مه‌حه‌مه‌د حوسێن سه‌یفی ‌قازی

محه‌ممه‌د حوسێن سه‌یفی ‌قازی ناسراو به حه‌مه‌حوسێن ‌خان ساڵی 1911 له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایكبووه.

میرزا حوسێن سه‌یف‌ و لقوزات، باوكی حه‌مه‌حوسێن خان، یه‌كێك له‌ پیاوه‌ زانا و ناسراوه‌كانی كوردستان بووه. له‌ هۆنراوه‌ و نوسیندا ده‌ستێكی زۆر باڵای هه‌بووه، هۆنراوه‌كانی به‌ كوردی و فارسی له‌ كاتی خۆیدا ده‌ستاوده‌ست ده‌گه‌ڕان و له‌ ناو خه‌ڵكدا زۆر به‌ نرخ بوون.          

مه‌حه‌مه‌د حوسێن سه‌یفی ‌قازی

حه‌مه‌حوسێن خان له‌ ژێر ده‌ستی باوكێكی زانا و نیشتمانپه‌روه‌ردا پێگه‌یشتبوو. ئامۆزای پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پارتی دیموكرات بوو.

له‌ سه‌ر ده‌می كۆماری كوردستاندا، كرا به‌ شالیاری به‌رگری و تا گیران و شه‌هید بوونی هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م كاره‌ بوو.

حه‌مه‌حوسێن خان له‌ دادگادا زۆر پیاوانه‌ له‌ بیرو باوه‌ڕی دیموكراتانه‌ی خۆی، له‌ كۆماری كوردستان، له‌ پێشه‌وای كورد قازی محه‌ممه‌د به‌رگری كرد و شانازی پێده‌كرد، كه ئه‌و‌ له‌ سه‌ر ئازادی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دادگایی ده‌كرێت.

شه‌وی 30ی 3ی 1947 پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و سه‌دری قازی و حه‌مه‌حوسێن خان له‌ چوارچرای شاری مه‌هاباد له‌ سێداره‌ ده‌درێن.

سمایل خانی شكاك

ئه‌م تێكۆشه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كورد كه‌ له‌ مێژوودا به‌ "سمكۆ" ناسراوه‌ ناوی‌ ئیسماعیلی‌ كوڕی‌ محه‌مه‌د پاشای‌ كوڕی‌ عه‌لی‌ خانی‌ كوڕی‌ ئیسماعیل ئاغای‌ شكاكه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ گه‌وره‌ و ده‌سه‌ڵاتداری‌ خێڵی‌ شكاك بوون.

سمایل خانی شكاك

سمكۆ له ساڵی‌ 1875 له‌دایكبووه‌ و پاش مردنی‌ باوكی‌ و جه‌عفه‌ر ئاغای‌ برای‌، سه‌ركردایه‌تی‌ خێڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ گرتۆته‌ ده‌ست و له‌دوای‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانییه‌وه‌ هاتۆته‌ كۆڕی‌ خه‌بات و كوردایه‌تییه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵانی‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانیدا سمكۆ له ‌هیچ چالاكییه‌كی‌ ڕامیاریدا به‌شداری‌ نه‌كرد بوو، به‌ڵام هێزه‌كانی‌ ڕوسیا گرتیان و دووریان خسته‌وه‌ بۆ شاری‌ "تفلیس" و دواتر ئازادیان كردبه‌و مه‌رجه‌ی‌ له‌شاری‌ "خۆی‌" دابنیشێ‌ و هیچ هه‌ڵوێستێك دژی‌ ڕووسه‌كان نه‌نوێنێت. کاتێك‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌م كۆتایی‌ هات، سمایل خانی‌ شكاك وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی‌ ڕامیاری ناوی‌ ده‌ركرد و له‌پێناو دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌ڵاتێکی‌ كوردیدا ساڵی‌ 1919 شۆڕشی‌ به‌رپاكرد و گه‌لێ‌ ناوچه‌ی‌ گرنگی‌ خسته‌ ژێركۆنتڕۆڵی‌ خۆیه‌وه‌. له‌ ساڵی‌ 1921دا له‌ئه‌نجامی‌ له‌شكركێشییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئێراندا، سمكۆ ناچار بوو پاشه‌كشێ‌ بكات و په‌نا به‌رێته‌ به‌ر توركیا.

ساڵی‌ 1924 به‌بڕیارێكی‌ لێبوردن گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران و ساڵی‌ 1926 جارێكی ‌تر شۆڕشی‌ به‌رپاكرده‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌شیان شۆڕشه‌كه‌ی‌ تێك شكاو ماوه‌یه‌ك له‌توركیادا به‌ده‌ست به‌سه‌ری‌ مایه‌وه‌. پاش ئازادكردنی‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران و ساڵی‌ 1930 به‌پیلانێكی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌وسای‌ ئێران له‌شاری‌ "شنۆ" شه‌هید كرا، به‌مه‌ش شۆڕشه‌كه‌ی‌ شكاك كۆتایی‌ هات كه‌ یانزه‌ ساڵ درێژه‌ی‌ كێشا.


 

شه‌ریف پاشا

 

 ناوی‌ محه‌مه‌د كوڕی‌ سه‌عید پاشای‌ كوڕی‌ حسێن پاشای‌ كوڕی‌ ئه‌حمه‌د ئاغای‌ خه‌ندانه‌. بنه‌ماڵه‌ی‌ خه‌ندان هاوكارێكی‌ نزیكی‌ پاشاكانی‌ بابان بووه‌و دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بابانه‌كان. له‌ ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌هه‌مدا سه‌عید پاشا چۆته‌ ئه‌سته‌مبوڵ.            

شه‌ریف پاشای خه‌ندان

 شه‌ریف پاشا كه‌ هاوپۆلی‌ شێخی‌ نه‌مر بووه‌ له‌ حوجره‌كه‌ی‌ خواجه‌ ئه‌فه‌ندیدا، له‌ ئه‌سته‌مبوڵ درێژه‌ به‌خوێندن ئه‌دات و له‌وێ‌ ئیتاڵی‌ و فه‌ره‌نسی‌ و  یۆنانی‌ فێر ئه‌بێت. ساڵی‌ 1885 ئه‌چێته‌ پاریس و خوێندنی‌ عه‌سكه‌ریی‌ ته‌واو ئه‌كات و ئه‌بێ‌ به‌ ژه‌نه‌ڕاڵ.

ساڵی‌ 1890 خێزان پێكه‌وه‌ ده‌نێت. هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كچی‌ عه‌باس حیلمی‌ و ئامۆزای‌ مه‌لیك فاروقی‌ پاشای‌ میسره‌. ساڵی‌ 1898 ده‌كرێته‌باڵیۆزی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ له‌ سوید. ساڵی‌1908 ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌سته‌مبوڵ و له‌گه‌ڵ ئه‌مین عالی‌ به‌درخان و شێخی‌ شه‌مزینی‌دا كۆمه‌ڵه‌ی‌ "ته‌عالی‌ و ته‌ره‌قی‌ كورد" دائه‌مه‌زرێنێت. لێره‌وه‌ كه‌سایه‌تی‌ شه‌ریف پاشا وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ كورد په‌روه‌ر به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێت.

له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ئیتیحادییه‌كان پشتی‌ تێ‌ ئه‌كه‌ن وهیچ پۆستێكی‌ ئیداری‌ ناده‌نێ‌. ساڵی‌ 1909 له‌ پاریس حزبی‌ "رادیكالی‌ عوسمانلی‌" دائه‌مه‌زرێنێت و هه‌ر هه‌مان ساڵیش گۆڤاری‌ "مه‌شرووتییه‌ت" له‌ پاریس  ده‌رئه‌كات. ئه‌م گۆڤاره‌، ئه‌وه‌ی 55 ژماره‌ی‌ لێ‌ ده‌رچووه‌، بانگه‌واز بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ ده‌ستووری‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌كات له‌و بیروباوه‌ڕه‌ی‌ شه‌ریف پاشاوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ مافی‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ ژێر ده‌سته‌ ته‌نیا له‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكرات و ده‌ستووریدا پارێزراوه‌.

ساڵانی‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانی‌ شه‌ریف پاشا چالاكییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌نواندو خۆی‌ بۆ رووداوه‌كانی‌ پاش جه‌نگ ئاماده‌كرد به‌و هیوایه‌ی‌ بتوانێ‌ له‌بارودۆخێكی‌ گونجاوتردا داكۆكی‌ له‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ بكات. له‌ كۆتایی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 1918 دا له‌ شاری‌ مارسیل چاوی‌ به‌ "سێر پێرسی‌ كۆكس" كه‌وت و داوای‌ لێ‌ كرد وه‌ك كاربه‌ده‌ستێكی‌ حكومه‌تی‌ بریتانیا چاره‌نووسی‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد پشت گوێ‌ نه‌خات.

گه‌وره‌ترین چالاكی‌ سیاسی‌ شه‌ریف پاشا له‌ مانگی‌ ئازاری‌ 1919دا ده‌ركه‌وت، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ به‌ناوی‌ نوێنه‌رێكی‌ متمانه‌ پێ‌ به‌خشراوی‌ كورده‌وه‌ یاداشتێكی‌ پێشكه‌شی‌ كۆنگره‌ی‌ ئاشتی‌ پاریس كردو نه‌خشه‌ی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ی‌ كرد به‌ پاشكۆی‌ یاداشته‌كه‌ی‌ و داوای‌ كرد ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد دابمه‌زرێ‌.

ئه‌م یاداشته‌ی‌ شه‌ریف پاشا بووبه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ چه‌سپاندنی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ په‌یمانی‌ سیڤه‌ردا كه‌ مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1920 په‌سه‌ند كرا. سێ‌ ساڵ پاش ئه‌وه‌و له‌ كۆنفرانسی‌ لۆزان دا هه‌موو ئاواته‌كانی‌ شه‌ریف پاشا هه‌ره‌سیان هێنا. ئه‌م زوڵمه‌ گه‌وره‌یه‌ كارێكی‌ خراپیان كرده‌ سه‌ر باری‌ ده‌روونی‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ لێهاتووه‌ی‌ كوردو رووبه‌ڕووی‌ قۆناغێكی‌ خه‌ته‌رناكی‌ ژیانی‌ پڕ نائومێدی‌ و چه‌رمه‌سه‌ری‌ بووه‌وه‌.

ئه‌م گه‌وره‌ پیاوه‌ی‌ كورد، شه‌ریف پاشای‌ خه‌ندان، له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 1945دا له‌ ئیتاڵیا كۆچی‌ دواییكرد و له‌ گۆڕستانی‌ قاهیره‌ گۆڕ غه‌ریب بوو.

پیره‌مێرد

پیره‌مێرد ناوی تۆفیق كوڕی مه‌‌حمود ئاغا، كوڕی هه‌مزاغای مه‌سره‌فه -"هه‌مزاغای مه‌سره‌ف"یش پیاوێكی ناسراوی كاتی خۆی بووه و له سه‌رده‌می فه‌رمانڕاویی پادشای باباندا، ته‌نانه‌ كاروباری سه‌ره‌ك شالیاری و شالیاری پاره‌یی بینیوه بۆیان پیان ووتوه‌ "مه‌سره‌ف" - له ساڵی 1876دا له شاری سلێمانی له گه‌ڕه‌كی "گۆیژه" له‌دایكبووه.

ئه‌و ساته‌ی پیره‌مێرد ته‌مه‌نی ده‌گاته شه‌ش ‌حه‌وت ساڵی، نێرراوه‌ته حوجره‌ی مه‌لا حسینه گۆجه له شاری سلێمانی، ماوه‌یه‌ك له‌وێ وانه‌ی ئه‌خوێنێت، وا باس ده‌كرێت، که له‌وێ له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی خواجا حافز له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یدا تێكچووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن ئه‌فه‌ندی مامی له‌وێوه ئه‌یگوێزێته‌وه بۆ مزگه‌وتی مه‌لا سه‌عیدی زڵزله‌یی، که ئه‌یباته ئه‌وێ حه‌سه‌ن ئه‌فه‌ندی پێی ده‌ڵێت: "تۆفیق ئومێد ئه‌كه‌م ده‌مونه‌فه‌سی ئه‌م زاته پاكه بتكا به شاعیرێكی وه‌كو من!" - به‌و په‌یڤه‌ش ده‌رئه‌كه‌وێت، كه حه‌سه‌ن ئه‌فه‌ندی مامیشی هه‌ر شاعیر بووه.

پاش ماوه‌یه‌ك پیره‌مێرد ئه‌بێ به فه‌قێ له مزگه‌وتی هه‌مزاغای باپیری كه شوێنه‌كه‌ی نزیكی باخێك بووه پێیان ووتوه "باخی پووره‌به‌گی"، كه له گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌یه‌و چاپخانه‌كه‌ی پیره‌مێرد نزیك ئه‌و مزگه‌وته‌یه، له‌وێ له‌و مزگه‌وته لای مه‌لا مه‌حمود ناوێك ده‌ستده‌كات به خوێندن و فێربوونی عه‌ره‌بی و وانه‌ی ئایینی.

پیره‌مێرد هه‌روه‌كو شێوازی حاجی قادری كۆیی و نالی و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و زێوه‌ر، مزگه‌وتا و مزگه‌وت ‌و شاربه‌شار گه‌ڕاوه ‌و له‌ هه‌ر شوێنك ماوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه.

پاش ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانی شاری سلێمانی گه‌ڕاوه ئه‌وسا ڕووی كردۆته مزگه‌وته‌كانی شاری بانه‌ له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات.

كه له‌ بانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاری سلێمانی، له ساڵی 1882دا كراوه به نووسه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕه‌گه‌زنامه له سلێمانی و له ساڵی 1886دا كراوه به سه‌رنووسه‌ری دادگای شارباژێڕ و له ساڵی 1895دا كراوه به یاریده‌ده‌ری داواكاری گشتی له شاری كه‌ربه‌لا له خواروی ئێراق، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی دوایی به‌دڵنه‌بووه و وازی له فه‌رمانی میری هێناوه.

له ساڵی 1898دا له‌گه‌ڵ شێخ سه‌عید حه‌فیدا (باوكی شێخ مه‌حمودی قاره‌مان) چووه بۆ توركیا، بۆ ساڵی دوایی شێخ سه‌عید و تۆفیق پێكه‌وه چوون بۆ مه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانی حه‌ج به‌جێبهێنن، له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ توركیا سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا و وه‌فایی شاعیریشیان له‌گه‌‌ڵ ئه‌بێ، وه‌فایی له‌ڕێگا كۆچی دواییكردووه، به‌م‌پێ‌یه تۆفیق بوه به‌ حاجی تۆفیق.

‌حاجی تۆفیق له نووسینی فارسیدا ده‌ستێكی زۆر باڵای هه‌بووه وه‌كو ئه‌ڵێن له‌و كاته‌دا مه‌گه‌ر ته‌نها (سلێمان به‌گ)ی باوكی مامۆستا گۆران، ئه‌وه‌ی به نووسه‌ری فارسی به‌ناوبانگ بووه، له ئاستی پیره‌مێرد له‌ فارسیدا شاره‌زایی بوبێت.

له ساڵی 1899دا فه‌رمانی شاهانه‌ی بۆ ده‌رئه‌چێت و ئه‌كرێت به ئه‌ندامی كۆنگره‌ی باڵا له ئه‌سته‌مبوڵ و پله‌ی به‌گیه‌تی پێده‌به‌خشرێت، له‌و ماوه‌یه‌دا به هۆی "عزه‌ت پاشا"وه پیرمێرد ئه‌چێته قوتابخانه‌ی یاسا و بڕوانامه‌ی یاساناسی له‌وێ وه‌رئه‌گرێت.

كه له‌ ساڵی 1908دا بانگهێشتی مه‌رجی ئه‌كرێت و كۆنگره‌ی باڵا تێكئه‌چێت، ئیتر حاجی تۆفیق له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ست ئه‌كات به كاری پارێزه‌ری و به نووسین و به‌ده‌رهێنانی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌وه خه‌ریك ده‌بێت.

له‌سه‌ره‌تادا مافی ده‌رهێنانی "ڕه‌سملی كتاب"ی وه‌رگرتووه، له ساڵی 1907دا له‌پێش ئاگاداری مه‌رجی كۆمه‌ڵیه له‌و كوردانه پێكهاتبوو كه له توركیا له ئه‌سته‌مبوڵ ئه‌ژیان به سه‌رۆكایه‌تی "شێخ عه‌بدولقادری شێخ عبیدڵڵا"، ئه‌و شێخ عه‌بدولقادره‌ی كه له‌دواییدا توركه كه‌مالیه‌كان كردیان به‌سێداره‌دا و پیرمێرد به‌و بۆنه‌یه‌وه گه‌لێ هه‌ڵبه‌ستی به‌رزی مێژوویی بۆ وتوه. حاجی تۆفیقیش یه‌كێكبووه له ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵه.

ڕۆژنامه‌ی "كورد"، ئه‌وه‌ی زمانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ‌بووه، حاجی تۆفیق بردویه‌تی به‌ڕێوه، جگه‌ له‌وه‌ش بۆ گه‌لێ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری تر به فارسی و به‌ توركی گه‌لێ هه‌ڵبه‌ست و په‌خشانی ناردوه. ئه‌و هه‌ڵبه‌ست و په‌خشانانه‌ی به‌ناوی "سلیمانیه‌لی تۆفیق" یاخود به‌ناوی "س.‌ت"وه بڵاوكردۆته‌وه.

له ساڵی 1909دا كراوه به سه‌رۆكی شارۆچكه‌ی "جوله‌مێرگ" و له ساڵی 1918دا بووه به لیپرسراوی "ئه‌ماسیه‌". له‌و كاته‌دا خانه‌واده‌كانی له سلێمانیه‌وه ده‌ست ئه‌كه‌‌ن به نامه‌نووسین بۆی به‌تایبه‌تی مسته‌فا سائیبی خوشكه‌زای گه‌لێ نامه‌ی بۆناردوه وه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان لێكردوه بگه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان.

حاجی تۆفیق كه زۆربه‌ی ته‌مه‌نی گه‌نجێتی و هه‌رزه‌كاری له توركیادا ڕابواردبوو و له‌وێ ژنێكی هێنابوو دوو مناڵی لێ‌ هه‌بوو، پاش ئه‌م ماوه دووروو درێژه ئاگری جگه‌ری دایكی نیشتمان هه‌ڵیگرت، سۆزی خۆشه‌ویستی كوردستان و به‌سه‌رهاته‌كانی خستیه‌ جموجۆڵ و سه‌ر سه‌ودای گه‌ڕانه‌وه.

پیره‌مێرد ئاگری جگه‌ری دایكی نیشتمان ئارامی لێئه‌بڕێت، ئه‌سته‌مبوڵ به‌جێده‌هێڵێت وه ژنه‌كه‌ی و دوو كوڕه‌كه‌ی له توركیا به‌جێ ئه‌هێڵێت و خۆی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان.

حاجی تۆفیق چه‌ند ساڵێك له شاری سلێمانیدا ئه‌مێنێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی توخنی كاری میری بكه‌وێت، له ساڵی 1926دا له مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا شاره‌وانی سلێمانی ڕۆژنامه‌ی "ژیان" ده‌رئه‌هێنێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی "حسێن كازم" و پیره‌مێردیش ئه‌كرێت به‌سه‌رپه‌رشتی ڕۆژنامه‌كه.

له ساڵی 1932دا "حسێن كازم" كۆچی دوایی ئه‌كات ئیتر پیره‌مێرد ئه‌كرێت به‌ سه‌رۆكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه، له ساڵی 1934دا چاپخانه‌كه‌ی شاره‌وانی به‌كرێ ئه‌گرێت و مافی ڕۆژنامه‌ی "ژیان" ئه‌گۆڕێته سه‌رخۆی.

