حەمەساڵح دیلان و شێعرەکانی

 

بۆ داگرتنی(دانلۆد)کتێبی بارانی سلێمانی هۆنراوەی مامۆستا محەمەد دیلان لێرەدا کرتە (کلیک ) فەرموون


محەمەساڵح دیلان (١٩٢٧ - ١٩٩٠)، کوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ کوڕی‌ مەلا ساڵحی‌ کوڕی‌ مەلا قادرە. ساڵی‌ ١٩٢٧ لە گەڕەکی‌ گۆیژەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لەدایکبووە. سەرەتا لە ‌مزگەوتی‌ بابەعەلی‌ خراوەتە بەر خوێندن‌و دواتر لە ‌قوتابخانەی‌ خالدییە قۆناغی‌ سەرەتایی‌ تەواوکردووەو درێژەداوە بەخوێندن‌و تا پۆلی‌ سێی‌ ناوەندی‌ خوێندووە. ساڵی‌ ١٩٤٧ لە ‌فەرمانگەی‌ تووتن دامەزراوە.

محەمەد ساڵح دیلان-كتێبخانه ی كوردی ئه وين

لە ‌تەمەنی‌ بیست‌و یەک ساڵیدا شیعری‌ بڵاوکردۆتەوەو لە ‌دوای‌ گۆران بەسەرتۆپی‌ نەوەیەکی‌ نوێی شیعری کوردی‌ لەقەڵەمدەدرێت. ئەم شاعیرە خۆی و بەرھەمە ئەدەبییەکەی‌ تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی‌ کێشەی‌ گەلەکەی‌و دژایەتیکردنی ‌کۆنەپەرستان‌و بەکرێگیراوان. لە ‌ساڵی‌ ١٩٤٨ تا ١٩٦٦ نۆ جار زیندانی‌ کراوە و گەلێک‌ جاریش دوورخراوەتەوەو تووشی‌ ئازارو ئەشکەنجەدان‌و نانبڕین بووە.

شیعرە نیشتمانییەکانی‌ دیلان رۆڵێکی‌ گەورەیان بینی‌ لە ‌بەرزکردنەوەی‌ ئاستی‌ ەوشیاری‌ خەڵکی‌ کوردستانداو حەمە ساڵح دیلان-یانکردە مەشخەڵێکی‌ گەورەی‌ سەر رێبازی‌ کوردایەتی‌، کەم رووداوی‌ نیشتمانیی‌و نەتەوەیی‌ ھەیە دیلان بەشداری‌ تیانەکردبێت‌و نەیکردبێتە بۆنەیەک بۆ جۆشدانی‌ خەبات.

ئەم رۆشنبیرە گەورەیە ساڵی‌ ١٩٥٤ بەبێ‌ مۆڵەتی‌ دەوڵەت بەشداریکرد لە ‌کۆنگرەی‌ ئاشتی‌و ھاوکاری‌ گەلان-دا کە لە ‌شاری‌ (ڤیەننا)ی‌ پایتەختی‌ نەمسا ساز کرا، لەسەر ئەم بەشداریکردنە کە گەڕایەوە رەوانەی‌ زیندان کرا. حەمە ساڵح دیلان جگە لەوەی‌ کە شاعیرێکی‌ گەورەو تێکۆشەرێکی‌ خاوەن ھەڵوێست بوو، دەنگخۆشێکی‌ کەموێنەو ئاوازدانەرێکی‌ دەگمەنیش بوو.

گۆرانیی‌و مقامە‌ بەسۆزەکانی‌ دیلان کە شیعری‌ زوربەیان نووسینی‌ خۆیەتی‌ تا ئێستاش ھەر زیندوون. دیلان-ی‌ شاعیر‌و ‌ەونەر‌مەند خاوەنی‌ (مامە کوڕنوو)، (ئەی‌ نازەنین)،( شێخ مەحمودی‌ زیندوو) لە ٢٨ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ ساڵی‌ ١٩٩٠ دا، بە ‌نەخۆشی‌ دڵ کۆچیدوایی‌ کردو لە ‌پاش خۆی‌ خەرمانێکی‌ پڕ بەرەکەتی‌ لە ‌شیعرو ئاوازی‌ دڵڕفێن‌و گۆرانیی‌ رەسەن بۆ بەجێھێشتین.


ژیان

شاعیری نوێکاری کورد و مەقامزانی بلیمەت محەمەد ساڵح دیلان لە ١٩٩٠.١٠.٢٨ دا لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە وێژە و لە ھونەر و کورد و کوردستان کرد و ناو و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکەی تا ھەتایە بەنەمریی مانەوە [١].

دیلان خەباتگێڕێکی دڵسۆزی میللەتەکەی و دەنگێکی ڕەسەن و ناسکی ھۆنراوەی نوێی کوردی بوو، شاعیرێکی نوێکاری ڕێبازی ڕیالیزمی نوێ بوو لە وێژەیی کوردیدا، زۆربەی ھۆنراوەکانی پەردەیەکی تەنکی ڕۆمانسیەتی بەسەردا ھەڵکێشرا بوو، ئەمەش جۆرە جوانی و ناسکیەکی پێ بەخشی بوون.



شیعری دیلان

ئەگەر بەوردی سەرجەم دیوانی ھۆنراوە ناسکەکانی بخوێنیەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٧دا بە ھەوڵ و کۆشش و لێکۆڵینەوە و پێشەکی مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین چاپکراوە، ھەست دەکەین لەباسی ناسکانەی سروشتی نیشتمانەکەی ئەوەندە بەجوانی و ناسکی و ڕازاوەیی دەربڕیوە، مەگەر ھەر مەولەوی مامۆستای و "گۆران"ی شاعیر سروشت و جوانی دەستەڵاتیان بەسەردا شکابێ.

لە چوو ناو جیھانی داستان و ئەفسانەی کوردی و جیھانی و بەکارھێنانی نیشانەکانیان بەکارامەیی و سەرکەوتوویی، شاعیرێکی یەکجار بەتوانا بووە و زۆر لە سەر‌خۆ چووەتە نێو ئەو جیھانە ئەفساوناوییە و بەرھەمی جوان و پتەوی لە ھۆنراوەی ناسک و ناوەڕۆک قووڵی پێشکەش کردووین و سەرنجی ھۆنراوە دۆست و ڕەخنەگرانی ڕاکێشاوە لەبواری ھۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتمانیشدا خانی و حاجی قادرێکی سەردەمە، بە تەکنیکێکی نوێ دەربڕینی ناسکی واتا قووڵی خوڵقاندووە و دڵسۆزیی خۆی بۆ خاک و نەتەوەکەی دەربڕیوە، ھەروەک لە ھۆنراوەیەکیدا بەناوی «‌ڕەز» ئەمەی کردووە و گوتوویەتی:

ئای کێ بێ بانگ و ھاوارو پەیام
بگەیەنێتە گوێی گۆڕەکەی (خەیام)
بڵێ ھەی سەرشێت کوشتەی گڕی تەڕ
گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ و فەڕ
تۆ لەسەر باکەی شووشەکەی شکان
لەگەڵ‌ خودادا کردت بە زۆران!!
ھەڵسە بەرەو ئەم ناوە ھەڵتووتێ
نەک شووشە شکا وا ڕەز ئەسووتێ!!

شاعیر ئەم ھۆنراوەیەی کاتێک داناوە، کە ڕژێمی بەعس ڕەزی مێو و ھەموو جۆرە دارێکی بەردار و بێ بەریان دەسووتاند و خەڵکەکەیان ئەنفال دەکرد.

دیلان لە ھۆنراوەی باسیشدا، شاعیرێکی مەزنی سروشت و جوانییەو وەک وێنە کێشێکی ھونەرمەند ڕوودەکاتە دیمەنی جوانی گوڵزاری ڕازاوەی نیشتمانەکەی تاکو تابلۆی نایابیان بە ھۆنراوەی ناسک بکێشێ و ھۆنراوەی بە ھێز و پێزمان پێشکەش بکات.

باسەرنجێک بدەینە ئەم چەند دێرە ھۆنراو‌ەیەی تاکو بزانین چۆن وێنەی ھۆنراوەی جوانی بۆ کێشاوین و با لە ھۆنراوەیەکی بە ناوی "سروودی وڵات" ورد بینەوە کە دەڵێ:

ساڵ پایزە، گەرمەی گەڵا ڕێزانە،
ڕێز بارانە، شێوەی ساڵی جارانه!
گەڵای ڕژاوی دار مازووی چیای بەرز
ملوانکەکەی ئەئاڵانە ملی وەرز
ڕووباری شین، سوور ھەڵگەڕاو بەلافاو
جارێ بێ دەنگ، جارێ بەھاژەو بەتاو

سەیری کەن دیلان چۆن باسی پایزە و گەڵاڕێزان دەکات و دیمەنی ئەو گەڵا زەردە وەریواە چەند بەجوانی دەکێشێ و دەیکات بە دیمەنی زێڕباران، ئەمەش خوڵقاندنی جوانی ھۆنراوە لەشتی کەم بایەخی وەک گەڵای وەریوی کاتی گەڵاڕێزان ئینجا شاعیر باسی ئەو گەڵا ڕژاوان دەکات و دەیانکاتە ملوانکە و لە دێڕی دوایشدا باسی ڕووباری شینی سوور ھەڵگەڕاو بەلافاو دەکات، کە جارێ بێ دەنگە و جارێکیش بەتاو دەڕوات و ھاژەی دێت.

دیلان لە ھۆنراوەی ئەفسانەیی چ خۆماڵی بێ چ بیانی زۆر سەرکەوتووە و ئەفسانەی بیانی بە ئەفسانەی بیانی بە ئەفسانەی کوردی بەستۆتەوە و گوتوویەتی:

کە پزیشکی خوێنی زەردی (نێرۆن) پژا
کە چەرمەکەی قرچ ھەڵگەرا لە دەم کەژا
بەشیرینی ھەچ گوڵێ دەم دەکاتەوە
لەم وڵاتە ... (فەرھاد)مان بیر دەکاتەوە

شاعیر ئەفسانەی ڕووداوەکانی "نێرۆن"ی ئیمپڕاتۆری "ڕۆمان" تێکەڵ بە ئەفسانەکەی "شیرین و فەرھاد"ی کوردی دەکات و بەجوانی لە کارەکەی سەردەکەوێت.



سەرچاوەکان1.↑ [www.xozga.com]
حەمەساڵح دیلان-
Kurdsat.tv


ژیاننامەی سوارە ئیلخانیزادە و شێعرەکانی

بۆ داگرتنی(دانلۆد)کتێبی خەونە بەردینە-هۆنراوەی سوارە ئیلخانی زادە-نووسینی کەریم دانشیار لێرەدا کرتە (کلیک ) فەرموون

بۆ بیستن و یا داگرتنی( دانلۆد ) شێعره‌کانی سواره‌ ئیلخانی زاده لە قەبارەی (فوڕمەت ) mp3  لە سەر بابەتەکاندا کرتە (کلیک ) فەرموون

بەشی۱--بەشی٢--بەشی٣--بەشی٤--بەشی٥--بەشی٦--بەشی٧--بەشی٨

پیرە هەڵۆ(سوارە ئیلخانی زادە)- بە دەنگی کاک عومەر ڕەسوڵی وخاتوو مریەم فەتاحی


سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.

ژیاننامە

سوارە ئیلخانیزادە-كتێبخانه ی كوردی ئه وين

سواره‌ کوڕی ئه‌حمه‌د ئاغا، کوڕی حاجی باییز ئاغای ئێلخانیزاده‌یه‌. ساڵی 1937 له‌ گوندی تورجان (که‌ ده‌که‌وێته‌ نزیک شاری بۆکان) له ‌دایکبوه‌. هێشتا منداڵ ده‌بێت که‌ عیسمه‌ت خانمی دایکی کۆچی دوایی ده‌کات‌. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ماڵیان بۆ گوندی قه‌ره‌گوێز ده‌گوێزنه‌وه‌. له‌وێ باوکی ژنێکی دیکه‌ ده‌هێنێت. ئه‌و ژنه‌ بۆ سواره‌ و خوشک و براکه‌ی وه‌ک دایکی ڕاسته‌قینه‌ واده‌بێت‌. هاوینی ساڵی 1954 له‌ قه‌ره‌گوێزه‌وه‌ بۆ بۆکان بارده‌که‌ن و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن‌. له‌ پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا سواره‌ دوچاری نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت ده‌بێت و سێ ساڵ له‌جێدا ده‌یخات. کاتێک ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌رخۆی، سواره‌که‌ی جاران نامێنێت و لاواز و بێهێز ده‌بێت. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ و چه‌ند ساڵ له‌ بۆکان ده‌خوێنێت. پاشان ده‌چێته‌ ته‌ورێز و له‌وێ درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات. ساڵی 1962 بڕوانامه‌ی دیپلۆم وه‌رده‌گرێت و به‌شداریی تاقیکردنه‌وه‌ی زانکۆی تاران ده‌کات. سه‌ره‌نجام له‌ کۆلێژی حقوق له‌ به‌شی قه‌زایی وه‌رده‌گیرێت. له‌و سه‌روه‌خته‌دا کۆمه‌ڵێک ڕوناکبیری کورد له‌ ڕیزی ڕێکخراوێکی نهێنیی به‌ناوی «یه‌کێتی خوێندکارانی کورد له‌ زانستگاکانی ئێران» تێده‌کۆشن. سواره‌ش وه‌ک خوێندکارێک و وه‌ک کوردێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و چالاک ده‌بێته‌ ئه‌ندام تیایدا. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ کیژێکی ئازه‌ری نیشته‌جێی شاری بۆکان به‌ ناوی «ڕوقیا» که‌ چه‌ند ساڵ ئه‌وینداری یه‌کتر بون، خێزان پێکده‌هێنن و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رییه‌ کوڕێک ده‌بێت به‌ناوی «بابه‌ک».

                      سوارە ئیلخانیزادە-كتێبخانه ی كوردی ئه وين                 سوارە ئیلخانیزادە-كتێبخانه ی كوردی ئه وين

  ساڵی 1963 سمایلی شه‌ریف زاده‌ و سواره‌ و ده‌سته‌یه‌ک خوێندکار و لاوی کورد شێلگیرانه‌ تێده‌کۆشن له‌پێناو دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی خوێندکاریی چه‌پ و شۆڕشگێڕ و جموجوڵێکی گه‌رم ده‌ستپێده‌که‌ن.

به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی که‌ له‌ زانکۆ ده‌خوێنێت، مامه‌کانی به‌گشتی و حاجی ڕه‌حمانی ئێلخانی زاده‌ و سه‌عدی موهته‌دی به‌تایبه‌تی یارمه‌تی ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها ئامۆزایه‌کی له‌ خۆی به‌ته‌مه‌نتری به‌ناوی «حه‌سه‌ن» به‌رده‌وام ده‌ستگیرۆیی ده‌کات و ناهێڵێت ده‌سته‌نگیی پێوه‌ دیاربێت.

