ژیاننامەی سوارە ئیلخانیزادە و شێعرەکانی
بۆ بیستن و یا داگرتنی( دانلۆد ) شێعره‌کانی سواره ئیلخانی زاده لە قەبارەی (فوڕمەت ) mp3 لە سەر بابەتەکاندا کرتە (کلیک ) فەرموون
بەشی۱--بەشی٢--بەشی٣--بەشی٤--بەشی٥--بەشی٦--بەشی٧--بەشی٨
پیرە هەڵۆ(سوارە ئیلخانی زادە)- بە دەنگی کاک عومەر ڕەسوڵی وخاتوو مریەم فەتاحی
سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.
ژیاننامە

سواره کوڕی ئه‌حمه‌د ئاغا، کوڕی حاجی باییز ئاغای ئێلخانیزاده‌یه. ساڵی 1937 له گوندی تورجان (که ده‌که‌وێته نزیک شاری بۆکان) له دایکبوه. هێشتا منداڵ ده‌بێت که عیسمه‌ت خانمی دایکی کۆچی دوایی ده‌کات. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ماڵیان بۆ گوندی قه‌ره‌گوێز ده‌گوێزنه‌وه. له‌وێ باوکی ژنێکی دیکه ده‌هێنێت. ئه‌و ژنه بۆ سواره و خوشک و براکه‌ی وه‌ک دایکی ڕاسته‌قینه واده‌بێت. هاوینی ساڵی 1954 له قه‌ره‌گوێزه‌وه بۆ بۆکان بارده‌که‌ن و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن. له پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا سواره دوچاری نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت ده‌بێت و سێ ساڵ له‌جێدا ده‌یخات. کاتێک ده‌که‌وێته‌وه سه‌رخۆی، سواره‌که‌ی جاران نامێنێت و لاواز و بێهێز ده‌بێت. به‌و حاڵه‌شه‌وه به‌رده‌وام ده‌چێته قوتابخانه و چه‌ند ساڵ له بۆکان ده‌خوێنێت. پاشان ده‌چێته ته‌ورێز و له‌وێ درێژه به خوێندن ده‌دات. ساڵی 1962 بڕوانامه‌ی دیپلۆم وه‌رده‌گرێت و به‌شداریی تاقیکردنه‌وه‌ی زانکۆی تاران ده‌کات. سه‌ره‌نجام له کۆلێژی حقوق له به‌شی قه‌زایی وه‌رده‌گیرێت. له‌و سه‌روه‌خته‌دا کۆمه‌ڵێک ڕوناکبیری کورد له ڕیزی ڕێکخراوێکی نهێنیی به‌ناوی «یه‌کێتی خوێندکارانی کورد له زانستگاکانی ئێران» تێده‌کۆشن. سواره‌ش وه‌ک خوێندکارێک و وه‌ک کوردێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و چالاک ده‌بێته ئه‌ندام تیایدا. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ کیژێکی ئازه‌ری نیشته‌جێی شاری بۆکان به ناوی «ڕوقیا» که چه‌ند ساڵ ئه‌وینداری یه‌کتر بون، خێزان پێکده‌هێنن و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رییه کوڕێک ده‌بێت به‌ناوی «بابه‌ک».

ساڵی 1963 سمایلی شه‌ریف زاده و سواره و ده‌سته‌یه‌ک خوێندکار و لاوی کورد شێلگیرانه تێده‌کۆشن له‌پێناو دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی خوێندکاریی چه‌پ و شۆڕشگێڕ و جموجوڵێکی گه‌رم ده‌ستپێده‌که‌ن.
به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی که له زانکۆ ده‌خوێنێت، مامه‌کانی به‌گشتی و حاجی ڕه‌حمانی ئێلخانی زاده و سه‌عدی موهته‌دی به‌تایبه‌تی یارمه‌تی ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها ئامۆزایه‌کی له خۆی به‌ته‌مه‌نتری به‌ناوی «حه‌سه‌ن» به‌رده‌وام ده‌ستگیرۆیی ده‌کات و ناهێڵێت ده‌سته‌نگیی پێوه دیاربێت.
ڕۆژی 20/3/1964 حکومه‌تی حه‌مه ڕه‌زاشا شاڵاوی گرتن و زیندانی کردنی تێکۆشه‌ران ده‌ستپێده‌کات و نزیکه‌ی 150 لاوی ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ری کورد به تۆمه‌تی هاوکاریی له‌گه‌ڵ (حیزبی دیموکراتی کوردستان) ده‌گرێت و ده‌یانخاته زیندانی «قزل قلعه»وه. سواره‌ش به‌ر ئه‌و شاڵاوی ڕه‌شبگیرییه ده‌که‌وێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌له‌ش نه‌خۆش و لاواز ده‌بێت، به‌ڵام دلێرانه شه‌ش مانگ خۆی ڕاده‌گرێت و ئه‌شکه‌نجه و ئازار وره‌ی پێ به‌رنادات. تا سه‌رنجام هیچی له‌سه‌ر ئیسپات نابێت و ئازاد ده‌کرێت. کاتێک له زیندان دێته ده‌رێ، ده‌چێته‌وه زانکۆ و خوێندنه‌که‌ی درێژه‌پێده‌داته‌وه. ساڵی 1968 خوێندنی زانکۆ ته‌واوده‌کات. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له به‌شی کوردی ڕادیۆی تاران وه‌ک کارمه‌ند داده‌مه‌زرێت. له‌و ڕادیۆیه‌دا به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی به‌ناوی «تاپۆ و بومه‌لێڵ» پێشکه‌ش ده‌کات. ئه‌و به‌رنامه‌یه گوێگرێکی زۆری ده‌بێت و به‌و بۆنه‌یه‌وه سواره له‌نێو توێژێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ناسرێت.