له ساڵی 1937دا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی شاری سلێمانیدا تێكئه‌چێت و چاپخانه‌كه‌ی شاره‌وانی لێئه‌سه‌ندنه‌وه به‌ڵام پیرمێرد هه‌ر كۆڵنادات ئه‌چێت خانووه‌كه‌ی ئه‌خاته ڕه‌هنی به‌ڕیوبه‌رایه‌تی "هه‌تیوان"ه‌وه مافی ڕۆژنامه‌یه‌كی نوێ بۆ خۆی وه‌رئه‌گرێت وه به ناوی ڕۆژنامه‌ی "ژین"ه‌وه ده‌ری ئه‌هێنێت و چاپخانه‌ی ژینی دامه‌زراند.

پیره‌مێرد تا دواهه‌ناسه‌ی ژیانی به ڕۆژنامه‌ی چێتیه‌وه خه‌ریك بووه، تا له 19ی حوزه‌یرانی 1950دا له شاری سلێمانی كۆچی‌ دواییكردوه‌ و له‌سه‌ر خواستی خۆی له‌گردی مامه‌یاره، ئه‌وه‌ی جاران مه‌ڵبه‌ندی ئاهه‌نگ گێڕانی جه‌ژنی نه‌ورۆزی بوو، به‌را‌نبه‌ر به ئه‌رخه‌وانه‌كانی گردی سه‌یوان بووه و له‌وێدا نێژراوه‌ و بووه به‌هاوده‌می مامه‌یاره.
 
یه‌كێك له‌و هۆنراوانه‌یی پیرمێرد، ئه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ ئاوازێكی به‌سۆز ڕه‌شایی و سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانمان بۆ لاده‌بات و مزگێنی به‌هار و ساڵێكی نوێمان پێده‌به‌خشێت شیعری "نه‌ورۆز"ه.


                        نه‌ورۆز

ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆز هاته‌وه
          جه‌ژنێكی كۆنی كورده به خۆشی و به‌ هاته‌وه  

چه‌ند ساڵ گوڵی هیوای ئێمه پێ‌په‌ست بوو تاكو پار
          هه‌ر خوێنی لاوه‌كان بوو گوڵی ئاڵی نه‌وبه‌هار

ئه‌و ڕه‌نگه‌ سووره‌بوو كه له‌ ئاسۆی بڵندی كورد
         مژده‌ی به‌یانی بۆ گه‌لی دوورو نزیك‌ئه‌برد

نه‌ورۆز بوو ئاگرێكی وه‌های خسته جه‌رگه‌وه
         لاوان به عشق ئه‌چوون به به‌ره‌وپیری مه‌رگه‌وه 

ئه‌وا ڕۆژهه‌ڵات، له به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه
        خوێنی شه‌هیده ڕه‌نگی شه‌فه‌‌ق شه‌و‌ق ئه‌داته‌وه  

تا ئێسته ڕووی نه‌داوه له تاریخی میلله‌تا
        قه‌ڵغانی گولـله سنگی کچان‌بێ له هه‌ڵمه‌تا  

پێ‌ی ناوێ بۆ شه‌هیدی وه‌ته‌ن شیوه‌ن‌و گرین
        نامرن ئه‌وانه وا له‌دڵی میلله‌تا ئه‌ژین          

نەجمەدین مەلا

نەجمەدین مەلا ( - ١٩٦٢) ڕۆژنامەنووس و مامۆستای خوێندنگا و نووسەری کورد بوو.

ژیان

نەجمەدین مەلا کوڕی‌ مەلا غەفوری‌ کوڕی‌ مەلا عەلییە، خوێندنی‌ ئەو سەردەمەی‌ لە حوجرە‌ تەواو کردووە و پاشان قوتابخانەی ئەعدادییەی‌ مەلەکی‌ تەواو کردووە. ژیانێکی‌ زەحمەت و پڕئەشکەنجەی‌ بردۆتە سەر، ماوەیەک لە ڕانیە‌ بە مووچە خۆری‌ ئەمێنێتەوە و پاشان لەپێناوی‌ پەیداکردنی‌ بژێویدا لە شاری‌ حەڵەب ماوەیەک ماوەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی‌ و خوێندنگای‌ تایبەتی‌ کردۆتەوە بۆ فێرکردنی‌ خوێندەواری‌. ھەر لەم حوجرەیەشدا کە ناوی‌ نابوو کەشتیی‌ نوح کتێبخانە‌یەکیشی‌ دامەزراندبوو، کتێب و رۆژنامە ‌و بڵاوکراوەکانی‌ ئەو سەردەمەی‌ تیا ئەفرۆشت. لەم حوجرەیەوە نەجمەدین مەلا نزیکەی‌ حەوت ھەزار کەسی‌ لە نەخوێندەواری ڕزگار کرد و ژمارەیەکی‌ تریشی‌ فێری‌ زمانی‌ فارسی‌ کردووە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا ھاوکارێکی‌ ھەمیشەیی‌ رۆژنامەی‌ ژین بوو، لە رێی‌ ئەو رۆژنامەیەوە ژیاننامەی‌ زوربەی‌ شاعیر و پیاوە گەورەکانی‌ لە فەوتان ڕزگار کرد و نزیکەی ٩٠ چیرۆکیشی‌ بڵاوکردەوە کە زوربەیان چیرۆکی‌ فۆلکلۆرین.

جگە لەمانە، بەدەست و خەتی‌ خۆی‌ دیوان و بەرھەمەکانی‌ گەلێ‌ شاعیری‌ پاراستووە لەوانە دیوانەکانی‌ حەمدی‌ و مەولەوی‌ و سالم و نالی‌ و کوردی‌. نەجمەدین مەلا، گەلێ‌ کەشکۆڵ و دەستنووسی‌ دانسقە‌ی‌ لەپاش بەجێماوە کە ئێستا بوونەتە سەرچاوەی‌ لێکۆڵینەوە‌ زانستییەکان لە بواری ئەدەب و مێژووی کورددا.

رۆژی‌ ٢٣/ ٤/ ١٩٦٢ ھەر لە حوجرەکەی‌ خۆیدا و بە بێکەسی‌ کۆچی‌ دوایی‌ کرد و لەسەر وەسیەتی‌ خۆی‌ و پاش تێپەڕ بوونی‌ چەند ساڵێک تەرمەکەی‌ لە چیای‌ ئەزمڕ بە ‌خاک سپێردرایەوە.

دوکتور محەمەد سدیق موفتی‌ زادە

 دوکتور محەمەد سدیق موفتی‌ زادە ساڵی‌ ١٩١٨ لە گوندێکی‌ ناوچەی‌ جوانڕۆ لەدایک بووە. مەلا عەبدوڵای‌ باوکی‌ یەکێک بووە لە زانا ئاینییە بەناوبانگەکانی‌ سەردەمی‌ خۆی‌ و لە تاران نازناوی‌ موفتی‌ کوردستانی‌ پێ‌ دراوە. محەمەد سدیق بە منداڵی‌ خراوەتە بەر خوێندن و بەفەقێیەتی‌ گەلێ‌ شوێن گەڕاوە وەک موکریان و شارەزوور و پێنجوێن و سلێمانی‌ و کەرکوک و رواندز و سەرەنجام لەشاری‌ سنە ئیجازەی‌ مەلایەتی‌ وەرگرتووە. دواتر لە زانکۆی‌ تاران ھەردوو قۆناغی‌ بەکالۆریۆس و دکتۆرای‌ تەواو کردووە و بووە بە مامۆستای‌ زمان و ئەدەبی‌ کوردی‌.

لەبواری‌ رۆژنامەنووسیشدا خزمەتێکی‌ زۆری‌ بە ئەدەب و مێژووی‌ نەتەوەکەی‌ کردووە و ئەو ماوەیەش کە لێپرسراوی‌ بەشی‌ کوردی‌ بووە لە رادیۆی‌ تاران گەلێ‌ بەرنامەی‌ گرنگی‌ سەبارەت بە کەلتورو ئەدەب و مێژووی‌ کورد بڵاوکردۆتەوە. ئەم زانا پایە بەرزە چەند لێکۆڵینەوەیەکی‌ گرنگیشی‌ ئامادەکردووە بۆ چاپ کە یەکێکیان سەبارەت بە رێزمانی‌ کوردی‌یە و بەرھەمێکی‌ تریشیان لێکدانەوەو شیکردنەوەی‌ ھۆنراوەکانی‌ مەولەوی‌یە. دکتۆر موفتی‌ زادە لەشیعر نوسینیشدا دەستێکی‌ باڵای‌ ھەبووە و ھەوڵی‌ داوە لەم بوارەی‌ ئەدەبدا ئامۆژگاری‌ میللەتەکەی‌ بکات و پەندەکانی‌ ژیانیان فێربکات. ئەم پیاوە رۆشنبیرە لەتەمەنی‌ شەست و سێ‌ ساڵیدا لە شاری‌ تاران کۆچی‌ دوایی‌ کرد و لە گۆڕستانی‌ (وەیسی‌ قەرەنی‌) نزیک شاری‌ کرماشان بە خاک سپێردرا.

عەلامە کاک ئەحمەدی موفتی زادە

 

تێبینییەکى گرنگ

ئەم چەند دێرە لە ژیانى کاکە ئەحمەد لە روانگەى دیدو بۆچوونى بەندەوە رەنگە دەها هەڵوێستى ئیمانیو دڵسۆزى مەردانەى ترى هەبێ کە لەلاى دۆستانو لایەنگرانى هەبێو ئێمە نەمانبیستبێ.
لە راستیدا ژیاننامەى تێرو تەواوى رەنگە لە چەند بەرگێگدا ئەگەر بنوسرێت ئەوسا لەوانەیە مافى خۆى بدەینێ.

نوسینی: بورهان محەمەد ئەمین خاوەنی " سیری ئاسان')">تەفسیری ئاسان بۆ قورئان"



سەرەتاى ژیانى

کاکە ئەحمەد لەنێو خێزانێکى دینــدار و خــوانـاسـدا لە ساڵى 1936ى زاینیدا لە شاری سنە هاتۆتە دنیاوە، لە تەمەنى منداڵیدا لاى باوکى فێرى خوێندەوارى بووەو تێکەڵى فەقێکانى حوجرەى کردووە پەیوەندى لەگەڵ مزگەوتى (دار الاحسان)ى سنەدا گەرمو گوڕ بووە، بەتایبەتى چونکە باوکى زانایەکى بەناوبانگ بووەو بەردەوام لە پەنجا فەقێ کەمترى نەبووە.
                              

        عەلامە کاک ئەحمەدی موفتی زادە

هەر لە تەمەنى هەرزەکاریدا کەسایەتییەکى هەستیار بووەو زۆر بەزەیى بە چینى هەژارانو چەوساواندا هاتۆتەوە، بەتایبەتى لە ماڵیان چاپەزو ئاشپەزو خزمەتگوزار هەبووە، باوکى لە زانا دەوڵەمەندەکان بووە.
خۆى بۆى گێڕامەوە: کاتێ کە یەکێک لەو خەڵکە مەحرومە شتێکى دەشکاند، من پێم دەوت: هەرکەسێک سەرو دڵى گرتى بڵێ ئەحمەد شکاندوویەتى.. ئیتر بەو رەفتارە سەرسام بوونو زۆر خۆشیان دەویستم.. هەروەها بە سروشت سوپاس بۆ خوا هەرچى فیزو خۆ بەگەورەزانینە لە دڵو دەروونمدا جێى نەدەبۆوە.. لەبەر ئەوە بە گشتى خۆشەویست بووم لاى هەموو ئەوانەى کە بەرخوردم لە تەکیاندا هەبوو.

خۆى بۆى گێڕامەوە

جارێکیان ئەفسەرێکى پایەبەرز کرابوو بە فەرماندەى بنکەى سەربازى سنە، رۆژێکیان باوکم پەیوەندى پێوەکردو بۆ نێوڕۆخوانێک داوەتى کرد.
سەرەنجام حاڵەتى نائاسایى لە ماڵەوە بەڕێ دەچێت، جۆرەها خۆراک ئامادە دەکرێت اسرافو تبذیر کە خۆشیم لێى نەدەهات بە ئاشکرا دیاربوو، بەتایبەت کە بیر دەکەمەوە لەو خەڵکە مەحرومو بێ بەشەى کە بەزەحمەت بە نانەسکى دەژین.
سەرنجم دا سفرەکە زۆر بەدیققەت رێک دەخەن، پێنج جۆر گۆشت بە جۆرەها شێوە ئامادە کرابوو، پێنج جۆر برنج لێنرابوو، جگە لە جۆرەها شلەو جۆرەها زەڵاتەو سەوزەو..شتى تر. هەر بۆیە لە ناخى خۆمدا بڕیارمدا: شەرتبێ دەمى لێ نەدەم.
سەیر لەوەدابوو کاتێ ئەفسەرەکەو هاوەڵانى هاتن سەرسام بوونو دیاربوو سفرەى وایان نەدیبوو، بۆیە کەس دەمى لێ نەدا، تا وێنەگرێک دێتو وێنەیەک لە سفرەو خوانەکە دەگرێت.
ئیتر لەناخمدا دەکوڵامو بڕیارمدا هەر کە سنە بەجێبێڵمو بەشوێن زانستى شەرعیدا بگەڕێم..!!

لە کوردستانى باشووردا

لە سەرەتاى پەنجاکاندا کاکە ئەحمەد سنورى بەزاندو لە کوردستانى خۆرهەڵاتەوە رووى کردە کوردستانى باشوورو لێرە بە خزمەت هەندێ لە زانایانى تەوێڵەو بیارەو هەڵەبجە شاد بوو، کە بەناوبانگترینیان (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس) بوو، هەروەها سەردانى ژمارەیەک لە دێهاتەکانى ئەو ناوچەیەى کردووە بە مەبەستى خوێندن یان سەردانى دۆستانو هاوەڵانى.
لە رەمەزانەکانیشدا دەبووە مەلاى رەمەزانو هەر ساڵەى لە ئاواییەکى شارەزوردا رەمەزانى بەسەر دەبردو جەژنى بۆ خەڵکەکە ساز دەدا.
ساڵێکیان رێى دەکەوێتە یەکێک لەو دێهاتانەو لە وتارى جەژندا کورتە بابەتێکى قیامەت پێشکەش دەکاتو هانى خەڵکەکە دەدات بۆ دەستپاکىو دورەپەرێزى لە حەرامخۆرى. نمونەیەک دەهینێتەوەو دەڵێت:
ئەى موسڵمانینە.. کەس لە قیامەتدا لەبەردەم دادگاى پڕِ لە دادى خواییدا ناتوانێت نکوڵى لە هیچ کام لە کردەوەکانى بکات، چونکە دەستو چاوو قاچو پێست... هەموو دێنە زمان، شتە دزراوەکان دێنە مەیدانو شایەتى لەسەر دزەکە دەدەن.. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بزنێکى دزى بێت بزنەکە دێتە مەیدانو شایەتى لە دزەکە دەدات!!
جا فەرمووى: هەرکە ئەمەم وت، کابرایەک وتارەکەى پێبڕیمو وتى: مامۆستا.. مامۆستا.. بەڕاست خوای تەعالا بزنەکە زیندوو دەکاتەوەو ئاوا دەیهێنێتە مەیدان..؟! وتم: بەڵێ: دڵنیابە، کابرا وتى: سا بەخوا شتێکى باشە، منیش ریشى دەگرمو دەیدەمەوە دەست خاوەنى!!
ئیتر خەڵکەکە هەموو دایانە قاقاى پێکەنین، جا کە پێکەنینەکەیان نیشتەوە تێم گەیاندن، قیامەت شوێنى لێپرسینەوەیە هیچ کردەوەیەک لە خواى گەورە پەنهان نیە، چى بچێنیت ئەوە دەدوریتەوە.

کەوا و سەڵتەکەى

دواى دوو سێ ساڵ هەواڵ دەچێتەوە بۆ ماڵى باوکى کاکە ئەحمەد دەربارەى کەواو سەڵتەى شڕو پێناویەکەى ئەوانیش سەریان سوڕ دەمێنێ، چونکە بەردەوام پارەو پووڵى بۆ دەنێرن کە خزمەتى خۆى پێ بکات، بەڵام کاکە ئەحمەد کەسایەتییەکى بەخشندەو هاوەڵدۆست بوو، ئاسوودە نەدەبوو پۆشاکى تازەى لەبەردابێتو هاوەڵەکانى گیرفانیان بەتاڵ بێ، بۆیە دەیبەخشییەوە بەسەریاندا.
تا سەرەنجام باوکى یەکێک لە خزمانى بەتایبەتى نارد بە هەندێ پارەوە تا لە سلێمانى کەواو سەڵتەى تازەى بۆ بکڕێت.. خۆى دەڵێت:
ئیتر خزمەکە لەکۆڵم نەبۆوە دەستى بەرنەدام تا کردمى بە شارى سلێمانیداو کەوا و سەڵتەى تازەى بۆ کڕیم.


گەڕانەوە بۆ شارى سنە

کاکە ئەحمەد دەڵێت: دواى چەند ساڵێک هەستم کرد شتێک لە زانستە شەرعییەکان شارەزابووم بڕِیارمدا بگەڕێمەوە بۆ شارى سنە، کە گەیشتمە ئەوێ دایکو باوک و خزمان پێشوازییەکى گەرمیان لێ کردم..
دواى چەند رۆژێ لە خزمەت باوکمدا چووین بۆ مزگەوتى (دار الاحسان) نزیکەى پەنجا فەقێیەک ئامادەبوون کە باوکم رۆژانە دەرسى پێ دەوتن، دیاربوو دەیویست تاقیم بکاتەوە بۆیە وتى: ئەمە ئەحمەدى کوڕِمەو چەند ساڵێکە لە کوردستانى عێراقە، لەوە دەچێت بە زانستێکى فرەوە گەڕِابێتەوە،حەز دەکەم لەمەولا لەباتى من ئەو وانەتان پێ بڵێت، پێم باشە هەر ئێستا ناوى خواى لێ بێنێو رووى تێ کردمو وتى: فەرموو ئەحمەد بزانم..
کاکە ئەحمەد فەرمووى: منیش ناوى خوام لێ هێناو زۆر بە جوانىو رێکوپێکى وانەکانم وتەوە، هەستم دەکرد کە هەر هەموو تەوفیقاتى ئیلاهى بوو، چونکە من خۆم ئامادە نەکردبوو بابەتەکەش قورس بوو، ژمارەى فەقێکانیش زۆر بوونو هەموو لە ئاستێکى بەرزدا بوون.
جا وەکو شێوازێکى نوێ وتم: جا ئێستە کێ شتێک تێنەگەیشتووە، یان پرسیارێکى هەیە، با بفەرموێ!!
بەو شێوەیە وانەکە تا نزیکى نیوەڕۆى خایاند دوور لە بێزارىو ماندوو بوونو بێتاقەتى.
پاشان سەرنجى باوکم دا رەنگى گەشابۆوە هەر سوپاسى خواى دەکرد، دوایى وتى پێم: ئەحمەد گیان لە راستیدا من ویستم تاقیت بکەمەوەو بڕوام وا نەبوو ئەوەندە زانستى شەرعیت بەدەست هێنابێت، ئیتر لەمەودوا لەم کارە پیرۆزەدا دەبێ بەردەوام بیت.