ڕۆژی 20/3/1964 حکومه‌تی حه‌مه‌ ڕه‌زاشا شاڵاوی گرتن و زیندانی کردنی تێکۆشه‌ران ده‌ستپێده‌کات و نزیکه‌ی 150 لاوی ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ری کورد به‌ تۆمه‌تی هاوکاریی له‌گه‌ڵ (حیزبی دیموکراتی کوردستان) ده‌گرێت و ده‌یانخاته‌ زیندانی «قزل قلعه‌»وه‌. سواره‌ش به‌ر ئه‌و شاڵاوی ڕه‌شبگیرییه‌ ده‌که‌وێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌له‌ش نه‌خۆش و لاواز ده‌بێت، به‌ڵام دلێرانه‌ شه‌ش مانگ خۆی ڕاده‌گرێت و ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازار وره‌ی پێ به‌رنادات. تا سه‌رنجام هیچی له‌سه‌ر ئیسپات نابێت و ئازاد ده‌کرێت. کاتێک له‌ زیندان دێته‌ ده‌رێ، ده‌چێته‌وه‌ زانکۆ و خوێندنه‌که‌ی درێژه‌پێده‌داته‌وه‌‌. ساڵی 1968 خوێندنی زانکۆ ته‌واوده‌کات. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌ به‌شی کوردی ڕادیۆی تاران وه‌ک کارمه‌ند داده‌مه‌زرێت. له‌و ڕادیۆیه‌دا به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی به‌ناوی «تاپۆ و بومه‌لێڵ» پێشکه‌ش ده‌کات. ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ گوێگرێکی زۆری ده‌بێت و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سواره‌ له‌نێو توێژێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ناسرێت.
به‌شی زۆری ته‌مه‌نی سواره‌ ململانێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا. ئه‌وه‌نده‌ی که‌ له‌ بیماری و له‌شبه‌باریدا ده‌ژی، ئه‌وه‌نده‌ له‌شی ساغ و ئاسوده‌ به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ژیانه‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌، هه‌رده‌م وره‌به‌رز و به‌ بیروباوه‌ڕ ده‌بێت.

ڕۆژی 12/1/1976 له‌کاتێکدا که‌ سواره‌ به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕواته‌وه‌،  لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ . به‌ڵام ئه‌و پێی واده‌بێت که‌ ئازارێکی که‌می گه‌یشتوه‌ و هیچی لێنه‌هاتوه‌. ئیدی ده‌یبه‌نه‌وه‌ ماڵه‌که‌ی خۆی. ورده‌ ورده‌ ئازاری له‌شی زیاد ده‌کات. پاش دو ڕۆژ ده‌یبه‌نه‌ خه‌سته‌خانه‌ی «میساقیه‌»ی تاران. کاتێک دوکتۆر لێیده‌کۆڵێته‌وه‌، ده‌ڵێت توشی زه‌ردویی بوه‌. دواتریش گومانی نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی لێده‌که‌ن. بۆیه‌ بڕیار ده‌ده‌ن که‌ نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بکه‌ن. به‌ڵام به‌رگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ناگرێت و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 14/1/1976 دڵی له‌لێدان ده‌که‌وێت. ڕۆژی دواتر کۆمه‌ڵێک له‌ خزمان و دۆستان و ڕوناکبیرانی کوردی تاران، ته‌رمه‌که‌ی بۆ بۆکان ده‌به‌نه‌وه‌ و له‌ مه‌راسیمێکی پڕ ڕێز و شکۆدا له‌ گۆڕستانی  و  گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.

ئه‌گه‌رچی سواره‌ زیاتر وه‌ک شاعیر ناوده‌رده‌کات، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ده‌ستێکی باڵای له‌ په‌خشان و وتاری ئه‌ده‌بی و چیرۆک و شانۆنامه‌نوسینیشدا ده‌بێت و گه‌لێک به‌رهه‌می ناوازه‌ و سه‌نگین ده‌نوسێت، که‌ به‌شی زۆریان تا ئێستاش به‌ ده‌ستنوسیی ماونه‌ته‌وه‌. به‌رهه‌مه‌کانیشی به‌ناوی «سواره‌، ئازاد و پ. ئه‌هورا»وه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌.

شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون

“ خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.

تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!

سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!

 ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.

ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.

بەرهەمەکانی سوارە

بەرھەمی چاپکراوخەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران)


چەن پارچە شیعرێک لە سوارە

دووی ڕێبەندان[١]

بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران‌
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە

ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد

ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان

. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە

مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» ‌مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن» ‌
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»

شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان

با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
                 بژی
                        بژی

 تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨


 هه‌ڵۆ

پاییزه‌ دار و ده‌وه‌ن بێ به‌رگه‌
دڵ په‌شۆکاوی خه‌یاڵی مه‌رگه‌
هه‌ر گه‌ڵایێ که‌ له‌ دارێ ده‌که‌وێ
نووسراوێکه‌ به‌ ناخۆش خه‌وه‌رێ
تاو هه‌ناوی نیه‌ وا مات و په‌شێو
له‌شی زاماری ده‌کێشێته‌ نشێو
ڕۆژ په‌ڕه‌، سارده‌ کزه‌ی بای زریان
کاته‌ بۆ ژینی له‌ ده‌س چوو ، گریان
دڵی پڕ بوو له‌ په‌ژاره‌ و له‌ دڵۆ
ژینی خۆی هاته‌وه‌ بیر پیره‌ هه‌ڵۆ
به‌ قسه‌ خۆشه‌ مه‌ترسی مردن
تاڵه‌ ئه‌و هه‌ستی به‌ مردن کردن
کاتی کۆچ کردنه‌ وه‌ختی سه‌فه‌ره‌
داخه‌که‌م سه‌ختی ژیانم له‌به‌ره‌
هه‌ر بینا هات ئه‌جه‌ل و من مردم
با له‌ شیوێ په‌ڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نه‌مان ژینێ بێ ؟
بۆ له‌شی سارده‌وه‌ بوو تینێ بێ ؟
تۆ بڵێی ئه‌و خه‌وه‌ هه‌ستانی بێ ؟
یا نه‌ ئه‌و قافڵه‌ وه‌ستانی بێ ؟
مه‌رگه‌ دێ و دوا به‌ هه‌موو شت دێنێ
هه‌موو ئاواتێ له‌ دڵ ده‌ستێنێ
پاشه‌رۆکێکی بکه‌م له‌م باخه‌
تاکوو باڵ و په‌ڕی من په‌رداخه‌
هه‌ر بڕۆم نابه‌ڵه‌د و بێ سه‌ر و شوێن
دیار نییه‌ خێڵی هه‌ڵۆیان له‌ کوێن
شاره‌زای ڕێگه‌یی مردن کێیه‌
چیه‌ ئه‌و مه‌نزڵه‌ کوێنه‌ی جێیه‌
نابمه‌ ڕێبواری که‌لی هات و نه‌هات
چاره‌که‌م به‌شکوو ئه‌وا هات و نه‌هات
خۆی به‌ خۆی گوت که‌ ده‌چم بۆ لای قه‌ل
که‌یخودای پیر و به‌ بیری گه‌لی مه‌ل
هه‌ڵفڕی ڕاوکه‌ری زاڵی که‌ژ و کێو
له‌ چیای به‌رزه‌وه‌ ڕووی کرده‌ نشێو
که‌وته‌ ئه‌و ده‌شته‌ له‌ ترسا ته‌ق و ڕه‌و
ده‌رپه‌ڕی کوڕکوڕ و کڕ مایه‌وه‌ که‌و
هاته‌ لای قه‌ل به‌ کزی و بێ وازی
قه‌ل گوتی : مامه‌ هه‌ڵۆ ناسازی ؟
کوتی قاڵاوه‌ ڕه‌شه‌ی پسپۆڕم
پیرم و پێ یه‌ له‌ لێوی گۆڕم
باخی ژینم به‌ خه‌زان ژاکاوه‌
کاتی مه‌رگه‌ و ئه‌جه‌لیش ناکاوه‌
پێم بڵێ چۆنه‌ که‌ تۆ هه‌ر لاوی
زۆر به‌ ساڵ پیری به‌ڵام چا ماوی
هێزی ئه‌ژنۆم نیه‌ باڵ بێ هێزه‌
هه‌موو گیاندارێ ژیان پارێزه‌
قه‌ل کوتی باشه‌ که‌ گوێ ڕادێری
په‌ندی من پاکی به‌ دڵ بسپێری
ئه‌و ده‌مه‌ بابی به‌هه‌شتی من مرد
دوور له‌ تۆ ده‌رد و به‌ڵای ئێوه‌ی برد
پێی کوتم ڕۆڵه‌ هه‌وای ڕاز و نزار
هه‌یه‌تی ده‌رد و نه‌خۆشی به‌ هه‌زار
دیق و زه‌ردویی و ئاهۆ و وه‌رهه‌م
به‌ گژه‌ی بای به‌ قه‌وت دێن به‌رهه‌م
گۆشتی که‌و چه‌نده‌ که‌ تام داره‌ به‌ ناو
هه‌نگ و هاڵاوێ ده‌هه‌نوێته‌ هه‌ناو
تا وزه‌ی بیر و خه‌یاڵ سه‌رده‌که‌وێ
که‌ له‌ گۆڕ که‌وتی وه‌ها ده‌رده‌که‌وێ
په‌ین و پاڵی که‌ له‌ پاڵی دێ یه‌
مه‌نزڵی نۆکه‌ری خۆتی لێ یه‌
که‌ره‌ تۆپیو و که‌لاکی گوێلک
هه‌ڵمی دڵ ڕوون که‌ره‌وه‌ی سه‌رگوێلک
پێکه‌وه‌ چینه‌ بکه‌ین له‌و په‌ینه‌
بۆی سه‌نێر مه‌لحه‌می بیر و زه‌ینه‌
ورد به‌وه‌ چه‌نده‌ به‌مانا قووڵه‌
مه‌سه‌له‌ و گفتی قه‌لی ماقووڵه‌
بیکه‌ سه‌رمه‌شقی ژیان ئه‌و ئیشه‌
هه‌ر له‌ سه‌ر داری نه‌وی هه‌ڵنیشه
****‌
هاته‌وه‌ بیری هه‌ڵۆ ڕابوردووی
پاکی بووژانه‌وه‌ یادی مردووی
گوڵ کرا ڕایه‌خ و پایه‌ندازم
چه‌نده‌ ئاژوا له‌شی کێو ئاوازم
چه‌نده‌ ڕوانیمه‌ زه‌وی له‌و بانه‌
کێو و ده‌شت له‌و سه‌ره‌وه‌ چه‌ند جوانه‌
چه‌ن چکۆڵه‌ن په‌له‌وه‌ر له‌و به‌رزه‌
ئاخ که‌ چه‌ن خوێڕی گره‌ ئه‌م عه‌رزه‌
چه‌نده‌ ڕاوی که‌و و که‌وباڕم کرد
دوژمنی تاقمی شمقارم کرد
کۆلکه‌ زێڕینه‌ وه‌کوو تاقی زه‌فه‌ر
ئاسمان بۆ منی به‌ست کاتی سه‌فه‌ر
حه‌وته‌وانان بوو مه‌یانی شه‌ڕی من
چه‌نده‌ شۆراوه‌ به‌ خوێن شاپه‌ڕی من
ئێسته‌ بۆ وا ڕه‌به‌ن و داماوم
من هه‌ڵۆ چاو له‌ ده‌می قاڵاوم
سا که‌ ئه‌و کاره‌ وه‌ها ساکاره‌
مه‌رگه‌ میوانی گه‌دا و خونکاره‌
هه‌وری ئاسمان بێ خه‌ڵاتم باشه‌
یا له‌شم خاشه‌ بکێشن باشه‌
کوتی وا ژینی درێژ پێشکه‌شی خۆت
گۆشتی منداره‌وه‌ بوو هه‌ر به‌شی خۆت
ژینی کوردت و به‌ هه‌ڵۆیی مردن
نه‌ک په‌نا بۆ قه‌لی ڕوو ڕه‌ش بردن
لای هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی به‌رزه‌ مژی
چۆن بژی خۆشه‌ نه‌وه‌ک چه‌نده‌ بژی
 

 
 کۆرپه‌ی لێو به‌بار
 
له‌ شه‌وقی ڕووی مانگ
له‌ بژوێنی ئاو
گوڵی سێوه‌ڕه‌ به‌ زێو ته‌ندراوه‌،
هه‌ناسه‌ی ساردی
کورپه‌ی لێو به‌بار
که‌ تاسه‌باری ڕووی مانگی دایکێ
دیلی ده‌ستی شه‌و
هاوار ئه‌کا : مانگ
له‌ هه‌وری ڕه‌شی زوڵم و دزێوی
گه‌ر خۆ نه‌بوێری
ڕۆژی ڕووناکی ئاوێته‌ی دیدار
ڕه‌شایی شه‌و و ترووسکه‌ی ستێر
نابێ له‌ ئاسۆ
 

 
 خه‌وه‌ به‌ردینه‌

له‌ چه‌شنی گه‌رووی که‌و ،
که‌وی دۆمی یه‌خسیری زیندانی داری،
پڕی سه‌وزه‌ به‌سته‌ی خرۆشانی باڕی
ته‌ره‌ی باوه‌شی تاسه‌باری بناری
شه‌پۆلی له‌ گوێن خوێنی شه‌رمی کچانه‌
له‌ سه‌ر ڕوومه‌تی ماتی بووکی ڕه‌زاسووک
به‌تینی بتاوێنێ ڕوانینی زاوا
گه‌رمتر له‌ پڕشنگی تاوی به‌هاری
وه‌کوو نه‌رمه‌ هه‌نگاوی لاوی به‌ره‌و ژوان
له‌ جێ ژوانی زیندوو به‌ گیانی کچی جوان
وه‌کوو گه‌رمه‌ یاوی قه‌شه‌ی ده‌ستی تاراو
له‌ بژوێنی ده‌ریای بلوورینی به‌روێ
به‌ خوڕ خۆ به‌ دیواری کێوا ئه‌دا ئاو
له‌گه‌ڵ گاشه‌ به‌ردا سه‌ر ئه‌سوێ سه‌ر ئه‌سوێ.
****
کچی نوور قه‌تیسی ده‌سی دێوی کێوه‌
له‌ ئه‌نگوسته‌ چاوی دڵی خێوی کێوا
به‌ره‌و ده‌ر، به‌ره‌و شاری ده‌ریا به‌ڕێوه‌.
گه‌رووی ویشک و چاوی سپی چاوه‌کانی
ده‌رووی ڕوونی ئاوه‌
به‌ فانۆسی ئه‌ستێره‌ به‌رچاوی ڕوونه‌
له‌ به‌ر پێی حه‌ریری که‌وه‌ی سێوه‌ڕه‌
به‌ پۆی مانگه‌ شه‌و چندراوه‌.
ئه‌ڵێی بورجی خاپووری مێژووی له‌مێژین
له‌ درزی هه‌زار خشتی ڕۆژ و شه‌وانی
دڵۆپه‌ی چپه‌ی پۆلی په‌ریانی دادا
ئه‌ڵێی پێکه‌نینی کچی سه‌رگوریشته‌ی قه‌دیمی
له‌ ئه‌ندامی تاپۆی وه‌کوو بوومه‌لێڵی
سنووری شه‌وی دوێنێ ئه‌وڕۆی به‌یانی
په‌چه‌ی قورسی نسیانی ئینسانی لادا.
****