به‌شی زۆری ته‌مه‌نی سواره ململانێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا. ئه‌وه‌نده‌ی که له بیماری و له‌شبه‌باریدا ده‌ژی، ئه‌وه‌نده له‌شی ساغ و ئاسوده به‌خۆیه‌وه نابینێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ژیانه سه‌خت و ناهه‌مواره، هه‌رده‌م وره‌به‌رز و به بیروباوه‌ڕ ده‌بێت.
ڕۆژی 12/1/1976 له‌کاتێکدا که سواره به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕواته‌وه، لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ . به‌ڵام ئه‌و پێی واده‌بێت که ئازارێکی که‌می گه‌یشتوه و هیچی لێنه‌هاتوه. ئیدی ده‌یبه‌نه‌وه ماڵه‌که‌ی خۆی. ورده ورده ئازاری له‌شی زیاد ده‌کات. پاش دو ڕۆژ ده‌یبه‌نه خه‌سته‌خانه‌ی «میساقیه»ی تاران. کاتێک دوکتۆر لێیده‌کۆڵێته‌وه، ده‌ڵێت توشی زه‌ردویی بوه. دواتریش گومانی نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی لێده‌که‌ن. بۆیه بڕیار ده‌ده‌ن که نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بکه‌ن. به‌ڵام به‌رگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که ناگرێت و ڕۆژی چوارشه‌ممه 14/1/1976 دڵی له‌لێدان ده‌که‌وێت. ڕۆژی دواتر کۆمه‌ڵێک له خزمان و دۆستان و ڕوناکبیرانی کوردی تاران، ته‌رمه‌که‌ی بۆ بۆکان ده‌به‌نه‌وه و له مه‌راسیمێکی پڕ ڕێز و شکۆدا له گۆڕستانی و گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.
ئه‌گه‌رچی سواره زیاتر وه‌ک شاعیر ناوده‌رده‌کات، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌ستێکی باڵای له په‌خشان و وتاری ئه‌ده‌بی و چیرۆک و شانۆنامه‌نوسینیشدا ده‌بێت و گه‌لێک به‌رهه‌می ناوازه و سه‌نگین ده‌نوسێت، که به‌شی زۆریان تا ئێستاش به ده‌ستنوسیی ماونه‌ته‌وه. به‌رهه‌مه‌کانیشی به‌ناوی «سواره، ئازاد و پ. ئه‌هورا»وه بڵاوده‌کاته‌وه.
شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون
“ خەوە بەردینە ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.
تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!
سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردی‌یان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!
ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورت‌دا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.
ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.
بەرهەمەکانی سوارە
بەرھەمی چاپکراوخەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران)
چەن پارچە شیعرێک لە سوارە
دووی ڕێبەندان[١]
بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێ‌و، تەختی تاران
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە
ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دار‌ت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان
. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە
مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن»