ئەندامێتى حیزبى دیمۆکراتی کوردستان

کاکە ئەحمەد جگە لەوەى کەسایەتییەکى زاناى لێ دەرچوو، هەستو سۆزێکى نەتەوایەتیشى بۆ دروست بوو، چونکە گەلى کوردى دەبینى چەوساوەو بەشمەینەتە، خوێندنو نووسینى بە زمانى خۆى لێ قەدەغە کراوە، هەر بۆیە پەیوەندى کرد بە پارتى دیموکراتەوەو بوویە ئەندامێکى چالاک لە نێو ریزەکانیداو وەکو نوسەرێک بەشدارى دەکرد لە بڵاوکراوەکانیدا.
هەر بۆیە دواى ماوەیەک زانراو دەستگیرکراو لە گرتووخانەیەک لە تاران بەندکرا.


لە گرتوخانەدا

لەنێو بەندیخانەدا کاکە ئەحمەد رەوشت بەرزىو دیندارى پێوە دیاربوو، ئەوانەى ئاشت دەکردەوە کە دەبووە کێشەیان، بەرخودانى هەبوو زۆرجار بەشە خۆراکەکەى خۆى دەبەخشى بە کەسێک کە بەشى کەم بوو یان تێرى نەدەخوارد، هەروەها لەگەڵ هەندێ کەسایەتى ئاشنایەتى پەیدا کرد، وەکو (حجةالاسلام باهنر) کە دواتر بوو بە سەرەک وەزیران.. پرسیم لە کاکە ئەحمەد: ئەى ئەم رێبازى ئێستات چۆن گرتەبەر..
فەرمووى: لە کاتى زیندانى کردندا بووم شەوێک خەونێکى سەیرم بینى: بە خزمەت پێغەمبەر درودو سڵاوى خواى لەسەر گەیشتم، ئەو تەشریفى دانیشتبوو، منیش وەکو منداڵێکى تەمەن حەوت هەشت ساڵان دەستم خستبووە سەر شانى پیرۆزى، ئەویش قورئانێکى بە دەستەوە بوو، هەوڵى دەدا قورئانم بە وردى فێر بکات.. چەند ئایەت و سورەتێکى پێ وتم، کتوپڕ خەبەرم بووەوە، خەوم زڕا، هەستم بە گۆڕانێکى زۆر دەکرد لە دڵ و دەرونمدا، ئەسرین لە چاوانم بارى، لە دڵى خۆمدا دەموت: ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە من شارەزاییم لە قورئان کاڵ و کرچ و کەمە، دەبێ لەمەودوا بە وردى سەرنجى بدەم و بیکەمە پەیامى رزگارى بۆ گەلەکەم.
ئەو شەوەم بە شەونوێژ بەسەربرد و دیمەنى پێغەمبەر درودو سڵاوى خواى لەسەر هەر لەبەر چاوان بوو، کاتێ قورئانم دەخوێند لە نوێژەکاندا دەتوت تازە دەیخوێنمو نەمخوێندووەتەوەو نەمبیستووە، دوایى کە رۆژ بۆوە هەوڵمدا قورئانێکم پەیدا کردو دەستم کردە دەورکردنەوەو تێفکرینو رامان لە ئایەتەکان، دەمخوێندەوە، بیرم دەکردەوە لە فەرمانەکان تا چ ئاستێک منو ئەو خەڵکە پابەندین پێوەى!!
هەستم کرد لە شوێنى ئایەتەکاندا کە مرۆڤایەتى بە درێژایى مێژوو گیرۆدەى دەستى ستەمکارو ملهوڕەکانە.

مرۆڤایەتى دوو دەستەى سەرەکیە لەلایەکەوە..

هەیانە ئیماندارو دەستو دڵپاکو خواناسە. هەشیانە بێ ئیمانو دڕندەو خوێنڕێژو ناپاک، لەلایەکىتریشەوە دەستەیەکیان مستکبرو زاڵمو ستەمکار، دەستەیەکیش (مستضعف)و چەوساوەو لاوازو گەلەکەى منیش لەم دەستە دوانییە دەهاتە بەرچاو بۆیە بڕیارمدا هەر کە ئازاد کرام هەوڵ بدەم بەم قورئانە گەلەکەم رزگار بکەم.. ئەوسا ئیتر شێوازى گفتوگۆم گۆڕى، سەرەتا ژمارەیەکى کەمم لە خزمانو دۆستان کۆکردەوە بە دەورى خۆمدا دەستمان کرد بە خوێندنى قورئانو لێکدانەوەى واتاکانى.. دواى یەک دوو ساڵ کە زۆر بووین بینایەکمان بەکرێ گرتو ناومان نا (مەدرەسە قورئانى سنه) هەفتەى جارێک بۆ برایانو جارێکیشیان بۆ خوشکان، دواى نوێژى عەسر تێیدا کۆدەبووینەوە، سەرەتا دەستم کرد بە وتنەوەى (پێشەکی تەفسیرى فی ظلال القرآن)ى سەید قوتب لە چەند وانەیەکدا، لەوەودوا هەر لە روانگەى قورئانەوە، باسى کێشە کۆمەڵایەتیو سیاسىو ئابوورییەکان هاتنە نێو دەرسەکانەوە..
لەلایەن دەزگاى ساواکەوە پێمان زانرا، چەند جار بانگیان کردم.. جارجار بە تەماعى ماددى هەوڵیان لەگەڵدا دەدام کە یان وازبێنم، یان هاوکاریان بکەم!! پاشان کە سوودى نەبوو کەوتنە هەڕەشەو گوڕەشە... لەو رۆژگارەدا هاوسەرەکەم توشى نەخۆشى شێرپەنجە بووبوو، وتیان دەیبەین بۆ ئیسرائیل بۆ چارەسەرى بەمەرجێ تۆ یان وازبێنى یان هاوکاریمان بکەیت..
بەڵام من هەمیشە پێم دەوتن من وانەى قورئان دەڵێمەوە ئێوەش وەرن قورئان فێربن!
دواى ماوەیەک زانیم کە بزوتنەوەیەکى رزگارى خوازى لەنێو شیعە مەزهەبەکاندا هەیە بۆ بەرپاکردنى حکومەتێکى ئیسلامى لەئێراندا کە بە رابەرى ئایەتوڵڵاى خومەینىیە، بۆیە منیش پەیوەندیم پێوە کردو نامەم بۆ ناردو پشتیوانى گەلى کوردى موسڵمانم بۆ باس کرد لەگەڵ بارودۆخى ئێستادا.
سەرەنجام چەند قوتابخانەیەکى ترمان لە مەریوانو چەند شارێکیتر کردەوەو چەندین مامۆستاو قوتابىو رۆشنبیر بەدەوریدا کۆبوونەوە.

سەرەتاى شۆڕش

لە کۆتایى ساڵى 1978 دا سەرەتاى شۆڕش دەستى پێکرد، لە تارانو تەبرێزو ئەسفەهان، خەڵکێکى زۆر بوونە قوربانى، لە کوردستانیش هەندێ جموجوڵ دەستى پێ کردو شریتێکى زۆر کە دژى رژێمى شا بوو بڵاوکرایەوە..
سەرەنجام شۆڕش سەرى گرتو ئایەتوڵڵا خومەینى گەڕایەوە بۆ تاران، لە گۆرستانى بەهەشتى زەهرا وتارێکیدا، یەکسەر دوا بەدواى ئەو کاکە ئەحمەدى موفتىزادە، وتارێکى پێشکەش کرد، بەڵام بەهەر هۆیەک بوو پەردەیەکیان هێنا بەروویداو هەر دەنگەکەى دەبیسرا.


لە کوردستاندا

دواى چەند مانگێک لەسەرانسەرى ئێراندا ریفراندۆمێک ئەنجامدرا بۆ بەدەست هێنانى راى جەماوەر بۆ کۆمارى ئیسلامى، لە کوردستانیشدا رایەکى زۆرى بۆ کۆکرایەوە..
شایانى باسە لەو رۆژگارەدا حکومەت متمانەى بە لایەنگرانى کاکە ئەحمەد هەبوو، بۆیە پۆستى فەرماندارى (قائیقام)و پۆستى شهردارىو پەروەردەو فێرکردن (آموزش و پرورش)ى بەوان سپاردو دواتریش پارێزگارى (استاندار)ى کوردستان یەکێک لەلایەنگرانى مەدرەسەکەى کاکە ئەحمەد بوو لە هەمانکاتدا گروپە مارکسییەکان رەشبین بوونو چاویان بە ئیسلامدا بەگشتى هەڵنەدەهات، هەر بۆیە لە هاوینى 1979ز پەلامارى بنکەیەکیان دانو 13 کەسى تێدابوو 11ى شەهید کراو یەکێک کە بە سەختى برینداربوو پاشان رزگارى بوو لەگەڵ یەکێکى تریاندا.
لە هەندێ لە شارەکانىتریش یاخى بوون لە دەوڵەت بەرپابوو ئایەتوڵڵا خومەینى پەیامێکى دەرکردو داواى لە سوپاو سوپاى پاسدارانو جەماوەر کرد هەڵمەت بەرن بۆ رزگارکردنى کوردستان لە چنگى لەخوا بێخەبەران؛ ئیتر ئەوەبوو لە ماوەیەکى کەمدا هەموو چەکدارەکان بە ناچارى پەنایان برد بۆ حکومەتى بەعس کە دوژمنى سەرسەختى گەلى کوردى عێراق بوو..
بەڵام دواى چەند مانگێک کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو نەیارانەداو سەرەنجام رێکەوتن لەسەر ئەوەى کە بەشێک لە کوردستانیان پێ بسپێرن.
ئەوانیش دژ بە ئیسلام بوون بەگشتىو شوێنکەوتووانى کاکە ئەحمەد بەتایبەتى، هەر بۆیە لایەنگرانى کاکە ئەحمەد ئەوەیان کە ناسراو بوون ناچارى کۆچ کردن بوون بۆ کرماشانو هەندێ شوێنیتر.


یەکەم دیدارم لەگەڵ کاکە ئەحمەددا

نووسەرى ئەم بیرەوەرییانە لە 16/9/1979 داواى زەحمەتێکى زۆر گەیشتە مەریوانو لەوێ دەرفەتم بۆ رەخسا کە هەندێ چالاکى ئەنجام بدەم لە (مەدرەسەى قورئان)ى مەریوانو رادیۆدا، بەڵام دواى مانگێک کە ئەو رێککەوتنەى باسمان کرد روویدا، بۆ ئەوەى جارێکى تر خوێنڕێژى روو نەدات، بڕیار درا روو بکەنە کرماشان.
جا لەوێ لەگەڵ چەند برایەکدا چووین بۆ سەردانى کاکە ئەحمەد.
شایانى باسە بەندە نامەیەکى (مامۆستا سەڵاحەدینم)پێ بوو کە تێیدا هەندێ پێشنیارى نووسیبوو بۆ کاکە ئەحمەد لەگەڵ پێناسینى بەندەدا، سەرەتا زۆر بە گەرمى بەخێرهاتنى هەموومانى کرد.. پاشان کە نامەکەى خوێندەوە زیاتر بەخێرهاتنى کردمو فەرمووى لە ئەیامێکى پر لە تقلباتو سەیردا هاتوون ان شاءاللە بەخێرو سەربەرزى هەموولایەک دەگوزەرێ!
پاشان کە زانى برایان بڕیاریان داوە بچن بۆ تاران بۆ دەستەبەرکردنى مافەکانى میللەتو مانگرتن لە شوراى ئیسلامىو دیدار لەگەڵ ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشدا بیرێکى قووڵى کردەوەو فەرمووى: کارێکى چاکو بەرەکەتدارە انشاءاللە، بەڵام وریابن با کارەکانتان هەمیشە بە مەشورەتو پرسو را بێت، رۆژنامەنووسان دێن بۆ سەردانتان دوو کەسى قسەزان دیارى بکەن بۆ گفتوگۆو وەڵامدانەوە..
ئیتر لەوێ داخوازییەکان لە نامەیەکدا رێکخراو بۆ پۆستەریش خاڵە گرنگەکانى نووسراو لەسەر دیوارى هۆڵى پشودان لە ئەنجومەن هەڵواسرا کە گرنگترینان:

• چاک کردنى مادەى 12 بوو کە مەزهەبگەرایى تێدا نەهێڵرێ.
• لابردنى ستەمى میللى، مەزهەبىو تەبەقاتى(چینایەتی).
• گرنگیدان بە ئاوەدانى کوردستان لە رووى بەرپاکردنى کارخانەو تەندروستىو خوێندنەوە.
• داننان بە مافى حوکمڕانى(خودموختاری) بۆ کوردستان.

بەڵام دواى یەک مانگ مانگرتنو رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ سەرانى حکومەتدا، هیچ وەڵامێک نەدراینەوە، ناچار روومان کردە چەند شارێک، بە مەرجێک لە یەکترى دانەبڕێین، ئێمە کە گروپێکى 15 کەسى بووین روومان کردە شارى ئەسفەهانو لەوێ هەندێ لە برایان چەند نامیلکەیەکیان ئامادە کرد بەناوى (یەکێتى لاوانى موسڵمانى کوردستان)، هەروەها هەندێ وانەى رۆژانەو ئەنجام دانى نوێژەکان بە کۆمەڵو وتارو نوێژ لە رۆژانى هەینیدا رێکخرا.

ئەوسا لە جەژنى رەمەزاندا بە سەردان گەڕاینەوە بۆ کرماشان بەتایبەت چونکە زۆر تامەزۆرى دیدارى کاکە ئەحمەد بووین، کە گەیشتینە ئەوێ دیاربوو ئەویش تامەزرۆى دیدارى ئێمە بوو، بۆیە پێشوازییەکى گەرمى لێکردینو هەندێ بابەتى ئیمانى لە روانگەى قورئانو ژیاننامەى پێغەمبەرى -درود و سڵاوى خواى لەسەر- لەکاتى جیاجیادا بۆ باس کردین، خانوویەکى کۆنى جولەکەیەکیان گرتبوو بەکرێ، هەندێ شوێنى نهێنى سەیرى تێدا بوو کە دواى چەند مانگێک پێى زانرا... لەوێ لەکاتى خۆیدا بانگ دەدراو نوێژەکان هەندێ جار بە ئیمامەتى کاکە ئەحمەدو هەندێ جاریش بە ئیمامەتى بەندە ئەنجام دەدرا.
شەوێکیان لە خزمەتیدا چووین بۆ سەردانى کۆمەڵێک لە لایەنگرانى لە بنکەیەکدا.. زۆربەیان قوتابى دانشگاو مامۆستا بوون. دیاربوو وانەیەکى حەفتانەى هەبوو، بابەتێکى بەپێزى ئامادە کردبوو، لەژێر ناونیشانى (دینو ئینسان) لە کۆتاییدا عەرزم کرد ئەگەر مۆڵەت بدەن حەز دەکەم لەنێو ئەم برایانەدا بمێنمەوە..ئەویش بێ وەستانو دوو دڵى فەرمووى: ئەمە فڵانە کەسەو لە کوردستانى عێراقەوە هاتووە واى دانێن کە خۆممو بەردەوام لە خزمەتتان دام، سودى لێ وەربگرنو گوێ بیستى رێنموییەکانى بن.


لە تاران

دواى چەند مانگێک لەنێو ئەو برایانەدا فرسەتم هێنا نامیلکەیەکم ئامادە کرد دەربارەى ژیاننامەى (پێشەواى شەهید حەسەن ئەلبەننا) و بردم بۆ تاران بۆ بەچاپ گەیاندنى.
کاکە ئەحمەدیش لە تاران بوو، چووین بۆ خزمەتىو کاتێکى پڕ بەرەکەتمان پێکەوە بردە سەر، هەندێ بابەتى ئامادە کردبوو دەربارەى هەوڵو کۆششەکانى بۆ چاکسازى لە کۆمارى ئیسلامیدا بۆ تەرجومە کردن بۆ عەرەبىو ناردمان بۆ چەند گۆڤارێکى ئیسلامى دەرەوە..
هەروەها نامیلکەکانى پێشەواى شەهیدم بە دیارى بۆ برد جگە لە وتارێک')">چەند وتارێکى رۆژانى هەینى خوالێخۆشبوو (عەبدولحەمید کوشک).


بەرپا کردنى کۆنفرانسێک بۆ ئەهلى سوننە

کاکە ئەحمەد هەمیشە لە بیرى ئەهلى سوننەدا بوو بە گشتىو گەلى کوردى موسڵمان بەتایبەتى، زۆر هەوڵى دا کە رێرەوى دەوڵەت مەزهەبى تەسک نەبێتو ئیسلامییەکى پڕ لە دادو خەمخۆرى چەوساوان بێت، هەمیشە دوپاتى دەکردەوە کە ئاینى ئیسلام لە مەزهەب گەورەترە.
کۆتا وتارى لە (حوسەینییەى ئیڕشاد) کە مزگەوتێکى گەورەیە لەناو جەرگەى تاراندا پێشکەش کردو لە هەوڵەکانى بۆ چاکسازى دواو لە کۆتاییدا نائومێدى خۆى راگەیاند.
لەوەودوا کاکە ئەحمەد پەیوەندى کرد بە کەسایەتییە ناودارەکانى ئەهلى سوننەوە لە کوردستانو سیستانو بلوچستان.
پاشان لە تاران کۆبوونەوەیەکى چەند رۆژەى ئەنجامدا، سەرەتاکەى خۆى لە ماوەى چوار کاتژمێردا لە هەوڵەکانى خۆى دواو هەڵوێستى حکومەتیشى باس کرد.
پاشان گەلێک بابەت تاوتوێ کرانو (شەهید ناسرى سوبحانى) پەسەند کرا بە هاوکارى کاکە ئەحمەد لەگەڵ چەند کەسێکى تردا.
شایانى باسە ئاگادارى وەزارەتى کشوەر (ناوخۆ) کرابوو دوو نوێنەریان وەکو چاودێر ئامادە بوون..
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەیاننامەیەکیان ئاراستەى حکومەت کردو لەتوێیدا نیەت پاکىو دڵسۆزى خۆیان دووپات کردەوە لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر داواکارییەکانى ئەهلى سوننە بە گشتىو لابردنى ستەم لەسەر سەرجەم نەتەوەکان بەتایبەتى.


هەڵوێستى کاکە ئەحمەد دەربارەى (جیهاد)

لەو رۆژگارەدا کە کۆمەڵە مارکسییەکان دەسەڵاتیان هەبوو بەسەر هەندێ شارو شارۆچکەى کوردستاندا دەستیان کرد بە دژایەتى ئیسلامو رەوشتە بەرزەکان بە گشتىو لایەنگرانى کاکە ئەحمەد بەتایبەتى، هەردوو خانەوادەى (شبلى) و (نمکى) کە هەر یەکەیان ژمارەیەکیان لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەدا لێ شەهیدکرا، جگە لە شەهیدکردنى چەندەهاى تر بەشێوەیەکى دڕندانە.
بێ گومان ئەو هەڵوێستەى مارکسییەکان بوو بە هۆى جۆشو خرۆشى دەروونى لاوانى لایەنگرانى کاکە ئەحمەد بەتایبەتى چەکیش ئاسان بەدەست دەهات، تا ئەوانیش تۆڵەى شەهیدان بکەنەوە و سنورێک دابنێن بۆ سەرکەشى مارکسییەکان.
دیار بوو کاکە ئەحمەد ئەو کاردانەوەیەى بە هیچ شێوەیەک لا پەسند نەبوو، هەتا کار گەیشتە ئەوەى کە هەندێکیان هاتن بۆ لاى بەندەو دواى باسکردنى بارودۆخەکە داوایان لە بەندە کرد کە پەیامەکەیان بگەیەنم، چونکە دەیانزانى کاکە ئەحمەد رێزى تایبەتى هەیە بۆمانو رەنگە گوێ بیست ببێ.
شایانى باسە منیش رام هەروەک راى کاکە ئەحمەد وابوو بەڵام لەبەر دڵى براکان پەیامەکەیانم گەیاند..
کاکە ئەحمەد بە هەندێ گرژییەوە فەرمووى: (سوێند بە خوا ئەگەر دانە دانە بمانکوژن، بە رەواى نازانم دەست بدەینە چەک، با شەهید بکرێینو سینگمان خوێناوى بێت باشترە لەوەى دەستمان خوێناوى بێت بە خوێنى خەڵکانێک کە نامانناسنو نازانن ئێمە چەندە دڵسۆزى ئەوانو گەلى کوردستانین، جیهادى ئەمڕۆى ئێمە جیهادى خۆگریو ئارامگرتنە.)