ئه‌ڵێی ده‌نگی شمشاڵه‌ ڕه‌شماڵی دۆڵی دڕیوه‌
شه‌ماڵی ده‌ره‌ی دووره‌ شاری
پشووی پڕ له‌ عه‌تری به‌هاری کچی کورد
به‌ بلوێری شووشی گه‌رووی زه‌رد و زۆڵی
له‌ زه‌نوێری زێو ئاژنی سای زرینگانه‌وه‌ی شه‌و
به‌ خوڕ زه‌مزه‌مه‌ی هه‌ڵبڕیوه‌
به‌ ئیعجازی ئه‌نگوستی پاکی موحه‌ممه‌د
شه‌تی نوور به‌ ڕووی مانگی عه‌رزا کشاوه‌
ترووسکه‌ی برووسکه‌ی شه‌وی ده‌م به‌هاری به‌ هه‌وره‌
له‌ سه‌ر عاسمانی زه‌وی ڕاخوشاوه‌.
له‌ هه‌ر گاز و ڕێبازێ وا گازی ئاوی ئه‌گاتێ
نیازی هه‌زاران گه‌زیزه‌ی به‌نازی وه‌دی دێ
ئه‌بووژێته‌وه‌ داری چاکی به‌ ودمی هه‌ناسه‌ی
شنه‌ی نه‌رمه‌ لاوێنی ده‌م بای ئه‌خاتێ.
****
ئه‌ڵێن تاجی زمڕووتی دووڕگه‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ ده‌ریا
هه‌تا چاو هه‌ته‌ر کا، شه‌پۆله‌، شه‌پۆله‌
له‌ بوونا له‌ چوونا
به‌ ئاهه‌نگه‌ سه‌ربه‌ندی بزوێنی خۆشی
له‌به‌ر خۆره‌ تاوا ئه‌ڵێی سینگی ژینه‌ ئاهاژێ
ئه‌ڵێی: هانی هه‌ستانه‌ ده‌نگی خرۆشی
سروودی خوناوه‌ی به‌هاره‌ له‌ گوێما
له‌ هه‌ر شێوه‌ جۆبارێ هه‌ر ده‌شته‌ چۆمێ
له‌ دڵمایه‌ بڕوای به‌رینی به‌ ده‌ریا گه‌یشتن
له‌ تاریکه‌ تاراوگه‌که‌م وا به‌سه‌ر چوو
زه‌مانی ته‌ریکیم
ئیتر خێر و خۆشی له‌ ڕێما
****
وه‌هایه‌ :
که‌ کانی به‌ هیوا
به‌هارانه‌ لووزه‌و ئه‌به‌ستن به‌ره‌و شاری ده‌ریا
به‌ڵام داخی جه‌رگم له‌ گه‌ڵ هه‌ر به‌هارێ
که‌ ڕائه‌چڵه‌کن سه‌وزه‌ڵانی
له‌ خاکینه‌ خه‌ونی گرانا
له‌ دڵما خه‌م و داخی ئه‌م ده‌رده‌ سه‌وزه‌:
که‌ ده‌ردی گرانی هه‌موو ڕێبوارێ وه‌نه‌وزه‌
****
له‌به‌ر نووری خۆرا
گه‌لێ کوێره‌کانی شه‌واره‌ن
زنه‌ی ده‌م به‌ هاواری هاری درۆزن هه‌زارن
که‌ ته‌سلیمی سیحر و ته‌لیسمی بنارن
به‌بێ هه‌وڵی هه‌ڵدان و چارانی چارن
به‌ هیوان بگرمێنێ هه‌وری به‌هاری
ڕه‌هابن
له‌ زیندانی به‌ردینی غارا.
که‌چی ، وا که‌وی و ده‌سته‌مۆی ده‌سته‌ڵاتی ڕکه‌ی دۆڵ و شێون
له‌به‌ر سامی ڕێ وا به‌زیو و ته‌زیون
له‌ گه‌ڵ گۆچی کردن گزنگێ،
چه‌واشه‌ن له‌ پێچی نزارا.
****
هه‌تا بیری تاڵی گڕاوێ
به‌دڵما گه‌ڕاوه‌
هه‌تا یاد ئه‌که‌م ئاوه‌ به‌و ورمه‌ به‌ردینه‌ کاری کراوه‌
ئه‌ڵێم سه‌د مخابن
وه‌جاخێ که‌ ڕووگه‌ی هه‌زاران نزای شینه‌ باهۆی به‌تاسه‌ن
وه‌بووژێنه‌وه‌ی هه‌ست و هان و هه‌ناسه‌ن
چلۆنه‌ که‌ بیژووی گڕاوان ئه‌بینن
له‌ نێو چاوی ئه‌و خانه‌دانه‌
له‌هی چۆنه‌ پیتی بڕاوه‌؟
نه‌ سۆزه‌ی بلاوێنی میری، خوناوه‌ی به‌هاری
نه‌ تووکی برای ڕێبواری
له‌ کاسی خه‌وا، فێری ڕاسانی ناکه‌ن
له‌ مانا، به‌ ئامان و بریا
په‌شیمانی هه‌رمانی ناکه‌ن
وه‌ها گه‌ی له‌شی به‌و گه‌ به‌ردینه‌ گاوی دراوه‌
که‌حێلێکه‌، کۆڕژن و حیله‌ی نه‌ماوه‌
وه‌هایه‌ که‌ هه‌ر گیایه‌ له‌و ده‌شته‌ شینن
له‌ سه‌ر ماته‌می ئاوه‌ به‌ردینه‌، سه‌رشین و سه‌رگه‌رمی شینن
****
گه‌لێ گۆله‌ له‌و چۆله‌ یه‌خسیری خاکن
به‌ ڕوویا گه‌ڵا وه‌ک چه‌مۆڵه‌ی کڵۆڵی وه‌ریون
گه‌مارۆی زه‌لی نێزه‌، وا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون،
که‌ بێ ده‌رفه‌تی پێکه‌نینن به‌ سه‌د به‌رزگی زه‌رده‌ ماسی
لق و پۆپ و هه‌ژگه‌ڵ
وه‌ها ده‌ور و پشتی ته‌نیون
که‌ بێ فرسه‌تی چاوه‌بڕکێ
له‌ گه‌ڵ عه‌ڕشی پاکن
****
هه‌تا جۆگه‌ ئاوێ به‌ وشکی ده‌بینم
ئه‌ڵێی مێرگی ڕوخساری کیژێکی کاڵ و مناڵه‌
به‌ کووزی ته‌مه‌ن جاڕه‌ جوانێکی پڕ خه‌وش و خاڵه‌،
ته‌شه‌نداره‌ جه‌رگی برینم.
به‌ڵێ: دووره‌ گه‌رمێنی ده‌ریا
به‌ڵێ: وایه‌ کانی هه‌ژارن
ئه‌زانم
ئه‌وانه‌ی که‌ پاراوی ئاون بژارن.
ئه‌زانم له‌ ڕێگا،
مه‌ترسی گه‌لێ ژه‌نگ و ژارن.
به‌ڵام کاکه‌ ئه‌و گشته‌ عه‌قڵی خه‌سارن
له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئاوه‌ هه‌ر چاوه‌یه‌ک
باوی هه‌نگاوی خۆشه‌
به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ شاره‌زای کۆسپ و که‌نداڵی ڕێ یه‌
هه‌وه‌ڵ مه‌نزڵی زێ یه‌، ئاواتی به‌رزی زرێ یه‌
ئه‌زانێ له‌ هه‌ڵدێره‌ هانی به‌هێزی
له‌ ئه‌سکوند و چاڵایه‌ هه‌ڵدان و گێژی
په‌ڕۆی شینی سه‌رشانی ده‌ریایه‌ ژینی که‌رێزی
ئه‌زانێ له‌پێ ناکه‌وێ پێ یه‌ پێڵاوی تاسه‌ی پیاسه‌ی له‌پێ بێ
نه‌وه‌ستان ده‌وه‌ستێ به‌ ده‌ستێ
که‌ خاراوی ئیش و سواوی سوێ بێ
له‌هه‌ر شوێنێ ڕاماوه‌، داماوه‌، کاری ته‌واوه‌
ئه‌زانێ ئه‌بێ هه‌ر بژی و باژوێ، تا بژی تا بمێنێ
هه‌ناوی به‌ هه‌نگاوه‌، نه‌سره‌وتنه‌ کووله‌که‌ی ڕووحی ئاوه‌
 

 
 سروه‌ی به‌یانی

تۆ وه‌کوو
سروه‌ی به‌یانانی به‌هاری
تۆ له‌ له‌شما
گیانی سووکی نادیاری
بۆ شه‌وی خۆشی و نه‌خۆشیم یادگاری
ڕه‌مزی ئینتیزاری
****
تۆ جریوه‌ی دارسانی جێ ژوانی
بۆ هه‌سێره‌ی به‌رزی ئاواتم
سریوه‌ی
چه‌نده‌ جوانی
گیانه‌که‌م
جاران که‌ ئه‌تکوت
پێکه‌نینت زایه‌ڵه‌ی
سه‌وزی شه‌تاوه‌
چاوی شینت گۆمی مه‌ندی
پڕ له‌ ماسی
زه‌رد و سووری به‌ر هه‌تاوه‌
ئێسته‌ بۆ وا شۆڕه‌بی
برژانگی نه‌رمت ده‌وری داوه‌
بۆچی گه‌رمایی ڕوانینت نه‌ماوه‌ ؟
 

 
 بۆ کچه‌ کوردێ

دزه‌ی نیگای ژێر تارای شه‌رم و ناز
سه‌رنجی کێشام کیژی کرچ و کاڵ
ئه‌ی په‌ریزاده‌ی ئه‌وپه‌ڕی جوانی
له‌وساوه‌ که‌ تۆ
بازی نازی تۆ
بۆ منی کڵۆڵ ئه‌نێریته‌ ڕاو
دڵ وه‌ک دوو ته‌پڵه‌ی
سواره‌ی کوردی
جوانووی نه‌گیراو
مه‌یل ئه‌خاته‌ باڵ
خه‌رمانه‌ی بۆنی زولفت له‌ سار شان
بۆی کێوی شه‌وبۆ فه‌سڵی دره‌نگان
تێریته‌ بیرم
چاوه‌ کاڵه‌که‌ت
هه‌ساره‌که‌ی ڕۆژ بۆ ڕێبواری شه‌و
یا خۆ قاسپه‌ی که‌و له‌ ده‌م به‌یانا
بۆ هه‌وارنشین، هه‌وارگه‌ی شاهۆ
تێریته‌ بیرم
که‌ ڕووی وتارت ئه‌که‌یته‌ لای من
سروه‌ی به‌یانی ، ئازیز شنه‌ شن
تێریته‌ بیرم
 

 
 خێڵی درۆ

ئێوه‌ کێن؟ خێڵی درۆ
گه‌لی ده‌م پڕ له‌ هه‌را
نیشته‌جێی شاری به‌ گرمه‌ و دووکه‌ڵ
پێم بڵێن:
ئێوه‌ چ کاره‌ن ؟
چ که‌سن ؟
ئێوه‌ ئه‌ی کرمی کتێب
یاری غاری هۆده‌
به‌ گه‌رووی قاسپه‌که‌ری که‌وتارێن
جاڕی کام گوم بوو ئه‌ده‌ن وا به‌ هه‌ڵپه‌ و به‌ ده‌هۆ ؟
ئێوه‌ :
میراتگری کام جێ له‌وه‌ڕن ؟
ئێوه‌، حاشارگری ڕووبه‌ندی وشه‌
بووکی بن تارای سوور
خوا نه‌کا بای به‌ ته‌وژمی کوێستان
لابه‌رێ په‌رده‌ له‌ سه‌ر باڵاتان
ده‌رکه‌وێ هه‌ر ده‌کوژن دوورا دوور.
ئێوه‌ :
که‌ی شێری چیان ؟
به‌رده‌ماوخۆری توڵه‌ و گورگی گه‌ڕن
قاقڕه‌ گیانه‌ هه‌وای به‌رپشتێن
شۆره‌کاتێکه‌ کوژه‌ی خه‌ڵفی ده‌ست
زه‌لکه‌یه‌ کۆڕه‌که‌تان ئێوه‌ زه‌لن
هه‌ر به‌ بایه‌ک ئه‌گڕێن بێ ده‌ربه‌ست
کام به‌یان به‌ر بوو له‌ به‌ندی شه‌وه‌ زه‌نگ ؟
کام کوله‌ی شۆڕ به‌ نه‌فه‌ستان لاچوو ؟
مل به‌ به‌رمووری وشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ !
کامه‌ پێ که‌وته‌ پیاسه‌ی ڕێتان ؟
ئێسته‌ وا گرمه‌ له‌ کێوان به‌رزه‌
مێش ئه‌خاته‌ له‌شی گا بووله‌رزه‌
ئێوه‌ن و ئێوه‌ن و لۆکه‌ی گوێتان
به‌سیه‌تی ،..... به‌سیه‌تی
واهات ............ وا چوو .
 
 1347


 شار

گوڵم !
دڵم پڕه‌ له‌ ده‌رد و کوڵ
ئه‌ڵێم بڕۆم له‌ شاره‌که‌ت
ئه‌ڵێم به‌ جامێ ئاوی کانیاوی دێ یه‌که‌م
عیلاجی که‌م کوڵی دڵی پڕم، له‌ ده‌ردی ئینتیزاره‌که‌ت
وه‌ڕه‌ز بوو گیانی من له‌ شار و هاڕه‌ هاڕی ئه‌و
له‌ ڕۆژی چڵکن و نه‌خۆش و تاو ویاوی شه‌و
ئه‌ڵێم بڕۆم له‌ شاره‌که‌ت
له‌ شاری چاو له‌به‌ر چرای نیئۆن شه‌واره‌که‌ت
بڕۆمه‌ دێ که‌ مانگه‌ شه‌و بزێته‌ ناو بزه‌م
چلۆن بژیم له‌ شاره‌که‌ت
که‌ پڕ به‌ دڵ دژی گزه‌م؟!
له‌ شاره‌که‌ت، که‌ ڕه‌مزی ئاسن و مناره‌یه‌
مه‌لی ئه‌وین غه‌واره‌یه‌
ئه‌ڵێی له‌ ده‌وری ده‌ست و پێم
ئه‌وه‌ی که‌ تێل و تان و ڕایه‌ڵه‌، که‌له‌پچه‌یه‌
ئه‌وه‌ی که‌ په‌یکه‌ره‌ میسالی داوه‌ڵه‌
ئه‌وه‌ی که‌ داره‌ تێله‌، مه‌زهه‌ری قه‌ناره‌یه‌
له‌ شاره‌که‌ت که‌ مه‌ندی دووکه‌ڵه‌
که‌ دێته‌ ده‌ر له‌ ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند
وه‌ تیشکی بێ گوناهی خۆره‌تاو ئه‌خاته‌ به‌ند
له‌ هه‌ر شه‌قام و کووچه‌یه‌ک شه‌پۆڕی شینه‌
دێ به‌ره‌و دڵم
ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نییه‌ که‌ ئه‌یگوشم
ده‌ستی چێوی یه‌
له‌ شاره‌که‌ت زه‌لیله‌ شێر،
باوی ڕێوی یه‌
به‌ هه‌ر نیگایه‌ک و په‌تایه‌که‌
ئه‌ڵێم بڕۆم له‌ شاره‌که‌ت
گوڵم، هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل
چلۆن ئه‌بێته‌ جاڕه‌گوڵ
له‌ شاری تۆ، له‌ بانی عه‌ره‌شه‌ قۆنه‌ره‌ی دراو
شاره‌که‌ت
ئاسکه‌ جوانه‌که‌م !
ته‌سکه‌ بۆ ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو
کێ له‌ شاری تۆ، له‌ شاری قاتڵی هه‌ژار
گوێ ئه‌داته‌ ئایه‌تی په‌ڕاوی دڵ؟
منێ که‌ گۆچی تاوی گه‌رمی به‌رده‌واره‌که‌ی عه‌شیره‌تم
به‌ داره‌ ته‌رمی کووچه‌کانی شه‌ره‌که‌ت
ڕانه‌هاتووه‌ له‌شم
بناری پڕ به‌هاری دێ
ڕه‌نگی سوور و شین ئه‌دا
له‌ شیعر و عاتیفه‌ی گه‌شم
ئه‌ڵێم بڕۆم له‌ شاره‌که‌ت گوڵم
 

