نالی ناوی خدرە بە عەرەبی: (خضر) (١٨٠٠-١٨٥٦) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویه‌تی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێده‌رده‌چێت، بێجگە لە زاراوه‌ی ده‌یکی که‌ کوردی بووه‌ فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون. ده‌کرێت بوترێت نالی شاعیر به‌ردی بناغه‌ و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان بووه‌ و یه‌کێک بووه‌ لە گەوە‌‌‌رە‌‌‌ترین شاعیرانی سۆرانی له‌ سه‌رده‌می خۆی و له‌ ئێستاشدا.

ژیان

مشت و مڕێکی زۆر هه‌یه‌ له‌ سه‌ر له‌ دایکبوون و کۆچکردنی نالی له‌ نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئه‌گه‌رچی له‌ لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه‌ چه‌ند ڕایه‌کی جیاواز خراونه‌ته‌ ڕوو به‌ڵام هیچیان دان به‌ ڕاستی له‌ دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن به‌ به‌ڵگه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستاشی له‌ سه‌ر بێت نه‌توانراوه‌ ڕۆژی له‌ دایک بوون و کۆچکردنی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌قیق دیاری بکرێت.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌کن له‌و ڕاو سه‌رنجانه‌ی نووسه‌رانی کورد هه‌یانه‌ له‌ سه‌ر هاتن و کۆچی نالی  :

موحەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی له ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه".
مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردوە.
عەلائەدین سەججادی دە‌ڵێت: "له ١٧٩٧ی زایینیدا هاتوەته دنیاوه و له ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوه".
ئه‌گه‌ر به‌ پێی زۆرینه‌ی لیکۆڵه‌ڕه‌وان کار بکه‌ین بێجگه‌ له‌ عەلائەدین سەججادی ده‌توانرێت بوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوه‌ هه‌ر وه‌ک زۆربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وان له‌ سه‌ر ئه‌م ڕایه‌ کۆکن. ته‌نها به‌ پێی بۆچوونه‌که‌ی عەلائەدین سەججادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه‌، که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ٥٨ ساڵ ژیابێت له‌ چاو لێکۆڵه‌ره‌وان زۆر که‌متره‌ له‌وه‌ی ٥٦ ساڵ ژیابێت.

ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی‌ ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وە‌ها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته ٥٦ ساڵ.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.

له‌ دیوانه‌که‌ی (نالی)دا هاتووه‌ که‌ تێیدا مامۆستا مه‌لا عه‌بدول که‌ریمی موده‌ڕڕیس ده‌ڵێت "مه‌سه‌له‌ی دیاری کردنی ساڵی له‌ دایکبوون و مردنی که‌سێک، شتێک نییه‌ بنیاده‌م بتوانێ به‌ ئیجتیهاد بڕیاری بدا و ، به‌ به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی مێژووی له‌وه‌ زیاترمان پی نه‌کرا که‌ تێکڕا هه‌ندێ له‌و ساڵانه‌ دیاری بکه‌ین که‌ نالییان تیا ژیاوه‌. به‌ڵام به‌ڵگه‌ی تریش به‌ده‌سته‌وه‌ هه‌یه‌ پێمان ئه‌سه‌لمێنێ که‌وا نالی نه‌ له‌ ساڵی ١٨٥٥ و نه‌ له‌ ساڵی ١٨٥٦ مردووه‌ و نه‌ ته‌مه‌نیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووه‌، جا خواه ئیتر له‌ ١٧٩٧ دا له‌ دایک بووبێ وه‌ک عه‌لی موقبیل ئه‌ڵێ یا له‌ ١٨٠٠ وه‌ک ئه‌وانی تر ئه‌ڵێن"

گه‌لێ به‌یتی نالی هه‌یه‌ وا ئه‌گه‌یه‌نن نالی گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نی پیرییه‌کی ڕاسته‌قینه‌و بێ هێز بوون که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ ٥٨ ساڵیدا په‌یدا نابێ، وه‌ک ئه‌مانه‌ :

