژیان.
ئافه‌ت: به‌ڵا،، نه‌خۆشی، زه‌ره‌ر.
ــ وه‌ختایه‌ک زولفی که‌وته سه‌ر ڕوو، هه‌رچی نافه‌ی خه‌تا بوو له چینێکی زولفیدا کۆ کرده‌وه. به‌ژنی دڵگری وه‌ک تاووس خسته لاروله‌نجه. له کاتی خۆلهنگاندندا، سینه‌ی که وه‌ک باخی یاسه‌مین وابوو، سپێده‌ی به‌یانی لێ ده‌رکه‌وت. ده‌م و زاری زۆر چکۆڵه‌ی که پێشتر ده‌تگوت خاڵێکی له‌نێوچووی به‌ره‌و نه‌مانه، ئه‌وا له کاتی پێکه‌نیندا ده‌رکه‌وتۆته‌وه و زیندووکه‌ره‌وه‌ی دڵانه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و حاڵه‌ته، مایه‌ی سه‌دان زه‌ره‌ر و ئافه‌ته بۆ دین و خاوه‌ن دینان، که شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
6
گه‌ردیش: گه‌ڕان، سووڕان، ده‌ورلێدان، خوڵانه‌وه.
قوتب: 1) ته‌وه‌ره، ئاسنێک که له به‌رداشی خوارووی ئاشیدا دابه‌ستراوه و به‌رداشی سه‌رووی له سه‌ر ده‌گه‌ڕێ. 2) جه‌مسه‌ری نێوه‌ندی سه‌روخواری هه‌ر گۆیه‌ک و شتێک که به ده‌وری خۆیدا بسووڕێ. 3) جه‌مسه‌ری باکوور و باشووری گۆی زه‌وی.
چه‌رخ: 1) سووڕان، ده‌ورلێدان. 2) گرده‌ڵ، گه‌ڕۆک، هه‌ر شت و ئامرازێک که به ده‌وری خۆیدا خولبخوا و بسووڕێ، یان بیسووڕێنن. 3) تا، تایه، تۆپ، ته‌گه‌ر. 4) چهغماغ، فه‌نده‌ک.
مه‌جه‌ڕڕه: کاکێشان(گالاکسیgalaxy).
زوهره: ناهید(ڤێنووس) دووهه‌مین هه‌ساره(گه‌ڕۆک)ی کۆره‌گه‌ی هه‌تاوی که له نیزیک گۆی زه‌وی هه‌ڵکه‌وتووه.
به‌ند: ڕسته، که‌مه‌ربه‌ند.
قه‌وس: 1) که‌وان، هێڵی وێکهاتوو، خه‌تی خوار و پشتکووڕ. 2) به‌شیکی دابڕاو له جه‌غز و بازنه و دایره.
ــ نووک و قهفچهی ته‌شی وه‌ک جه‌مسه‌ری چه‌رخ و گردهڵێکه که خول ده‌خوا و ده‌سووڕێ. ئه‌و ماشه‌ره خورییه‌ی وه‌ک کاکێشان وایه به هۆی هه‌ودایه‌ک به‌و چه‌رخه (ته‌شییه) به‌ستراوه‌ته‌وه که له‌و نێوه‌دا ده‌خولێته‌وه. به واتایه‌کی تر، ئه‌و ته‌شییه وه‌ک چه‌رخێکی نووکدار و خاوه‌ن جه‌مسه‌ر، ته‌واوی ئاسمان و کاکێشانی به هه‌ودایه‌ک به‌ستۆته‌وه. وه له‌م کاینات و کاکێشانهدا، شیرین وه‌ک ئه‌ستێره‌ی زوهره وایه و، ده‌ستیشی چه‌شنی که‌مه‌ربه‌ندێکی زێوینی که‌وانی دێته به‌ر چاو. شیرین، که به پێوه ڕاوه‌ستاوه و خه‌ریکی ته‌شی ڕستنه، دڵۆپ دڵۆپ ئاره‌قه وه‌ک کۆمه‌ڵێک ئه‌ستێره که ڕووی مانگیان داگرتبێ ده‌تكێنه سه‌ر گۆنا و ڕوومه‌تی.
7
یه‌خه: ئێخه، به‌رۆک، پێسیر.