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان
با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
بژی
بژی
تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨
پاییزه دار و ده‌وه‌ن بێ به‌رگه
دڵ په‌شۆکاوی خه‌یاڵی مه‌رگه
هه‌ر گه‌ڵایێ که له دارێ ده‌که‌وێ
نووسراوێکه به ناخۆش خه‌وه‌رێ
تاو هه‌ناوی نیه وا مات و په‌شێو
له‌شی زاماری ده‌کێشێته نشێو
ڕۆژ په‌ڕه، سارده کزه‌ی بای زریان
کاته بۆ ژینی له ده‌س چوو ، گریان
دڵی پڕ بوو له په‌ژاره و له دڵۆ
ژینی خۆی هاته‌وه بیر پیره هه‌ڵۆ
به قسه خۆشه مه‌ترسی مردن
تاڵه ئه‌و هه‌ستی به مردن کردن
کاتی کۆچ کردنه وه‌ختی سه‌فه‌ره
داخه‌که‌م سه‌ختی ژیانم له‌به‌ره
هه‌ر بینا هات ئه‌جه‌ل و من مردم
با له شیوێ په‌ڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نه‌مان ژینێ بێ ؟
بۆ له‌شی سارده‌وه بوو تینێ بێ ؟
تۆ بڵێی ئه‌و خه‌وه هه‌ستانی بێ ؟
یا نه ئه‌و قافڵه وه‌ستانی بێ ؟
مه‌رگه دێ و دوا به هه‌موو شت دێنێ
هه‌موو ئاواتێ له دڵ ده‌ستێنێ
پاشه‌رۆکێکی بکه‌م له‌م باخه
تاکوو باڵ و په‌ڕی من په‌رداخه
هه‌ر بڕۆم نابه‌ڵه‌د و بێ سه‌ر و شوێن
دیار نییه خێڵی هه‌ڵۆیان له کوێن
شاره‌زای ڕێگه‌یی مردن کێیه
چیه ئه‌و مه‌نزڵه کوێنه‌ی جێیه
نابمه ڕێبواری که‌لی هات و نه‌هات
چاره‌که‌م به‌شکوو ئه‌وا هات و نه‌هات
خۆی به خۆی گوت که ده‌چم بۆ لای قه‌ل
که‌یخودای پیر و به بیری گه‌لی مه‌ل
هه‌ڵفڕی ڕاوکه‌ری زاڵی که‌ژ و کێو
له چیای به‌رزه‌وه ڕووی کرده نشێو
که‌وته ئه‌و ده‌شته له ترسا ته‌ق و ڕه‌و
ده‌رپه‌ڕی کوڕکوڕ و کڕ مایه‌وه که‌و
هاته لای قه‌ل به کزی و بێ وازی
قه‌ل گوتی : مامه هه‌ڵۆ ناسازی ؟
کوتی قاڵاوه ڕه‌شه‌ی پسپۆڕم
پیرم و پێ یه له لێوی گۆڕم
باخی ژینم به خه‌زان ژاکاوه
کاتی مه‌رگه و ئه‌جه‌لیش ناکاوه
پێم بڵێ چۆنه که تۆ هه‌ر لاوی
زۆر به ساڵ پیری به‌ڵام چا ماوی
هێزی ئه‌ژنۆم نیه باڵ بێ هێزه
هه‌موو گیاندارێ ژیان پارێزه
قه‌ل کوتی باشه که گوێ ڕادێری
په‌ندی من پاکی به دڵ بسپێری
ئه‌و ده‌مه بابی به‌هه‌شتی من مرد
دوور له تۆ ده‌رد و به‌ڵای ئێوه‌ی برد
پێی کوتم ڕۆڵه هه‌وای ڕاز و نزار
هه‌یه‌تی ده‌رد و نه‌خۆشی به هه‌زار
دیق و زه‌ردویی و ئاهۆ و وه‌رهه‌م
به گژه‌ی بای به قه‌وت دێن به‌رهه‌م
گۆشتی که‌و چه‌نده که تام داره به ناو
هه‌نگ و هاڵاوێ ده‌هه‌نوێته هه‌ناو
تا وزه‌ی بیر و خه‌یاڵ سه‌رده‌که‌وێ
که له گۆڕ که‌وتی وه‌ها ده‌رده‌که‌وێ
په‌ین و پاڵی که له پاڵی دێ یه
مه‌نزڵی نۆکه‌ری خۆتی لێ یه
که‌ره تۆپیو و که‌لاکی گوێلک
هه‌ڵمی دڵ ڕوون که‌ره‌وه‌ی سه‌رگوێلک
پێکه‌وه چینه بکه‌ین له‌و په‌ینه
بۆی سه‌نێر مه‌لحه‌می بیر و زه‌ینه
ورد به‌وه چه‌نده به‌مانا قووڵه
مه‌سه‌له و گفتی قه‌لی ماقووڵه
بیکه سه‌رمه‌شقی ژیان ئه‌و ئیشه
هه‌ر له سه‌ر داری نه‌وی هه‌ڵنیشه
****
هاته‌وه بیری هه‌ڵۆ ڕابوردووی
پاکی بووژانه‌وه یادی مردووی
گوڵ کرا ڕایه‌خ و پایه‌ندازم
چه‌نده ئاژوا له‌شی کێو ئاوازم
چه‌نده ڕوانیمه زه‌وی له‌و بانه