 
 کچی به‌یان

من ئه‌ڵێم :
په‌پووله‌یه‌ک فڕی به‌ باڵی سه‌وز و سووره‌وه‌
من ئه‌ڵێم :
گوڵێ به‌ ده‌م شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه‌ بزه‌ی بزووت
تۆ ئه‌ڵێی :
چ بوو په‌پووله‌یه‌ک فڕی
یانه‌ سووره‌گوڵ ، زه‌رده‌ که‌وته‌ لێوی ناسکی
من ئه‌ڵێم :
هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌وری جوانی یه‌
ئه‌مڕۆ گه‌ر هه‌تاو که‌سیره‌یه‌ نه‌ماوه‌ ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان به‌ سووتمانی هه‌وری لۆکه‌یی نه‌زۆک
پڕ له‌ خاڵ و قۆپه‌نه‌
جه‌نگه‌ڵێ که‌ جێ ژوانی پۆله‌ پۆڕی باڕی یه‌
جێگه‌ مۆڵی که‌متیار و گورگ و ڕێوی یه‌
شۆڕه‌بی که‌ بۆته‌ داری چاکی بێ نه‌شه‌ و شنه‌
زه‌لکه‌ گه‌ر ته‌یاری تێر و قۆشه‌نه‌
خۆشه‌ویسته‌که‌م
له‌ په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه‌
چاوی من له‌ دیمه‌نی کچی به‌یانی یه‌
له‌ حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه‌
گوێم له‌ زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه‌ ورده‌کانی کانیه‌.
باسی شه‌و مه‌که‌ نه‌ شایه‌ری شه‌وم
باسی خه‌و مه‌که‌ له‌ لای هومێدێکه‌وه‌ فێره‌ سه‌ر ڕه‌وم
به‌و ده‌مه‌ت که‌ بۆنی سه‌د به‌هاری لێوه‌ دێ
بۆنی ده‌شتی به‌ختیاری باوه‌شی چیای، به‌ ده‌ستی با
به‌ گوڵ چناوی، لێوه‌ دێ
بۆنی سه‌رسه‌کۆی به‌ کاگڵی ، به‌ ئاوپژاوی، لێوه‌ دێ
پێم مه‌ڵی که‌ داکه‌وم
پێم مه‌ڵێ که‌ ئاڵی زاڵی شه‌و، چاوی بێخه‌وی چڕه‌
پێم مه‌ڵێ نه‌هاتنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ چوون
مه‌گری بۆ خه‌ساری بێ گه‌ڕانه‌وه‌
ڕێگه‌مان دوور و سه‌خت و قاقڕه‌
خۆشه‌ویسته‌که‌م
ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات
ڕۆژهه‌ڵاتی سووری ئاگرین
فێر نه‌بووین به‌زین و دابه‌زین
ڕانه‌هاتووه‌
چاوی قاره‌مانی کورد
به‌ شه‌ونمی گرین
خۆشه‌ویسته‌که‌م
له‌ په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه‌
چاوی من له‌ دیمه‌نی کچی به‌یانی یه‌
له‌ حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه‌
گوێم له‌ زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه‌ ورده‌کانی کانی یه .

1348


 تۆ ده‌ریامی

تۆ ده‌ریامی
به‌ ڕوانینی دووچاوی شینی بێ بنت
به‌ خاوێنیت به‌ ئارامیت
تۆ ده‌ریامی
به‌ شه‌پۆلی له‌نجه‌ و لارت
به‌ تووڕه‌یی جار به‌ جارت
به‌ شه‌نگه‌ ژنیت
به‌سامیت
تۆ ده‌شتی ئه‌وپه‌ڕ نادیاری
بۆ چۆل بڕی له‌پێ که‌وتوو
تاپۆی شاری
تۆ ڕوح سووکی وه‌ک خه‌ونی خۆش
وه‌ک هه‌ناسه‌
جێ ناگری
له‌ توێی شیعرا چه‌شنی تاسه‌
تۆ تراوکه‌ی جارێ دیار، گاهێ نه‌دیاری
هیوای تینوێتی ڕێبواری
تۆ شۆڕه‌بی ناو شۆره‌کاتێکی گه‌رمی
له‌به‌ر نیگای تاسه‌باری ئه‌ویندارا
خۆ داپۆشیو به‌ لک و پۆی که‌زیه‌ی نه‌رمی
به‌ڵام ئه‌ی کیژ
ئه‌ی چاو نه‌رم
ئه‌ی خه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی ڕق تیژ
ئه‌مڕۆ من له‌ خه‌سته‌خانه‌م
نه‌ وشیارم نه‌ له‌سه‌رخۆ
لایه‌کی بیرم لای ئه‌و گه‌نجه‌یه‌
به‌ ده‌می برین پێکه‌نی
به‌ شووره‌ی وه‌ک پۆڵای له‌شی
ڕێگای چه‌کمه‌ی سووری خوێن و ده‌ستی ڕه‌شی«به‌عسی» ته‌نی
لایه‌کی بیریشم لای تۆ
نا ئه‌ی هه‌نیه‌ت وه‌ک مانگه‌ شه‌و
نا ده‌ریای مه‌ندی چاو به‌خه‌و
گڕی ئاخ به‌رمه‌ده‌ گیانم
به‌ نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مه‌متاسێنه‌
خۆم زامارم
به‌ خوێی توانج
مه‌مکولێنه‌وه‌، مه‌مسووتێنه‌وه‌
مه‌ڵێ خۆزگه‌ ده‌زگیرانم
پاڵه‌وپشتی ژیانم
بمردایه‌.....!
****
به‌ڵام ئه‌مڕۆ
که‌ هه‌ر ساتێ دڵی دایکێ
له‌ کوردستان هه‌ڵ ئه‌قرچێ
به‌ هه‌ر بۆمبای سووتێنه‌رێک، پێشمه‌رگه‌یه‌ک
داری چاکێک دائه‌قرچێ
نه‌تکوتبایه‌ لایه‌کی بیرم لای تۆیه‌
مه‌گری و مه‌ڵێ ده‌زگیرانت ڕه‌نجه‌ڕۆیه‌
به‌و زاره‌ی له‌ زه‌رده‌ زیزه‌
به‌ ئارامی که‌ شێوه‌ی دڵمه‌ندی تۆیه‌
مه‌ڵێ به‌س ئه‌م گوفت و گۆیه‌
تۆ لات وایه‌
من نازانم
سکاڵای دڵداری خۆشه‌
به‌ڵام ئه‌مڕۆ من به‌شێکی کوردستانم
کیژی سه‌د براکوژراوی نیشتمانم
تازه‌ماسی تاسه‌باری ده‌ستی تینووت
ڕێی نیه‌ بۆ ده‌ریای سینه‌م
هێندی خوا خۆشه‌ویستی
به‌ڵام من کیژێکی کوردم
جه‌هه‌ننه‌مه‌ گڕی سینه‌م
 


ژێدەر و سەرچاوەکان

١.↑ گۆڤاری ڕووناکی، ژمارە ٢٩٠، ٣/١٠/١٩٦٩، لاپەڕە ١٩
شیعری «دووی ڕێبه‌ندان»ی سواره‌ی ئێلخانیزاده‌ و چه‌ند سه‌رنجێک، ئامادەکردنی: جوتیار تۆفیق ھەورامی

٢-ماڵپەڕی گاگەش

٣-کۆکراوەکانی کتێبخانەی کوردی ئەوین-دی وی دی ویڕژنی دووهەم

ژیاننامە و کۆکراوەی شێعرەکانی مامۆستا گۆران

بۆ بیستن و یا داگرتنی( دانلۆد )شێعرەکانی مامۆستا گۆران  لە قەبارەی (فوڕمەت ) mp3  لە سەر ناوی شێعرەکان دا کرتە (کلیک ) فەرموون 

دیوانی گۆران بەشی١-دیوانی گۆران بەشی٢-دیوانی گۆران بەشی٣-دیوانی گۆران بەشی٤

 عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەستپێدەکات و چەند جار دەخرێتە بەندیخانە. لە ١٩٥٢ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە. گرینگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە شیعری کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە.

مامۆستا گۆران-كتێبخانه ی كوردی ئه وين



سەرەتای ژیان

ناوی عەبدوڵڵا بەگە و کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوک و باپیریشی لە ھۆنراوە و وێژەدا بەھرەیان ھەبووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» لە ناوچەی مەریوان بوون. پاشان ڕوودەکەنە ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە جاف زانیوە ‌و لەوێ جێگر ئەبن.

گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم ‌و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت ‌و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەن چەمی بیارە ‌و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون ‌و بۆ پایز ئەگەرێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیز‌ەوە تەواو کردووە.

لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی ‌و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت ‌و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ.گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.


چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی

پاش ١٩٣٧ ماوەیەک بێکار ئەمێنیتە و دواییش بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی «کاروباری ڕێگاوبان» ‌و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا لەو بەشەدا ئەمێنێتەوە. لەو بەینەدا چەند ساڵێک لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کورددا دەچێ بۆ یافا لە فەلەستین و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم، بەشی کوردستان دەکەنەوە.

لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەچێ بۆ سلێمانی ‌و دەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی دەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە ‌و نوگرە سەلمان ‌و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا. لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت ‌و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا ئەبێت بە چاوەشی کرێکار.

کاتێک کە ئیسرائیل ھێرش دەباتە سەر میسر، دوای ڕاس بوونەوەی عەرەبەکان لە ئیسرائیل، بڕێک لە کوردەکانیش بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵیان پەیمانی برایەتی دەبەسن. گۆرانیش لەوانەی و دەیگرن و لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت ‌و کردەوەی ‌وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ. گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ ‌و ئە ئەشیەوێ گفتی وەھا بە میری بدات، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە ‌و تا ١٠ی ئابی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووە.

پاش بەربوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین ‌و کۆریای باکوور ئەدا.

لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێھێشتووە - کار بەجێھێشتنەکەی بۆ چوون بوە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورددا - لەسەر کار لای ‌دەبەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.


چالاکییە ئەدەبییەکان

یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شێعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە «سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە» و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو «شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە».

لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی «پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست» لە چاپ دەدات.

لە ١٩٥٨دا گۆران بەنیاز بووە کۆمەڵەشێعرێک بە ناوی «سروشت و دەروون» لە چاپ دا کە دوای خستنە ژێر چاپی تەواوی نەکرد کە پاشان لە لایەن «ھۆگر»ی کوڕی و براکانی لە ١٩٦٨دا بە ناوی «سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران» لە چاپ دراوە.

گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی بووە چون نەویستووە لە ئەدەبیاتی ڕۆژ دوور کەوێتەوە دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی. باوڕی وابووە کە ئەبێت شێعری کوردی لە عەرووزەوە بگرێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە(ھیجا)ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پی ھۆنراوەتەوە. ھەر لەم بارەوە دوای شیکردنەوەی مانای شیعر لە زمان چەند ناوداری جیھانی، پاشان ئەلێت: «.. بە دروستیش سەرنج بدەین ئەبینین، کە لە گشت زمانەکانی رووی زەویدا شیعرێک، بە شیعر دانرابێ و پشتاوپشت ھەتا ئێستا بە جێ ھێڵرابێ ھەر ئەو شیعرانەن، کە بە پێی تابەتێتی و پێوانەی نەتەوەی عائیدی خۆیان وەزنێک تایبەتییان ھەیە. تەنانەت قافیەش لەناو ھەندێ نەتەوەدا بە پێویستی بنجی(ئەسڵی)دائەنرێ بۆ شیعر، ئەگەرچی شیعری ئەم نەتەوانە ھەرگیز وەک ھی ئەوانی تر نەیتوانیوە بە کێوی ناوبانگی ئیتاتیکی بە ناوی شیعری پەخشانەوە، ناو بە ناو ئایا بخوێنینەوە.» ئەو نوێ خوازیە دەبێت بە ھۆی ئاڵگوڕێکی نوێ لە دنیای ئێستای شیعری کوردیدا.

گۆران بێجگە لە شیعر دەستێکی بەرزیشی لە بواری پەخشاندا بووە. پەخشانی گۆران ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لە سەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازە کردنەوەی تێدا داوە بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە.

لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە بەڵام گۆران زۆر بە ئاوات بوو تا پێش مەرگی دیوانە شێعرەکەی لە چاپ بدرێت. لە ١٩٧٨ لیژنەیەک پێکھاتوو لە محەممەدی مەلاکەریم، دوکتۆر عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح ، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ و ھۆگر گۆران و ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی کە زۆربەی لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە و دەنگی داس و ژین و ئازادی و گۆڤاری گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و ھیوا و شەفەق و بەیان و بڵێسە و رووناھی و نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق ئەکەونە تەقالادان و بەم بۆنەیەوە ئاگاداری و بانگەوازێک بو ئەدەب دوستان لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» ژمارەی ٢٧٧ و «پاشکۆی عێراق» ژمارەکانی ١٢و١٣ بڵاو ئەکەنەوە. لە ئاکامدا دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ ئەکۆیتە بەر چاوی خوێنەران و ھۆگرانی شێعری کوردی.


کۆتاییی ژیانی

لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.


بەرھەمەکان

بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠
ئومێد ئاشنا کتێبی «نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی گۆران»ی کۆکردووەتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر چاپی کردووە.


سەرچاوەکان

شیعر و ئەدەبیاتی کوردی ، بەرگی دووەم ، ڕەفیق حیلمی
نامەیەکی تایبەتی کاک ئەژی گۆران بۆ ئامادەکاری "دیوانی گۆران"
ئاگاداریەکانی تایبەتی محەمەدی مەلا کەریم


نمونەی شیعری ڕۆمانتیکی گۆران

پاییز! پاییز
بووکی پرچ زه‌رد
من مات تۆ زیز
هه‌ردوو هاوده‌رد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هه‌ناسه‌م، تۆ بای ساردت
من خه‌م، تۆ هه‌وری گریانت
دوایی نایه‌ دادم دادت
پایز پایز
گه‌ڵا رێزانت
هه‌وری ماتی ئاسمانت
له‌بر کزه‌ی بای سه‌ر ته‌زێن
له‌ گه‌ڵ گه‌ڵای دره‌ختا ئه‌ژین
به‌ڵام قورسه‌ زۆر به‌ جۆشه‌
دۆزه‌خێکم کوا له‌ جۆشه‌
پاییز! پاییز!
شان و مل رووت
من مات، تۆ زیز
هه‌ردووکمان جووت
هه‌رچه‌ند گوڵ سیس ئه‌بێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئه‌ڕژێ بگرین
ڤپۆلی باڵدار ئه‌فرێ بگرین
بگرین… بگرین… چاومان نه‌‌سڕین
هه‌رگیز، هه‌رگیز


گوڵی خوێناوی

 کوڕ:
بڕوانە،شایی یە،چۆپی یە،لەو ماڵە
گوێ بگرە!زوڕنایە،دەهۆڵە،شمشاڵە
زەرد و سوور تێکەڵ بوون،ژن و پیاو هەرایە
لەوناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە
ساتوخوا خێراکە بابڕۆین دەست بگرین
بەکامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم:ئاڵ چەپکێ،زەرد چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن،نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
کوڕ:
کچ لەڕێی جوانیتا،کچ لەڕێی جوانیتا
کچ لەڕێی نێونیگای هاتوچۆی کانیتا
پایزە گەڵای دار ڕژاوە باغ ڕووتە
گووڵ کوانێ گوڵ لێوی بەبزە پشکووتە!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم:زەرد چەپکێ،ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن،نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
بتدایە دڵ بەمن بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە
کوڕ(ئەڕوا لەبەرخۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ):
باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە
خێڵی دوشمن دەوری داوە
ئەڕۆم:ڕێگام لێ گیراوە
ناڕۆم:چاوکاڵ لێم تۆراوە!
کوڕ:
بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام،خوار و ژوور
زەرد هەبوو بۆم چنیت،چنگ نەکەوت گوڵی سوور
کچ:نایەم،گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ!
کوڕ(یەخەی مراخانی ترازان):
ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی!
کچ:
ئەی هاوار!تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم
بابگریم بۆ دڵێ،بۆ گوڵێ دۆڕانم!