کووچه‌باغی سێوان: 1) ڕێڕه‌و و جاده‌یه‌ک که ئه‌ملاوئه‌ولای دارهسێو بێ. 2) نێوان سینگ و مهمان، خه‌تی نێوان مه‌مکۆڵان.
پڕژاندن: بڵاوکردنه‌وه، په‌رێشان کردن.
شهمس: خۆر، هه‌تاو، ڕۆژ.
قهمهر: مانگ، هه‌یو، هه‌یڤ.
نوێژی شێوان: وه‌ختی تاوپهڕین، کاتی خواردنی ژه‌می شه‌و.
وهکێوان که‌وتن: ئاواره، سه‌رگه‌ردان، شێت بوون، عه‌وداڵ بوون.
قووت: زه‌واد، بژی‌و، خۆراک.
خه‌زان: گه‌ڵاڕێزان، پاییز، خه‌زه‌ڵوه‌ر.
ــ کاتێک یه‌خه‌ی کراسه‌که‌ی ترازا و، به‌مه‌ش هه‌ردووک لێوی وه‌ک گوڵ پشکووتن، گوڵ و شه‌کر له نێوان سینگ و مه‌مکۆڵان که وه‌ک باخی سێوان وابوون، دابارین. هه‌ر که زولفیشی له سه‌ر ڕوو لادا گۆنا و کۆڵمه‌ی ده‌رکه‌وتن(که هێمایه بۆ خۆردهرکهوتن و ڕۆژبوونه‌وه)، ئه‌وسا، خۆر و مانگی سروشت لای ئێواره که ده‌یانزانی له ئاست شۆقی ڕوومه‌تی وی خۆ ڕاناگرن له داخان خۆیان شارده‌وه و پۆلی عاشقانیش که ئه‌مه‌یان دی وه‌ک شێتان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت و وهکێوان که‌وتن.
8
به دولبه‌ری: به دڵڕفێنیی، به ناز و عیشوه، به ته‌ڕده‌ستی.
تا: 1) دا‌و، هه‌ودا. تاڵ، تار، لۆ. 2) بار، لابار، تاینچه. 3) تایه، تۆپ، ته‌گه‌ر.
عه‌یان: ئاشکرا، وه‌ڕوو، به‌رمه‌لا.
په‌نجه‌ی ڕۆژ: په‌نجه‌ی خۆر، ده‌ستی هه‌تاو.
ئیستیوا(استواء ــ سوی): 1) به‌رابه‌ر، وه‌ک یه‌ک. 2) هێڵی نێوه‌ندی یا خه‌تی نێوقه‌دی گۆی زه‌وی که ساڵێ دوو جار نوور و تیشکی خۆر به سه‌ر ئه‌و هێڵه‌دا شاقۆڵ ده‌بێ و له‌و کاته‌دا شه‌و و ڕۆژ به‌رابه‌ر ده‌بن، ئه‌و هێڵه گۆی زه‌وی به دوو که‌رتی باکووری و باشووری دابه‌ش ده‌کا.
زه‌نه‌ب: کلک، ئه‌ستێره‌ی کلکدار.
سوبح: به‌یان، کاتی ڕۆژهه‌ڵاتن.
سادق: بەڕاست، ڕاستی، وابوو.
حیڕه‌ت: سه‌یر، سه‌یر پێ هاتن، سه‌رسووڕمان.
ماسیوا(ما سوا‌ء): گه‌ردوون، هه‌رچی هه‌یه و نییه.
ــ که به‌ناز و عێشوه ده‌ستی به ههوداکهدا هێنا و، ته‌شییه‌که‌ی له سه‌ر ڕانی ساف و سمتی لووسی خۆی وه‌گه‌ڕ خست، شوێنی ده‌سکی ته‌شییه‌که وه‌ک هێڵی ئیستیوا که به هۆی په‌نجه‌ی وه‌ک تێشکی خۆر، خڕایی سمت و ڕانی کردبێته دوو که‌رت و هێڵه‌که‌ی به عه‌یان ده‌رکه‌وتبێ، ده‌هاته به‌ر چاو(ده‌ستی ــ خهنهلێدراوی ــ شیرین به په‌نجه‌ی ڕۆژ چوێندراوه و شوێنی ده‌سکی ته‌شییه‌که به خه‌تی ئیستیوا و، ڕانیشی به گۆ و خڕایی). له‌و حاڵه‌ته‌دا(که په‌نجه‌ی وه‌ک ڕۆژ، سمت و ڕانی چه‌شنی به‌یانی سادق ڕووناک کردبێ)، ماسیوا و گه‌ردوونیش سه‌ری له ته‌شی ڕستنی شیرین سووڕ ده‌مێنێ که به به‌یانی ڕاسته‌قینه، ئه‌ستێره‌ی زه‌نه‌ب(ته‌شی) له نێو ئاسمان(ڕانی ساف و لووس)دا ده‌رکه‌وتبێ!