1."مووی سپی کردم به‌ شوشتن ئاوی عه‌ینی شۆره‌ شه‌ت."
2."بۆ مه‌مک نالی چ منداڵانه‌ وه‌ی وه‌ی کردووه‌."
3." گه‌رچی مووی وه‌ک شیره‌، به‌و شیره‌ شکۆفه‌ی کردووه‌."
4."ئه‌ی تازه‌ جوان ! پیرم و ئوفتاده‌ و که‌وتووم."
5."من پیرم و فانی."
ئه‌وه‌ی که‌ گوتراوه‌ ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌ ١٨٥٣ دا له‌ پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابه‌نده‌ری ڕووسیا کردووه‌ وائه‌گه‌یه‌نێ نالی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ شام ژیاوه‌. چونکه‌ شیعره‌که‌سی که‌ پاش تێکچوونی حوکمی بابانییه‌کان بۆ سالمی ناردووه‌ بۆ سلێمانی، له‌ شامه‌وه‌ ناردوویه‌. له‌ لایه‌کی که‌شه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی مێژووی ژیانی نالییان خستۆته‌ سه‌ر کاغه‌ز باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌ که‌وا نالی پاشان چووه‌ته‌ ئستانبوول و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشای بابان ماوه‌یه‌کی دوور و درێژیان پێکه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌. جا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ نالی ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ شام مابێته‌وه‌ ئه‌نجا چووبێته‌ ئستانبووڵ، ئه‌و ماوه‌ی که‌متر له‌ دوو ساڵه‌ی نێوان یه‌کتری دیتنی خۆدزکۆ و ئه‌حمه‌د پاشا و مردنی نالی له‌ ئستانبووڵ له‌ ١٨٥٥ دا که‌ ئه‌ڵێن له‌و ساڵه‌دا له‌وێ مردووه‌، به‌ پێی توانای هاتوچۆی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ حاڵ به‌شی ته‌نها ڕۆیشتنیکی له‌ سه‌ر خۆی ئه‌و چه‌رخه‌ ئه‌کا، چ جێی ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌کی دوور و درێژی له‌ ئستانبووڵ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشا به‌سه‌ربردبێ.

نالی له‌ شیعرێکیا له‌ به‌رابه‌ری مه‌رقه‌دی پێغه‌مبه‌ر ئیسلام دا ئه‌ڵێ :

"موددێکه‌ که‌ هه‌م گه‌ردشی ده‌ورانی سوپێهرم"

واته‌ : ده‌مێک ئاواره‌ی نیشتمانم و ئه‌سووڕێمه‌وه‌ و ئێستا گه‌یشتوومه‌ته‌ ئێره‌. ئه‌بێ ئه‌م ده‌مه‌ چاند ساڵی خایاندبێ و ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ کوێ به‌سه‌ر بردبێ و کوێ گه‌ڕابێ؟

له‌ شوێنێکی تردا هاتووه‌. حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لی زاده‌ باوکی (مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه) گێڕاویه‌ته‌وه‌ و بێ گومان قسه‌یشی جێگای متمانه‌یه‌، که‌ وا له‌ ساڵی ١٢٨٨ی کۆچی. ١٨٧١-١٨٧٢ ی زاینی دا نالی له‌ مەککە دیوه‌و که‌ دیویشیه‌ زۆر پیر بووە.


نالی و میرنشینی بابان

نالی لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا پەیوەندییەکی زۆر تایبه‌تی هه‌بووه‌. ئەم پەیوەندییەش لە زۆرێک له‌ شیعرەکانی نالیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە هەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندیه‌ی نالی شاعیر و میری بابان:

"هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوه یەقین"

"خۆی که دامێن‌ گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکات"

شاهی ئاسەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووه که وه‌زیره‌که‌ی ناوی ئاسەفی کوڕی بەرخیا بووه و مەبەستی له شای دووەمی ئاسەفیش، سلێمان پاشای بابانه.

"ئەم تاقمه موماتزه کەوا خاسەیی شاهن"

"ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن"

ئەوانەش هەمووی بریتییه له پیاهەڵدان و باسکردنی تاقمه سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایه سوپای کێ بووبێت، ئەگەر هیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، که پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازه بابەتی پێکهێناوه. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' له کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا له سولەیمانی ماوەتەوه و ئەو سوپایەی به چاوی خۆی بینیوه و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوه و دووربە‌دوور پێناسەی کردووه، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکیەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوه تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"

قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی هاوڕێی گیانی به گیانی خۆی ناردووه و ئەوەش تێکڕا پرسیاره له وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.
غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوه وتوویەتی که وەک له تێکڕای بەیتەکانەوه دەرئەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووه له موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی.ک-١٧٨٣ی.ز، ١٢٤٢ی.ک-١٨٢٦ی.ز).


بەجێهێشتنی کوردستان

لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی رووی کردۆتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:


"توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر"


نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا رابواردووەو ، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.


