سه‌مفۆنیی کابووکێ (بیرەوەری شێعری
له مانگی گه‌لاوێژی 1358ی هه‌تاوی(1979) ده‌سته‌یه‌کی هونه‌ری به سه‌رپه‌رشتی کاک «ئیقباڵی حاجبی» له شاری سنه‌وه دێنه مهاباد و ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژان شانۆیه‌کی مۆسیقایی به نێوی (سه‌مفۆنیی کابووکێ) پێشکێش ده‌که‌ن که له کۆڕی نێوبراودا کاک «عه‌زیزی شاروخ»یش به‌شدار ده‌بێ.

هه‌رچه‌ند ئه‌من به‌شبه‌حالی خۆم زۆرم سه‌ر له‌و کارانه ده‌رناچێ، به‌ڵام ئاهه‌نگه‌که‌م به دڵه‌وه نووسا و پێم کارێکی داهێنه‌رانه و سه‌رکه‌وتووانه بوو. به تێکڕایی خه‌ڵک پێشوازییه‌کی گه‌رم و له ڕاده‌به‌ده‌ریان لێکرد. دوای ئه‌وه، یه‌کێتی لاوانی {دێمۆکرات}ی مهاباد به نیازی ده‌ستخۆشانه و ڕێزگرتن له هونه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌شدارانی گروپی (سه‌مفۆنیی کابووکێ) ئێواره ئاهه‌نگێکی به‌زم و هه‌ڵپه‌رکێ له دانیشسه‌رای کچانی مهاباد وه‌ڕێده‌خا.
ئێواره‌ی ئاهه‌نگه‌که، من و مامۆستا هێمن له گه‌ڕه‌کی (خڕێ) ڕا به‌ره‌و شوێنی گۆرین وه‌ڕێ که‌وتین. له چوارڕێی هه‌باساغای تووشی کاک سمایلی براده‌رم بووین و، دوای چاک و چۆنی ئه‌ویشمان ڕه‌گه‌ڵ که‌وت.
مامۆستا عاده‌تی وابوو، که بۆ هه‌ر شوێنێکی ئاوا چووبا، (تاریک و ڕوون) و (ناڵه‌ی جودایی) له گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرت، نه‌کا داوای شێعر خوێندنه‌وه‌ی لێبکرێ. به‌ر له‌وه‌ی سواری تاکسی بین مامۆستا ڕووی له سمایلی کرد و گوتی «وابزانم کارتی لێگێڕانه‌وه‌ت پێ نییه. ها ئه‌و تاریک و ڕوونه‌ی له بن هه‌نگلت بنێ نه‌وه‌کوو پێشمان پێبگرن»! وه‌ختایه‌ک گه‌یشتینه به‌رده‌رگای دانیشسه‌رایه، چه‌ند لاوی مێرمنداڵی قۆشمه له مامۆستا هێمن ده‌پرسن ئه‌وانه کێن؟ مامۆستاش ده‌ڵێ«ئه‌وانه مونشی منن» به‌م جۆره سێ به سێ چووینه ژوورێ.
هێشتا به ته‌واوی پێمان نه‌نابووه ژووری حه‌وشه‌که، ئه‌وه‌نده‌م دی پۆلێک گه‌نج و لاو ده مامۆستا ڕۆهاتن و بردیانه ناو گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک.
له‌و حه‌وشه پان و به‌رینه داوه‌تێک ده‌گه‌ڕا، سه‌روبنی دیار نه‌بوو. داروبه‌رد وه سه‌ما که‌وتبوو. چاوه چاوی کوڕیشکان و تاسکه تاسکی که‌نیشکان ته‌نانه‌ت دڵی ویشکه سۆفیی خانه‌قاشی دێنا جۆش و خرۆش.. (هه‌ر ئاره‌قه‌ی گۆنا و گه‌ردنان بوو وه‌ک تکه ئاونگی به‌یان له سه‌ر په‌لکی گوڵان، تک تک ده‌ڕژان و، هه‌ر بزه و نیو نیگای بن سیلان بوو به دزی تێکده‌ئاڵان و داده‌پژان.. چ دیمه‌نێکی خه‌مڕه‌وێنه بۆ ساتێکیش بێ، حاشا کردن له پیری و په‌شیمان بوونه‌وه بۆ لاوی و، چاوگێڕان له دووی دۆی چه‌له‌نگ و چاوبه‌ڵه‌کی ئاخرگه‌ڕی سێ ڕۆژانه..).
داوه‌ت به‌ربوو. دوو دوو و سێ سێ کۆزیلکه‌مان به‌ست و له ده‌وری یه‌ک کۆبووینه‌وه. ده‌مێک بوو تاو په‌ڕی بوو. شه‌و ئامێزی بۆ بێده‌نگی ده‌کرده‌وه. ئه‌ستێره‌کان به‌ره‌و ژوانگه‌ی ئاسمان خۆیان تیفتیفه ده‌دا. ورده‌ورده سه‌ری قسان خۆش ده‌بوو.