خەوە؟ خەیاڵە؟ عەردە، بەهەشتە؟

خەوە؟خەیاڵە؟ عەردە، بەهەشتە؟

هەڵپەڕکێی ژنە، یا هی فریشتە؟

پەلکە زێڕینەی ئێوارەی بەهار

لەعەزرەت تارای سوور، کەوتووەتە خوار

... ئێستا سەرگەرمی ئیلتیفاتی بووک

جرم و جوڵیەتی و هەڵئەپەڕێ سووک

(ئامان لەرزانە، هاڕەی لەرزانە)

بەستەی هەڵپەڕکێی باڵا بەرزانە

گۆرانی بێژ، بێ و بچۆ و خۆت بادە

کێ ئەوەندەی تۆ دەروونی شادە؟

وەک هەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ

لادە جارجارێ بۆ بەرپێی گوڵێ

گوڵ، بە ئاهەنگی (ئامان لەرزۆکە)

پێیە دابنی و پێیە بەرزۆ کە

بە ناز لار بگرە سەری بێ پوشین

با بریقەی بێ کڵاوزەڕ، چین چین

پێچکەی پشتەسەر لەسەر زوڵفی ڕەش

با بجریوێنێ وەک ئەستێرەی گەش

شانی بۆ شل کە و خۆت هەڵسێنەوە

سوخمەی سەر مەمک بلەرێنەوە

با پێچکەی نقیم، گورج گورج، بە تاسە

لێو بنێتە سەر کوڵمی هەیاسە


هەوری پاییز

 له‌ ده‌ریاوه‌ قه‌تاری هه‌وری بارشت که‌وته‌ دووی پێشه‌نگ

به‌ سه‌ر سینگی چیادا چۆکی داداوه‌،کش و بێ ده‌نگ

به‌ سه‌ر پایزی زه‌ردا با به‌ خوڕ بگری، به‌ کوڵ بگری،

له‌ سه‌ر ئاخر گه‌ڵا،ئاخر چڵی ته‌نیایی گوڵ بگری،

به‌ خوڕ بگری،به‌ کوڵ بگری،به‌ سه‌ر ده‌شت و ده‌ری وشکا

به‌ سه‌ر داری گه‌ڵا زه‌ردا، به‌ سه‌ر پووشا،به‌ سه‌ر دڕکا،

به‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌یی کزرا،به‌ سه‌ر زیخی چه‌می دێما،

به‌ سه‌ر هه‌ر وشکی پێکا وا له‌ هاوینی گه‌رم جێ ما

به‌ڵی بگری،به‌ کوڵ بگری،هه‌تا ئاخر دڵۆپ بگری،

به‌ گریه‌ی هه‌وری پایز با نوقم بێ سینه‌ی کزری!

به‌فر ئاسۆی بڵند بگرێته‌ چوارچێوه‌ی بلوورینی،

له‌ چه‌م هه‌ڵسێ خوڕه‌و هاژه‌ی شه‌پۆلی ئاوی خوێنینی!

دڵۆپی ساردو فێنک با له‌ سه‌ر دارو ده‌وه‌ن بڕژێ،

په‌پووله‌ی زه‌ردی ئاڵتوونی له‌ سه‌ر لق هه‌ڵوه‌رێ، بپژێ

به‌ڵێ! بگری هه‌ور،بارانی پایز بێ وچان بگری،

له‌ سه‌ر باغچه‌ی گوڵێ وا سیس ئه‌بێ ئاخر چڵی عومری!

بگرمێنێ،ته‌پ و نم دابکا،بیکاته‌ شه‌ست،هه‌رگیز،

نه‌وه‌ستێ قوڵپی گریانی،نه‌وه‌ستێ هه‌وره‌که‌ی پایز،

ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاکاوه‌، له‌ حاڵی گیان که‌نشتایه‌،

نیشانه‌ی ماته‌می پایز له‌ فرمێسکی درشتایه‌



 هیوا مەگری

هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵ دە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم، کۆرپەڵەم، میوانی دونیای تازە خوڵقاوم
ئەدا گریەت، بە زەبری چز، لە ڕۆحی پڕگلاراوم
چیە ئەو گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو، خورپێن؟
چیە ئەو قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لە سەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چیە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ
وەکوو ئەو بەرخە بچکۆڵەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو
لە بەر چی نەشئەی یاری، هەڵت ناداتە سەر پاشوو؟
ئەڵەی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە، فەڕشی هێلانەی
چ ئێشێکە، کوڕم؟ بۆ چی لە سەر ئەو هەڵکڕووزانەی؟
چیە توخوا؟ چ سڕێکە وەها مەحکوومی گریانی؟
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت، زەهرت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت، بە دەم باوە بپێژایە
لە ناو کڵپەو و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتا یەکسەر بسووتایە
بەهاری عومری جوانیت، هەم گوڵ و هەم بەر، بەڵێ ڕۆڵەم
ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختی ئیدراکیش لە تۆشی رەش بکردایە
نە وەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش، حەقت بوو
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی، بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵێ ڕێشت
حەقت بوو ئەو هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا
زمانی بەست و تەقریری شکاتت بێ، لە دەست دونیا
حەقت بوو بێ وچان بگری، بە سەر تاوانی باوکیما
بەحر پڕ کەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما
بەڵام ڕۆڵەم، کە تۆ هێشتا لە فەجری زیندگانیتای
لە بەر دەرگای تەلسمی بەخت مەجهوول و نیهانیتای
بە چی مەعلووم بە شوێن هی منا ئەڕژێ، چەمی عومرت؟
سەراسەر پێ کەنین و خوڕڕەمی نابێ، خەمی عومرت؟
بەڵێ بەرخم، ئەگەر چی هەر وەکوو یەک ژینی گش لایە
لە بەینی بێشکە و قەبرا، بڕینی عەینی ڕێگایە
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەر زەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین
وەلێ کۆچی ژیان، کۆچێکی پڕ سێحر و پڕ ئەفسوونە
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە، یەکێ لێڵ و یەکێ ڕوونە
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە
هەیە هی واش کە فەڕشی ژێری پێی، ئاوریشمی گوڵزارە
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاری ئەکا دونیا
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە، ئەڕژێ بە سەر سەریا
کوڕم، هەر وەک لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگری
شتێکیش بەختیاری، پێ کەنین، گرتوویە چوار دەوری
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری، لە ئەستێاوە
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟


 زه‌نگی په‌ستیی١

ئه‌وا دیسان له‌ گۆشه‌ی نادیاری
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ی زه‌نگی فگاریی٢

به‌ ئه‌سپایی، به‌ بێهێزیی، به‌ عاسته‌م،
هه‌وای ڕۆحم ئه‌خاته‌ سه‌ر له‌ره‌ی خه‌م!

به‌ ئه‌سپایی، به‌ له‌رزۆکیی، هه‌ژاریی،
ئه‌ناڵێنێ له‌ شوێنی نادیاریی!

زمانێک دێته‌ گۆ هه‌رچه‌ن زڕه‌ی دێ،
که‌ تێر نابم له‌ گوێکرتن به‌ دوو گوێ!

زمانێک، به‌سته‌یه‌ک، ده‌نگێک، نه‌وایه‌ک،
سکاڵایه‌ک، هه‌ناسه‌ و ئاخ و ئایه‌ک

که‌ تێی ناگه‌م، که‌ نازانم ئه‌ڵێ چی،
به‌ڵام خوڕخوڕ له‌گه‌ڵیا ڕۆحم ئه‌گری!

چییه‌ ئه‌ی ڕۆحی بێ لێوار و بێ په‌ی
له‌ تۆ ناشاره‌زایی من هه‌تا که‌ی؟

چییه‌ ئه‌م ده‌نگه‌؟ ئه‌م ئاوازه‌ دووره‌؟
که‌ پێهه‌ڵهێنه‌ری چاوی شوعووره‌؟

که‌ دێ په‌ستم، که‌ نایه‌ ئاره‌زووی دڵ
به‌ دوویا وێڵ ئه‌بێ مه‌نزڵ به‌ مه‌نزڵ!

چییه‌ ئه‌م زه‌نگه‌ زرنگه‌ی دێ به‌ ماتیی
که‌ ژێر ته‌م که‌وتووه‌ شوێنی وڵاتی؟

--------------------------------------------------------------------------------------------------------------
١٩٤٠-گۆران


١. هه‌ندێ جار له‌ قووڵایی دڵما هه‌ستی په‌ستییه‌ک ئه‌که‌م، له‌ چه‌شنه‌ مه‌ستییه‌ک ئه‌چێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌م بیر و خه‌یاڵ و لێکدانه‌وه‌ لێ ئه‌ورووژێنێ، شه‌که‌تم ئه‌کات، که‌جی ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێکی نه‌ختێ درێژ خۆیم لێ بشارێته‌وه‌، گیانم وه‌کو مناڵ ئه‌که‌وێته‌ به‌یاییه‌کی به‌ کوڵ بۆی... ویستم ئه‌م بیرانه‌م له‌ قاڵبی شیعردا داڕێژم، هه‌رچه‌ن تێکۆشام، هه‌ر توانیم ئه‌مه‌ بێنمه‌ دی.

٢. فگاریی: په‌ستیی و عاجزیی




ئاواتی دووری


ئەی چاو! چەشنی بازی قەفەس هەڵوەری پەڕت،
کوا باڵە تیژەکانی نیگای حوسنی دڵبەرت؟
کوانێ دوو چاوی مەست؟ کوانێ؟
کوانێ برۆی پەیوەست؟ کوانێ؟
کوانێ زوڵفی ڕەش؟
کوڵمی ئاڵ و گەش؟
کوا هەیکەلی جەمال؟
کوا حوسنی بێ میسال؟
ئەی گوێ! زەلیلی چاوم و بەر تۆ پەنا ئەبەم!
دەنگێ لە یاری دوورەوە، چی بکەم لە زیل و بەم١؟
با بێ، خەندەی پڕ ئاهه‌نگ بێ!
نەغمەی نازی شۆخ و شەنگ بێ!
زڕەی بازن بێ!
بەرەو لای من بێ!
هاڕەی هەیاسەکەی،
ورشەی کراسەکەی!...
ئەی حیسسی شاممە! لە چاو و لە گوێچکە مەئیووسم،
بۆنێ لە یارەوە دێنێ خیتامی ئەفسووسم؛
با بێ: بۆنی هەناسەی بێ
پڕ بە سینەم وەک تاسەی بێ!
با بێ بۆی مەمەی
لە درزی سوخمەی
بۆنی وەنەوشە، گوڵ
مێخەک، عەتر، سمڵ...
ئەی لامیسە! ئەگەرچی نەبوو دەنگ و ڕەنگ و بۆ،
وەک شێت بەعەقڵی خامەوە خۆم خستە بەختی تۆ!
کوا تەماسی لەشی نەرمی؟
کوا لەزەتی کۆشی گەرمی!
کوا مەمکی پڕ چنگ؟
لیمۆی باخی سنگ؟
کوا ماچی لێوی ئاڵ
جورعەی٢ ئەبەد، خەیاڵ؟
ئەی خاتیراتی عومری گوزەشتەم، دەخیلی تۆم!
خنکاوی بەحری دووری نەکەی عەشقی ڕەنجەڕۆم؛
جیلوەت لە چاوم ون نەبێ
هەرگیز لای تۆ نووستن نەبێ!
چەشنی ئاوێنە
دائیم بنوێنە:
عەشقی قەدیمی یار
تا وەختی ئیحتیراز٣


١. زیل و بەم: تیژ و بۆڕ یا باریک و قەبە، سیفەتن بۆ دەنگ لە مۆسیقادا
٢. جورعە: قوم، فڕێ لە خواردنەوە
٣. ئیحتیزار: سەرەمەرگ




بێدارییه‌ک...

ژوورم ته‌نیا و دنیای به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوور، 

به‌ چوارده‌وری باخچه‌ی کۆشکا، هه‌تا دوور،

دارستانی سه‌روه‌ و سنه‌وبه‌ری سه‌وز  

شه‌و ڕووناکه‌ و چاوم یاخی له‌ وه‌نه‌وز

ئه‌ی بولبولی شه‌به‌قی شه‌و! بخوێنه‌، 

هه‌ستی 'جوانی په‌رستی'م بورووژێنه‌

با به‌ زه‌بری مه‌ستیم به‌ ئاوازه‌ی نوێت!  

وێڵی دارستان بم کاتێک: خه‌ڵک ئه‌نوێت!

ئه‌گه‌ر عه‌شقی هونه‌ر، وه‌ک تۆ، ئه‌ی بولبول، 

له‌ناو ڕه‌گما له‌گه‌ڵ خوێنا بدا پل،

منیش وه‌ک تۆ خه‌وم ئه‌خه‌مه‌ ژێر پێم،  

دێم به‌ چڕی دارستانا ئه‌گه‌ڕێم.

به‌ لای له‌شی سپی په‌یکه‌ره‌کانا 

تێئه‌په‌ڕم، ده‌ستی چه‌پ له‌ گیرفانا،

ئه‌شێلم گیای بن داری نوقمی ئاونگ،  

بای دارستانله‌رزێن ئه‌مژم پڕ به‌ سنگ

به‌ شه‌پۆلی گه‌ڵای سه‌وزا که‌ ڕوانیم،  

سۆزی له‌ره‌ی نوێ ئه‌چێته‌ گۆرانیم؛

وه‌ک شووشه‌ی عه‌تر وشه‌کانی هه‌ڵبه‌ستم  

ئه‌گرن بۆنی گوڵی له‌یلاخی ده‌ستم

ئه‌وسا مه‌گه‌ر، زاتێک بنێمه‌ به‌ر خۆ، 

ده‌م له‌ جوانیی تۆ به‌م هه‌واری مۆسکۆ!




هەڵبەستی دەروون

هەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم: 
بۆچی وەها دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین...  
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی،
کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایەی کە شیعری
بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو
تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو!..
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!..