درێژەدان بە خەباتى سیاسى

لە هاوینى ساڵى 1982 کاکە ئەحمەدو ئەندامانى شوراکەى بڕیاریان دا کە درێژە بدەن بە خەباتى سیاسى، بۆ ئەو مەبەستە کۆنگرەیەکى فراوانیان بە ئاشکرا لە کرماشان سازداو سەرلەنوێ زانایانو کەسایەتییە خەمخۆرەکانى کوردستانو ناوچە سوننى نشینەکانیان کۆکردەوە کە ژمارەیان لە 200 کەس زیاتر بوو. سەرەتا کاکە ئەحمەد لەسەر کۆڵنەدانو خەباتى سیاسى رەخنەى ئاشکراى لە سەرانى دەوڵەتو هەڵوێستیان گرت.
کۆنگرەکە چەند رۆژێکى خایاندو، دەوڵەت بە پیلانگێڕو گێرەشێوێن ناوزەدى کردنو بڕیارى گرتنى زاناو کەسایەتییە ناودارەکانى دا.
کاکە ئەحمەدیش سەفەرى کرد بۆ تاران تا لە نزیکەوە سەرانى حکومەت تێبگەیەنێ کە ئێمە پیلانگێڕ نینو داواى مافى رەواى خۆمان دەکەین، بەڵام دواى چەند رۆژێک لە گرتووخانەدا توندکرا!!


لە بەندیخانەدا

کاکە ئەحمەد لە بەندیخانەدا نمونەى خۆگرىو ئارامگرى بوو، هەرکە هەلى بۆ بڕەخسایە ئامۆژگارى پاسەوانانو پاسدارانى دەکرد، هەرچەندە فەرمان وابوو کە لە شوێنى ناشایستەدا بەند بکرێ.. ئیتر ئەوەبوو سەرماى زستانو گەرماى هاوینو بێ خزمەتى کارى تێ کردو لە کۆتا ساڵى تەمەنیدا بە تەواوى تەندروستى خراپ بوو.. کاکە ئەحمەد نزیکەى 10 دانە ساڵ لە زینداندا مایەوه، زۆر کەم دەیانهێشت سەردانى بکرێت، سەردانەکانیش لە پشتى پەنجەرەوە بوو هەروەها دەبوایە بە تەلەفۆنو بە فارسى قسە بکەنو بۆ ماوەى چەند خولەکێکو چاودێریش بە دیارییەوە دەوەستا!.


شێعرەکانى لە زینداندا

لە زینداندا دوور لە براو هاوەڵانى، دوور لە خزمو خوێشانى فرسەتێکى فراوانى هەبوو بۆ بیرکردنەوەو تێفکرین، هەر بۆیە چەند نامیلکە شیعرێکى نووسى لە خۆشەویستى خوا گەورەو پێغەمبەرى ئازیزو هاوەڵانى، کە هەندێکى دواى وەفاتى بوونە سروودى پڕ جۆشو خرۆشو تۆمار کرانو پەخش کرانەوە لە کوردستانى رۆژهەڵاتو باشووردا.
هەروەها شیعرەکان لە زەم کردنى ستەمکارانو زۆردارانى تێدابوو جگە لە بەزەیىو سۆز بۆ هەژارانو نەدارانو چەوساوەکان.
شیاوى باسە شاکارى شیعرەکانى: ئەو نامیلکەیەیە کە بەناوى (مەولودنامه)وە هەندێکى گەیشتە دەست لایەنگرانىو بەداخەوە زۆر بەشى فەوتا، کە بەڕاستى ژیاننامەیەکى پڕ سۆزو جۆشو خرۆشو بە دەنگى یەکێک لە شاگردانى تۆمار کراوەو ژمارەیەکى زۆرى لێ کۆپى کراوە.

مۆڵەت پێدانى

لە ساڵانى کۆتایى تەمەنیدا کە تەندروستى روو لە خراپى بوو جارجارێک بۆ ماوەى چەند رۆژێک مۆڵەتیان پێ دەداو لە ماڵى خزمانى لە تاراندا بۆ ماوەیەک دەحەوایەوە، جا هەر کە براو دۆستانو شاگردانو لایەنگرانى پێیان دەزانى دەستە دەستەو پۆل پۆل دەچوون بۆ سەردانى، ئەویش بەو حاڵەوە چەند بیتوانیایە گفتوگۆى بۆ دەکردن، وەڵامى پرسیارەکانى دەدانەوە، هانى دەدان بۆ تەقواو دیندارى، بۆ پابەندبوون بە نوێژو رۆژووە فەرزەکان، هەروەها ئەنجامدانى سوننەتەکان..
جا سەیر لەوەدابوو ئا لەو فرسەتانەدا کەسانێکى گۆشکراو بە بیروباوەڕى مارکسى لە کوردستانى ئێرانو عێراقەوە سەردانیان دەکرد، ئەویش بە باسو خواسى پڕ لە زانستىو زانیارى قەناعەتى پێ کردنو پێى دەسەلماندن کە ئیسلام ئاینى رزگارىو سەرفرازىو پێکەوە ژیانو بەختەوەرییە بۆ هەردوو ژیان، بۆ دنیا پێش قیامەت.
یەکێک لەوانە بۆى گێڕامەوە کە من تەنها دوو سەعات بە خزمەتى کاکە ئەحمەد گەیشتم، هەرچى بیروبۆچوونە بەشێوەیەکى حەکیمانە هەڵیوەشاندەوەو ئاینى پیرۆزى ئیسلامى لەجێ دانا.

نوسینەکانى کاکە ئەحمەد

کاکە ئەحمەد لە سەرەتاى شۆڕشى ئیسلامى ئێراندا نامیلکەیەکى نووسى بەناوى (دایلەکتێکى ئیسلامى) کە رۆڵێکى سەرەکى بینى لە هەڵوەشاندنەوەى بیروباوەڕى ماددى (ماتریالیستى) و چەسپاندنى عەقیدەى ئیسلامى.
هەروەها چەند نامیلکەیەکى تریش بە چاپ گەیەنرا بە تایبەت ئەو نامەو بەیاننامانەى کە ئاراستەى سەرانى دەوڵەتى کردبوو دەربارەى کێشەى گەلى کورد و ناونرا (دەربارەى کوردستان) کە ژمارەیەکى زۆرى بە چاپ گەیەنراو بڵاوکرایەوە لە سەرانسەرى ئێرانداو لە توێیدا خەمخۆرى کاکە ئەحمەد زۆر بەدى دەکرێت دەربارەى کێشەى رەواى گەلى کوردستانى رۆژهەڵات، جگە لەوانەش کاکە ئەحمەد نزیکەى 400 500 کاسێتى تۆمارکراوى ماوە جگە لە ژمارەیەکى زۆرى ترى کە فەوتاونو لەناوچوون یان باش تۆمار نەکراون، هەموویشى بە هەردوو زمانى کوردىو فارسى، هەروەها هەندێ ئایەت یان فەرموودەى هەڵدەبژارد و تەرجەمەى کوردى و فارسى لە ژێریاندا نووسى و فەرمانى دەدا ببێتە پۆسکارتو بڵاو بکرێتەوە: بۆ نموونە ئایەتى: (تِلْکَ الدَّارُ اڵاخِرَةُ نَجْعَلُهَا لِلَّذینَ ڵا یُریدُونَ عُلُوًّا فِی الارض ۆڵا فَسَادًا ۆالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِینَ) سورەتى القصص ئایەتى83.
هەروەها فەرموودەى (لایدخل الجنة من کان فی قلبە مثقال ذرة من کبر)


زوهدو دنیانەویستى کاکە ئەحمەد

کاکە ئەحمەد تا لە سنەدا بوو ماڵەکەى کە بە میراتى بۆى مابۆوە، بارەگایەک بوو بۆ کۆبوونەوەو وانە خوێندنو چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەندێ ماڵە خزمى هەژارى لە دەورى خۆى کۆکردبۆوە.. پاشان کە کۆچى کرد بۆ کرماشانو هەمەدان ئەوى تریشى بەخشى بە یەک دوو ماڵى تر..
براکان هەوڵیاندا قەمەرەیەکى پەیکانى نوێى بۆ بێنن، بەڵام ئەو دەیفەرموو: ئەم پەیکانە عەیبى چییە، ئەوەتە دەڕوا بەڕێوە، ئەگەر پوڵتان فرەس بیدەن بە هەژاران!!
کاکە ئەحمەد لە خواردنو خواردنەوەشدا زۆر دەستى پێوە دەگرتو دەیوت: (ئێستە خەڵکانێکى زۆر لەم سەر زەمینەدا هەن نانە رەقیان بە زەحمەت دەست دەکەوێت، جا ئێمە کە ناتوانین بە هانایانەوە بچین، هیچ نەبێ با ئیسرافو زێدەڕۆیى تێدا نەکەین.)
لەبەر ئەوە کەم جار سێ جۆر خۆراکى دەخوارد، نانو چاو ماشى پێکەوە نەدەخواردو شاگردانیشى لەسەر پەروەردە دەکرد. میوەى گرانبەهاشى نەدەکڕىو دیارى بە دەگمەن وەردەگرت.
کاکە ئەحمەدو کۆمەڵى (اخوان المسلمین)
کاکە ئەحمەد برایانى زۆر خۆش دەویست، هەرکەسێک لەوان سەردانى بکردایە رێزى زۆرى بۆ دەردەبڕینو هەمیشە لەنێو لایەنگرانیدا بە قەدرو رێزەوە ناوى دەبردنو بە مەدرەسەیەکى سەرکەوتووى دەزانى لە پەروەردەکردنداو هانى دەدان کە ئەوانیش قەدرو رێزیان بزانن.


کاکە ئەحمەد و سەفەرى حەج

کاکە ئەحمەد لە حەفتاکاندا ئەو سەرفەرەى کردووەو چاوى رووناک بووەوە بە دیدارى کەعبەى پیرۆز و شوێنى هاتنە دنیاى (محەمەد).. بێگومان جارجار لە کەعبەى پیرۆز رادەماو بە قوڵایى مێژوودا روودەچوو و بەسەرهاتى (ئیبراهیم و ئیسماعیل)ى دەهاتەوە بیر -سەلامى خوایان لەسەربێ- ئەسرینى رێزو خۆشەویستى بۆ دەردەبڕین.. سەفاو مەروەشى بە شەوقەوە ئەنجام دەداو نزاى خێرى بۆ هاجەرە خاتوون دایکى ئیسماعیل دەکردو دەچووە ئەو جیهانەى کە چۆڵەوانییەک بوو ئافرەتێکى باوەڕدارو منداڵێکى ساوا.. پاشان لە مینا(منی)یادى تاقى کردنەوە سەختەکەى ئیبراهیمو ئیسماعیلو هاجەرە خاتوونى دەکردەوەو نەفرینى لە شەیتان دەکرد.. جا کە گەڕایەوە بۆ مەککە بیرى لە رۆژگارى هەتیوىو بێ نازى محەمەد دەکردەوەو وردە وردە لە خزمەتیدا سیرەتى موبارەکى دەهێنایەوە یاد هەتا هاتنە خوارەوەى وەحىو پێغەمبەرایەتىو هەڵوێستى ملهوڕەکانى مەککەو تائیفو ئیسراو میعراج...
پاشان لە چوونى بۆ مەدینەدا بیرى کردەوە بە چ زەحمەتێک ئەو ئازیزەو هاوەڵانى بەڕێزى ئەو ماوەیەیان بڕیوە تا ئاینیان سەلامەت بێو بە سەلامەتى بیگەیەنن بە نەوەى دواى خۆیان.. کاتێ کە گەیشتە مزگەوتى مەدینەو بە بەر ئارامگاى سەردارى مرۆڤایەتیدا گوزەرى کرد ئەسرینى لە دیدەى دەبارىو نەیدەزانى چۆن رێزو خۆشەویستى خۆى بۆ ئەو زاتەو ئەبوبەکرو عومەرى یاوەرى دەرببڕێت..

کاکە ئەحمەد و رادیۆی سنە

لە سەرەتاى حەفتاکاندا کاکە ئەحمەد دواى قورئانى بەیانى بەرنامەیەکى هەبوو لە رادیۆى سنە و پەخش دەکرا، کە هەموو جارێک بریتى بوو لە پەخشانێکى جوانو پڕ مانا کە لە ناخى دەروونى پڕ لە ئیمانیەوە هەڵدەقوڵاو ناخى گوێ بیستى دەهەژانو نهێنى خۆىو بوونەوەرى وەبیر دەهێنایەوە:
بۆ نموونە دەیفەرموو:
دیسان وا بەرى بەیان روبەندى لەسەر رومەتى هەستى لادا.هەستى سەرى خەوان، تا جارێکى تریش سەرپۆشى تاریکى لە دیمەنى هەبوو لادا و هەبوو رەنگى ژیان وەرگرێتەوە..
دیسان تەلیسمى حەیات، ئەو تەلیسمە، کە نە تیشکى عەقڵى دەگاتێ، نە باڵى بەرزەفڕەى زانست شەپۆلى سیحراوى خۆى کشان لەسەرە گیانلەبەران، لە دێ لە بێستان، لە شار و لە دەشت و دەران، کە لە خەوى قورس راچەنن بکەونە جموجۆڵ و هاتوچۆ بەشى خۆ لە سفرەى راخراوى نیعمەتى جۆراوجۆر وەرگرن، قافڵەى ژیان تا ئەو شوێنەى بۆى دیارى کراوە وەپێشخەن.
خودایا، حیکمەتى تۆ بوو کە لە رەحمەتى تۆ بە گیاندارێک بەشێکىدا، دەنا هەموو هەر لەم ئاوو خاکەنو هەر بەم ئاوو خاکە زیندوون.
خودایا، ئەگەر رەحمەتى تۆ نەبا، نە ئاوو گڵ دەسەڵاتى گرتنو دانى حەیاتى هەبوو نە تەبیعەتو حەیات هێزى دروستکردنى ئەنواع.

ئەى ئینسان:

تۆش هەر لەم ئاوو گڵەیتو هەر بەم حەیاتەوە، تۆ کە بەشێکى لە گیاندارانى خاکى بیر لە دەسەڵاتى خاوەنى هەبوو کەوە کە تۆى هەر لەم تەبیعەتو حەیاتە دروست کردووە، با وەکو نەباڵى پەلەوەرو نە پەڕى ماسى پێداوى، دیسان تواناى پێداویى کە لە ئەسێران بەرزتر هەڵدەفڕێت، و لە ماسیان توندترو توندتر مەلە دەکەیت..


کۆتایى ژیانى ئەم شێرە پیاوە

لە رۆژگارى کۆتایى تەمەنیدا نەخۆشى زۆرى بۆ هێنا گەیەنرایە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى تاران، یاران زۆر بۆى بەپەرۆش بوون، بەڵام ویستى خوا وایە کە دەبێ هەموومان یەکە یەکە بگەڕێینەوە بۆ لاى، هەر بۆیە لە ساتێکى دیاریکراودا گیانى پاکى بەرزبۆوە بۆ لاى پەروەردگارى مەزن، بۆ لاى پێغەمبەرانو راستگۆیانو شەهیدانو چاکان، کە بێگومان ئەوانە چاکترین یارو یاوەرن.
پاشان جەنازەى پیرۆزى هێنرایەوە بۆ شارى سنەو ویسترا بە دزییەوە ئەسپەردە بکرێت.. بەڵام جەماوەرى موسڵمانى شارى سنەو دەوروبەرى پێیان زانىو خەڵکێکى زۆر کۆبوونەوەو بە رێزو قەدرێکى زۆرەوە بە دەم ئەسرینى سارێژەوە لە دیدەى برایانو خۆشەویستانەوە لە (گۆڕستانى حەمە باقر) لەناو جەرگەى شارى سنەدا ئەسپاردە کرا.
بەندە دواى 24 ساڵ لە دابڕان لە دیدارى، سەردانى ئارامگەکەیم کرد.. ئارامگەیەکى سادەو ساکار ماوەیەک دانیشتم لە ژوورى سەرى یادگاریىو بیرەوەرى زۆر هات بە یادمدا، ئەسرینى رێزو خۆشەویستیم هەڵوەران بۆ براى گەورەو بێ نازم بۆ براى خەمخۆرو نەحەساوە لە دنیاى فانیدا..
بە ئومێدى ئەوەى لە سایەى رەحمەتى خوادا.. بەندەش لەگەڵ ئەوو نموونەى ئەودا کۆبینەوە انشاء اللە، چونکە دڵم خۆشە بەوەى کە ئێمە لەسەر خۆشەویستى خوا کۆبووینەوەو کە جیاش بووینەوە هەر سۆزو خۆشەویستیمان بۆ یەکترى هەبوو، فەرموودەى (رجلان تحابا فی اللە اجتمعا علیە وتفرقا علیه) مژدەیە بۆ ئێمە مانان.
سا خوایە لە براى گەورەو ئازیزم خۆش ببیتو پلە بەرزەکانى فیردەوسى پێ ببەخشیتو یارمەتى پەیڕەوانیشى بدەیت بۆ پابەند بوون بە ئاینەکەتو یەک دڵىو یەک ریزى بکەیتە کاڵاى باڵایان.
شایانى باسە کاکە ئەحمەدى دواى وەفاتى هاوسەرى بە وەفاى لە حەفتاکاندا، ژنى نەهێناو هەندێ جار هەڵوێستى جوانى ئەوەى باس دەکرد لە رۆژگارى نەهاتنىو نەهامەتیدا،تاقە یادگارییەک کە بۆى مابۆوە کوڕێکى ژیرە بە ناوى (حەمە ژیان).


پەیجی کاک ئەحمەدی موفتی زادە لە فەیس بوک : http://www.facebook.com/Moftizade





کاک ئەحمەدى موفتىزاده؛ دڵسۆزى کورد و کوردستان

 نوسینی: بورهان محەمەد ئەمین خاوەنی " سیری ئاسان')">تەفسیری ئاسان بۆ قورئان"
خستنە سەر ئنترنێــت: پەشێو مەجید
سەرچاوە:پەیامی راستی
 

نالی

 

نالی ناوی خدرە بە عەرەبی: (خضر) (١٨٠٠-١٨٥٦) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویه‌تی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێده‌رده‌چێت، بێجگە لە زاراوه‌ی ده‌یکی که‌ کوردی بووه‌ فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون. ده‌کرێت بوترێت نالی شاعیر به‌ردی بناغه‌ و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان بووه‌ و یه‌کێک بووه‌ لە گەوە‌‌‌رە‌‌‌ترین شاعیرانی سۆرانی له‌ سه‌رده‌می خۆی و له‌ ئێستاشدا.