له پڕ کیژۆڵه‌یه‌کی ژیکه‌ڵه و خوێن شیرینی 15-16 ساڵان له به‌رده‌م مامۆستا هێمن قوت بووه‌وه و، به ده‌نگێکی نه‌رم و سنه‌ییانه، دوای چاک و چۆنی هاته ئاخافتن و گوتی: مامۆستا گیان شێعرێکی ئاشقانه‌م گه‌ره‌که». مامۆستا تێی ڕاده‌مێنێ و ده‌پرسێ ناوت چییه؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ: «چیمه‌ن».. مامۆستا پێی وابوو به خوێندنه‌وه‌ی:
«ده‌شت و چیمه‌ن ڕازاوه کێو و به‌نده‌ن نه‌خشاوه»
نه‌جاتی دێ، که‌چی چیمه‌ن شێعرێکی وای ده‌ویست:
«وه‌ک ئاره‌قه‌ی هه‌نیه‌ی جوانان
وه‌ک دڵــــه خورپه‌ی جێژوانان
وه‌کـووکه‌شم و نه‌شمی بووکێ
وه‌ک ڕه‌نگ و بۆنی گـوڵووکێ
شێعرێکی ته‌ڕ، شێعرێکی خۆش
شێعرێک دڵان بێنێتـــه جۆش»1
(شێعرێک باسی جوانی ئه‌و بێ
له‌نجه‌ی تاوس، ڕه‌وتی که‌و بێ)
(به‌ڵام ئه‌فسووس، هه‌زار ئه‌فسووس
که کچ جوانیش بێ وه‌ک ڤێنووس)2
«پــه‌ری شێعر وه‌ک کچی جوان
بۆ پیـــــــاوی پیر نایه‌ته ژوان»
مامۆستا هێمن ئاخر سه‌ر سووکه هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشێ و ده‌ڵێ: چیمه‌ن، کچانم به خوڵای ئێستا بۆم نایه.. بابزانم. زۆر جار که داوای شێعری لێکرابایه ئه‌و گوته‌یه‌ی دووپات ده‌کرده‌وه«با بزانم بۆم دێ!»
له‌و که‌ین و به‌ینه‌دا که من هه‌ستم بزوابوو به چاوان مامۆستا‌م حاڵیکرد که به‌ڵێنی پێ‌بدا و دڵی ئه‌و میوانه نازداره نه‌شکێنێ و خواز و نیازی بێته جێ.
به کورتی، ئه‌و ڕووداوه بوو به هه‌وێنی شێعرێکی تازه به نێوی (چیمه‌ن) که هه‌ر بۆ سبه‌ی له ده‌فته‌ری حزبی دێمۆکرات بۆ مامۆستا‌م خوێنده‌وه که له‌و عانه‌دا مه‌لا عه‌وڵا و مه‌لا جه‌لال و یه‌کدووکه‌سی دیش له‌وێ بوون. کاتێ له خوێندنه‌وه‌ی پارچه شێعره‌که ته‌واو بووم، مامۆستا دیسان ورده هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی: «چاوی سه‌رم بی.. به‌ڵام به‌و هه‌ناسه‌ی پاییزانه هه‌ر هیچت بۆ من تێدانه‌هێشتووه‌ته‌وه..».
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه دوای نیوه‌ڕۆیه له قاوه‌خانه‌ی که‌ریمی گه‌ڕه‌کی خڕێ، دیوناسێکی مهابادی وابزانم دڵی به کچه‌که‌وه بوو، داوای ئه‌و پارچه شێعره‌ی لێکردم. هه‌زار و یه‌ک شێر و ڕێوی بۆ هێنایه‌وه فایده‌ی نه‌بوو. له پاشان هه‌رچییه‌کی له‌به‌رم بو بۆم خوێنده‌وه و ئه‌ویش نووسییه‌وه.
له سه‌ره‌تای زستانی 1361 (1982) له شاری سنه به ڕێکه‌وت بوومه میوانی ئه‌و براده‌ره که ئه‌وکات له‌وێ ده‌ژیا. دوای من خۆش و تۆ خۆش.. پارچه شێعره‌که‌ی نیشانی خۆم دا که به خه‌تێکی خۆش له چه‌ند نوسخاندا وه‌ختی خۆی بڵاوی کردبووه‌وه. پاشان که سه‌ری قسه و باسان کراوه لێم پرسی: ده‌ی ده‌گه‌ڵ کێشه‌که چیت کرده‌وه؟». به ئه‌سپایی سه‌ری هێنایه بن گوێم و گوتی: به قوربانت بم سه‌بر، نه‌کا خێزانم بزانێ!