9
سم: جگۆک، سه‌رپه‌لی قاچی ئاژه‌ڵ و وڵاخی به‌رزه.
غه‌زال: خه‌زاڵ، ئاسک.
چین: وڵاتی چین(دوو هه‌رێمی خه‌تا و خوته‌ن مسک و نافهیان به‌نێوبانگه).
نافه: 1) نێوک، ناف، ناڤ، ناو‌کی زگ. 2) بژ و پهرچهمۆکی گوڵان 3) کیسه‌یه‌ک به بارستایی نارنجێک که له ژێر زگی ئاسکی(نێر) ی خوتهندا هه‌ڵکه‌وتووه و خاوه‌نی درزێکه که ماکه‌یه‌کی قاوه‌یی ڕه‌نگی چه‌ور به نێوی مسک یا موشک ده‌داته ده‌ر که بۆنێکی زۆر خۆش و عه‌تراوی هه‌یه.) 4) کاکڵ، نێوه‌ندی هه‌ر شتێک.
ــ ده‌رکه‌وتنی سمی ئاسکۆڵه‌ی خوته‌ن(چین) له نێو نێوکیدا، هه‌روه‌ک نیوه‌شه‌و وایه که سپێده‌ی به‌یانی لێ که‌وتبێته‌وه و وڵاتی ڕووناک کردبێته‌وه. وه‌ک ئاشکرایه خاڵه گۆشتنه ڕه‌شه گچکه‌که که چه‌شنی سمی ئاسک ڕه‌نگی ڕه‌شه، به نیوه‌شه‌و چوێندراوه و ده‌وروبه‌ری ئه‌و خاڵه‌ش واته نێوک و زگ که سپییه، به سپێده‌ی به‌یان.
هه‌م به‌ژن و باڵای ده‌ڵیی گوڵه و هه‌م ده‌م و لێوی. مه‌مکه‌کانیشی که قووت و خۆراکی ڕووح و زیندووکه‌ره‌وه‌ی گیانن. له باغی بهروسینهی وه‌ک یاسهمینیدا چه‌شنی دوو شکۆفه گوڵ دێنه به‌ر چاو که هه‌میشه شلک و ته‌ڕ و تازه‌ن و ڕه‌نگی خه‌زه‌ڵ به خۆوه نابینن(شیرینێکی که وه‌ک به‌هاری بێ پاییز وایه).
10
پایبووسی: پێ ماچکردن، کڕنۆش بردن، پاڕانه‌وه.
ئابنووس: دارێکی ڕه‌شی گهڵاپهپوولهیی بۆنخۆشه.
چاپلووسی: لامهلامهکردن، مه‌رایی، زمانلووسی، خۆ چکۆڵه کردنه‌وه.
به‌یاز: 1) سپی، لاپه‌ڕه و کاغه‌زی سپی. 2) ده‌فته‌ری شێعر و دیوان.
بان: له سه‌ر، سه‌روو، لای سه‌رێ.
مه‌هتاب: تریفه، نووری مانگ، گرشه‌ی مانگ.
ــ له‌و کاته‌دا که ته‌شییه‌که‌ی به سه‌ر ڕانی ساف و لووسیدا ده‌گێڕا و ده‌یسووڕاند، دوو زولفی ڕه‌شی وه‌ک ئابنووسی ده‌خرانه ژێرپێی(له‌به‌ر درێژیی) و، ئه‌ستێره‌ی زه‌نه‌ب(ته‌شی)یش که له کاتی مانگه‌شه‌ودا لامهلامهی بۆ ده‌کرد و کڕنۆشی بۆ ده‌برد(ته‌شی به زه‌نه‌ب و ڕان به مانگه‌شه‌و چوێندراوه)، له‌سه‌ر ملی سپی و گه‌ردنی بێگه‌ردیدا به خه‌تی خۆش بنووسێ: مانگ ده‌بێ بۆ پێ ماچکردن بێته خزمه‌تی، واته مانگ و تریفه‌ی مانگ له چاو جوانی و ڕوخساری شیرین شتێکی ئه‌وتۆ به حیساب نایه‌ن.