 




له‌ لادێ

کراس‌که‌تانی که‌واسه‌وزی به‌ژنوباڵا به‌رز،
به‌ شان و گۆزه‌وه‌ چه‌ن جوانی ئه‌ی په‌ری سه‌ر ئه‌رز! 

له‌ دووره‌وه‌ چ نمایانه‌ پێچ و سه‌رپۆشت!
چ زوو ئه‌گاته‌ ده‌ماخم شه‌پۆلی بۆی خۆشت!
 
شه‌ماڵی ڕێگه‌ی کانی ئه‌خاته‌ باڵاکه‌ت،
له‌رانه‌وه‌ی له‌شی زیوینی شۆڕه‌بیی که‌ڵه‌گه‌ت!
 
ئه‌ڕۆی به‌ عیشوه‌، به‌ له‌نجه‌، به‌ وه‌زنی گۆرانی
ئه‌ڕۆی... زڕه‌ی که‌مه‌ره‌ت دێ هه‌تاکو به‌ر کانی
 
ئه‌گه‌یته‌ کۆمه‌ڵی پیاوانی به‌رده‌می مزگه‌وت،
سڵێک ئه‌که‌ی وه‌کو ئاسک له‌ سێبه‌ری ئه‌شکه‌وت!
 
له‌ ڕێگه‌تا هه‌یه‌ پۆل پۆل له‌ لاوی دێ کۆمه‌ڵ،
که‌ هه‌ر یه‌که‌ گوڵی هێناوه‌ چه‌شنێ، پڕ باخه‌ڵ!
 
هه‌موو به‌ عه‌زره‌ته‌وه‌ن گوڵ فڕێ ده‌نه‌ به‌ر پێت،
خوایه‌ ئاخۆ گوڵی کێ به‌ دڵته‌وه‌ ئه‌لکێت؟...

ڕازی تەنیایی -ژیاننامە و شێعری ( مامۆستا ئەحمەد هەردی )

 

بۆ داگرتنی(دانلۆد)کتێبی ڕازی تەنیایی-هۆنراوەی مامۆستا ئەحمەد هەردی-نووسینی کەریم دانشیار لێرەدا کلیک فەرموون

بۆ بیستن و یا داگرتنی( دانلۆد )شێعری دیوانی ئه حمه د هه ردی-ڕازی ته نیایی لە قەبارەی (فوڕمەت ) mp3  لێرەدا کرتە (کلیک ) فەرموون


ژیاننامه

ھەموو ئاواتی ئاکامم گوڵاڵەی لالەزارێ بوو

شریتی سەرگورشتەی من خەوێکی نەوبەھارێ بوو

ھەموو پێچانەوەی ژینم بریتی بوو لە چیرۆکی

لە کورتی و زوو بەسەرچوونا بزەی سەرلێوی یارێ بوو


١- ساڵی 1922 لەسلێمانی لەدایك بووە.
٢- ساڵی 1941 بووە بە مامۆستا لەقوتابخانە سەرەتاییەكاندا.
٣- لەكۆتایی چلەكاندا لەسەر هەڵوێستی سیاسی لەوەزیفە دەركراوەء چەند جارێك تووشی زیندانء دوورخستنەوە بووە.
٤- ساڵی 1957 كۆمەڵێك شیعری بەناوی (رازی تەنیایی)یەوە بەچاپ گەیاندووە.
٥- ساڵی 1959 لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی تردا "كۆمەڵەی ئازادای ژیانەوەی یەكێتیی كورد- كاژیك"یان دامەزراندووەء هەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەكەمی.
٦- سەردەمێك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەكێتیی نووسەرانی كورد بووەء سەردەمێكیش سەرۆكی لقی سلێمانی بووە.
٧- ساڵی 1963 پەیوەندیی كردووە بەشۆڕشی كوردستانەوە.
٨- ساڵی 1966 لەسەردەشت لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئێران (ساواك)ەوە دەستگیر كراوەء لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ كوردستانی عێراق.
٩- پاش رێكەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، ساڵی 1973-1974 لەكۆلیجی ئادابی زانكۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە.
١٠- لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی 1974 دیسانەوە پەیوەندیی كردووە بەشۆڕشەوە.
١١- پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لەئێران ئاوارە بووە تا ساڵی 1979.
١٢- ساڵی 1979 شەڕی نێوخۆی حیزبەكان نائومێدی دەكاتء بڕیار دەدات بۆ پاراستنی هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
١٣- لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی بەعسدا، جارێكی تر لەساڵی 1988دا پەیوەندی كردۆتەوە بە شۆڕشی كوردستانەوەء بۆ ماوەیەك بووە بە سكرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی كورد (پاسۆك).
١٤- ساڵی 1989 وازی لە پاسۆك هێناوەء وەكو كەسایەتییەكی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینی 1991.
١٥- ساڵی 1992 لەلەندەن نیشتەجی بووەء هەر لەوێش لێكۆڵینەوەكەی لەسەر (كێشی عەرووز لەشیعری كوردیدا)، تەواو كردووە.
١٦- پاش رووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ كوردستانء ساڵی 2004 لێكۆڵینەوە عەرووزییەكەی بەچاپ گەیاندووە.
١٧- بەهۆی ژیانی پڕ لەئاوارەییء دەربەدەرییەوە، گەلێك لێكۆڵینەوەء دەقی ئەدەبی و هونەریی فەوتاون و رووناكییان نەدیوە.
١٨- رۆژی 29/10/2006 لەماڵەكەی خۆیدا لەسلێمانی كۆچی دوایی كردووە.


شێعرەکانی مامۆستا ئەحمەدی هەردی


ڕازی ته‌نیایی


ژیان و ئه‌ركی ناخۆشی په‌پووله‌ی ئاره‌زووی كوشتم
شه‌رابی جامی دڵداری له‌ تافی لاوییا ، ڕشتم !
ته‌می ڕۆژانی پڕ مه‌ینه‌ت وه‌ها تاریك و چڵكن بوو
نیگاری خۆشه‌ویستی دڵ ، په‌ری ئاسا، تێیا ون بوو !
شه‌وی ته‌نیایی، ڕووناكی چرای ئاواتی ، خنكاندم
ده‌سی ناكامی ، ئاوازه‌ی ده‌روونی كه‌یلی تاساندم
ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی ،

ده‌روونی پڕ له‌ ناكامی
ئه‌پێوم چۆڵی سه‌رسامی

****

له‌ ته‌نیایی شه‌وی ژینا، ئه‌نێم هه‌نگاوی كوێرانه‌ !
نی یه‌ ده‌ستێ ده‌رم بێنێ له‌ ناو ئه‌م گۆڕه‌ وێرانه‌
نی یه‌ جوانێ، سه‌ری كاسم بنێمه‌ سه‌ر دڵی نه‌رمی !
كه‌ هیلاكی له‌شم ده‌ركا خه‌وی سه‌ر باوه‌شی گه‌رمی
ئه‌گێڕم چاوی بێ تینم به‌ تاریكی شه‌وا، سه‌رسام
نی یه‌ پڕشنگی دوو چاوی ، كه‌ ڕووناكی بكا، ڕێگام !
به‌ غه‌یه‌ری باڵی خه‌مناكی،

شه‌وی پڕ ترس و سامناكی !
نییه‌ یه‌ك تۆزه‌ ڕووناكی !

****

نی یه‌ ته‌نیا په‌ریزادێ، كه‌ پاڵم پێوه‌نێ ، نازی
كه‌ به‌هره‌ی سیس و ژاكاوم ببوژێنێته‌وه‌، ڕازی
تریقه‌ی ئه‌و، ته‌می ئه‌م ئه‌یسه‌ ڕاماڵێ له‌سه‌ر چاوم
وه‌كو لای لایه‌ ژیری كا، دڵی منداڵی گریاوم
به‌ڵێ گوێ هه‌ڵئه‌خه‌م بێجگه‌ له‌ خورپه‌ی سست و لێدانی !
دڵی په‌ستم ، كه‌ نووزه‌ی دێ به‌ ئاسته‌م ڕازی په‌نهانی
نییه‌، هه‌ر ده‌نگی هیچ نایێ

له‌ هیچ شوێنێ، له‌ هیچ لایێ
شه‌قه‌ی باڵی شنه‌ی بایێ !

سلێمانی 1951


چه‌پكه‌ گوڵێك بۆ ست فاتمه‌


فاتمه‌ ! دوو چاوی مه‌ستت، پڕ ته‌لیسمی جوانی یه‌
پڕ شه‌رابی خۆشه‌ویستی و ئاره‌قی یه‌زدانی یه‌،
به‌ژن و باڵاكه‌ت نموونه‌ی هه‌یكه‌لی یۆنانی یه‌،
لار و له‌نجه‌ت مۆسیقایه‌، به‌سته‌یه‌، گۆرانی یه‌

بووكی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵم ، گیانه‌كه‌م ست فاتمه‌ !
تاقه‌ پڕشنگێكی چاوت ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه‌..

گه‌رچی دڵداری له‌ خاكی ئێمه‌دا ئه‌فسانه‌یه‌
هه‌ر به‌ ته‌نیا بۆ كوڕی خاوه‌ن ته‌لار و عانه‌یه‌
گیانه‌كه‌م ! ئه‌مما دڵی من له‌و دڵه‌ شێتانه‌یه‌
بێ ئه‌وه‌ی هیچ شك به‌رێ، كوژراوی ئه‌و چاوانه‌یه‌

هه‌ر به‌ ته‌نیا خۆشه‌ویستی شك ئه‌به‌م، ست فاتمه‌ !
سه‌روه‌تم ناوێ، بزه‌ی تۆ، ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه‌ ..

خۆشه‌ویستی وا كه‌ نامه‌ی خوایه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ران
به‌رز و ناسك، وه‌ك هه‌ناسه‌ی پڕ گوڵاوی دولبه‌ران
نه‌ك وه‌كو حه‌زكردنی دینار و گه‌وهه‌ر په‌روه‌ران
ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ قڕانێ، چه‌نده‌ دڵیان هه‌ڵوه‌ران !

خه‌ڵقی تر پاره‌په‌رستی با بكه‌ن ، ست فاتمه‌ !
من به‌ ته‌نیا ، تۆ په‌رستی ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه‌..

زۆر كه‌ڕه‌ت هانم ئه‌دا داخی ده‌روونی پڕ گڕم
بۆتی هه‌ڵڕێژم سكاڵای ناسكی گه‌رم و گوڕم
داخه‌كه‌م كاتێ كه‌ دێمه‌ به‌رده‌مت، واقی وڕم
وام ئه‌شێوێنێ به‌ جۆرێ نایه‌ڵێ هیچ ده‌ربڕم!


بووكی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵم ، گیانه‌كه‌م ست فاتمه‌ !
گوێیه‌ بۆ ئه‌م ڕازه‌ شل كه‌ی، ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه‌.

سلێمانی 1950


دووچه‌شن دڵداری


ئه‌م دڵه‌ی وه‌ك بت په‌رستێ ڕوو ئه‌كاته‌ چاوه‌كه‌ت
نوێژ ئه‌كا بۆ تیشكی چاو و زوڵفه‌ تێك ئاڵاوه‌كه‌ت
گه‌رچی ئه‌یشێلی به‌ زه‌بری قۆنده‌ره‌ و پێڵاوه‌كه‌ت
قه‌ت به‌ دڵڕه‌ق باست ناكه‌م، نایزڕێنم ناوه‌كه‌ت

چونكه‌ ئه‌یزانم ته‌لاری یاره‌ خواپێداوه‌كه‌ت
مه‌ستی كردووی، بۆیه‌ نابینێ له‌ ئاستم، چاوكه‌ت

باخه‌وان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گوڵ ئه‌لاوێنێته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ی بكا و بۆ پاره‌ بیگۆڕێته‌وه‌
بیفرۆشێ به‌و كه‌سه‌ی خه‌ڵقی ئه‌ڕوتێنێته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی مێزی شه‌رابی پێ بڕازێنێته‌وه‌

كچ له‌لای ئێمه‌ گوڵێكه‌، بۆیه‌ په‌روه‌رده‌ی ئه‌كه‌ن
تا بڕازێنێته‌وه‌ مێزی شه‌رابی ده‌وڵه‌مه‌ن !

ڕه‌نگه‌ لات وابێ كه‌ گوایا یاره‌كه‌ت ماره‌ت ئه‌كا
یا به‌ كه‌یبانووی ته‌لاری به‌رزی ئه‌م شاره‌ت ئه‌كا
ئه‌م خه‌یاڵه‌ت خاوه‌، تووشی، داوی ئه‌و ماره‌ت ئه‌كا
چونكه‌ وه‌ك گورگێكه‌، مه‌یلی ئه‌و له‌ش و لاره‌ت ئه‌كا

ئه‌و به‌ ته‌نیا بۆ گوڵی سه‌ر مێزی باده‌ی تۆی ئه‌وێ
هه‌ر كه‌ جارێ بۆنی كردی، جا گوڵێكی نوێی ئه‌وه‌ێ !

ئه‌و، گوڵی بۆ مێزی باده‌ و پۆكه‌ر و یاری ئه‌وێ
واته‌ تۆی بۆ تێپه‌ڕینی كاتی بێزاری ئه‌وێ
من، گوڵم بۆ تۆوی باخی ژین و دڵداری ئه‌وێ
یانی من، تۆم بۆ ئه‌وینی عومری یه‌كجاری ئه‌وێ

تۆم ئه‌وێ وه‌ك گوڵ له‌ باخی ماڵی مندا هه‌ڵبده‌ی
نه‌ك گه‌ڵی سه‌رمێزی ئیمڕۆ بیت و پێخوستی سبه‌ی!

من. ئه‌وینم هینی عومره‌ و، هی خه‌وی شه‌وگار نی یه‌
وه‌ك خه‌وی خاوه‌ن ته‌لار و خاوه‌نی دینار نی یه‌
هه‌ر بووه‌ و هه‌رگیز ئه‌مێنێ، هینی جار و بار نی یه‌
ئاوی لێڵی كوێره‌ شیوێ، چه‌شنی هی ڕوبار نی یه‌

جا ئیتر من قسه‌ی خۆم پێ گه‌یاندی ، بێ درۆ
حه‌ز ئه‌كه‌ی هه‌ر وه‌ك په‌پووله‌ ڕوو له‌ ئاگر كه‌ و بڕۆ !

ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ له‌ساڵی 1950دا نووسروه‌ و له‌ ساڵی 1983 دا ته‌واو كراوه


چاوه‌ڕوانی بێهووده‌


هه‌موو ڕۆژێ له‌ به‌ر سه‌یری بتی ئه‌و به‌ژن و باڵایه‌
له‌ سه‌ر ڕێیدا ئه‌وه‌ستم، هه‌تا كوو ئاوی پێم دایه‌ !

به‌ دوو چاوێ كه‌ شه‌وقی چاوه‌ڕوانی ئه‌ی ترۆكێنێ
به‌ دوو چاوێ كه‌ سیڕڕی قووڵی لاوێتی ئه‌دركێنێ

سه‌رنجی ڕێ ئه‌ده‌م ، ڕێگا، هه‌موو شێوه‌ی ئه‌وی تیایه‌
وه‌كوو دنیا له‌ ناو جوانی ئه‌وا توابێته‌وه‌... وایه‌

شنه‌ی با، باسی جوانی ئه‌و به‌ گوێی مندا ئه‌چرپێنێ
هه‌موو ده‌ركه‌وتنی شۆخێ، دڵی من دا ئه‌خورپێنێ

به‌ڵام خورپه‌ی ته‌واوی دڵ له‌ گه‌ڵ هه‌نگاوی ئه‌و دایه‌
كه‌ سه‌رتاپا له‌ ئاوازی به‌هه‌شتی خواوه‌ ... په‌یدایه‌

به‌ڵێ ! كاتێ كه‌ ئه‌و ده‌ركه‌وت، ئیتر من بێ سه‌ر و شوێنم
به‌ تیشكی خۆری جوانی ئه‌و، به‌ جارێ قوڵپ ئه‌دا خوێنم

وه‌كو چۆن نه‌ونه‌مامێ، گه‌رده‌لوول ئه‌یبات و ئه‌ی هێنێ
له‌شم موچڕكی دڵداری، وه‌ها ناخی ئه‌بزوێنێ !