ژیان

مشت و مڕێکی زۆر هه‌یه‌ له‌ سه‌ر له‌ دایکبوون و کۆچکردنی نالی له‌ نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئه‌گه‌رچی له‌ لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه‌ چه‌ند ڕایه‌کی جیاواز خراونه‌ته‌ ڕوو به‌ڵام هیچیان دان به‌ ڕاستی له‌ دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن به‌ به‌ڵگه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستاشی له‌ سه‌ر بێت نه‌توانراوه‌ ڕۆژی له‌ دایک بوون و کۆچکردنی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌قیق دیاری بکرێت.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌کن له‌و ڕاو سه‌رنجانه‌ی نووسه‌رانی کورد هه‌یانه‌ له‌ سه‌ر هاتن و کۆچی نالی  :

موحەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی له ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه".
مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردوە.
عەلائەدین سەججادی دە‌ڵێت: "له ١٧٩٧ی زایینیدا هاتوەته دنیاوه و له ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوه".
ئه‌گه‌ر به‌ پێی زۆرینه‌ی لیکۆڵه‌ڕه‌وان کار بکه‌ین بێجگه‌ له‌ عەلائەدین سەججادی ده‌توانرێت بوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوه‌ هه‌ر وه‌ک زۆربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وان له‌ سه‌ر ئه‌م ڕایه‌ کۆکن. ته‌نها به‌ پێی بۆچوونه‌که‌ی عەلائەدین سەججادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه‌، که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ٥٨ ساڵ ژیابێت له‌ چاو لێکۆڵه‌ره‌وان زۆر که‌متره‌ له‌وه‌ی ٥٦ ساڵ ژیابێت.

ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی‌ ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وە‌ها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته ٥٦ ساڵ.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.

له‌ دیوانه‌که‌ی (نالی)دا هاتووه‌ که‌ تێیدا مامۆستا مه‌لا عه‌بدول که‌ریمی موده‌ڕڕیس ده‌ڵێت "مه‌سه‌له‌ی دیاری کردنی ساڵی له‌ دایکبوون و مردنی که‌سێک، شتێک نییه‌ بنیاده‌م بتوانێ به‌ ئیجتیهاد بڕیاری بدا و ، به‌ به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی مێژووی له‌وه‌ زیاترمان پی نه‌کرا که‌ تێکڕا هه‌ندێ له‌و ساڵانه‌ دیاری بکه‌ین که‌ نالییان تیا ژیاوه‌. به‌ڵام به‌ڵگه‌ی تریش به‌ده‌سته‌وه‌ هه‌یه‌ پێمان ئه‌سه‌لمێنێ که‌وا نالی نه‌ له‌ ساڵی ١٨٥٥ و نه‌ له‌ ساڵی ١٨٥٦ مردووه‌ و نه‌ ته‌مه‌نیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووه‌، جا خواه ئیتر له‌ ١٧٩٧ دا له‌ دایک بووبێ وه‌ک عه‌لی موقبیل ئه‌ڵێ یا له‌ ١٨٠٠ وه‌ک ئه‌وانی تر ئه‌ڵێن"

گه‌لێ به‌یتی نالی هه‌یه‌ وا ئه‌گه‌یه‌نن نالی گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نی پیرییه‌کی ڕاسته‌قینه‌و بێ هێز بوون که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ ٥٨ ساڵیدا په‌یدا نابێ، وه‌ک ئه‌مانه‌ :

1."مووی سپی کردم به‌ شوشتن ئاوی عه‌ینی شۆره‌ شه‌ت."
2."بۆ مه‌مک نالی چ منداڵانه‌ وه‌ی وه‌ی کردووه‌."
3." گه‌رچی مووی وه‌ک شیره‌، به‌و شیره‌ شکۆفه‌ی کردووه‌."
4."ئه‌ی تازه‌ جوان ! پیرم و ئوفتاده‌ و که‌وتووم."
5."من پیرم و فانی."
ئه‌وه‌ی که‌ گوتراوه‌ ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌ ١٨٥٣ دا له‌ پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابه‌نده‌ری ڕووسیا کردووه‌ وائه‌گه‌یه‌نێ نالی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ شام ژیاوه‌. چونکه‌ شیعره‌که‌سی که‌ پاش تێکچوونی حوکمی بابانییه‌کان بۆ سالمی ناردووه‌ بۆ سلێمانی، له‌ شامه‌وه‌ ناردوویه‌. له‌ لایه‌کی که‌شه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی مێژووی ژیانی نالییان خستۆته‌ سه‌ر کاغه‌ز باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌ که‌وا نالی پاشان چووه‌ته‌ ئستانبوول و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشای بابان ماوه‌یه‌کی دوور و درێژیان پێکه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌. جا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ نالی ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ شام مابێته‌وه‌ ئه‌نجا چووبێته‌ ئستانبووڵ، ئه‌و ماوه‌ی که‌متر له‌ دوو ساڵه‌ی نێوان یه‌کتری دیتنی خۆدزکۆ و ئه‌حمه‌د پاشا و مردنی نالی له‌ ئستانبووڵ له‌ ١٨٥٥ دا که‌ ئه‌ڵێن له‌و ساڵه‌دا له‌وێ مردووه‌، به‌ پێی توانای هاتوچۆی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ حاڵ به‌شی ته‌نها ڕۆیشتنیکی له‌ سه‌ر خۆی ئه‌و چه‌رخه‌ ئه‌کا، چ جێی ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌کی دوور و درێژی له‌ ئستانبووڵ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشا به‌سه‌ربردبێ.

نالی له‌ شیعرێکیا له‌ به‌رابه‌ری مه‌رقه‌دی پێغه‌مبه‌ر ئیسلام دا ئه‌ڵێ :

"موددێکه‌ که‌ هه‌م گه‌ردشی ده‌ورانی سوپێهرم"

واته‌ : ده‌مێک ئاواره‌ی نیشتمانم و ئه‌سووڕێمه‌وه‌ و ئێستا گه‌یشتوومه‌ته‌ ئێره‌. ئه‌بێ ئه‌م ده‌مه‌ چاند ساڵی خایاندبێ و ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ کوێ به‌سه‌ر بردبێ و کوێ گه‌ڕابێ؟

له‌ شوێنێکی تردا هاتووه‌. حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لی زاده‌ باوکی (مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه) گێڕاویه‌ته‌وه‌ و بێ گومان قسه‌یشی جێگای متمانه‌یه‌، که‌ وا له‌ ساڵی ١٢٨٨ی کۆچی. ١٨٧١-١٨٧٢ ی زاینی دا نالی له‌ مەککە دیوه‌و که‌ دیویشیه‌ زۆر پیر بووە.


نالی و میرنشینی بابان

نالی لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا پەیوەندییەکی زۆر تایبه‌تی هه‌بووه‌. ئەم پەیوەندییەش لە زۆرێک له‌ شیعرەکانی نالیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە هەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندیه‌ی نالی شاعیر و میری بابان:

"هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوه یەقین"

"خۆی که دامێن‌ گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکات"

شاهی ئاسەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووه که وه‌زیره‌که‌ی ناوی ئاسەفی کوڕی بەرخیا بووه و مەبەستی له شای دووەمی ئاسەفیش، سلێمان پاشای بابانه.

"ئەم تاقمه موماتزه کەوا خاسەیی شاهن"

"ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن"

ئەوانەش هەمووی بریتییه له پیاهەڵدان و باسکردنی تاقمه سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایه سوپای کێ بووبێت، ئەگەر هیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، که پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازه بابەتی پێکهێناوه. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' له کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا له سولەیمانی ماوەتەوه و ئەو سوپایەی به چاوی خۆی بینیوه و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوه و دووربە‌دوور پێناسەی کردووه، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکیەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوه تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"

قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی هاوڕێی گیانی به گیانی خۆی ناردووه و ئەوەش تێکڕا پرسیاره له وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.
غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوه وتوویەتی که وەک له تێکڕای بەیتەکانەوه دەرئەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووه له موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی.ک-١٧٨٣ی.ز، ١٢٤٢ی.ک-١٨٢٦ی.ز).


بەجێهێشتنی کوردستان

لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی رووی کردۆتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:


"توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر"


نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا رابواردووەو ، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.


نالی و مه‌به‌ستی شیعری

ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی له‌ شیعری (نالی) دا رچاو کراون ئه‌مانه‌ن:

1.دڵداری که‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری دیوانه‌که‌یه‌تی.
2.وه‌سف ، به‌ تایبه‌تی وه‌سفی به‌هار و دیمه‌نی سروشت و وه‌سفی حوجره‌ شه‌ق و شڕه‌که‌ی و لێهاتوویی و بورده‌باری (که‌ر)ه‌که‌ی !
3.نزاو پاڕاناوه‌ له‌ خوا.
4.بیری وڵات کردنه‌وه‌. قه‌سیده‌که‌ی سالم وه‌ک نموونه‌.
5.لاواندنه‌وه‌ و پیاهه‌ڵدانی پاش مردن.
6.مه‌دح و پیاهه‌ڵدان. مه‌دحی سوپای بابان به‌ نموونه‌.

نالی له‌ سه‌ره‌تای چه‌رخی نۆزده‌هه‌مدا ژیاوه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانی باوی ئه‌ده‌بی بریتی بووه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ، چونکه‌ کورردستان یا سه‌ر به‌ ئیمراتۆریه‌تی عوسمانی یا ئێران بووه‌ و زمانی ڕه‌سمی یا فارسی یا تورکی بووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ش زمانی عه‌ره‌بی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووه‌ و کوردستانیش تێکڕا یه‌کێک بووه‌ ل وڵاته‌ ئیسلامیه‌کان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ نالی خۆیشی خوێنده‌وارێکی ئایینی و مه‌لایه‌کی موسڵامان بوو. جا بۆیه‌ ، نالی ئه‌گه‌رچی زۆری شیعری به‌ کوردی وتووه‌ ، شیعره‌کانی وشه‌ی زۆری فارسییان به‌ ده‌ستکارییه‌وه‌ یا بێ ده‌ستکاری تیایه‌. هه‌روه‌ها وشه‌ی زۆری عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی ئاینی و زاراوه‌ی زانیارییه‌ ئایینییه‌کانی وه‌ک فقه و ئوسسولی دین و مه‌نتیق و فه‌له‌کییاتیان تیایه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی ئیقتیباس و ته‌لمیح به‌کاری هێناون. ئه‌و شیعرانه‌ی که‌ له‌ (موناجات) و نزاو پاڕانه‌وه‌دا وتوونی هه‌موویان ئه‌نجامی ئه‌و کاره‌ کاریگه‌ره‌ن که‌ ئاینی ئیسلام له‌ ناخی ده‌روونیدا کردوویه‌تیی.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دیوانه‌که‌یه‌وه‌ ڕوو له‌ باره‌گای خودا ئه‌کا و ئه‌ڵێ:


ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وکێشی ته‌ماشا

سه‌ر ڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه‌ حاشا

به‌و ڕه‌حمه‌ته‌ عامه‌ت که‌ ده‌کا سه‌نگی سییه‌ه زه‌ڕ

له‌م قه‌لبه‌ که‌ وه‌ک به‌رده‌ ، ڕه‌شه‌، (رش شاشا)


دوو نامەکەی نالی و سالم

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالم ی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی (دوو نامەکەی نالی و سالم)ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی هاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و هەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. (عەبدالرحمن سالم)یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و هەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قه‌سیدەکەی دەست پێ دەکات:


قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور

وەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو هەوا خواە و هەمدەمە!

وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردۆتەوە و دەڵێ: "نالی لە ڕێگای (با)ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و هەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە هەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە “هەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەرونی خۆیەتی”.


 

 شێعری نالی




نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم، شەرط بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ

دەروونم خاڵییە، وەك نەی دەناڵێ
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ!

بیناییم کوێرە، هەڵنایێ بە ڕووی کەس
موژەم یەك یەك دەڵێی بزمارە بێ تۆ

هەموو ئەعضایی ناڵینم دەناڵێ
سەراپام میثلی مۆسیقارە بێ تۆ

قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت
شەرابم عینی ژەهری مارە بێ تۆ

لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە کن من خەرمانی گوڵ خارە بێ تۆ

لە کن من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ

هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ

هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ

لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی 'نالی'
دوو جٶگە، بەڵکو دوو ڕووبارە بێ تۆ.


کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان!

کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان!
له‌ سه‌ر قوبله‌ دڵم مه‌شكێنه‌، قوربان

وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم
حه‌نایی چی؟ هه‌موو خۆ خوێنه‌ قوربان!

شەقی کە، غەیری حوبیی تۆی تێدا بێ،
بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان

له‌ بۆ خه‌ڵقی خه‌ڵات به‌خشانی ماچه‌
خه‌ڵاتی من هه‌موو خۆ جوێنه‌، قوربان
 
فوتووری چاوەکانت نانوێنی،
بە 'نالی' فیتنە بەس بنوێنە قوربان!.


وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی


وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی
ئەوا فەرشی حەیاتی خۆم دەکەم طەی

دەزانی خۆ دەچینە جێی غەریبان
بە مەرگی خۆت ئەگەر چاوان سیا کەی!

گلە ناکەم ئەوەندەی دەنکە جۆیێ
ئەگەر کەللەی سەریشم پڕ لە کا کەی

هەموو وەقتم دوعایە، داخۆ کەی بێ
بە تیرێکم شەهیدی کەربەلا کەی؟!

چ خۆشە من وەکو تازی بنۆڕم
ئەتۆش هەروەک غەزالەی بەڕ هەڕا کەی!

بە حەسرەت عومری من یەکبارە فەوتا
مەگەر عومرێ دووبارەم پێ عەطا کەی

گوتت: 'نالی'! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم
خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی!.


حــــه‌ناییی کـــردووه‌ پـــه‌نــجـه‌ی بــه‌ خــوێناوی دڵـــی زارم


حــــه‌ناییی کـــردووه‌ پـــه‌نــجـه‌ی بــه‌ خــوێناوی دڵـــی زارم
ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ شه‌هــاده‌ت بێ که‌ کـــوشته‌ی ده‌ستی دڵـدارم

گــوتم: ئایــا بـــه‌ زاری خۆت ده‌پرســی حــاڵـی زاری مــن ؟
بــرۆی هێنایه‌ یه‌ک، وه‌ک شــکڵی (لا) یه‌عنی که‌ بـــێزارم

عه‌جه‌ب ئه‌ستێره‌ شه‌و هه‌ڵدێ له‌ ترسی خوسره‌وی خـاوه‌ر
به‌ ڕووی تـــۆم دیده‌ هـــه‌ڵنایێ شــه‌و و ڕۆژ، ئــه‌رچی بێـدارم

طه‌بیبی من ده‌بـــێ ده‌خڵی هه‌بـێ، صـاحیب ئیشاره‌ت بــێ
مـه‌گـــه‌‌ر چـــاوت بزانێ من له‌به‌ر چی مـــه‌ست و بیـمـارم !

به‌ سه‌روم وت که‌ ڕاسته‌ سه‌رکه‌ش و به‌رزی، که‌چی له‌رزی:
کـــه‌ فه‌رقیشم بــگاته‌ ئـــاسمان بـــه‌نده‌ی قـــه‌دی یـــارم‌ !

له‌ شیرینیی ئه‌تۆ، ئه‌ی خوسره‌وی تــه‌ختی زه‌مین، ڕه‌نــگه‌
بـــــگـاتـــه‌ ئـــاسمانــــی بێسـتــوون فه‌رهـــادی هـــاوارم

برۆت باڵی هوما سایه‌ی ‌ سـه‌ری سوڵطانی حـــوسنت بــوو
خه‌طت هات و وتی: من ناسیخی طـــوغــرایــی خـــونــــکارم

سه‌راپـــا هـــه‌روه‌کـــوو حــــه‌ڵقـه‌ی زرێ په‌روێزه‌یی خــوێنم
بــــه‌ یــه‌ک یـــه‌ک تیری مـــوژگـــــانی زرێ دۆزت بـــریندارم

حـــه‌مایێل کــه‌ ده‌مــی تێغت له‌ حه‌ڵقه‌ی گه‌ردنی (( نــالی))
مـــه‌گـــه‌ر تێـراو ببم بـــه‌و ڕه‌نـــگه‌، تینووی ســـاعیدی یارم.


ســــــه‌ری هـــه‌ر مــووی بـــه‌ده‌نـم طه‌رزه‌ تـه‌مـه‌ننایێـــکـه‌


ســــــه‌ری هـــه‌ر مــووی بـــه‌ده‌نـم طه‌رزه‌ تـه‌مـه‌ننایێـــکـه‌
گـــه‌ردشـی تــووکـی ســـه‌رم دووکه‌ڵـــی ســـه‌ودایـێـــکــه‌

وه‌ره‌ ســــه‌ر سـه‌یـری صه‌فــاگــاهـی نـــه‌ظه‌رگه‌ی چــــاوم
کــــه‌ عـه‌جـه‌ب مــه‌نـظه‌ره‌یـــی ســه‌یـرو تـــه‌مـاشـــایـێـــکه‌

ســـۆزشێـــکــی نـــه‌فــــه‌س و شــۆڕشـی نــــائی نـــــایێ
هـــــه‌ریــه‌کـــه‌ نــــه‌وعــه‌ غــینـایێــــکه‌، بـــه‌ مــــه‌عنایێــکه‌

حـــه‌لـقـه‌ حـــه‌لـقـه‌ی‌ چ ده‌کــه‌ی داوی کـه‌مـه‌ندی زوڵــفـت
بــۆ دڵـــی خــه‌سـته‌ کـــه‌وا بــه‌ستــه‌یی هــــه‌ودایـێــــکه‌ ؟!

هـــه‌رده‌مـــه‌ فــه‌رشـی که‌سێـکی که‌یه‌ بــێ مه‌هرو نیکــاح
دوور لـــه‌ چــاکــانـــی، عـه‌جـــه‌ب فــــــاحیشــه‌ دنیایێـــکه‌ !

(( نـــــــــالی )) ئـــاسووده‌ نییه‌ طوولــی نــه‌مـامی عومرت
بــه‌ نـه‌فـه‌س دێت و ده‌چێت، ئـــه‌سـڵـی لــه‌سـه‌ر بـــایێـــکه‌


ده‌روونــم پــڕ کـــه‌بــــاب و ده‌رده‌ بـــێ تـۆ


ده‌روونــم پــڕ کـــه‌بــــاب و ده‌رده‌ بـــێ تـۆ
دڵم گه‌رمه‌ و هــه‌ناسه‌م سـه‌رده‌ بــــێ تـۆ

خـه‌ریکی شه‌ش‌ده‌ری هــات و نـــه‌هــاتـم
خه‌لاصیم قه‌ت نییه‌ له‌م نـــــه‌رده‌ بـــێ تـۆ

لیباسم مــاتــه‌مـــه‌، شینه‌، لــــه‌ شیندام
سوروشکم سووره‌، ڕه‌نـــگم زه‌رده‌ بــێ تۆ

عه‌زیزم ! دڵ ڕه‌قه‌ و خۆم فــــه‌رد و تــــه‌نهام
ده‌ترسـم بمـــکوژێ ئــــه‌م ده‌رده‌ بـــێ تـۆ

بـه‌ بێ دیــداری تــــۆ خـــۆ لاڵـه‌ "نـالـــــی"
عـه‌جه‌ب هه‌ستاوه‌ ئه‌م چه‌ن فه‌رده‌ بێ تۆ !.


بـــــا ڕه‌فیقــــانـم بــــكەن شینم كـــه‌ وه‌قــتــی زارییه


بـــــا ڕه‌فیقــــانـم بــــكەن شینم كـــه‌ وه‌قــتــی زارییه
قەط مەكەن تەقصـیر لەگریان، شیوەنــم یـــه‌گـجـارییه

تیرەكــەی ئــــه‌وڕۆژە مەحبووبەم كە لوطفی كــرد بە من
گـــــەر نەبەخشێ مـــەرهەمی وەصڵی، برینم كارییه

حەپسی چــــاهی میحنەتم، كـــافر بەحاڵی من نەبێ!
كـــــار و پیشەم دائیـمــــەن گـــــــریـــان و شین و زارییه

هـــه‌ر بـــە ئوممێدی عــــه‌یادەت بەڵــــكە جارێ بێتە لام
من، ئــــەگەرچـــی بیشمرم، پێم خــۆشە ئەم بیمارییه

كـەس نه‌كــا مه‌نعی گــوڵم، گەرچی دڵی كردوومە خوێن
چــونــكە مەعلوومە كە ئیشی خونچە هەر خوێن‌خوارییه

كوچە كوچە خــون چـــه‌كەی په‌یكــــانی مـــوژگانـی گوڵم
بــــۆ شەهیدی شــــاهیـدە دائیـــم كـــە خـــوێنم جارییه

هه‌رچی مـه‌حبووبان دەكەن خۆشه، بەڵام داخی ڕەقیب
دەمـكوژێ، طــه‌رحی مـرێ، هەر وەك كــه‌ری بێــگارییه!