سه‌رنج: زۆرجار، واههڵدهکهوێ که ته‌شیڕێس، به نووکی دهسکهتهشییهکهی شوێنێکی له‌شی ده‌خورێنێ، بۆیه من وای بۆده‌چم که مه‌به‌ستی وه‌فایی له‌م تاکه‌دا ئه‌وه بووبێ که شیرین به ته‌شییه‌که‌ی ملی خۆی خوراندووه و، شوێنه‌که‌ی له سه‌ر ملی ساف و سپی، وه‌ک ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی: "مه‌هتابه پایبووسی" مابێته‌وه.
11
چین به چین: ئه‌ملاوئه‌ولا پێکردنی قژ، ده‌ست به زولف و کهزیهدا هێنان. خه‌ت تێخستنی قژ و پرچ.
لق: لک، چڵ، چڵووک، شاخه، په‌لی دار.
دڵگوشا: دڵگر، دڵخۆشکه‌ر، شادیهێن.
خه‌نده: بزه، پێکه‌نین.
شه‌وق: زه‌وق، خۆشی، له‌زه‌ت، مه‌یل، نه‌شه(نه‌شئه).
نه‌شئه: شه‌وق، خۆشی، شادی، سه‌رمه‌ستی.
نوکته: قسه‌ی نه‌سته‌ق، وته، گوته، مه‌ته‌ڵ، نموونه.
هه‌وا: 1) ئاهه‌نگ، به‌زم، قام. 2) هه‌وه‌س، تاسه، ئاره‌زوو، مه‌یل. 3) فیز، ده‌عیه.4) حه‌وا، بڵیندایی سه‌ره‌وه‌ی زه‌وی، عاسمان.
ئیشاڕه: دهستڕاداشتن، هێما، ئاماژه.
سه‌رو: دارێکی باڵابه‌رزی کهللهقهندیی گه‌ڵا نووک تیژی خۆشبۆیه.
ــ دوو زولفی خۆی وا ئاڵقهئالقه کردبوو ده‌تگوت پڕن له نافه‌ی خه‌تا و خوته‌ن. هه‌ردووک مهمهکانیشی ده‌تگوت جووتێک هه‌ناری دڵگر و دڵگوشان که له سه‌ر چڵووکی دار(به‌ژن و باڵا) ده‌له‌رێنه‌وه.
به پێکه‌نینه‌وه سووڕێکی به جووته مهمانی دا و، گه‌یاندی كه نه‌شه و زه‌وق و خۆشی ئه‌وه‌یه و ئاوایه... به نوکته و نموونه‌ش وای نیشان دام که سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕینی له‌خۆڕا نییه و له سه‌ر ئاهه‌نگ و هه‌وایه‌ک ده‌ڕوا، هه‌موو ئاماژه و هێما و مه‌به‌ستیش هه‌ر وایه... شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
12
شکۆفه: 1) زێ، عه‌وره‌تی ژن. 2) چه‌که‌ره‌ی گوڵی دار، گوڵووکی ده‌رخت که تازه پشکووتبێ.
حوباب: پۆرگ، گوپ، بڵق، بلۆق.
بلور: شووشهڵه، کریستاڵ، شتی بریقه‌دار.
خودنوما: خۆدیاریدهر، خۆنوێن، ساف و ڕوون.
جورم: 1) داڕووشاندن، خه‌ت تێخستن. 2) تاوان، سووچ، هه‌ڵه.
درز: کون، قه‌ڵشت، که‌لێن، که‌له‌به‌ر.