ئه‌گه‌رچی وه‌ك خه‌یاڵی من عه‌با ده‌وری له‌شی داوه‌
له‌ ئه‌ندام و له‌ش و لاری بڵند و ڕێكی ... ئاڵاوه‌

به‌ڵام كاتێ كه‌ با چمكی عه‌باكه‌ی لا ئه‌دا، تاوێ
ئه‌ڕێژێ پووزی نایابی ، له‌ سیحری خوایی، لافاوێ

سلێمانی 1951


په‌یامی یار


له‌ یاره‌وه‌:
له‌ شۆخ و شه‌نگی پاره‌وه‌،
له‌ ڕازی ... پڕ نیانی یا،
له‌ ته‌ك شنه‌ی به‌یانی یا،
په‌یام له‌ یاری جوانه‌وه‌،

گه‌یشته‌ لام..

******

به‌رامه‌كه‌ی،
گوڵاوی باخی نامه‌كه‌ی،
كه‌ ئاوی زینده‌گانی یه‌..
شه‌رابی كامه‌رانی یه‌،
گوڵی هیوای ژیانه‌وه‌،

گوڵی هیوام..

******

چ نامه‌یێ ؟
چ په‌نجه‌یێ ، چ خامه‌یێ ؟
ئه‌وه‌نده‌ دڵ ئه‌كاته‌وه‌ !
خه‌فه‌ت له‌ بیر ئه‌باته‌وه‌،
ئه‌خاته‌ ناخی گیانه‌وه‌:
ته‌زووی به‌تام.

سلێمانی1958



دڵێكی تێكشكاو


به‌ سه‌رسامی له‌سه‌ر لوتكه‌ی بڵندی گه‌نجی وه‌ستاوم !
شریتی عومری ڕابوردووم وه‌كو خه‌و دێته‌ بارچاوم

شریتی چی ؟ سه‌راپا سه‌رگوریشته‌ی ناهومێدیمه‌
فلیمی پڕ له‌ ناسۆری هه‌ره‌س هێنانی لاویمه

تروسكه‌ی تیا به‌دی ناكه‌م، سه‌رنجم چه‌نده‌ لێ داوه‌.
له‌ تاپۆی نامرادیم و ته‌می ناسۆری به‌ولاوه‌.. !

ئه‌وی ئه‌وساكه‌ ڕوناكی ئه‌دا به‌م ژینه‌ شێواوه‌
دڵێكی پڕ له‌ ئاهه‌نگ بوو، كه‌ ئێستا پاكی ڕووخاوه‌ .. !

******

به‌ڵێ ئه‌وسا دڵێكم بوو، كه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانم بوو
دڵێ: مه‌ڵبه‌ندی ئاوات و ته‌وژم و تینی گیانم بوو

دڵێ: گوڵزاری دڵداری و به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی بوو
وه‌كو بتخانه‌ مه‌یدانی بتی جوانی په‌رستی بوو

له‌ گه‌ڵ گریان و هاواری هه‌ژارانا له‌ شینا بوو
له‌ گه‌ڵ ناڵه‌ی كه‌سانا له‌ خورپه‌ و ڕاچه‌نینا بوو

له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌وینێكا ، هه‌موو سیحرێكی پۆشی بوو
له‌ كونجێكی خه‌راباتا ، خه‌ریكی باده‌نۆشی بوو

دڵێ بوو: دار و دیواری هه‌موو مه‌ستی نیگارێ بوو
هه‌موو سوچێكی ده‌سكردی ، به‌ڵێنی تاقه‌ یارێ بوو

دڵێ، خونچه‌ی ته‌مای وابوو، له‌ خۆشی ئه‌و ده‌می واكا
كه‌ تیشكی ئه‌و له‌ لێوی دا، گوڵاوپڕژێنی دنیا كا.. !

دڵێ، ئاماده‌ بوو، تاری، هه‌زار ئاوازی لێ هه‌ستێ
به‌ مه‌رجێ: گوڵبه‌ده‌م جارێ به‌ مه‌ستی لێی بدا، ده‌ستێ!

ته‌لاری دڵ، كه‌ دیواری وه‌ها مه‌ستی ئه‌وینی بوو :
له‌ باوه‌ش گرتنی باڵای، هه‌موو ئاواتی ژینی بوو..!
.............................................................
وه‌نه‌وشه‌ و نێرگز و شه‌وبۆ ، هه‌موو سه‌رخۆشی تاسه‌ی بوون
له‌ ته‌ك سروه‌ی به‌یانیدا: ته‌ماداری هه‌ناسه‌ی بوون. !
......................................................................
هه‌موو پێكێكی مه‌ینۆشی، به‌یادی ئه‌و، كه‌ پڕ(مه‌ی)بوو
له‌ مه‌یخانه‌ی دڵا كه‌یلی بزه‌ی ئه‌و جووته‌ لێوه‌ی بوو !

هه‌موو پاڕانه‌وه‌ی وابوو، به‌ شێوان و سبه‌ینانێ :
كه‌ ڕۆژێ لێوی پڕ تاسه‌ی له‌ سه‌ر دوو لێوی ئه‌و دانێ !

******

كه‌چی ئه‌و كۆشكی چه‌ند ساڵه‌ی، دڵم بنچینه‌كه‌ی دانا
به‌ ته‌نیا گه‌رده‌لولێكی(نه‌هاتی)، چوو به‌ ئاسمانا .. !

هه‌موو ئه‌و نیاز و ئاواته‌ی له‌ ناو ناخی ده‌روونا بوو
له‌ داخی بێ به‌ڵێنی ئه‌و به‌ جارێ ته‌فر و توونا بوو .. !

به‌ڵێ، كاتێ به‌خۆم زانی، به‌هاری پڕ ئه‌وین ڕۆیی
خه‌و و ئاواتی چه‌ند ساڵه‌ و به‌ڵێنی پێ گه‌یین ڕۆیی.. !

گه‌لێكم پشكنی دنیا له‌ دووی ئه‌و جووته‌ لێوه‌ی ئه‌و
هه‌زار ئه‌فسووس ! نه‌ ئه‌و ڕۆژه‌م به‌دی كرد و نه‌ شێوه‌ی ئه‌و

نه‌ پڕشنگی له‌ خونچه‌ی دا، نه‌ په‌نجه‌ی دا له‌ تاری دڵ..
نه‌ به‌ژنی شۆخ و شه‌نگی بوو به‌ میوانی ته‌لاری دڵ

نه‌ چاوانی گوڵی ڕشت و نه‌ كلچێوكێكی پیا هێنا
نه‌ پرچی نێرگزی مه‌ست و، وه‌نه‌وشه‌ی شینی داهێنا

نه‌ پێكی نایه‌ سه‌ر لێو و نه‌ بیستم ڕازی شیرینی
نه‌ ماڵ ئاوایی لێكردم نه‌ ئیتر شێوه‌ییم بینی
..............................................................
به‌ڵێ ، ئێستا ئه‌وه‌ی جێ ماوه‌ بۆ من ، یادگارێكه‌
به‌سه‌رهاتی دڵی ورد و به‌سه‌رچوونی به‌هارێكه‌..!


تانگۆی كوردی


تاقانه‌ خونچه‌كه‌ی باخی ژیانم..
زیندوو كه‌ره‌وه‌ی ئاواتی بێ گیانم !
ڕۆشنكه‌ری ڕێگای ژین و مانم..
با له‌ ده‌ستی ژینی په‌ستی شار و دێ، شار و دێ
ڕاكه‌ین و ڕوو بكه‌ینه‌ چۆڵ و هه‌ردێ، ناو هه‌ردێ .
ته‌نیا، وه‌ك ئاسكۆڵه‌ی كۆسار،
ڕوو بكه‌ینه‌ قه‌د شاخ و ناو گوڵزار.

******

له‌ قه‌د پاڵی شاخی هه‌زار به‌ هه‌زار..
له‌ سای سێبه‌ری دره‌ختی ناو گوڵزار.
كونجێ بكه‌ین به‌ هێللانه‌ و هه‌وار..
ده‌ست له‌ گه‌ردن، تاكوو مردن، شۆخ و شاد، شۆخ و شاد
خه‌می دنیا به‌ ماچ بده‌ین به‌ باد، هه‌ر به‌ باد
گۆنات هه‌ڵمژم پڕ به‌ ده‌م
سوور هه‌ڵگه‌ڕێی هێنده‌ ماچت كه‌م..!

سلێمانی 1939



فەلسەفەی دڵــــــــداری

کەجۆگــــا یێــــکەڵی چــەم بێ وچەمیش ێـــــــکەڵ بە دریابێ
شەماڵیش پـــــر لــــە هەستی بێ نیە شت تــــــاکو تەنیابێ

بــە قـــانونی خـــودا ئەشـــیا ئەبـــێ تێــــــکەڵ بــــــــە یکتربن
ئیتـــــــــر بــــۆچی مـــن و تـــۆ تێــــکەلی یەکـــتر ببین نــــابێ

کەچێوەکـــەش بکەن مـــاچی هــەمووئـــــاسمانی بەرزوشین
شەپۆلیش هەر وەکو دڵـــدار لــەمل یـــەك دەستی ئـــالابــــێ

ئەبەد نابێ کە خوشکی گوڵ برای دەرکــــــــات و لێی دووربی
کەتیشکی رۆز زەمینی هـــەر وەکــــــــو دوولبــەر لــەکۆشابی

ئــەوا مانگیش ئەکا ماچی بەحر گــەر تۆش نەکــەی مــــــاچم
هــەمــــووی بــێ کەڵکە ئەم ماچـــانە بـــێ تۆ فایدەی نـــابێ


ئەی دیدە پەری


ئــەی دیدە پــــەری بەو دەمـــــە بەو کوڵمە گوڵینە
بـــــۆکەس نیە تاسەر،ئەوەرێ، ئەم گوڵــــــی ژینە
تـــــاسەرنیە ئــــەم نـــــازە ، وەهـــا دووری مەبینە
ئەو چــاوە گــەلاوێــــژە خـــــەڵاتــــــی کـــــــە برینە
ئەو زووڵفە کە ئێساکە دووتوێـــــی عەمبەری چینە
رۆژێــــــکی کە دێ، تێکەڵی توێی خـــاکی زەمینە

یەو گــــــەردەنە بێگەردە کــــــــە وەك تەختی بلورە
ئــــــەو لێوە کـــــە وەك خونچە تەر و ناسك و سورە
ئێستاکە بەبـــــێ رەحمی سزای جــــــەور و فتورە
لای وایـــــە کە ژین فـــــانی نیەو رێـــــــــگای دوورە
نــــــــایزانێ کە هەر پەنجێ لـــــەم خاکی زەنمینە
کوڵمی دەهەزار(لەیل) و دەمی سەد(مەم و زین)ە

ئەمرۆ دڵــــــی بێچارە ئەبـــــەی ئەیخەیتە نــــــاوداو
نــــایزانــــی سبەینێ ئەکـــــەوی سەرکز و دامــــاو
ئەو جوانیە ئەروات و لـــەچــــاو گومەبێ وەك ئــــــاو
ئــــــەورۆژە ئەبــــــێ دائیمە هـــــەر بێنیە بەرچــــاو
تا رەحمێ بــــکەی ئێستا کـــــە بـــــەم زام و برینە
سەرکز نەبـــــی لەو جێگە بــــــێ سامانی زەمینە

ئــەم چـــەند قسەیەم و توە بـــــەتۆ ئێسە بەچاکی
گەرچـــی ئەشیزانم دڵــــی بـــــــەردت نییە بــاکی
مەروانـەرە ئەمرۆ کـــە بــــەروومـەت گوڵــــــی تاکی
بروانــــە سبەینێ کــــــە لەنــــــاو دامەنــــی خاکی
سەد لـــــەیلی وەك تـــــۆ بووە لــەم رۆشنی ژینە
ئێستاکــــــە لەنـــاو جەرگەیـــــی تــــاریکی زەمینە

سالی١٩٣٩ نووسراوە


خــــــــــــــــــــــــــــه‌رمانه‌


چ سڕێکت له‌ناودڵدا ، حه‌شارداوه‌ به‌په‌نهانی؟

که‌‌چاوت چه‌شنی ئاوێنه‌ وه‌ها بێ په‌رده‌ درکانی؟

ئه‌زانم دڵ هه‌یه‌، وه‌ک مس، که‌ژه‌نك دێنێ به‌ئاسانی

دڵی تؤ زێڕی تێزابه‌ له‌کوێوه‌ ژه‌نگی هه‌ڵهانی؟

ئه‌مانه‌ گه‌رچی تێ ناگه‌مک، به‌ڵام پێوسته‌ بیزانی

هه‌تا ماوم له‌دنیادا، فریيشته‌ی باخی ئاواتم

به‌دڵ هه‌رچه‌شنی خه‌رمانه‌، له‌ده‌وری مانكی گؤناتم


سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی گاگه‌ش

 

سه‌مفۆنیی کابووکێ (بیرەوەری شێعری

له‌ مانگی گه‌لاوێژی 1358ی هه‌تاوی(1979) ده‌سته‌یه‌کی هونه‌ری به‌ سه‌رپه‌رشتی کاک «ئیقباڵی حاجبی» له‌ شاری سنه‌وه‌ دێنه‌ مهاباد و ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژان شانۆیه‌کی مۆسیقایی به‌ نێوی (سه‌مفۆنیی کابووکێ) پێشکێش ده‌که‌ن که‌ له‌ کۆڕی نێوبراودا کاک «عه‌زیزی شاروخ»یش به‌شدار ده‌بێ.

 
هه‌رچه‌ند ئه‌من به‌شبه‌حالی خۆم زۆرم سه‌ر له‌و کارانه‌ ده‌رناچێ، به‌ڵام ئاهه‌نگه‌که‌م به‌ دڵه‌وه‌ نووسا و پێم کارێکی داهێنه‌رانه‌ و سه‌رکه‌وتووانه‌ بوو. به‌ تێکڕایی خه‌ڵک پێشوازییه‌کی گه‌رم و له‌ ڕاده‌به‌ده‌ریان لێکرد. دوای ئه‌وه‌، یه‌کێتی لاوانی {دێمۆکرات}ی مهاباد به‌ نیازی ده‌ستخۆشانه‌ و ڕێزگرتن له‌ هونه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌شدارانی گروپی (سه‌مفۆنیی کابووکێ) ئێواره‌ ئاهه‌نگێکی به‌زم و هه‌ڵپه‌رکێ له‌ دانیشسه‌رای کچانی مهاباد وه‌ڕێده‌خا.