کێو و ده‌شت له‌و سه‌ره‌وه چه‌ند جوانه
چه‌ن چکۆڵه‌ن په‌له‌وه‌ر له‌و به‌رزه
ئاخ که چه‌ن خوێڕی گره ئه‌م عه‌رزه
چه‌نده ڕاوی که‌و و که‌وباڕم کرد
دوژمنی تاقمی شمقارم کرد
کۆلکه زێڕینه وه‌کوو تاقی زه‌فه‌ر
ئاسمان بۆ منی به‌ست کاتی سه‌فه‌ر
حه‌وته‌وانان بوو مه‌یانی شه‌ڕی من
چه‌نده شۆراوه به خوێن شاپه‌ڕی من
ئێسته بۆ وا ڕه‌به‌ن و داماوم
من هه‌ڵۆ چاو له ده‌می قاڵاوم
سا که ئه‌و کاره وه‌ها ساکاره
مه‌رگه میوانی گه‌دا و خونکاره
هه‌وری ئاسمان بێ خه‌ڵاتم باشه
یا له‌شم خاشه بکێشن باشه
کوتی وا ژینی درێژ پێشکه‌شی خۆت
گۆشتی منداره‌وه بوو هه‌ر به‌شی خۆت
ژینی کوردت و به هه‌ڵۆیی مردن
نه‌ک په‌نا بۆ قه‌لی ڕوو ڕه‌ش بردن
لای هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی به‌رزه مژی
چۆن بژی خۆشه نه‌وه‌ک چه‌نده بژی
له بژوێنی ئاو
گوڵی سێوه‌ڕه به زێو ته‌ندراوه،
هه‌ناسه‌ی ساردی
کورپه‌ی لێو به‌بار
که تاسه‌باری ڕووی مانگی دایکێ
دیلی ده‌ستی شه‌و
هاوار ئه‌کا : مانگ
له هه‌وری ڕه‌شی زوڵم و دزێوی
گه‌ر خۆ نه‌بوێری
ڕۆژی ڕووناکی ئاوێته‌ی دیدار
ڕه‌شایی شه‌و و ترووسکه‌ی ستێر
نابێ له ئاسۆ
له چه‌شنی گه‌رووی که‌و ،
که‌وی دۆمی یه‌خسیری زیندانی داری،
پڕی سه‌وزه به‌سته‌ی خرۆشانی باڕی
ته‌ره‌ی باوه‌شی تاسه‌باری بناری
شه‌پۆلی له گوێن خوێنی شه‌رمی کچانه
له سه‌ر ڕوومه‌تی ماتی بووکی ڕه‌زاسووک
به‌تینی بتاوێنێ ڕوانینی زاوا
گه‌رمتر له پڕشنگی تاوی به‌هاری
وه‌کوو نه‌رمه هه‌نگاوی لاوی به‌ره‌و ژوان
له جێ ژوانی زیندوو به گیانی کچی جوان
وه‌کوو گه‌رمه یاوی قه‌شه‌ی ده‌ستی تاراو
له بژوێنی ده‌ریای بلوورینی به‌روێ
به خوڕ خۆ به دیواری کێوا ئه‌دا ئاو
له‌گه‌ڵ گاشه به‌ردا سه‌ر ئه‌سوێ سه‌ر ئه‌سوێ.
کچی نوور قه‌تیسی ده‌سی دێوی کێوه
له ئه‌نگوسته چاوی دڵی خێوی کێوا
به‌ره‌و ده‌ر، به‌ره‌و شاری ده‌ریا به‌ڕێوه.
گه‌رووی ویشک و چاوی سپی چاوه‌کانی
ده‌رووی ڕوونی ئاوه
به فانۆسی ئه‌ستێره به‌رچاوی ڕوونه
له به‌ر پێی حه‌ریری که‌وه‌ی سێوه‌ڕه
به پۆی مانگه شه‌و چندراوه.
ئه‌ڵێی بورجی خاپووری مێژووی له‌مێژین
له درزی هه‌زار خشتی ڕۆژ و شه‌وانی
دڵۆپه‌ی چپه‌ی پۆلی په‌ریانی دادا
ئه‌ڵێی پێکه‌نینی کچی سه‌رگوریشته‌ی قه‌دیمی
له ئه‌ندامی تاپۆی وه‌کوو بوومه‌لێڵی
سنووری شه‌وی دوێنێ ئه‌وڕۆی به‌یانی
په‌چه‌ی قورسی نسیانی ئینسانی لادا.
ئه‌ڵێی ده‌نگی شمشاڵه ڕه‌شماڵی دۆڵی دڕیوه
شه‌ماڵی ده‌ره‌ی دووره شاری
پشووی پڕ له عه‌تری به‌هاری کچی کورد
به بلوێری شووشی گه‌رووی زه‌رد و زۆڵی
له زه‌نوێری زێو ئاژنی سای زرینگانه‌وه‌ی شه‌و
به خوڕ زه‌مزه‌مه‌ی هه‌ڵبڕیوه
به ئیعجازی ئه‌نگوستی پاکی موحه‌ممه‌د
شه‌تی نوور به ڕووی مانگی عه‌رزا کشاوه
ترووسکه‌ی برووسکه‌ی شه‌وی ده‌م به‌هاری به هه‌وره
له سه‌ر عاسمانی زه‌وی ڕاخوشاوه.
له هه‌ر گاز و ڕێبازێ وا گازی ئاوی ئه‌گاتێ
نیازی هه‌زاران گه‌زیزه‌ی به‌نازی وه‌دی دێ
ئه‌بووژێته‌وه داری چاکی به ودمی هه‌ناسه‌ی
شنه‌ی نه‌رمه لاوێنی ده‌م بای ئه‌خاتێ.