ــ سه‌رنج: وه‌فایی له سه‌رجه‌می پارچه شێعره‌که‌دا، بۆ وه‌سفی شیرین( و ته‌شی) و به‌تایبه‌ت ئه‌ندامه‌کانی له‌شی، ورده‌کاریی و ناسکخهیاڵییهکی له ڕاده‌به‌ده‌ری ده‌کارهێناوه که له زۆر جێگادا مانا نهێنی و مه‌به‌سته شاراوه‌کان به سانایی خۆ به‌ده‌سته‌وه ناده‌ن. هه‌ڵبه‌ت به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌و که‌سانه‌ی که به "ئه‌ده‌بی ڕووهه‌ڵماڵراوی" له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، هه‌ر دێڕێکی بنواڕی تک تک خوناوه‌ی ئه‌ده‌ب و نه‌زاکه‌تی لێ ده‌تکێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌شه سه‌ره‌ڕای کوڕگه‌ل و پیاوان، ڕووی مه‌جلیسی بۆ نێو ژنان و کیژۆڵانێش هه‌یه. دیاره، یه‌کێک له به‌رچاوترینی ئه‌و ورده‌کارییانه، پێههڵاگوتنی یه‌ک له‌دوای یه‌کی ئه‌ندامه‌کانی له‌شی شیرینه تا ده‌گاته وه‌سفی شکۆفه(زێ) و، پاشان خه‌یاڵاندن و نواندنی ئه‌و دۆخی هه‌وا و هه‌وه‌س و حاڵه‌ته ههناوییهی که شیرین له عه‌ینی ته‌شی ڕستندا به سه‌ری دێ. دیسان لێره‌شدا، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زۆر که‌سان، وه‌فایی ته‌نیا وه‌سفی دۆخ و حاڵه‌تێکی تایبه‌تی ده‌کا، نه‌ک ئه‌وه‌ی که خۆی هه‌مبه‌ر و لایه‌نی تێوهردراو له کاره نه‌کراوه‌که(شه‌وق و نه‌شه) بێ. ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی ورد ـ ئه‌ویش به خویندنەوهی دروست و یه‌ک له دوای یه‌ک ــ ی شێعره‌کان بدرێ، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که هه‌مبه‌ر و ئه‌نجامده‌ری خه‌یاڵیی شیرین ته‌نیا تهشییهکهیهتی و به‌س.
وه‌فایی له‌و پێنجخشتهکییهدا دێته سه‌ر ئه‌سڵی مه‌به‌ست و، ئه‌و نوکته‌یه‌ی که شیرین ئاماژه‌ی پێ کردبوو، ده‌یخاته ڕوو و ده‌ڵێ:
ــ شکۆفه(دوای ئه‌و ئاماژه و ئیشاڕانه) وا قیت بووبۆوه ده‌تگوت حوبابێکه له زێڕوزێو هه‌ڵدراوه و، ناوه‌که‌شی ئاوی که‌وسه‌ری به‌هه‌شتی تێکراوه. ئه‌وه‌نده خڕ و جوان و ناسکه، ده‌ڵێی بلورێکی خۆنوێنی بریقه‌داره. هه‌روه‌ها ده‌ڵێی به هۆی نووکی ده‌رزی، له نیوه‌ی ڕا قه‌ڵشیوه و خه‌تی تێکه‌وتووه. ئاشکراشه، سه‌روی باڵا هه‌ر ده‌بێ وا بێ، که شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
13
قوتوو: قودوو، سندوقچه، مجری.
لوئالی(کۆی لوءلوء): دوڕ، مرواری، جهواهیرات.
له‌باله‌ب: مه‌لاومه‌ل، پڕاوپڕ.
شه‌هد: شیره، شیله، هه‌نگوین.
هه‌ڵکراو: داوتێچنراو، گڵۆڵه کراو، ههڵوێزنراو.
نه‌زاکه‌ت: به‌کاوه‌خۆ، ناسکی، مێهره‌بانی، له‌تافه‌ت، ئاکاری باش.
ڕه‌واق (راوق): 1) ڕاوه‌ک، پاڵوێنه، تووره‌که. 2) په‌رده‌ی ته‌نکی هه‌ڵاوه‌سراو له سه‌ر ده‌رگا. 3) هه‌یوان.