ئێواره‌ی ئاهه‌نگه‌که‌، من و مامۆستا هێمن له‌ گه‌ڕه‌کی (خڕێ) ڕا به‌ره‌و شوێنی گۆرین وه‌ڕێ که‌وتین. له‌ چوارڕێی هه‌باساغای تووشی کاک سمایلی براده‌رم بووین و، دوای چاک و چۆنی ئه‌ویشمان ڕه‌گه‌ڵ که‌وت.

مامۆستا عاده‌تی وابوو، که‌ بۆ هه‌ر شوێنێکی ئاوا چووبا، (تاریک و ڕوون) و (ناڵه‌ی جودایی) له‌ گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرت، نه‌کا داوای شێعر خوێندنه‌وه‌ی لێبکرێ. به‌ر له‌وه‌ی سواری تاکسی بین مامۆستا ڕووی له‌ سمایلی کرد و گوتی «وابزانم کارتی لێگێڕانه‌وه‌ت پێ نییه‌. ها ئه‌و تاریک و ڕوونه‌ی له‌ بن هه‌نگلت بنێ نه‌وه‌کوو پێشمان پێبگرن»! وه‌ختایه‌ک گه‌یشتینه‌ به‌رده‌رگای دانیشسه‌رایه‌، چه‌ند لاوی مێرمنداڵی قۆشمه‌ له‌ مامۆستا هێمن ده‌پرسن ئه‌وانه‌ کێن؟ مامۆستاش ده‌ڵێ«ئه‌وانه‌ مونشی منن» به‌م جۆره‌ سێ به‌ سێ چووینه‌ ژوورێ.

هێشتا به‌ ته‌واوی پێمان نه‌نابووه‌ ژووری حه‌وشه‌که‌، ئه‌وه‌نده‌م دی پۆلێک گه‌نج و لاو ده‌ مامۆستا ڕۆهاتن و بردیانه‌ ناو گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک.
له‌و حه‌وشه‌ پان و به‌رینه‌ داوه‌تێک ده‌گه‌ڕا، سه‌روبنی دیار نه‌بوو. داروبه‌رد وه‌ سه‌ما که‌وتبوو. چاوه‌ چاوی کوڕیشکان و تاسکه‌ تاسکی که‌نیشکان ته‌نانه‌ت دڵی ویشکه‌ سۆفیی خانه‌قاشی دێنا جۆش و خرۆش.. (هه‌ر ئاره‌قه‌ی گۆنا و گه‌ردنان بوو وه‌ک تکه‌ ئاونگی به‌یان له‌ سه‌ر په‌لکی گوڵان، تک تک ده‌ڕژان و، هه‌ر بزه‌ و نیو نیگای بن سیلان بوو به‌ دزی تێکده‌ئاڵان و داده‌پژان.. چ دیمه‌نێکی خه‌مڕه‌وێنه‌ بۆ ساتێکیش بێ، حاشا کردن له‌ پیری و په‌شیمان بوونه‌وه‌ بۆ لاوی و، چاوگێڕان له‌ دووی دۆی چه‌له‌نگ و چاوبه‌ڵه‌کی ئاخرگه‌ڕی سێ ڕۆژانه‌..).
داوه‌ت به‌ربوو. دوو دوو و سێ سێ کۆزیلکه‌مان به‌ست و له‌ ده‌وری یه‌ک کۆبووینه‌وه‌. ده‌مێک بوو تاو په‌ڕی بوو. شه‌و ئامێزی بۆ بێده‌نگی ده‌کرده‌وه‌. ئه‌ستێره‌کان به‌ره‌و ژوانگه‌ی ئاسمان خۆیان تیفتیفه‌ ده‌دا. ورده‌ورده‌ سه‌ری قسان خۆش ده‌بوو.
له‌ پڕ کیژۆڵه‌یه‌کی ژیکه‌ڵه‌ و خوێن شیرینی 15-16 ساڵان له‌ به‌رده‌م مامۆستا هێمن قوت بووه‌وه‌ و، به‌ ده‌نگێکی نه‌رم و سنه‌ییانه‌، دوای چاک و چۆنی هاته‌ ئاخافتن و گوتی: مامۆستا گیان شێعرێکی ئاشقانه‌م گه‌ره‌که‌». مامۆستا تێی ڕاده‌مێنێ و ده‌پرسێ ناوت چییه‌؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ: «چیمه‌ن».. مامۆستا پێی وابوو به‌ خوێندنه‌وه‌ی:
«ده‌شت و چیمه‌ن ڕازاوه‌ کێو و به‌نده‌ن نه‌خشاوه‌»
نه‌جاتی دێ، که‌چی چیمه‌ن شێعرێکی وای ده‌ویست:

«وه‌ک ئاره‌قه‌ی هه‌نیه‌ی جوانان
وه‌ک دڵــــه‌ خورپه‌ی جێژوانان
وه‌کـووکه‌شم و نه‌شمی بووکێ
وه‌ک ڕه‌نگ و بۆنی گـوڵووکێ
شێعرێکی ته‌ڕ، شێعرێکی خۆش
شێعرێک دڵان بێنێتـــه‌ جۆش»1
(شێعرێک باسی جوانی ئه‌و بێ
له‌نجه‌ی تاوس، ڕه‌وتی که‌و بێ)
(به‌ڵام ئه‌فسووس، هه‌زار ئه‌فسووس
که‌ کچ جوانیش بێ وه‌ک ڤێنووس)2
«پــه‌ری شێعر وه‌ک کچی جوان
بۆ پیـــــــاوی پیر نایه‌ته‌ ژوان»

مامۆستا هێمن ئاخر سه‌ر سووکه‌ هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشێ و ده‌ڵێ: چیمه‌ن، کچانم به‌ خوڵای ئێستا بۆم نایه‌.. بابزانم. زۆر جار که‌ داوای شێعری لێکرابایه‌ ئه‌و گوته‌یه‌ی دووپات ده‌کرده‌وه‌«با بزانم بۆم دێ!»
له‌و که‌ین و به‌ینه‌دا که‌ من هه‌ستم بزوابوو به‌ چاوان مامۆستام حاڵیکرد که‌ به‌ڵێنی پێبدا و دڵی ئه‌و میوانه‌ نازداره‌ نه‌شکێنێ و خواز و نیازی بێته‌ جێ.
به‌ کورتی، ئه‌و ڕووداوه‌ بوو به‌ هه‌وێنی شێعرێکی تازه‌ به‌ نێوی (چیمه‌ن) که‌ هه‌ر بۆ سبه‌ی له‌ ده‌فته‌ری حزبی دێمۆکرات بۆ مامۆستام خوێنده‌وه‌ که‌ له‌و عانه‌دا مه‌لا عه‌وڵا و مه‌لا جه‌لال و یه‌کدووکه‌سی دیش له‌وێ بوون. کاتێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی پارچه‌ شێعره‌که‌ ته‌واو بووم، مامۆستا دیسان ورده‌ هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی: «چاوی سه‌رم بی.. به‌ڵام به‌و هه‌ناسه‌ی پاییزانه‌ هه‌ر هیچت بۆ من تێدانه‌هێشتووه‌ته‌وه‌..».
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ دوای نیوه‌ڕۆیه‌ له‌ قاوه‌خانه‌ی که‌ریمی گه‌ڕه‌کی خڕێ، دیوناسێکی مهابادی وابزانم دڵی به‌ کچه‌که‌وه‌ بوو، داوای ئه‌و پارچه‌ شێعره‌ی لێکردم. هه‌زار و یه‌ک شێر و ڕێوی بۆ هێنایه‌وه‌ فایده‌ی نه‌بوو. له‌ پاشان هه‌رچییه‌کی له‌به‌رم بو بۆم خوێنده‌وه‌ و ئه‌ویش نووسییه‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای زستانی 1361 (1982) له‌ شاری سنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوومه‌ میوانی ئه‌و براده‌ره‌ که‌ ئه‌وکات له‌وێ ده‌ژیا. دوای من خۆش و تۆ خۆش.. پارچه‌ شێعره‌که‌ی نیشانی خۆم دا که‌ به‌ خه‌تێکی خۆش له‌ چه‌ند نوسخاندا وه‌ختی خۆی بڵاوی کردبووه‌وه‌. پاشان که‌ سه‌ری قسه‌ و باسان کراوه‌ لێم پرسی: ده‌ی ده‌گه‌ڵ کێشه‌که‌ چیت کرده‌وه‌؟». به‌ ئه‌سپایی سه‌ری هێنایه‌ بن گوێم و گوتی: به‌ قوربانت بم سه‌بر، نه‌کا خێزانم بزانێ!
هه‌رچه‌نده‌ تا ئه‌و ساڵانه‌، له‌به‌ر بێنه‌وبه‌ره‌ و خۆشاره‌وه‌کێن و هه‌ڵات هه‌ڵات و ڕاوڕاوێنی سیاسی، خۆم له‌و پارچه‌ شێعره‌ ده‌بوارد، به‌ڵام که‌ ئاوڕێکم وه‌ ڕابردووی پڕ پێچ و په‌نای خۆم دایه‌وه‌ ڕوانیم منێکی ڕه‌نج به‌ خه‌ساری دنیای سیاسه‌ت، له‌و بیره‌وه‌رییانه‌ زیاتر چیم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ سه‌ر له‌ نوێ ده‌ستێکی باشم تێوه‌ردانه‌وه‌ و ساخم کردنه‌وه‌. هیچ نه‌بێ ببنه‌ هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌م و خه‌می غه‌ریبایه‌تی:


چیمه‌ن

لـــــه‌ هه‌ڵپه‌رکێکی زۆر خۆشی شه‌وانه‌
به‌ ئه‌سپایی کچێکی ژیکـــــــــــــه‌ڵانه‌
به‌ری هـــــه‌ڵدا گه‌ڕی گه‌رمی زه‌ماوه‌ند
بزه‌ی نازی ده‌هــــــــــــاتێ چاوبزانه‌
بــــه‌ به‌ر چاوی گه‌لێک لاوی زراوچوو
نزیک بۆوه‌ لــــــــــه‌ «هێمن» دڵبه‌رانه‌
وه‌کووتاوس له‌لای هه‌ڵنیشت و پێیگوت:
گـــــــــه‌ره‌کمه‌ شێعرێ بێژی ئاشقانه‌
کــه‌وا بیوه‌م به‌ره‌و کورسان به‌ دیاری
که‌ نه‌چمه‌و ده‌ستی خـــــاڵی لێره‌کانه‌

دراوه‌ سه‌ر له‌ نوێ هێمن گــــــه‌مارۆ
گه‌مارۆی ئه‌م که‌ڕه‌ت کوا وه‌ک چه‌لانه‌
هه‌تا دۆینێ خه‌فێ و پۆلیس و ژاندارم
ـ وه‌ره‌ بنواڕه‌ ئاکــــــاری زه‌مانه‌ ـ
که‌چی ئێستا ئه‌سیری کیژه‌ کوردێک
چه‌توونه‌ لێی قوتار بێ، به‌م زووانه‌
ئه‌ویش کیژێ که‌ وه‌ک بڕنۆیه‌ باڵای
چمـــا ده‌بزێوێ هه‌ستی شاعیرانه‌؟

هــــه‌ڵیگرتم خه‌یاڵی ورد و ناسک
له‌ حاڵێکدا، که‌ ده‌دوان ئه‌م دووانه‌
به‌من ده‌تگوت به‌یانه‌گوڵ ده‌پشکوێ
خوناوه‌ی ناز ده‌بارێ له‌م ده‌مــانه‌
سه‌رم سووڕما له‌کاروباری گه‌ردون
لــــــــــه‌ زستان و به‌هاری هاوینانه‌
له‌ نێوان چیمه‌ن و به‌فرێ چ سه‌یره‌؟
گزینگێک و هــــــه‌ناسه‌ی پاییزانه‌!

مــه‌لی شێعرم که‌ دی ئاونگی گۆنای
له‌ سوێیان له‌نگه‌ری گرت له‌م به‌رانه‌
به‌ترس و له‌رزه‌وه‌ پێمگوت کچی شۆخ
به‌ شـــــــاگرد و چکۆڵه‌ی ویم بزانه‌
ئه‌گه‌رچی لام گرانه‌ وه‌سفی جوانیت
ڕه‌چاویش کــه‌م ڕه‌وشتی هێمنانه‌
ده‌بێ بگرین که‌ کوردین قه‌دری میوان
ده‌خیلت بم نـــــه‌ڕه‌نجی لێم به‌ مانه‌:
نه‌وێرم چاو له‌ چاوت که‌م چ مه‌علووم
که‌ مه‌ستی ژوانه‌ یا کوشته‌ی سه‌رانه‌؟
برۆت گـــه‌ر تێک بنێی دنیا ده‌شێوێ
به‌ تیرێکی کــــه‌ ده‌رچێ له‌م که‌وانه‌
ده‌ترسێ دڵ وه‌کوو گواره‌ له‌ زولفت
نه‌وه‌ک بخرێته‌ ژێر پێ کاتی شانه‌
له‌ تاوان قافیه‌م لاسه‌نگ و سووکه‌
ئه‌وه‌ند سه‌نگی قیافه‌ی تۆ گــــرانه‌
بـــه‌ کام واژه‌ بنوێنم ڕه‌وتی باڵات
که‌ ده‌بزێوی به‌ عاسته‌م ئه‌م مه‌مانه‌
قه‌دی به‌رزو نیگاڕه‌مزو که‌وی ته‌رز
چ خشپیل و به‌ناز و خنجیــــــلانه‌!
گزینگی دوندی ئــــارێزه‌ بزه‌ی تۆ
کـــــه‌ زیندوو ڕاگری ڕوح و دڵانه‌
له‌مــه‌ زیاتر چ بێژم چیمه‌نی جوان
چدی مه‌گره‌ به‌ مامۆستا به‌هـــانه‌


گه‌لاوێژی 1358

• • •

1) شێعره‌کانی ناو ئه‌م که‌وانه‌یه‌«...» له‌ دیوانی تاریک و ڕوون وه‌رگیراون.
2) (...) تێهه‌ڵکێشی س. چ. هێرش.
سه‌رچاوه‌: هێمن و من، نووسینی: هێرش، سوێد 1992. ل 56-62

خامۆشی( ناسری حیسامی )

شنەی یادت لە بێشەمدایە ئەمشەو
بە نەرمی هەڵدەکا ئەو بایە ئەمشەو

لە دیدەم، ئەشکی ڕوون ڕێگا دەپرسێ
سەفەر گۆیا بەرەو دەریایە ئەمشەو

دەڵێی فەرهاد چووەتە خەونی شیرین
لە کێوی بێستوون دەنگ نایە ئەمشەو

بە شادیت، هەر گڕی مۆم بوو سەمای بوو
لە ژووری بێ چرا، سەرمایە ئەمشەو

کە تۆ بووی، مانگ لە نێو گۆمدا مەلەی کرد
لە پشت هەورە، لە ڕووی هەڵنایە ئەمشەو

وەرە، وەزمانی بێنە و، بیدوێنە
کە پەنجەی تۆی دەوێ ئەو نایە ئەمشەو

لە ناخیدا هەزار گۆرانی مەیوە
لە بێ تۆیی، پشووی دەرنایە ئەمشەو

بە خاک و خۆڵ دەخافڵێ تفڵی بێواز
دڵم سەرپاک لە خۆڵتدایە ئەمشەو

پەڕوباڵی وەریوە و عار نانێ
مەلی تۆفان چ بێ پەروایە ئەمشەو


حزین لاهیجی دەڵێ
آواز تیـشه امــشب از بیســتون نیــامد
گویا به خواب شیرین فرهاد رفته باشد