هه‌رچه‌نده تا ئه‌و ساڵانه، له‌به‌ر بێنه‌وبه‌ره و خۆشاره‌وه‌کێن و هه‌ڵات هه‌ڵات و ڕاوڕاوێنی سیاسی، خۆم له‌و پارچه شێعره ده‌بوارد، به‌ڵام که ئاوڕێکم وه ڕابردووی پڕ پێچ و په‌نای خۆم دایه‌وه ڕوانیم منێکی ڕه‌نج به خه‌ساری دنیای سیاسه‌ت، له‌و بیره‌وه‌رییانه زیاتر چیم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. بۆیه سه‌ر له نوێ ده‌ستێکی باشم تێوه‌ردانه‌وه و ساخم کردنه‌وه. هیچ نه‌بێ ببنه هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌م و خه‌می غه‌ریبایه‌تی:
چیمه‌ن
لـــــه هه‌ڵپه‌رکێکی زۆر خۆشی شهوانهبه ئه‌سپایی کچێکی ژیکـــــــــــــه‌ڵانه
به‌ری هـــــه‌ڵدا گه‌ڕی گه‌رمی زه‌ماوه‌ند
بزه‌ی نازی ده‌هــــــــــــاتێ چاوبزانه
بــــه به‌ر چاوی گه‌لێک لاوی زراوچوو
نزیک بۆوه لــــــــــه «هێمن» دڵبه‌رانه
وه‌کووتاوس له‌لای هه‌ڵنیشت و پێی‌گوت:
گـــــــــه‌ره‌کمه شێعرێ بێژی ئاشقانه
کــه‌وا بیوه‌م به‌ره‌و کورسان به دیاری
که نه‌چمه‌و ده‌ستی خـــــاڵی لێره‌کانه
دراوه سه‌ر له نوێ هێمن گــــــه‌مارۆ
گه‌مارۆی ئه‌م که‌ڕه‌ت کوا وه‌ک چه‌لانه
هه‌تا دۆینێ خه‌فێ و پۆلیس و ژاندارم
ـ وه‌ره بنواڕه ئاکــــــاری زه‌مانه ـ
که‌چی ئێستا ئه‌سیری کیژه کوردێک
چه‌توونه لێی قوتار بێ، به‌م زووانه
ئه‌ویش کیژێ که وه‌ک بڕنۆیه باڵای
چمـــا ده‌بزێوێ هه‌ستی شاعیرانه؟
هــــه‌ڵیگرتم خه‌یاڵی ورد و ناسک
له حاڵێکدا، که ده‌دوان ئه‌م دووانه
به‌من ده‌تگوت به‌یانه‌گوڵ ده‌پشکوێ
خوناوه‌ی ناز ده‌بارێ له‌م ده‌مــانه
سه‌رم سووڕما له‌کاروباری گه‌ردون
لــــــــــه زستان و به‌هاری هاوینانه
له نێوان چیمه‌ن و به‌فرێ چ سه‌یره؟
گزینگێک و هــــــه‌ناسه‌ی پاییزانه!
مــه‌لی شێعرم که دی ئاونگی گۆنای
له سوێیان له‌نگه‌ری گرت له‌م به‌رانه
به‌ترس و له‌رزه‌وه پێمگوت کچی شۆخ
به شـــــــاگرد و چکۆڵه‌ی ویم بزانه
ئه‌گه‌رچی لام گرانه وه‌سفی جوانیت
ڕه‌چاویش کــه‌م ڕه‌وشتی هێمنانه
ده‌بێ بگرین که کوردین قه‌دری میوان
ده‌خیلت بم نـــــه‌ڕه‌نجی لێم به مانه:
نه‌وێرم چاو له چاوت که‌م چ مه‌علووم
که مه‌ستی ژوانه یا کوشته‌ی سه‌رانه؟
برۆت گـــه‌ر تێک بنێی دنیا ده‌شێوێ
به تیرێکی کــــه ده‌رچێ له‌م که‌وانه
ده‌ترسێ دڵ وه‌کوو گواره له زولفت
نه‌وه‌ک بخرێته ژێر پێ کاتی شانه
له تاوان قافیه‌م لاسه‌نگ و سووکه
ئه‌وه‌ند سه‌نگی قیافه‌ی تۆ گــــرانه
بـــه کام واژه بنوێنم ڕه‌وتی باڵات
که ده‌بزێوی به عاسته‌م ئه‌م مه‌مانه
قه‌دی به‌رزو نیگاڕه‌مزو که‌وی ته‌رز
چ خشپیل و به‌ناز و خنجیــــــلانه!
گزینگی دوندی ئــــارێزه بزه‌ی تۆ
کـــــه زیندوو ڕاگری ڕوح و دڵانه
له‌مــه زیاتر چ بێژم چیمه‌نی جوان
چدی مه‌گره به مامۆستا به‌هـــانه
گه‌لاوێژی 1358
• • •
1) شێعره‌کانی ناو ئه‌م که‌وانه‌یه«...» له دیوانی تاریک و ڕوون وه‌رگیراون.
2) (...) تێهه‌ڵکێشی س. چ. هێرش.
سه‌رچاوه: هێمن و من، نووسینی: هێرش، سوێد 1992. ل 56-62