ــ وه‌ک قودووی دوڕ و مه‌رجان و مجری جهواهیرات وایه، ئه‌و قودووه به شێوه‌ی کونی ده‌رزی له خۆڕا درزی تێکه‌وتووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێی، تووره‌که و ڕاوهکێکی دادڕاوه که نووری ڕۆژ به کاوه‌خۆ لێیدابێ(مووی به‌رگه‌ده به ڕاوهکی دادڕاو ته‌شبی کراوه). به واتایه‌کی تر، ئه‌و موویانه وه‌ک په‌رده‌یه‌کی کون‌کون و ته‌نک که بۆ نه‌زاکه‌تی خۆر هه‌ڵاوه‌سرابێ، وان. ئه‌و شته پڕه له حیکمه‌ت و زانیاری که هه‌م ده شه‌هد و هه‌نگویندا هه‌ڵکێشراوه و هه‌میش به مه‌ی و شه‌ڕاب مه‌لاومه‌ل کراوه.
14
به داوودڵ: به تامه‌زرۆیی، به ئیشتیا، له ناخی دڵه‌وه، هه‌م به دا‌و و هه‌م به دڵ.
سۆسن: سوێسن، گوڵێکی گهڵادرشتی ڕه‌نگ جۆراوجۆری وه‌رزییه. لێره‌دا ته‌شی به سۆسن شوبهێندراوه و کینایه‌یه له ئامرازی زاوزێی پیاو.
خونچه‌گوڵ: گوڵخونچه، تازهگوڵ، گوڵی نه‌پشکووتوو، لێره‌دا کینایه‌یه له ئامرازی زاوزێی ژن(شیرین).
یه‌ره‌ق: 1) ئێره‌ق، جووتبوون، ڕه‌پکردن. 2) ئامرازی زاوزێی ئه‌سپ و یه‌کسمی گۆڵ. 3) لێهاتن(سواربوون)ی یه‌کسمی گۆڵ له دێڵ 4) تۆپی ئاش. 5) ئامرازی جووت و نیروئاموور.
وه‌ره‌ق وه‌ره‌ق: په‌ڕپه‌ڕ، هه‌ڵوه‌ریو، پڕش و بڵاو.
شه‌قایق: گوڵاڵه، گوڵاله‌سووره، گوڵێکی سووری خۆڕستی لاسک سه‌وزی درێژی به‌هارییه که نێوه‌که‌ی خاڵێکی ڕه‌شی تێدایه.
شه‌ق: 1) شلک، ته‌ڕوتازه، تورت، ده‌ست لێنه‌دراو، ده‌ق نه‌شکاو. 2) له‌ت، درز، که‌لێن، قه‌ڵش، داڕوشاو. 3) پێلاقه، شه‌پ.
عاره‌ق: 1) ئاره‌ق، ئاره‌قه، خوناوی سه‌ر لێو و گۆنا، شله‌مه‌نی تکاو، ته‌ڕایی له له‌ش دهڵاو. 2) ئاره‌ق، مه‌ی، شه‌ڕاب، باده.
عرووق(عروق، کۆی عرق ــ عیرق): 1) ڕه‌گ و ڕیشه، ڕیشاڵ. 2) مووڕهگی نێو زگ. 3) ورده ڕه‌گی نێو زێ.
عه‌ره‌ق: 1) ئاوی سه‌رخۆشکه‌ر، عاره‌ق، مه‌ی، شه‌ڕاب، باده. 2) هه‌ر عه‌ترێک یا ئاوێک یان شله‌مه‌نییه‌ک که به شێوه‌ی کوڵاندن و داچۆڕاندن له گرتنی شیره و شیله و تهڕهمهنی میوه‌جات و گوڵ و گیای بۆنخۆش به ده‌ست بێ.
مه‌ی: ئاوی سه‌رخۆشکه‌ر، عاره‌ق، ئاره‌ق، شه‌ڕاب، باده.
موسته‌حه‌ق: حه‌وجێ، پێویست، شیاو.
ــ وه‌ختایه‌ک گوڵی سوێسن(مه‌به‌ست ته‌شییه) به‌گیان و دڵ ــ به‌و په‌ڕی تامه‌زرۆیی ــ سواری خونچه‌گوڵ بوو (ده‌گه‌ڵی جووت بوو)، به واتایه‌کی تر کاتێک ته‌شییه‌که ڕه به‌ده‌نی ده‌خشا... له‌به‌ر جووڵه‌جووڵ و سووڕان و سه‌ماکردن، گوڵه‌کانی په‌ڕپه‌ر ده‌بوون... گوڵاڵهسوورهیهکی که تا ئه‌وده‌می شه‌ق و ده‌ق نه‌شکاو و ده‌ست لێنه‌دراو بوو، ئێستا داقڵیشاو و لهتلهت و شه‌ق کراوه... هه‌ر ئه‌و گوڵاڵهسوورهیه که به عه‌ره‌ق و ته‌ڕایی ناوه‌وه‌ی خۆی مه‌ست و سه‌رخۆش ده‌بوو، چ حه‌وجێی به مه‌ی و ئاره‌ق(ئاوهاتنه‌وه) هه‌بوو.