ناڵە ناڵی "نــــالی"یە وا خــــه‌ڵــقــی خستە زه‌لـــزه‌لـــه،
یـــــا نە خـۆ حــــه‌شره، گـــونــه‌هــكارە وەهــا هاوارییه؟!.


ئه و سیلسیله وا میشگی خەتا نێوی براوه


ئه و سیلسیله وا میشگی خەتا نێوی براوه،
پر پێچ و شكەن، خەم بە خەم و، حەڵقه كراوه،

لەولاوێكه لەولاوه به ئەم لاوه كشاوه،
یا یاسەمەنی خاوه به ڕووی ڕۆژدا ڕژاوه؟!

یا دووكەڵی جەسته ی منه بەو شەمعه سوتاوه،
یا هەوری سیاتاوه كه مانیع له هەتاوه؟!

داوێكه له ڕووی دانەیی خاڵت تەنراوه
زنجیره له پێی مائیلی ئەو ڕووته نراوه

هەی هەی! غەڵەطم گوت. ئەمه ظوڵمەت، ئەوه ئاوه
بەو ظوڵمەته، بەو ئاوه، حەیاتم غەڵەطاوه

دڵ تینووه، سووتاوه، به بێ طاقەت و تاوه
ڕێگەم به سەراوه، كه دەچم ڕێم بەسراوه

ئەو شەربەته، ئەو جامه شەراوه لەبی ناوه
بۆ "نالی"یه ئاخر كه خودا بۆ ئەوی داوه.


شه‌وی یـــه‌ڵدایه‌، یــــا ده‌یجـــووره‌ ئــــه‌مشه‌و


شه‌وی یـــه‌ڵدایه‌، یــــا ده‌یجـــووره‌ ئــــه‌مشه‌و
که‌ دیــده‌م دوور له‌ تۆ بێ‌ نــووره‌ ئــــه‌مشه‌و؟!

دڵم وه‌ک حـــــاکــمی مـه‌عزوولــه‌، قــــوربان!
خــه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نــــظووره‌ ئه‌مشه‌و

دڵیش مــــایـل بـــه‌ دیـــده‌ی تـــــۆیه‌، بـۆیـــه‌
له‌ من وه‌حشی و ڕه‌میده‌ و دووره‌ ئـــه‌مشه‌و

کـــه‌ تۆی شای که‌چ‌کولاهی دیده‌ مـــه‌ستان،
چ باکـــم قه‌یصــه‌ر و فـــه‌غفووره‌ ئــه‌مشه‌و؟!

له‌ خـه‌و هه‌ڵساوه‌، یـــــا ئـــــاڵــۆزه‌ چـــــاوت؟
هه‌میشه‌ وایـــه‌، یــــا مه‌خمووره‌، ئـــه‌مشه‌و؟

سوروشــــکم نه‌قشی چـاوی تۆ ده‌کێشــێ
جــێگەم سه‌ر داره‌که‌ی (مه‌نصـوور)ه‌ ئه‌مشه‌و

موسوڵمـــانــان ده‌پرسن حــــاڵی " نـــــالی"
له‌ کونـجی بێ‌که‌سی مـه‌هجووره‌ ئـه‌مشه‌و.


سـه‌یلی هـیجرت به‌ردی بنچینـه‌ی لـه‌ ڕه‌گ هێنـامـه‌ ده‌ر

سـه‌یلی هـیجرت به‌ردی بنچینـه‌ی لـه‌ ڕه‌گ هێنـامـه‌ ده‌ر
بـاری فیـکرت قه‌ددی ڕاستـی تێـکشــکاندم وه‌ک فه‌نه‌ر

شیری ئـــــه‌برۆت ، تیری غـه‌مزه‌ت وا له‌ جـه‌رگم کارییه‌
دێت لــه‌ تۆفـانـی دوو چـاوم له‌ت‌له‌تـی خوێنی جــــگه‌ر

چـــــــاو و دڵ شــه‌ڕیـانه‌ ، نـازانــم خـه‌تای کامیـانــه‌ خـۆ
تــا بـه‌ داری کــه‌م ، ده‌ری که‌م بیخه‌مـه‌ شین و چه‌مه‌ر

نـووری چــــــــاوم ! چاوه‌که‌م بێ نووره‌ بێ تۆ ، ذه‌ڕڕه‌یـی
خـــاکی ده‌رگــاکه‌ت ببێژم بیــــکه‌مه‌ کوحـــلی به‌صــه‌ر

دڵ مووشـه‌ببه‌ک بـــوو لـــه‌به‌ر ئێشان و نێشـانی مـوژه‌ت
ئیشی چـــاو بوو بۆیه‌ هێنده گریام و خوێنـی که‌وته‌ سه‌ر

له‌ت‌له‌ت وکـون‌کــون بووه‌ دڵ وا له‌ شه‌وقی شیره‌کـه‌ت
ڕۆحــه‌که‌م دێت و ده‌چــێ ، نازانم له‌ کــامیان دێته‌ ده‌ر؟!

هـه‌رچــــی مــه‌حبووبه‌م ده‌بینــێ وا ته‌حه‌ییور ده‌یـــگرێ
سـوێن ده‌خـوا بـه‌ خــــوا ده‌ڵـێ (( بالله‌ مـــــا هذا بشر ))

چەندە خۆشە دابنیشین دوو بە دوو ئەمن و گوڵم
داکەوێتن موددەعی لەو خوارە هەروەک دەستی کەر

ڕۆژپـــــه‌رستی ڕووته‌ ((نالــــــی)) بۆیه‌ دائیم وه‌ک غوڵام
زه‌ردو گـــــــه‌رده‌ن‌کـــه‌چ له‌ ده‌رگات حاضره‌ ده‌سته‌و نـه‌ظه‌ر.


دڵ ده‌ڵێ سه‌یری چــه‌مه‌ن خـۆشـه‌ جـه‌وابی نـاده‌م


دڵ ده‌ڵێ سه‌یری چــه‌مه‌ن خـۆشـه‌ جـه‌وابی نـاده‌م
مــودده‌تێـکـه‌ لــه‌ قـه‌فــه‌سدایـــه‌، عــه‌ذابی نـاده‌م

مه‌جلیسێکی چه‌مه‌ن و بولبول و به‌زمی گـوڵ و موڵ
به‌ دووصـه‌د مـــه‌دره‌سه‌ و ده‌رس و کیتابـی نـــــاده‌م

گوتـم: ئــه‌ی مــاهـ، دڵــی من به‌ دڵی خــۆت بــکڕە!
گوتی: من به‌ردی بــه‌ قیمه‌ت به‌ کــه‌بــابــی نــاده‌م

گۆشه‌گیرم لــه‌ بـــــرۆت و، موته‌وه‌ححیش له‌ موژه‌ت
ڕۆحـــی شیرینم ئـــه‌بـــه‌ر شیر و قــولابـی نـــاده‌م

طـه‌ڵـــه‌بــی سینه‌یی چـــاکم مــه‌کـه‌ بـــه‌و چـــاوانه‌
سینه‌کـــه‌م چــــاکه‌ به‌ ئینسانی خــــه‌رابی نــاده‌م

(( نالیـــا )) ئەم غەزەلەت تازە بە تازە وتووە
بە دووصەد ( مەثنەوی ) و ( لوببی لوباب )ی نادەم.


هەرچـــەنده كــه عومری خضر و جامی جەمت بوو

هەرچـــەنده كــه عومری خضر و جامی جەمت بوو
چونـــكه ئەمەلت زۆره، چ عومرێـــكی كـــەمت بوو!

ئــــەی جامیعی دونیا و قیامـــه‌ت بـــە خــــەیاڵات
ئـــەو ڕۆژه كـــه مـــردی، نه ئەوت بوو نه ئەمت بوو!

بێزاره لـــــه تۆ ئیسته، هــەمـــاغـووشی عــه‌دووته
دونیــــــا،‌ كـــه دوێنێ حــه‌ره‌می مـــوحتــه‌ره‌مت بوو!

دوێنێ چ بــــوو دەتدا بـــه زوبــان لافی كەرامەت؟!
ئەمڕۆ نــه‌ده‌مت بــوو، نــه‌ ده‌مـت بوو،‌ نــه‌ ده‌مت بوو!

عومرت نه‌فه‌سێكی كــــه هــــه‌موو عــــالەمی دێـــــنا
بمره لــــه غەمیدا كـه هه موو صەرفی غه مت بوو

وەك شــەڵته پــه‌ین گــه‌هـ ‌پــڕ و گـه‌هـ ‌خاڵییه بەطنت
صەوم و ئەمەلت باعیثــی نەفس و شـكەمت بوو

(( نـــالی )) چییه وا میثـلی جوعه‌ل غـه‌رقی شیاكه‌ی
خـۆ تــۆ به حیسابـی وەكــو پەروانــه شەمت بوو؟!.


گـــه‌ر ده‌پرســی مـن له‌ بـه‌ر چــی کـه‌م ده‌خـۆم


گـــه‌ر ده‌پرســی مـن له‌ بـه‌ر چــی کـه‌م ده‌خـۆم
مــن بــه‌ برســی قه‌ط مـه‌زانــه‌ ، غــه‌م ده‌خـۆم

ئــــــــاوی سوێری چـــــاو و بـــــاری تاڵــــی لێو
ســـوێر و تـاڵـــــیی دەم‌دەم و ژەم‌ژەم ده‌خـۆم

تــــــــــا ســـه‌ری زوڵفت له‌سه‌ر ڕوو حــــه‌ڵقه ‌دا
مــن وه‌کــو مـــــاری ســه‌ر ئـــاگر خـه‌م ده‌خـۆم

ئــــــاوی که‌وثه‌ر نۆشـی صۆفــــی بێ کـه‌ مـن
ئـــــــاوی ئینسـان ، یه‌عنـی ماچــی ده‌م ده‌خـۆم

شه‌ربه‌تـــــی خـــه‌وف و ڕه‌جـــای ئه‌غیار و یـــــــار
ترش و شیریـن هـــه‌م ده‌چێژم ، هــــه‌م ده‌خـــۆم

مــن لــــــــه‌ طه‌وری عـالــه‌م و ده‌وری فــــه‌لـــه‌ک
ضه‌ربـــــی لازیب، زه‌خــــمــی بێ مه‌رهه‌م ده‌خـۆم

تـــــــاڵی بێ‌یار و دیــــــار و تـــــار و مـــــار
عـــه‌لقه‌می چی؟ ئه‌رقه‌می چی؟ سه‌م ده‌خـۆم !

نـه‌وعــــه‌ ئینسـانـــێ هه‌یــــه‌ غـــــه‌م قـــــووتییه‌
مـــن غه‌مـــی خـۆم و غه‌مــــی عـالـــه‌م ده‌خـۆم


ڕه‌فـیـقــــان ! مـن ئــــه‌وا ڕۆیـیـم لـــه‌ لاتـــان


ڕه‌فـیـقــــان ! مـن ئــــه‌وا ڕۆیـیـم لـــه‌ لاتـــان
لــــه‌ مـــه‌ظڵــوومـــان بڵا چـــــۆڵ بـــێ وڵاتان

بــڵا ســــا شـــار به‌ شـــار و دێ بــه‌ دێ بین
لـــــه‌ ده‌س یـــــاران بـــــکه‌ین طه‌یــی وڵاتــان

مه‌ڵێن که‌ڵکی نــه‌بوو،‌ ڕۆیی ، جــه‌هــه‌ننه‌م !
ســـه‌رم قــــه‌ڵـغــانــه‌ بـــۆ تیری قــــه‌ضاتــان

سه‌فــــه‌رمان چـــونکه‌ ڕێی هـــات و نـه‌هاته‌
دوعـــامـــان بـۆ بـــــکه‌ن ، ئێوه‌ و خـــــوداتان !

منم سه‌رکرده‌تان بــۆ لـــه‌شـــــکری غــــه‌م
ده‌ترسم من بـڕۆم ، بشـــکێ‌ ســـوپـــاتـــان

شــــکاری وه‌حشیـان بــه‌س ده‌سته‌مـۆ کـه‌ن
نــــه‌وه‌ک بـــه‌ر بـــێ شــــکاری خـــانــه‌زاتـان

ئه‌وه‌نده‌ ئه‌رجوو ده‌کا ((نالـــی)) کـه‌ جـار جــار
بکەن یادی موحیببــــی بێ ڕیاتــــان.


قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور!


قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور!
ئه‌ی په‌یكی شاره‌زا به‌ هه‌موو شاری (شاره‌زوور)

ئه‌ی لوطفه‌كه‌ت خه‌فیی و هه‌وا خواه و هه‌مده‌مه‌ !
وه‌ی سروه‌كه‌ت به‌شاره‌تی سه‌ر گۆشه‌یی حوضوور!

ئه‌ی هه‌م میزاجی ئه‌شكی ته‌ڕ و گه‌رمی عاشقان:
طۆفانی دیده‌ و شه‌ره‌ری قه‌لبی وه‌ك تەنوور!

گاهێ ده‌بی به‌ ڕه‌وح و ده‌كه‌ی باوه‌شێنی دڵ
گاهێ ده‌بی به‌ ده‌م، ده‌ده‌مێنی ده‌می غوروور

مه‌حوی قه‌بووڵی خاطری عاطر شه‌میمته‌
گه‌ردی شیمال و گێژی جه‌نووب و كزه‌ی ده‌بوور

سووتا ڕه‌واقی خانه‌یی صه‌برم، دڵ و ده‌روون
نه‌یماوه‌ غه‌یری گۆشه‌یی ذیكرێكی یا صه‌بوور

هەم هەم‌عەنانی ئاهم و، هەم هەم‌ڕیکابی ئەشک
ڕه‌حمێ به‌م ئاھ و ئه‌شكه‌ بكه‌، هه‌سته‌ بێ قوصوور

وه‌ك ئاهه‌كه‌م ده‌وان به‌ هه‌تا خاكی كۆیی یار
وه‌ك ئه‌شكه‌كه‌م ڕه‌وان به‌ هه‌تا ئاوی (شیوه‌سوور)

به‌و ئاوه‌ خۆت بشۆ له‌ كودوراتی سه‌رزه‌مین
شادبن به‌ وه‌صلی یه‌كدی: كه‌ تۆی طاهیر، ئه‌و طه‌هوور

ئه‌مجا مه‌وه‌سته‌ تا ده‌گه‌یه‌ عه‌ینی (سه‌رچنار)
ئاوێكه‌ پڕ له‌ نار و چنار و گوڵ و چنوور

چه‌شمێكه‌ میثلی خۆر كه‌ له‌ صه‌د جێ، به‌ ڕۆشنی
فه‌ورانی، نووری صافه‌ له‌سه‌ر به‌ردی وه‌ك بلوور

یا عه‌كسی ئاسمانه‌ له‌ ئاوێنه‌دا كه‌وا
ئه‌ستێره‌كانی ڕابكشێن وه‌ك شه‌هابی نوور

یا چه‌شمه‌ســاری خاطری پڕ فه‌یضی عاریفــه‌
یه‌نبووعی نووره‌ دابڕژێنێ له‌ كێوی طـوور

ده‌موت دوو چاوی خۆمه‌ ئه‌گه‌ر (به‌كره‌جۆ) یی ئه‌شك
نه‌بوایه‌ تیژ و بێ ثه‌مه‌ر و گه‌رم و سوێر و سوور

داخڵ نه‌بی به‌ عه‌نبه‌ری سارایی (خاك و خۆڵ)
هه‌تا نه‌كه‌ی به‌ خاكی (سوله‌یمانی) یا عوبوور

یه‌عنی ڕیاضی ڕه‌وضه‌ كه‌ تێیدا به‌ چه‌ن ده‌مێ
موشكین ده‌بی به‌ كاكۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور

خاكی میزاجی عه‌نبه‌ر و، داری ڕه‌واجی عوود
به‌ردی خه‌راجی گه‌وهه‌ر و، جۆباری عه‌ینی نوور

شامی هه‌موو نه‌هار و، فوصوڵی هه‌موو به‌هار
تۆزی هه‌موو عه‌بیر و، بوخاری هه‌موو بوخوور

شارێكه‌ عه‌دل و گه‌رمه‌، له‌ جێـگـێكه‌ خۆش و نه‌رم
بۆ ده‌فعی چاوه‌زاره‌ ده‌ڵێن شاری شاره‌زوور

ئه‌هلێكی وای هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌هلی دانشن
هه‌م ناظیمی عوقودن و هه‌م ناظیری ئوموور

سه‌یرێ بكه‌ له‌ به‌رد و له‌ داری مه‌حه‌لله‌كان
ده‌ورێ بده‌ به‌ پرسش و ته‌فتیش و خوار و ژوور

داخۆ ده‌روونی شه‌ق نه‌بووه‌ (پردی سه‌رشه‌قام)؟!
پیر و فوتاده‌ ته‌ن نه‌بووه‌ (داری پیرمه‌سوور)؟!

ئێسته‌ش به‌ به‌رگ و باره‌ عەلەم‌داری (شێخ هه‌باس)
یا بێ نه‌وا و به‌رگه‌، گه‌ڕاوه‌ به‌ شه‌خسی عوور؟!

ئایا به‌ جه‌مع و دائیره‌یه‌ ده‌وری (كانی با)،
یاخۆ بووه‌ به‌ ته‌فریقه‌یی شۆڕش و نوشوور؟!

(سه‌یوان) نه‌ظیری گونبه‌دی كه‌یوانه‌ سه‌بز و ساف،
یاخۆ بووه‌ به‌ دائیره‌یی ئه‌نجومی قوبوور؟!

ئێسته‌ش مه‌كانی ئاسكه‌یه‌ (كانیی ئاسكان)،
یاخۆ بووه‌ به‌ مه‌لعه‌به‌یی گورگ و لووره‌لوور ؟!

ئێسته‌ش سوروشكی عیشقی هه‌یه‌ (شیوی ئاودار)،
یاخۆ بووه‌ به‌ صـۆفیی وشكی به‌ له‌ حه‌ق به‌ دوور ؟!

داخۆ ده‌روونی سافه‌، گوڕه‌ی ماوه‌ (تانجه‌رۆ)،
یاخۆ ئه‌سیری خاكه‌ به‌ لێڵیی ده‌كا عوبوور؟

سه‌یرێكی خۆش له‌ چیمه‌نی ناو (خانه‌قا) بكه‌
ئایا ڕه‌بیعی ئاهووه‌، یا چایری ستوور؟!