****
ئه‌ڵێن تاجی زمڕووتی دووڕگه‌ی له‌سه‌ر ناوه ده‌ریا
هه‌تا چاو هه‌ته‌ر کا، شه‌پۆله، شه‌پۆله
له بوونا له چوونا
به ئاهه‌نگه سه‌ربه‌ندی بزوێنی خۆشی
له‌به‌ر خۆره تاوا ئه‌ڵێی سینگی ژینه ئاهاژێ
ئه‌ڵێی: هانی هه‌ستانه ده‌نگی خرۆشی
سروودی خوناوه‌ی به‌هاره له گوێما
له هه‌ر شێوه جۆبارێ هه‌ر ده‌شته چۆمێ
له دڵمایه بڕوای به‌رینی به ده‌ریا گه‌یشتن
له تاریکه تاراوگه‌که‌م وا به‌سه‌ر چوو
زه‌مانی ته‌ریکیم
ئیتر خێر و خۆشی له ڕێما
****
وه‌هایه :
که کانی به هیوا
به‌هارانه لووزه‌و ئه‌به‌ستن به‌ره‌و شاری ده‌ریا
به‌ڵام داخی جه‌رگم له گه‌ڵ هه‌ر به‌هارێ
که ڕائه‌چڵه‌کن سه‌وزه‌ڵانی
له خاکینه خه‌ونی گرانا
له دڵما خه‌م و داخی ئه‌م ده‌رده سه‌وزه:
که ده‌ردی گرانی هه‌موو ڕێبوارێ وه‌نه‌وزه
****
گه‌لێ کوێره‌کانی شه‌واره‌ن
زنه‌ی ده‌م به هاواری هاری درۆزن هه‌زارن
که ته‌سلیمی سیحر و ته‌لیسمی بنارن
به‌بێ هه‌وڵی هه‌ڵدان و چارانی چارن
به هیوان بگرمێنێ هه‌وری به‌هاری
ڕه‌هابن
له زیندانی به‌ردینی غارا.
که‌چی ، وا که‌وی و ده‌سته‌مۆی ده‌سته‌ڵاتی ڕکه‌ی دۆڵ و شێون
له‌به‌ر سامی ڕێ وا به‌زیو و ته‌زیون
له گه‌ڵ گۆچی کردن گزنگێ،
چه‌واشه‌ن له پێچی نزارا.
****
هه‌تا بیری تاڵی گڕاوێ
به‌دڵما گه‌ڕاوه
هه‌تا یاد ئه‌که‌م ئاوه به‌و ورمه به‌ردینه کاری کراوه
ئه‌ڵێم سه‌د مخابن
وه‌جاخێ که ڕووگه‌ی هه‌زاران نزای شینه باهۆی به‌تاسه‌ن
وه‌بووژێنه‌وه‌ی هه‌ست و هان و هه‌ناسه‌ن
چلۆنه که بیژووی گڕاوان ئه‌بینن
له نێو چاوی ئه‌و خانه‌دانه
له‌هی چۆنه پیتی بڕاوه؟
نه سۆزه‌ی بلاوێنی میری، خوناوه‌ی به‌هاری
نه تووکی برای ڕێبواری
له کاسی خه‌وا، فێری ڕاسانی ناکه‌ن
له مانا، به ئامان و بریا
په‌شیمانی هه‌رمانی ناکه‌ن
وه‌ها گه‌ی له‌شی به‌و گه به‌ردینه گاوی دراوه
که‌حێلێکه، کۆڕژن و حیله‌ی نه‌ماوه
وه‌هایه که هه‌ر گیایه له‌و ده‌شته شینن
له سه‌ر ماته‌می ئاوه به‌ردینه، سه‌رشین و سه‌رگه‌رمی شینن
****
گه‌لێ گۆله له‌و چۆله یه‌خسیری خاکن
به ڕوویا گه‌ڵا وه‌ک چه‌مۆڵه‌ی کڵۆڵی وه‌ریون
گه‌مارۆی زه‌لی نێزه، وا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون،
که بێ ده‌رفه‌تی پێکه‌نینن به سه‌د به‌رزگی زه‌رده ماسی
لق و پۆپ و هه‌ژگه‌ڵ
وه‌ها ده‌ور و پشتی ته‌نیون
که بێ فرسه‌تی چاوه‌بڕکێ
له گه‌ڵ عه‌ڕشی پاکن
هه‌تا جۆگه ئاوێ به وشکی ده‌بینم
ئه‌ڵێی مێرگی ڕوخساری کیژێکی کاڵ و مناڵه
به کووزی ته‌مه‌ن جاڕه جوانێکی پڕ خه‌وش و خاڵه،
ته‌شه‌نداره جه‌رگی برینم.
به‌ڵێ: دووره گه‌رمێنی ده‌ریا
به‌ڵێ: وایه کانی هه‌ژارن
ئه‌زانم
ئه‌وانه‌ی که پاراوی ئاون بژارن.
ئه‌زانم له ڕێگا،
مه‌ترسی گه‌لێ ژه‌نگ و ژارن.