15
شیفا: شه‌فا، ده‌وا و ده‌رمان، چاکبوونه‌وه له نه‌خۆشی، سڵامه‌تی.
جهڕاحهت: برین، زام، گرێوگۆڵ.
شهسپهڕ(شه‌ستپه‌ڕ): گوڵێکی تۆپه‌ڵه‌ی زه‌ردی بۆنخۆشه(هه‌م مانای تۆپه‌ڵه خوری نهڕستراو ده‌دا و، هه‌م مه‌به‌ست له ئامرازی زاوزێی شیرینه).
هه‌تیوی که‌لله‌شه‌ق: لێره‌دا مه‌به‌ست ته‌شی یه و، هێمایه بۆ ئامرازی زاوزێی پیاو.
حیله: فرتوفێڵ، ده‌هۆ، نێرهنگ، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن.
به قه‌ستی: هه‌روا، له‌خۆوه، له‌خۆڕا، به ئانقه‌ست.
ــ ئه‌و ته‌شی ڕستنهی شیرین بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی مه‌یل و خوازه ده‌روونییه‌کانی بوون نه‌ک ته‌شی ڕستنی به ڕاستی(ئه‌و ته‌شی ڕستنه بوو به ده‌وای مه‌یله سه‌رکوتکراوه‌کانی دڵی شیرین). ئه‌وه، شهسپهڕی خاوی خۆی بوو که له ده‌ستی هاته ده‌ر و، خێرا که‌وته داوی هه‌تیوی که‌لله‌شه‌قی فێڵزان. جا، له‌به‌ر هاتوچۆ و جووڵه‌جووڵ و سه‌ماکردن، ئه‌ویش به زاری خونچه و به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه گه‌ستی(وه‌خۆی کرد)، که‌وابوو ته‌شی ڕستنهکهی شیرین به قه‌ستی بووه نه‌ک به ڕاستی.
16
ده‌مێ: چرکه‌یه‌ک، تاوێ، له‌حزه‌یه‌ک.
بیره‌خه‌و: خه‌ونووچکه، وێژینگ، وه‌نه‌وز، سووکهخهو.
غه‌زال: خه‌زاڵ، ئاسک.
نه‌وبه‌هار: تازهبههار، وه‌ک به‌هاری نوێ، سه‌رسه‌وز، وه‌رزی ژیانه‌وه.
نه‌وڕه‌سیده: کاڵ، تازه‌پێگه‌یشتوو، نوێبهره.
سڵ: ڕهویوه، قوشقی، ترسا‌و، زراوچوو.
خاو: ژاکاو، داچه‌ماو، ناگشت.
بڵ: میوه‌ی زۆر گه‌ییو، توڵخاوه.
ــ له سووکه‌ڵه وێژینگدانێکدا، جه‌ماڵ و به‌ژن و باڵای شیرینم به دڵ ڕوانی، واته جوانی و جه‌ماڵی ویم به ته‌واوی هاته به‌ر چاو. چاوه مه‌ست و کاڵه‌کانی وه‌ک چاوی ئاسکێکی ترسا‌و و سڵکردوو ده‌هاتنه به‌ر چاو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ڕوومه‌ت و ڕواڵه‌تی وه‌ک گوڵه‌باغی به‌هاری نوێ وابوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ناره‌ی که پێشتر شلک و ساوا بوو، ئێستێ ژاکاو و سیس و توڵاوهیه(هه‌موو ئاده‌میزادێک له دۆخێکی ئاوادا، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی به سه‌ر دێ که ڕوومه‌تی سوورههڵگهڕی و به‌رگه‌ده‌ی سست و خاو بێته‌وه). له ئاکامدا گوڵه‌که‌م ده نێو گڵ و قوڕ و لیته‌دا بینی.