سه‌بزه‌ له‌ ده‌وری گوڵ، ته‌ڕه‌ وه‌ك خه‌ططی ڕوویی یار
یا پووشی وشك و زووره‌ وه‌کو ڕیشی (كاكه‌ سوور)؟

قه‌لبی مونه‌ووه‌ره‌ له‌ حه‌بیبانی نازه‌نین،
یا وه‌ك سه‌قه‌ر پڕه‌ له‌ ڕه‌قیبانی له‌نده‌هوور؟

دەس‌بەندیانە دێن و ده‌چن سه‌رو و ناره‌وه‌ن،
یا حه‌ڵقه‌یانه‌ صۆفی ملخوار و مه‌نده‌بوور؟

مه‌یلێ بكه‌ له‌ سه‌بزه‌ دره‌ختانی مه‌دره‌سه‌:
ئه‌وراقیان موقه‌ددیمەیی شینه‌ یا نه‌ سوور؟

حه‌وزی پڕی كه‌ نائیبی دیده‌ی منه‌ له‌وێ،
لێڵاوی دانه‌هاتووه‌ وه‌ك سه‌یلی (شیوه‌سوور)؟

ئێسته‌ش كه‌ناری حه‌وشه‌كه‌ جێی باز و كه‌وشه‌كه‌،
یاریی تیایه‌، یا بووه‌ته‌ مه‌عره‌ضی نوفوور؟

چاوێ بخه‌ له‌ سه‌بزه‌ و سێرابی دائیره‌
جێ جلیوه‌گاهی چاوه‌كه‌مه‌ نه‌رمه‌ یا نه‌ زوور؟

توخوا فه‌ضایی ده‌شتی فه‌قێكان ئه‌مێسته‌كه‌ش
مه‌حشه‌ر میثـاله‌ یا بووەته‌ (چۆڵی سه‌لم و توور)؟

واصـیل بكه‌ عه‌بیری سه‌لامم به‌ حوجره‌كه‌م
چی ماوه‌، چی نه‌ماوه‌، له‌ هه‌یوان و تاق و ژوور؟

ئه‌و غاری یاره‌ ئێستە پڕ ئه‌غیاره‌، یا نه‌ خۆ
هه‌ر غاری یاره‌، یا بووته‌ غاری مار و موور؟

زارم وه‌كو هیلال و نه‌حیفم وه‌كو خه‌یاڵ!
ئایا ده‌كه‌ومه‌ زار و به‌ دڵدا ده‌كه‌م خوطوور؟!

له‌م شه‌رحی ده‌ردی غوربه‌ته‌، له‌م سۆزی هیجره‌ته‌
دل ڕه‌نگه‌ بێ به‌ ئاو و به‌ چاوا بكا عوبوور!

ئایا مه‌قامی ڕوخصـه‌ته‌ له‌م به‌ینه‌ بێمه‌وه‌،
یا مه‌صـڵه‌حه‌ت ته‌وه‌ققوفه‌ تا یه‌ومی نه‌فخی صـور؟

حاڵیی بكه‌ به‌ خوفیه‌: كه‌ ئه‌ی یاری سه‌نگ دڵ
''نالی'' لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور....


عاشقی بـێ دڵ ده‌نــاڵی ، مـــه‌یلی گــــریانی هـەیه


عاشقی بـێ دڵ ده‌نــاڵی، مـــه‌یلی گــــریانی هـەیه
بــــێ شــکه هــــەورەتریشقه تــــاوی بارانی هـەیه

چاوی من ده‌م‌ده‌م دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گه‌ش
دا بڵێن ده‌ریای عــــــومــــانه‌ دوڕڕ و مه‌رجــــانی هه‌یه‌

پــــــه‌رچـــه‌می ڕوو داده‌پـۆشێ، پێچی زوڵفی پێچه‌یه‌
دا بــه‌ ڕۆژیش پێی بڵێن شه‌معی شه‌بــوستانی هه‌یه‌

ئاسمـانی حوسنی مه‌حبووبه‌م له‌ ئه‌بـرۆ و زوڵف و ڕوو
دوو هیلال و دوو شـــه‌و و دوو مـــاهی تـابــانی هه‌یه‌

هــه‌ر لــه‌بت، یـا سینه‌شت هه‌ر دوو به‌ده‌رخه‌، دا بڵێن:
لــه‌علی ڕوممانی هه‌یه‌، یــــا له‌عل و ڕوممانی هه‌یه‌

وه‌حشییه‌ لێمان له‌به‌ر طه‌عنه‌ی ڕه‌قیبی سه‌گ صـــیفه‌ت
ڕاسته‌ هه‌ر ذیی‌ڕۆحێ، بــۆ وه‌سواسه‌ شه‌یطانی هه‌یه‌

دڵ موشه‌ببه‌ک بــــوو له‌ به‌ر ئێشانی نیشانی مــوژه‌ت
حـــه‌یــفـه‌ قـــوربان! ئــاخر ئه‌م نیشانه‌یی شانی هه‌یه‌

لــه‌حظه‌یێک و لـــه‌محه‌یێک چــــاوم به‌ چـــاوی ناکه‌وێ
کـــێ ده‌ڵــێ وه‌حشی غه‌زاله‌ مه‌یلی ئینسانی هه‌یه

تۆ ئــه‌گــه‌ر هه‌ستی، له‌ جێ ڕاوه‌ستی دێو و کافریش
دێن ده‌ڵێن: به‌ خـــودا قیامه‌ت ڕاسته‌ هه‌ستانی هه‌یه‌

فارس و کــورد و عـــه‌ره‌ب هه‌ر سێم به‌ ده‌فته‌ر گـرتووه‌
"نـــــالی" ئه‌مڕۆ حاکمی سێ موڵکه‌، دیـوانی هه‌یه‌.


نه‌فه‌س بگره‌ له‌ هاتوچۆیی خۆڕایی هه‌تا ماوی

نه‌فه‌س بگره‌ له‌ هاتوچۆیی خۆڕایی هه‌تا ماوی
که‌ ئه‌م بایه‌ هه‌تا ئێستاکه‌ هه‌ر عومری به‌ با داوی

حه‌یاتت نه‌قدی ته‌حصیلی به‌قاو و ڕیبحی ڕیظوانه‌
ئه‌تۆ ده‌یکه‌ی به‌ مایه‌ی ده‌خڵ و خه‌رج و که‌سبی به‌دناوی

عه‌جه‌ب ماوم له‌ جه‌رگت، ئه‌ی دڵه‌ی غافڵ، که‌ موددێکه‌
له‌سه‌ر ئه‌م ئاگره‌م داناوی، هێشتا هه‌ر نه‌برژاوی

مه‌ثه‌ل دنیا ژن و، چه‌رخیش خه‌ڕه‌ک، ده‌م ده‌م به‌دۆخی غه‌م
ڕه‌گی تاری وجودت با ده‌دا، هێشتاکو هه‌ر خاوی

زه‌مانه‌ چه‌رخ و، چه‌رخی ئاسمانیشی، فه‌له‌ک فیلکه‌
سه‌ری ڕشته‌ی وجودی چه‌نده‌ باداوی و هه‌ر ماوی

مه‌گه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ دنیا که‌وا کاسی له‌به‌ر که‌ئسی!
به‌ نه‌غمه‌ی عودی سوتاوی، به‌نه‌شئه‌ی طاسی تاساوی!

ئه‌مێسته‌یش، گه‌رچی عه‌یش و عوشره‌تت هه‌ر تاڵ و تاڵاوه‌
به‌ مه‌رگی تۆ، له‌ پاشانیش ده‌خۆی تاڵاوی تاڵاوی

هه‌وای سه‌یری به‌ڕ و به‌حر ئاگری به‌رداوه‌ته‌ عومرت
که‌ تۆزی مونعه‌قید خاکی، دڵۆپێ مونجه‌مید ئاوی!

که‌ خاکی، خاکی دامه‌ن به‌، وه‌گه‌ر نه‌، تۆزی به‌ربادی
که‌ ئاوی، ئاوی گه‌وهه‌ر به‌، وه‌گه‌ر نه‌، بڵقی سه‌رئاوی

هه‌تا شه‌ققه‌ی فه‌له‌ک نه‌بوه‌ به‌ کافوری کفن، هه‌سته‌
که‌ ئه‌مشه‌و فرصه‌ته‌، هێشتا فه‌له‌ک ماوی، ئه‌تۆش ماوی

نه‌واڵه‌ی تۆبه‌ ده‌ربێنه‌، هه‌تا ته‌ن نه‌بوه‌ته‌ سفره‌
پیاڵه‌ی شیشه‌ بشکێنه‌، هه‌تا وه‌ک کوپه‌ نه‌شکاوی

به‌ میعراجی سولوکی سالیکاندا، تا نه‌چی ڕۆژێ،
له‌ناو جه‌هلی موره‌ککه‌بدا ده‌مێنی هه‌روه‌کو ماوی

گه‌دا ئینسان و دنیا غوربه‌ته‌ ((من حیث لا تشعر))
به‌ هیممه‌ت طالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی

شتێکه‌ بێ شه‌بیھ و جینس و فه‌صڵ و که‌شف و ته‌قریره‌
موبه‌ڕڕایه‌ له‌ ته‌قریر و حه‌دیثی حادیث و ڕاوی

نه‌زانینیت له‌به‌ر عیجزه‌، نه‌وه‌ک جه‌هله‌، که‌ئه‌م چشته‌
قه‌دیمه‌ نایه‌ته‌ ته‌قریری قه‌ولی حاکی یو ڕاوی

له‌ قورئاندا به‌ (ما اخفی لهم) مه‌کتوم و مه‌ختومه‌
به‌یان نابێ به‌ ته‌فسیری دو‌صه‌د (که‌ششاف) و (به‌یظاوی)

موبه‌ییه‌ن بوو له‌ قورئاندا به‌ نووری (قره الاعین)
نه‌ واظیح بوو به‌ (که‌ششاف) و، نه‌ ڕۆشن بوو به‌(به‌یضاوی)

که‌ جێگه‌ت بۆ عیباده‌ت بێ، چ فه‌وقانی چ ته‌حتانی
که‌ حوبت بۆ سیاده‌ت بێ، چ (به‌رزنجی)، چ (باراوی)

مه‌که‌ ده‌عوایی پاکیی یی نه‌سه‌ب بۆ جیفه‌یی دونیا
که‌ سه‌ید بی، چ (به‌رزنجی)، چ (پیریایی) چ (باراوی)

وه‌ره‌ ئه‌م نیکته‌یه‌ من پێت بڵێم ((نالی)) ئه‌گه‌ر فه‌رضه‌ن
هه‌موو دنیات ببێ، هێشتاکو هه‌ر حه‌یران و داماوی


ماهی من

تا له‌ من ئه‌و زوڵفه‌ ڕێی بۆسه‌ و که‌ناری گرتووه‌
ناو ده‌مم بێ شوبهه‌ تامی زه‌هری ماری گرتووه‌

خۆش له‌سه‌ر سینه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ دوو گۆی سه‌ر به‌ مۆر
مات و حه‌یرانم که‌ عه‌رعه‌ر که‌ی هه‌ناری گرتووه‌!

ئه‌ژده‌های زوڵفی له‌ ده‌وری گه‌نجی حوسنی حاریسه‌
حه‌ڵقه‌ حه‌ڵقه‌، چین به‌ چین، سه‌ر تا به‌ خواری گرتووه‌

ماهی من ته‌نها مه‌هێکه‌ صه‌د نوجوومی مه‌حو کرد
یاری من ته‌نها گوڵێکه‌ صه‌د هه‌زاری گرتووه‌

دامه‌نی پاکی مه‌داری دائیره‌ی خامه‌ک نییه‌
خوێنی مه‌قتولانه‌ وا دامێنی یاری گرتووه‌

گه‌رد و بادی هیجری تۆ وا عاله‌می لێ کردمه‌ تۆز
نه‌ک دوو چاوم، به‌ڵکه‌ حه‌تتا دڵ غوباری گرتووه‌

شه‌ربه‌تی عوننابی لێوی شه‌ککه‌ر و بادامی چاو،
سه‌روی قه‌ددت ڕاسته‌ ئه‌نواعی ثیماری گرتووه‌

له‌علی شه‌ککه‌رباری تۆ تێراوه‌، شه‌ککه‌ر باریه‌
لێوی میحنه‌ت‌باری من بێ ئاوه‌، باری گرتووه‌

پڕجه‌فایه‌، بێ وه‌فایه‌، زود جه‌نگه‌، دێر صوڵح
صه‌د درێخ و حه‌یفه‌ طه‌بعی ڕۆزگاری گرتووه‌

یادی (کانی دمدم) و سه‌رچاوه‌که‌ی (مێگوڕ) ده‌کا
(به‌کره‌جۆ)ی چاوم که‌ شێوه‌ی (سه‌رچنار)ی گرتووه‌

بێ مه‌حابا ئاو ده‌ڕێژێ گه‌ھ به‌ فه‌ور و گه‌ھ به‌ ده‌ور
چاوی من موددێکه‌ شێوه‌ی ئابشاری گرتووه‌

شه‌معی به‌زمی من که‌وا سوتاوه‌، زه‌رد و ئه‌شک ڕێژ
قه‌ت نییه‌ فه‌ردێک نه‌ڵێ ڕه‌نگی مه‌زاری گرتووه‌

مودده‌عی زه‌جرم ده‌کات و، پێم ده‌ڵێ: صه‌برت ببێ
که‌ر به‌ له‌عنه‌ت بێ که‌ که‌ی عاشق قه‌راری گرتووه‌!

(نالی) وا دائیم که‌ مه‌شغوڵی فوغان و ناڵه‌یه‌
باعیثی هیجرانی یاره‌ دڵ شه‌راری گرتووه‌

 

مامۆستا زێوەر

لەدایکبوون :سلێمانی، کانێسکان -١٨٧٥ 

مەرگ :١٠ ی تشرینی دووەمی ۱۹۴۸

شوێنی گۆڕ:سلێمانی- گردی سەیوان

ھاوسەر: رەعنا کچی حاجی حەسەن سەلیم ئاغای جوامێر ئاغای پشدەریی، شەمسە کچی حاجی حەمەسووری مەلا قادر
منداڵەکان :زوهرە، حەلاو، جەمیلە، ئامینە، شایستە، مەحموود، حەسەن. 
 

زێوه‌ر


مه‌لا عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌لا محه‌مه‌دی كوڕی مه‌لا ڕ‌ه‌سووڵ ناسراو به "زێوه‌ر" له‌ساڵی 1875 له‌شاری سلێمانی هاتۆته دنیاوه و له سلێمانی و له‌شاره‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك بانه و مه‌هاباد و له‌كوردستانی باشووریش له هه‌ولێر و كه‌ركووك خوێندوویه‌تی بووه‌ته مه‌لایه‌كی زانا و سه‌ردانی ئه‌سته‌مبووڵی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كردووه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ زانا و ئه‌دیبه‌كانی ئه‌و شاره به‌هات و باته كردووه و كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری سلێمانی له مانگی تشرینی یه‌كه‌می 1908 دا كراوه به مامۆستای قوتابخانه‌ی "ڕوشدی عه‌سكه‌ری" له سلێمانی و له دوای دامه‌زراندنی میری عێراقیش له ساڵی 1921دا كراوه به مامۆستای قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ماوه‌ی 30 ساڵ نه‌وه‌ی نوێی كوردی فێری خوێندنه‌وه‌و نووسین و وێژه‌ كردووه.

مامۆستا زێوه‌ر شاعیرێكی به‌هره‌داری به‌توانا بووه، له شیعری غه‌زه‌لدا مامۆستایه‌كی باڵاده‌ست بووه و گه‌لێك نموونه‌ی به‌رزی له‌م بابه‌ته ناسكه هۆنیوه‌ته‌وه و یه‌ك له‌ هۆنراوه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ی ئه‌م نموونه‌ی خواره‌وه‌یه‌تی و چه‌ند دێڕێكی لێ ده‌خه‌ینه ڕوو:

تكانی ئابرووی چه‌مه‌نی به‌روویی ئابراره‌وه
شكانی نرخی ئه‌سته‌ره‌ن به‌ زوڵفی موشكباره‌وه
چمه له‌مه‌ی، له نه‌ی، له‌جام، ئه‌گه‌ر به‌له‌نجه بێته‌لام
به‌ڕووی تابداره‌وه، به‌چاوی پڕ خوماره‌وه!

شاعیر له نشتمانی و سروودی پڕ سۆزی قوتابیانیش یه‌كجار لێهاتوو بووه و ئاشقێكی شه‌یدای كوردستان بووه، بۆیه له هۆنراوه‌یه‌كی نیشتمانیدا كه كراوه به‌ سروود گوتوویه‌تی:

ئه‌ی وه‌ته‌ن چه‌ند خۆشه‌ویستی ڕۆ‌حی شیرینی منی
مه‌زره‌عه‌ری توخمی نه‌شات و باعیسی ژینی منـــی
تیشه‌یێ ناده‌م له‌به‌ردت تۆی كه‌شیرینی منـــــــــی

تاكو له كۆتایی هۆنراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:

ئاره‌زوو و فیكری سیاحه‌ت ناكه‌م ئیتر ئه‌ی وه‌ته‌ن
تۆ له جێگای قاهیره و تاران و به‌رلینی منــــــی!!

زێوه‌ر جگه له شیعری غه‌زه‌ل و وه‌سف و نیشتمانی و شیعری فه‌لسه‌فه ئامێز، كۆمه‌ڵێك شیعری فێركردنی بۆ قوتابیانی كوردستان داناوه و ده‌توانرێت بووترێت یه‌كه‌مین شاعیری كورده ئه‌م جۆره شیعره فێركردنی دانابێ.

جگە لەزمانی کوردی، زمانی فارسی و تورکی و عەرەبیشی زانیوە و ھۆنراوەی بەھەریەک لەو زمانانە ھەیە.

 

شاعیر و مامۆستای په‌روه‌رده‌كاری ناسراوی كورد مه‌لا عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌لا محه‌مه‌دی كوڕی مه‌لا ڕ‌ه‌سووڵ، ناسراو به "زێوه‌ر"  لە ١٠/١١/١٩٤٨ لە شاری سلێمانی لەتەمەنی ٧٣ ساڵیدا ماڵئاوایی لەم جیھانە کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له ناو شاعیره‌ كلاسیكییه‌كانی كورد به‌جێهێشت.


ئەو کاریگەرانەی بەسەر زێوەرەوە دیارن، ئەمانەن:

1.زێوەر ھەر لەتەمەنی لاوییەتیدا دیمەنە ڕەنگاورەنگەکانی کوردستان کارییان کردۆتە سەر دڵ و دەروونی و ھەستی ناسکیان جوڵاندووە.
2.تام و بۆنی شیعرەکانی مەولەوی و نالی لەھەموو دەمارەکانیدا ھاتووچۆیان کردووە و تەلی سۆزیان بزاندووە.
3.دیوانی شاعیرە فارسەکانیش کارییان تێکردووە و ھەستییان جوڵاندووە، وایان لێکردووە کە باوەش بە ئاسۆی شیعردا بکات.
4.ھەروەھا ستەم و زۆرداریی و رۆژگارو چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد ئەوەندەی تر دڵییان ھێناوەتە کوڵان و بەرەو کۆشی شیعرییان بردووە و ئیلھامی شیعرییان بەتینتر کردووە.