به‌ڵام کاکه ئه‌و گشته عه‌قڵی خه‌سارن
له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئاوه هه‌ر چاوه‌یه‌ک
باوی هه‌نگاوی خۆشه
به ته‌نیا ئه‌وه شاره‌زای کۆسپ و که‌نداڵی ڕێ یه
هه‌وه‌ڵ مه‌نزڵی زێ یه، ئاواتی به‌رزی زرێ یه
ئه‌زانێ له هه‌ڵدێره هانی به‌هێزی
له ئه‌سکوند و چاڵایه هه‌ڵدان و گێژی
په‌ڕۆی شینی سه‌رشانی ده‌ریایه ژینی که‌رێزی
ئه‌زانێ له‌پێ ناکه‌وێ پێ یه پێڵاوی تاسه‌ی پیاسه‌ی له‌پێ بێ
نه‌وه‌ستان ده‌وه‌ستێ به ده‌ستێ
که خاراوی ئیش و سواوی سوێ بێ
له‌هه‌ر شوێنێ ڕاماوه، داماوه، کاری ته‌واوه
ئه‌زانێ ئه‌بێ هه‌ر بژی و باژوێ، تا بژی تا بمێنێ
هه‌ناوی به هه‌نگاوه، نه‌سره‌وتنه کووله‌که‌ی ڕووحی ئاوه
تۆ وه‌کوو
سروه‌ی به‌یانانی به‌هاری
تۆ له له‌شما
گیانی سووکی نادیاری
بۆ شه‌وی خۆشی و نه‌خۆشیم یادگاری
ڕه‌مزی ئینتیزاری
****
تۆ جریوه‌ی دارسانی جێ ژوانی
بۆ هه‌سێره‌ی به‌رزی ئاواتم
سریوه‌ی
چه‌نده جوانی
گیانه‌که‌م
جاران که ئه‌تکوت
پێکه‌نینت زایه‌ڵه‌ی
سه‌وزی شه‌تاوه
چاوی شینت گۆمی مه‌ندی
پڕ له ماسی
زه‌رد و سووری به‌ر هه‌تاوه
ئێسته بۆ وا شۆڕه‌بی
برژانگی نه‌رمت ده‌وری داوه
بۆچی گه‌رمایی ڕوانینت نه‌ماوه ؟
دزه‌ی نیگای ژێر تارای شه‌رم و ناز
سه‌رنجی کێشام کیژی کرچ و کاڵ
ئه‌ی په‌ریزاده‌ی ئه‌وپه‌ڕی جوانی
له‌وساوه که تۆ
بازی نازی تۆ
بۆ منی کڵۆڵ ئه‌نێریته ڕاو
دڵ وه‌ک دوو ته‌پڵه‌ی
سواره‌ی کوردی
جوانووی نه‌گیراو
مه‌یل ئه‌خاته باڵ
خه‌رمانه‌ی بۆنی زولفت له سار شان
بۆی کێوی شه‌وبۆ فه‌سڵی دره‌نگان
تێریته بیرم
چاوه کاڵه‌که‌ت
هه‌ساره‌که‌ی ڕۆژ بۆ ڕێبواری شه‌و
یا خۆ قاسپه‌ی که‌و له ده‌م به‌یانا
بۆ هه‌وارنشین، هه‌وارگه‌ی شاهۆ
تێریته بیرم
که ڕووی وتارت ئه‌که‌یته لای من
سروه‌ی به‌یانی ، ئازیز شنه شن
تێریته بیرم
ئێوه کێن؟ خێڵی درۆ
گه‌لی ده‌م پڕ له هه‌را
نیشته‌جێی شاری به گرمه و دووکه‌ڵ
پێم بڵێن:
ئێوه چ کاره‌ن ؟
چ که‌سن ؟
ئێوه ئه‌ی کرمی کتێب
یاری غاری هۆده
به گه‌رووی قاسپه‌که‌ری که‌وتارێن
جاڕی کام گوم بوو ئه‌ده‌ن وا به هه‌ڵپه و به ده‌هۆ ؟
ئێوه :
میراتگری کام جێ له‌وه‌ڕن ؟
ئێوه، حاشارگری ڕووبه‌ندی وشه
بووکی بن تارای سوور
خوا نه‌کا بای به ته‌وژمی کوێستان
لابه‌رێ په‌رده له سه‌ر باڵاتان
ده‌رکه‌وێ هه‌ر ده‌کوژن دوورا دوور.
ئێوه :
که‌ی شێری چیان ؟
به‌رده‌ماوخۆری توڵه و گورگی گه‌ڕن
قاقڕه گیانه هه‌وای به‌رپشتێن
شۆره‌کاتێکه کوژه‌ی خه‌ڵفی ده‌ست
زه‌لکه‌یه کۆڕه‌که‌تان ئێوه زه‌لن
هه‌ر به بایه‌ک ئه‌گڕێن بێ ده‌ربه‌ست
کام به‌یان به‌ر بوو له به‌ندی شه‌وه زه‌نگ ؟
کام کوله‌ی شۆڕ به نه‌فه‌ستان لاچوو ؟
مل به به‌رمووری وشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ !
کامه پێ که‌وته پیاسه‌ی ڕێتان ؟
ئێسته وا گرمه له کێوان به‌رزه
مێش ئه‌خاته له‌شی گا بووله‌رزه
ئێوه‌ن و ئێوه‌ن و لۆکه‌ی گوێتان
به‌سیه‌تی ،..... به‌سیه‌تی
واهات ............ وا چوو .
شار
گوڵم !
دڵم پڕه له ده‌رد و کوڵ
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌که‌ت
ئه‌ڵێم به جامێ ئاوی کانیاوی دێ یه‌که‌م
عیلاجی که‌م کوڵی دڵی پڕم، له ده‌ردی ئینتیزاره‌که‌ت
وه‌ڕه‌ز بوو گیانی من له شار و هاڕه هاڕی ئه‌و
له ڕۆژی چڵکن و نه‌خۆش و تاو ویاوی شه‌و
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌که‌ت
له شاری چاو له‌به‌ر چرای نیئۆن شه‌واره‌که‌ت
بڕۆمه دێ که مانگه شه‌و بزێته ناو بزه‌م
چلۆن بژیم له شاره‌که‌ت
که پڕ به دڵ دژی گزه‌م؟!
له شاره‌که‌ت، که ڕه‌مزی ئاسن و مناره‌یه
مه‌لی ئه‌وین غه‌واره‌یه
ئه‌ڵێی له ده‌وری ده‌ست و پێم
ئه‌وه‌ی که تێل و تان و ڕایه‌ڵه، که‌له‌پچه‌یه
ئه‌وه‌ی که په‌یکه‌ره میسالی داوه‌ڵه
ئه‌وه‌ی که داره تێله، مه‌زهه‌ری قه‌ناره‌یه
له شاره‌که‌ت که مه‌ندی دووکه‌ڵه
که دێته ده‌ر له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند
وه تیشکی بێ گوناهی خۆره‌تاو ئه‌خاته به‌ند
له هه‌ر شه‌قام و کووچه‌یه‌ک شه‌پۆڕی شینه
دێ به‌ره‌و دڵم
ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نییه که ئه‌یگوشم
ده‌ستی چێوی یه
له شاره‌که‌ت زه‌لیله شێر،
باوی ڕێوی یه
به هه‌ر نیگایه‌ک و په‌تایه‌که
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌که‌ت
گوڵم، هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل
چلۆن ئه‌بێته جاڕه‌گوڵ
له شاری تۆ، له بانی عه‌ره‌شه قۆنه‌ره‌ی دراو
شاره‌که‌ت
ئاسکه جوانه‌که‌م !
ته‌سکه بۆ ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو
کێ له شاری تۆ، له شاری قاتڵی هه‌ژار
گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوی دڵ؟
منێ که گۆچی تاوی گه‌رمی به‌رده‌واره‌که‌ی عه‌شیره‌تم
به داره ته‌رمی کووچه‌کانی شه‌ره‌که‌ت
ڕانه‌هاتووه له‌شم
بناری پڕ به‌هاری دێ
ڕه‌نگی سوور و شین ئه‌دا
له شیعر و عاتیفه‌ی گه‌شم
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌که‌ت گوڵم
من ئه‌ڵێم :
په‌پووله‌یه‌ک فڕی به باڵی سه‌وز و سووره‌وه
من ئه‌ڵێم :
گوڵێ به ده‌م شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه بزه‌ی بزووت
تۆ ئه‌ڵێی :
چ بوو په‌پووله‌یه‌ک فڕی
یانه سووره‌گوڵ ، زه‌رده که‌وته لێوی ناسکی
من ئه‌ڵێم :
هه‌تا هه‌تایه ده‌وری جوانی یه
ئه‌مڕۆ گه‌ر هه‌تاو که‌سیره‌یه نه‌ماوه ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان به سووتمانی هه‌وری لۆکه‌یی نه‌زۆک
پڕ له خاڵ و قۆپه‌نه
جه‌نگه‌ڵێ که جێ ژوانی پۆله پۆڕی باڕی یه
جێگه مۆڵی که‌متیار و گورگ و ڕێوی یه
شۆڕه‌بی که بۆته داری چاکی بێ نه‌شه و شنه
زه‌لکه گه‌ر ته‌یاری تێر و قۆشه‌نه
خۆشه‌ویسته‌که‌م
له په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه
چاوی من له دیمه‌نی کچی به‌یانی یه
له حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه
گوێم له زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه ورده‌کانی کانیه.