17
نه‌مام: 1) ڕیشه‌ی داری یه‌کساڵه، چڵه‌داری ساوا. 2) قه‌ڵه‌مه.
به‌هار: 1) جۆره گوڵێکی گه‌ڵا زه‌رد و كه‌م ته‌مه‌نه. 2) چه‌قه‌ره و شکۆفه‌ی گوڵی دارودره‌خت. 3) یه‌که‌م وه‌رزی ساڵ.
سونبول: گوڵێکی وه‌نه‌وشه‌یی هێشوویییه، به ڕه‌نگ و شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ڕوێ و بۆ داووده‌رمان که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ.
گڵاو: قوڕاو، جێ ده‌می سه‌گ، په‌له‌شت، پیس و پۆخڵ.
چاووڕاو: نێوبهدهره، نێوبانگ، خۆنواندن، فیزوناز، ئهداوئهتوار.
ــ (له‌و حاڵه‌ته‌دا که وه‌فایی بۆ تاوێک جه‌ماڵی شیرینی هێناوه‌ته به‌ر چاو)، گوتی: ئه‌ی نه‌مامی شۆخ و شه‌نگ، هۆی چییه که خه‌ت و خاڵت وه‌ک خۆی نه‌ماوه و وه‌ک گوڵی به‌هار و سونبول بۆژوێ و ژاکاو و په‌ڕپه‌ر بووی. شیرین له وه‌ڵامدا گوتی: کوڕه گوڵاوی چی، شکۆفهگوڵهکهم گڵاو و پیس بووه ــ وه‌ک که‌سێکی تهریکبۆوه و په‌شیمان له‌و بارودۆخه ــ وه ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی که له ئاسماندا سه‌مای ده‌کرد، ئیدی چاووڕاوی نه‌ماوه و ده‌ورانی به سه‌ر چووه.
18
دڵ بڵاو: دڵ شێواو، دڵ له‌خۆچوو، سه‌رگه‌ردان.
نازی: نازی وی، نازی ئه‌و.
فتوا: ڕاده‌ربڕین، بڕیاری عالمی دینی له به‌رانبه‌ر کار و کرده‌وه‌یه‌کی ناشه‌رعی.
غهزالهچاو: چاوئاسک، چاوی وه‌ک خه‌زاڵ.
ــ لۆمه‌ی وه‌فایی مه‌که‌ن که په‌رێشان و شێواوه. به گیان و دڵ که‌وتۆته نێو داوی عیشقی شیرینه‌وه. سه‌رم به نازی وی مه‌ست و سه‌رخۆشه و، دڵیشم له سوێی وی نه‌ماوه. به‌م هه‌موو ناز و جوانییه‌ی که شیرین هه‌یه‌تی ــ به‌تایبه‌ت به هۆی ئه‌و چاوانه‌ی که ده‌ڵێی چاوی ئاسکن، دڵم هه‌قی بووه که سه‌رمی به فه‌ته‌ڕات داوه.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌ی ڕاستکردنه‌وه‌ی شێعره‌کان:
1) دیوانی وه‌فایی ــ میرزا عبدالرحیمی سابڵاخی، لێکۆڵینه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، چاپخانه‌ی کۆڕی زانیاری کورد، به‌غدا1978.
2) دیوانی وه‌فایی ــ میرزا عه‌بدول ره‌حیمی سابڵاخی، له چاپه‌مه‌نیه‌کانی سه‌یدیان له مه‌هاباد.
سه‌رچاوه‌ی مانالێکدانهوهی وشه‌کان:
1) فهرهنگ فارسی، دکتر محمد معین(فه‌رهه‌نگی6 جڵدی موعین)، موسسه انتشارات امیرکبیر، تهران، 1371
2) هه‌نبانه‌بۆرینه، فرهنگ کردی ــ فارسی، هه‌ژار، یه‌ک جڵدی، سروش، تهران 1369.
3) فه‌رهه‌نگی خاڵ، جزمی یه‌که‌م و دووه‌م و سێهه‌م، نوسراوی شێخ محمدی خاڵ.
سه‌رنج: ئه‌و نووسراوه‌یه یه‌که‌م جار له گۆڤاری مه‌هاباد( ژماره 125 ساڵی 1390ــ 2011 ) و هه‌روه‌ها له فه‌یسبووکی هێدی و هێرش چاپ کراوه.