رووخساری ھۆنراوەکان و ناوەڕۆکی شیعری

ھۆنراوەکانی لەبارەی دڵداری و خەویستی، وەسفی سروشت، کۆمەڵایەتیی، نیشتمان پەروەریی و نەتەوەیی، فێرکردن و ھاندان بۆ خوێندن و پێشکەوتن، فەلسەفە ـەوە بوون، واتە لەڕووی مەبەستەوە دەکرێن بەم جۆرانە:

دڵداریی و خۆشەویستیی

زێوەر وەکو شاعیرەکانی تر لەسەرەتادا دەکەوێتە مەیدانی دڵداریی و خۆشەویستییەوە، لەوبوارەدا ئەسپی خەیاڵی تاوداوە و پەپوولەی ئارەزووی لەڕەنگینترین باخچە نیشتۆتەوە، بیری ورد و خەیاڵی ناسک و سۆزی بەتین لەھۆنراوەکانیدا دیارن، یەکێکە لە شاعیرەکانی ڕیزی پێشەوەی بابەتی ھۆنراوەی دڵداریی لەئەدەبیاتی کلاسیزمی کوردیدا.
ئەمەش نموونەی شیعرێکی دڵداری زێوەر، کە چۆن باس لە یارەکەی دەکات و وەسفی دەکات:

تکانی ئابڕووی چەمەن بەڕووی ئابدارەوە
شکانی نرخی نەستەرەن بەزولفی مشکبارەوە
چمەلەمەی؟ لەنەی! لەچام ئەگەر بەلەنجە بێتە لام
بەڕووی تابدارەوە، بەچاوی پڕ خومارەوە
عەرەق نییە لەعالەما کە لابەرێ لەدڵ غەما
بەغەیری قەترە عارەقێ لەڕووت کە دێتە خوارەوە
نیشانی من، جەمالی تۆ، بەراتی من، ویساڵی تۆ
خەیاڵی من لەخاڵی تۆ، بەعیشوە لێم مەشارەوە
عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من
با شەف بەرێ رەقیبی من، وەرە بەسەد ویقارەوە
فیدا خەو و قەدی تۆ، چەمەن بەفەوجی گوڵییەوە
بەبولبول و بەچڵیەوە، بەقومری و چنارەوە


جوانیی سرووشت

زێوەر باسی جوانیی سرووشتی کردووە کەبەدەستی کردگار نەخشاوە، سەیری ئەو دیمەنەی کردووە، کە لەبەرھاردا ھاتۆتە کایەوە، لەم بارەیەوە وتووییەتی:

بنواڕە نەوبەھار و ھەوای تەڕاوەتی
نووسانی پێکەوە لەبی غونچەی حەلاوەتی
ھێنایە شەوق و زەمزەمە، تەیرانی سەر زەمین
سەرما بڕایەوە، ھەموو توندی و سەڵابەتی
ھەورە تریشقە بۆتە سەقا ئاوڕشێن ئەکا
تا سەبزە زاری ئەرز موجەلابێ سەفوەتی
ئەم عەردە مردووە ھەموو ڕۆحی کرایە بەر
گۆڕاوە سەربەسەر ھەموو دونیا قیافەتی
بادی سەبا بەجیلوە قەدی گوڵبەنی لەران
گوڵزاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی

 

ئەبولقاسم لاهووتی كرماشانی، شاعێری لەبیر كراوی كورد


ئەوبولقاسم لاهووتی كرماشانی (1264 - 1336) سیمایەكی ناسراوی ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسیی دەورەی مەشرووتەی ئێران بووە و دواتر بۆتە ئەندامی حیزبی توودە و چۆتە ناو هێزی نیزامییەوە و پلەی سەرگوردی پێدراوە، لە سەردەمی رەزا شادا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسیەوە حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام توانیویە هەڵبێت و پەنا بەرێتە بەر یەكیەتیی سۆڤیەت. بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری فەرهەنگ و هونەری تاجیكستانی سەردەمی یەكیەتیی سۆڤیەت بووە و لەو ناوچەیە رەوتی شانۆی "ئۆپێرا"ی بنیات ناوە و لەناو كانوونی نووسەرانی شۆرەویدا جێگە و پێگەیەكی تایبەتی هەبووە و بۆ ماوەیەك لەناو لیژنەی بەڕێوبەریی نووسەرانی شۆرەویدا جێگری ماكسیم گورگی نووسەری گەورەی رووس بووە.

                                                                    گزیده ی اشعار ابوالقاسم لاهوتی مقدمه، شرح احوال و آثار لاهوتی و ویراستاری متن 

لاهووتی هەتا كۆتایی ژیانی نەگەڕایەوە ئێران و هەر ئەو خۆشەویستیەی وای لێكرد كە كاتێك لەساڵی 1336 لە تەمەنی 72 ساڵی لە مسكۆ كۆچی دوایی كرد بە رێز و حورمەتەوە لە گۆڕەستانی

"نۆڤۆدویچی"ی مسكۆ و لە ریزی گەورە نووسەر و سیاسەتمەدارانی یەكیەتیی سۆڤیەت وەك: گوگول، خرۆشچوف، ئانتوان چوخوف، تۆپۆلۆف و... بنێژری.

لە سەردەمی لاویەتیدا لە كرماشان بە هاوكاریی چەند كەسێكی تر "رۆژنامەی بیستوون"ی چاپ كردووە، لاهووتی شاعێرێكی ناسراو و خاوەن دیوانی فارسیە و بە یەكێك لە گرینگ و جیدیترین شاعێرانی نوێخوازی ئێران و چینی كرێكاری ئێران و تاجیكستان دێتە ئەژمار. ئەبولقاسم لاهووتی بە یەكەم پێشڕەوی نوێ‌ كردنەوەی شێعری فارسی لە ئێران دادەنرێت و یەكەم شاعێری پڕۆلیتاریای ئێرانە. لاهوونی لە ئازاد كردنی شێعری فارسی كۆت و بەندی كێش و سەروا لە ئاستی ئێراندا شوێن پەنجەی دیارە، لاهووتی دەیتوانی لە بواری پرۆسەی نوێكردنەارسیدا بەرلە نیما یووشیج شۆِشێك وەڕی بخات، بەڵام بەداخەوە شێعری كردە قوربانیی سیاسەت، چونكە بەهۆی تێكەڵاو بوونی بە سیاسەت و بیری چەپ كەمتر توانی لەم بارەوە خۆی دەربخات و كەمتریش لەبارەیەوە لێكۆڵینەوە و چاقاخ بوونی بەرهەمەكانی لە ئێران لەسەر دەمی حكوومەتی پاشایەتیدا هۆیەكی دیكەی ئەو لەبیر كرانەیەتی.

زمانی شێعریی لاهووتی زمانێكی سادە و رەوان و خەڵكی بووە و لە قاڵبی غەزەل، تەركیب بەنددا شێعری بەرزی فارسیی داناوە و ئەم بەرهەمانەی لێ‌ بەجێماوە: 1 ـ كاوە ئاهەنگەر(1947) 2 ـ قەسیدەی كێرملین ( 1923) 3 ـ تاج و ئاڵا (1935) 4 ـ كۆمەڵە شێعر( 1960 ـ 1363).

شێعرە فارسیەكانی لاهووتی  هەرچەند چەندین جار لە ئێران و یەكەیتیی سۆڤیەت بڵاو كراونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە دەرەبەگ، سەرمایەدار، شا، مەلا، شێخ و ئایین، جگەلە هێندێ‌ بڕگەیی مێژوویی نەبێت، بە ئازادی لەناو خۆی ئێران لەبەر دەستی خوێنەراندا نەبووە.

ئەبولقاسم لاهووتی، ساڵی 1304 لە شاری كرماشان لەدایك بووە، دایكی لە هۆزی "سنجاوی" بووە و باپیرانی باوكی خەڵكی باشووری ئێران بوون، باوكی لاهووتی"میرزا ئەخمەد ئیلهامی" شاعێر بووە و دوو كۆمەڵە شێعری لە كرماشان و تاران چاپ كراون.

هەرچەند هێندێ‌ بەڵگە لەبەر دەست دان كە لاهووتی تەنیا شێعری فارسی نووسیبێت، بەڵام نووسەر و لێكۆڵەری گەورەی كورد "محەممەد عەلی سوڵتانی" لە بەرگی سێهەمی كتێبی "حەدیقەی سوڵتانی"دا  نووسیویە لاهووتی لە سەرەدەمی مێرمنداڵیدا شێعری هەجو و تەنزی كوردی بۆ هاوگەڕەكەكانی لە كاتی شەڕە گەڕەكدا خوێندووە. دواتر لاسایی شێعری ئایینی ـ حەیرانعەلیشانی كردۆتەوە، پاشان لە قۆناغی لاویەتیدا سەردانی سلێمانی، كەركووك و ئەستەمبۆڵی كردووە و لەوێ‌ ژیاوە و هات و چۆی لای شێخی بەردە قارەمانی كردووە كە ئەودەم لە بەندی بریتانیاییەكاندا یەخشیر كرابوو، چۆن دەكرێت و دەگونجێت بە كوردی شێعری نەنوسیبێ.

هەتا ئێستا بە هەوڵ و تەقەلای توێژەر و دلسۆزانی ئەدەب و مێژووی كورد وەك: محەممەدی مەلا كەریم، حەسەن قازی، ئەنوەر سوڵتانی و محەممەد عەلی سوڵتانی، سێ‌ پارچە شێعری لاهووتی كە بە زمانی كوردی نووسیویەتی، دۆزراونەتەوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕە كوردییەكاندا چاپ كراون.

1 ـ پارچە شێعری یەكەم لە ژمارە 25ی ساڵی پێنجەمی گۆڤاری "ژین"دا بڵاو كراوەتەوە، واتە هی ئەو بڕگەیەی ژیانی لاهووتیە كەلە ئەستەمبۆڵ ژیاوە كە دەكاتە دەوروبەری ساڵانی 1919 و 1920ی زایینی.

2 ـ پارچە شێعری دووهەم مامۆستا مەحەممەد عەلی سوڵتانی ساڵی لە 2000دا بڵاوی كردۆتەوە كە رێكەوتی نووسینی بۆ دیاری نەكراوە.

3 ـ پارچە شێعری سێهەم لە ژمارە 23ی گۆڤاری ژین چاپی 28/8/1919ی ئەستەمبۆڵ دا بڵاو كراوەتەوە.

دیارە بەهۆی مێژووی ژیانی سیاسی و فكریی لاهووتی، لە ئەندێشە و نووسین و شێعرەكانیدا خاوەن بیرۆكەیەكی توندوتۆڵی ئێرانگەرێتی و لایەنگری پاراستنی یەكڕیزیی گەلانی ئێران بووە و هەر هەنگاوێكی گەلانی ئێرانی لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی، بە پیلانی ئیمپریالزم زانیوە كە ئەو سەردەمە دروشم بووە و لاهووتی لە هەر دوو ئەو پارچە شێعرەیدا كەلە گۆڤاری ژین بڵاو كراوەتەوە، بانگی كورد دەكات لەگەڵ گەلانی دیكەی ئێران یەك بگرن و فریوی بێگانان نەخۆن. بە وتەی ئەو كە گوایە دەیانهەوێ‌ لە بەژنی "وڵاتی دایك" جیایان بكەنەوە و بیری ناسیۆنالیستیی گەلانی ئێرانی بە هەوڵێكی بچووك دادەنا و هەڵبژاردنی سەردێڕی ئەم شێعرەش هەر لەو بیرۆكەوە سەرچاوە دەگرێ‌.


لەبەر رۆحی كوردە بچووكەكان *

خەڵقی كورد بۆ كەسبی شەرەف حازر جەنگە

ئەی میللەت كورد! هەڵسە، كە ئەم نوستنە نەنگە

فەرموویە نەبی: حوبی وەتەن مایەی دینە

مونكیر بە خودا، كافر و مەلعوون و مەلەنگە

هەر قەومێ‌ كە ئەسڵ و نەسەبی خۆی نەزانێت

رووی رەوشەنی ئەڵبەتە سا وەك شەوەزەنگە

هەم تەنبەڵی و هەم عیزەت و ئیقباڵ!

ئەم كارە كحاڵاتە و ئەم قافیە، لەنگە

كوردان كە هەموویان"مەدی" و ئەسڵی كیانن

لەم فكرە چلۆن غەفڵەتیان كرد، ئەمە "رەنگە"

ئەی كوردی بچووكان! هەموو تاریخ بخوانن

تا بابی خۆتان زوو بشناسن، كە درەنگە

خەسمی لەگەڵ خاكی وەتەن زیللەت و نەنگە

هەركەس كە دەڵێ‌ كورد لە ئێران لێ‌ جیابوو،

یا خائینی كوردانە، وەیا شێت و جەفەنگە

كرمانج، ئەدی ئیلحاق بە ئێران بكەی ئاخر

دەست وەقتێ‌ كە مولحەق وەتەن خوە بوو، قەشەنگە

ئەسڵی مەد و ساسانی و، بیگانە لە ئێران!

ئەم مەسئەلە كەیفیەتی ئایینە و سەنگە

رێگەی تەرەب و مەیكەدە لاهووتی دەزانێت

ئەمما لە فیراقی وەتەنی حەوسەلە تەنگە

--------------------------------------------------------------------------------------------

زاڕۆكان، منداڵان: لاهووتی ئەم شێعرەی بۆ منداڵانی كورد نووسیوە


 سەرچاوە:

1 ـ وتارێكی بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی، لێكۆڵەری كورد

2 ـ ئینتێرنێت

 

زندگینامه دکتر فرهاد پیربال

فرهاد پیربال:شاعر، نویسنده و پژوهشگر کرد، در سال 1961 در شهر "هولیر" (اربیل) کردستان عراق متولد شد. کودکی و نوجوانی‌اش را درهمان شهر گذراند و بعدها به سلیمانیه رفت تا در دانشگاه آنجا زبان و ادبیات کردی تحصیل کند. پیربال به خاطر مبارزاتش با حکومت صدام ابتدا به ایران پناهنده شد و سپس زندگی در تبعید را در کشورهای سوریه، دانمارک، ایتالیا، آلمان و فرانسه سپری کرد. در دانشگاه سوربن فرانسه دکتری تاریخ و ادبیات معاصر کردی را گرفت. او آثار بسیار ارزنده‌ای در شعر، داستان، رمان، نمایشنامه و پژوهش‌های ادبی و تاریخی مربوط به کردها خلق کرده است. مجموعه شعرهای exile (تبعید)، "سیاهی‌های درون سپید و سپیدی‌های درون سیاه" و "برای رودان پسرم" از جمله آثار شعری او هستند.
رمان‌های "سروان تحسین و چیزهای دیگر"، "سانتیا کودی کومپوستلا" و "یک مرد کلاه سیاه پالتو آبی"، و مجموعه‌ داستان‌هایی چون "سیب‌زمینی خورها" و نیز نمایشنامه‌های متعدد و بیست کتاب پژوهشی،‌ از جمله آثار قلمی وی‌ هستند.
پیربال به کار روزنامه‌نگاری و ترجمه نیز اشتغال داشته و گزیده‌ای از اشعار "رمبو"،‌ "بودلر" و شاعران معاصر فرانسوی را همراه با نمایشنامه‌هایی از "استریندبرگ" و "آرتور.ی. آداموف" و همچنین آثار نویسندگان سوررئالیست فرانسوی، به کردی ترجمه کرده است. او هم اکنون در هولیر زندگی می‌کند و در دانشگاه‌های سلیمانیه و زادگاهش سمت استادی دارد. سردبیری مجله "ویران" و مدیریت یک مرکز فرهنگی مستقل به نام "خانه شرف‌خان بطلیسی" نیز از مشاغل دیگر او برای بازسازی فرهنگ مردمان کرد است.
فرهاد پیربال در شعرش به روایتی نوستالژیک از معشوقی از دست رفته پرداخته و آن طور که در شعرهایش نمایان است، این معشوق نامزدش بوده که گویا بعد از مهاجرت پیربال دست به خودکشی به شیوه تلخ خودسوزی زده است.
زندگی وی در تبعید منجر به تالیف و خلق آثاری شده است که مشکلات و معضلات کردها و ستم‌هایی را که بر این قوم رفته، باز می‌تابانند. پیربال در آثارش دست به ابتکارات فرمی و زبانی خاص و غیرمتعارفی نیز زده و به امضای خاصی رسیده است که آثار او را منحصر به فرد جلوه می‌دهد.
پیربال در شاعری از شاعران معاصر ایرانی مانند فروغ فرخزاد و نیما یوشیج متاثر بوده و این مولفه در بعضی از آثار او به وضوح نمایان است.

ئاگاداری (دیمانەی جۆزەردان)

ئاگاداری ١

مەکۆی بنکەی ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی کوردی سەقز دیمانەی ( ۸ ی ) تەرخان کردوە بۆ گوڵبژێڕێک لە شێعرەکانی "خاتوو شڵێر رەشیدی"

دەرفەتی ناردنی وتار و بابەت هەتا پێنج شەممە 1392/3/23

ئەم کۆڕە لە هۆڵی کۆبوونەوەی فەرمانگەی ئییڕشاد ئیسلامی سەقز لە ڕێکەوتی دوا سێ شەممەی جۆزەردانی 2713 واتە 1392/3/28 هەتاوی ساعەت 4 بەڕێوە دەچێت.

تکایە بابەتەکانتان بنێرن بۆ ناونیشانی dymane.saqz@gmail.com

بۆ خوێندنەوەی وتار و بابەتەکان سەردانی ناونیشانی www.dymane.blogfa.comفەرموون

 تکایە بابەتەکان بە فۆنتی یونیکۆد بینووسن و لە قەبارەی وۆرد (word )بینێرن

داگرتنی ( دانلۆد )

داگرتنی بەشێک لە شێعرەکانی "خاتوو شڵێر رەشیدی"

===============================================

ئاگاداری ٢

تەواو ئەندامانی چالاکی کۆڕی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەوی کووردی سەقز

 ئاگادار دەکەیبەوە کە لە رێکەوتی 1392/3/23ک.ه دا هەڵبژاردنی لێژنەی بەڕیوبەرایەتی ئەم ناوەندە بەڕێوە دەچێت.

 بۆیە چاوەڕێی ئامادە بوونی ئێوەی بەڕێز لەو کۆڕا دەکەین.

کات: 4ی پاش نیوەڕۆ

شوێن: خانەفەرهەنگی سەقز

===============================================

ئاگاداری ۳

هەرمانە چییە؟

دووهەم پێنج شەممەی هەموو مانگێک ساعەت 4 ی پاش نیوەڕۆ لە  هۆلی فەرمانگەی ئیڕشادی ئیسلامی کۆڕێک لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەوی کوردی سەقزەوە ساز دەکەین بۆ رێز لینان لە پلە و ئاسەوار و یادەوەریەکانی هۆنەرە ناودارەکانی کووردەواری.

لە هەرمانە دا شێعر ، گۆرانی و وتار پێشکەش دەکرێت.

 بەڕێزان دەتوانن دەقی وتار و باسی خۆیانمان بە فایلی word و فۆنتی unikurd تا دەردفەتی دیاری کراو بەرەو ئیمەیلی hermane.seqz@Gmail.com بۆ بەڕێ بفەرموون.

 جێی ئاماژەیە  بەس ئەو وتارانەی پێشکەش دەکرین کە لیژنەی دیمانە هەڵی دەبژێرن.

"کۆی ئەو بەرهەمانەی لە هەرمانە دا پێشکەش دەکرێن راستەو خۆ لە ماڵپەری هەرمانە و سایتی کۆڕی ئەدەبی مەولەوی کوردی سەقز دا بڵاو دەکرێنەوە"




ریزی میواندارەژانی هەرمانە تاکوو نەورۆزی2714
 
ریزی میواندارەکانی هەرمانە لە ساڵی2713 کوردی(1392 ک .هـ):



هۆنەری میواندار دەرفەتی ناردنی بەرهەم ریکەوتی بەڕێوەچۆنی هەرمانە

حەزرەتی نالی

2173/04/09

2173/04/13   ،    16:00

مامۆستا گۆران

2173/05/06

2173/05/10   ،    16:00

مامۆستا وەفایی

2173/06/10

2173/06/14   ،    16:00

مامۆستا پەشێو

2173/07/07

2173/07/11   ،    16:00

حەزرەتی مەحوی

2173/08/05

2173/08/09   ،    16:00

سوارە ئیلخانی زادە

2173/09/10

2173/09/14   ،    16:00

مامۆستا حەمدی

2173/10/15

2173/10/19   ،    16:00

خاتوو ژیلا حسەینی

2173/11/06

2173/11/10   ،    16:00

حەزرەتی مەولەوی

2173/12/04

2173/12/08   ،    16:00