باسی شه‌و مه‌که نه شایه‌ری شه‌وم
باسی خه‌و مه‌که له لای هومێدێکه‌وه فێره سه‌ر ڕه‌وم
به‌و ده‌مه‌ت که بۆنی سه‌د به‌هاری لێوه دێ
بۆنی ده‌شتی به‌ختیاری باوه‌شی چیای، به ده‌ستی با
به گوڵ چناوی، لێوه دێ
بۆنی سه‌رسه‌کۆی به کاگڵی ، به ئاوپژاوی، لێوه دێ
پێم مه‌ڵی که داکه‌وم
پێم مه‌ڵێ که ئاڵی زاڵی شه‌و، چاوی بێخه‌وی چڕه
پێم مه‌ڵێ نه‌هاتنه‌وه ئه‌وه‌ی که چوون
مه‌گری بۆ خه‌ساری بێ گه‌ڕانه‌وه
ڕێگه‌مان دوور و سه‌خت و قاقڕه
خۆشه‌ویسته‌که‌م
ئێمه نوێنه‌ری خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات
ڕۆژهه‌ڵاتی سووری ئاگرین
فێر نه‌بووین به‌زین و دابه‌زین
ڕانه‌هاتووه
چاوی قاره‌مانی کورد
به شه‌ونمی گرین
خۆشه‌ویسته‌که‌م
له په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه
چاوی من له دیمه‌نی کچی به‌یانی یه
له حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه
گوێم له زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه ورده‌کانی کانی یه .
1348
تۆ ده‌ریامی
تۆ ده‌ریامی
به ڕوانینی دووچاوی شینی بێ بنت
به خاوێنیت به ئارامیت
تۆ ده‌ریامی
به شه‌پۆلی له‌نجه و لارت
به تووڕه‌یی جار به جارت
به شه‌نگه ژنیت
به‌سامیت
تۆ ده‌شتی ئه‌وپه‌ڕ نادیاری
بۆ چۆل بڕی له‌پێ که‌وتوو
تاپۆی شاری
تۆ ڕوح سووکی وه‌ک خه‌ونی خۆش
وه‌ک هه‌ناسه
جێ ناگری
له توێی شیعرا چه‌شنی تاسه
تۆ تراوکه‌ی جارێ دیار، گاهێ نه‌دیاری
هیوای تینوێتی ڕێبواری
تۆ شۆڕه‌بی ناو شۆره‌کاتێکی گه‌رمی
له‌به‌ر نیگای تاسه‌باری ئه‌ویندارا
خۆ داپۆشیو به لک و پۆی که‌زیه‌ی نه‌رمی
به‌ڵام ئه‌ی کیژ
ئه‌ی چاو نه‌رم
ئه‌ی خه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی ڕق تیژ
ئه‌مڕۆ من له خه‌سته‌خانه‌م
نه وشیارم نه له‌سه‌رخۆ
لایه‌کی بیرم لای ئه‌و گه‌نجه‌یه
به ده‌می برین پێکه‌نی
به شووره‌ی وه‌ک پۆڵای له‌شی
ڕێگای چه‌کمه‌ی سووری خوێن و ده‌ستی ڕه‌شی«به‌عسی» ته‌نی
لایه‌کی بیریشم لای تۆ
نا ئه‌ی هه‌نیه‌ت وه‌ک مانگه شه‌و
نا ده‌ریای مه‌ندی چاو به‌خه‌و
گڕی ئاخ به‌رمه‌ده گیانم
به نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مه‌متاسێنه
خۆم زامارم
به خوێی توانج
مه‌مکولێنه‌وه، مه‌مسووتێنه‌وه
مه‌ڵێ خۆزگه ده‌زگیرانم
پاڵه‌وپشتی ژیانم
بمردایه.....!
****
به‌ڵام ئه‌مڕۆ
که هه‌ر ساتێ دڵی دایکێ
له کوردستان هه‌ڵ ئه‌قرچێ
به هه‌ر بۆمبای سووتێنه‌رێک، پێشمه‌رگه‌یه‌ک
داری چاکێک دائه‌قرچێ
نه‌تکوتبایه لایه‌کی بیرم لای تۆیه
مه‌گری و مه‌ڵێ ده‌زگیرانت ڕه‌نجه‌ڕۆیه
به‌و زاره‌ی له زه‌رده زیزه
به ئارامی که شێوه‌ی دڵمه‌ندی تۆیه
مه‌ڵێ به‌س ئه‌م گوفت و گۆیه
تۆ لات وایه
من نازانم
سکاڵای دڵداری خۆشه
به‌ڵام ئه‌مڕۆ من به‌شێکی کوردستانم
کیژی سه‌د براکوژراوی نیشتمانم
تازه‌ماسی تاسه‌باری ده‌ستی تینووت
ڕێی نیه بۆ ده‌ریای سینه‌م
هێندی خوا خۆشه‌ویستی
به‌ڵام من کیژێکی کوردم
جه‌هه‌ننه‌مه گڕی سینه‌م
ژێدەر و سەرچاوەکان
١.↑ گۆڤاری ڕووناکی، ژمارە ٢٩٠، ٣/١٠/١٩٦٩، لاپەڕە ١٩
شیعری «دووی ڕێبه‌ندان»ی سواره‌ی ئێلخانیزاده و چه‌ند سه‌رنجێک، ئامادەکردنی: جوتیار تۆفیق ھەورامی
٢-ماڵپەڕی گاگەش
٣-کۆکراوەکانی کتێبخانەی کوردی ئەوین-دی وی دی ویڕژنی دووهەم