نالی و مه‌به‌ستی شیعری

ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی له‌ شیعری (نالی) دا رچاو کراون ئه‌مانه‌ن:

1.دڵداری که‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری دیوانه‌که‌یه‌تی.
2.وه‌سف ، به‌ تایبه‌تی وه‌سفی به‌هار و دیمه‌نی سروشت و وه‌سفی حوجره‌ شه‌ق و شڕه‌که‌ی و لێهاتوویی و بورده‌باری (که‌ر)ه‌که‌ی !
3.نزاو پاڕاناوه‌ له‌ خوا.
4.بیری وڵات کردنه‌وه‌. قه‌سیده‌که‌ی سالم وه‌ک نموونه‌.
5.لاواندنه‌وه‌ و پیاهه‌ڵدانی پاش مردن.
6.مه‌دح و پیاهه‌ڵدان. مه‌دحی سوپای بابان به‌ نموونه‌.

نالی له‌ سه‌ره‌تای چه‌رخی نۆزده‌هه‌مدا ژیاوه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانی باوی ئه‌ده‌بی بریتی بووه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ، چونکه‌ کورردستان یا سه‌ر به‌ ئیمراتۆریه‌تی عوسمانی یا ئێران بووه‌ و زمانی ڕه‌سمی یا فارسی یا تورکی بووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ش زمانی عه‌ره‌بی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووه‌ و کوردستانیش تێکڕا یه‌کێک بووه‌ ل وڵاته‌ ئیسلامیه‌کان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ نالی خۆیشی خوێنده‌وارێکی ئایینی و مه‌لایه‌کی موسڵامان بوو. جا بۆیه‌ ، نالی ئه‌گه‌رچی زۆری شیعری به‌ کوردی وتووه‌ ، شیعره‌کانی وشه‌ی زۆری فارسییان به‌ ده‌ستکارییه‌وه‌ یا بێ ده‌ستکاری تیایه‌. هه‌روه‌ها وشه‌ی زۆری عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی ئاینی و زاراوه‌ی زانیارییه‌ ئایینییه‌کانی وه‌ک فقه و ئوسسولی دین و مه‌نتیق و فه‌له‌کییاتیان تیایه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی ئیقتیباس و ته‌لمیح به‌کاری هێناون. ئه‌و شیعرانه‌ی که‌ له‌ (موناجات) و نزاو پاڕانه‌وه‌دا وتوونی هه‌موویان ئه‌نجامی ئه‌و کاره‌ کاریگه‌ره‌ن که‌ ئاینی ئیسلام له‌ ناخی ده‌روونیدا کردوویه‌تیی.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دیوانه‌که‌یه‌وه‌ ڕوو له‌ باره‌گای خودا ئه‌کا و ئه‌ڵێ:


ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وکێشی ته‌ماشا

سه‌ر ڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه‌ حاشا

به‌و ڕه‌حمه‌ته‌ عامه‌ت که‌ ده‌کا سه‌نگی سییه‌ه زه‌ڕ

له‌م قه‌لبه‌ که‌ وه‌ک به‌رده‌ ، ڕه‌شه‌، (رش شاشا)


دوو نامەکەی نالی و سالم

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالم ی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی (دوو نامەکەی نالی و سالم)ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی هاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و هەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. (عەبدالرحمن سالم)یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و هەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قه‌سیدەکەی دەست پێ دەکات:


قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور

وەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو هەوا خواە و هەمدەمە!

وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردۆتەوە و دەڵێ: "نالی لە ڕێگای (با)ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و هەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە هەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە “هەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەرونی خۆیەتی”.


 

 شێعری نالی




نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم، شەرط بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ

دەروونم خاڵییە، وەك نەی دەناڵێ
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ!

بیناییم کوێرە، هەڵنایێ بە ڕووی کەس
موژەم یەك یەك دەڵێی بزمارە بێ تۆ

هەموو ئەعضایی ناڵینم دەناڵێ
سەراپام میثلی مۆسیقارە بێ تۆ

قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت
شەرابم عینی ژەهری مارە بێ تۆ

لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە کن من خەرمانی گوڵ خارە بێ تۆ

لە کن من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ

هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ

هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ

لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی 'نالی'
دوو جٶگە، بەڵکو دوو ڕووبارە بێ تۆ.


کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان!

کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان!
له‌ سه‌ر قوبله‌ دڵم مه‌شكێنه‌، قوربان

وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم
حه‌نایی چی؟ هه‌موو خۆ خوێنه‌ قوربان!

شەقی کە، غەیری حوبیی تۆی تێدا بێ،
بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان

له‌ بۆ خه‌ڵقی خه‌ڵات به‌خشانی ماچه‌
خه‌ڵاتی من هه‌موو خۆ جوێنه‌، قوربان
 
فوتووری چاوەکانت نانوێنی،
بە 'نالی' فیتنە بەس بنوێنە قوربان!.


وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی


وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی
ئەوا فەرشی حەیاتی خۆم دەکەم طەی

دەزانی خۆ دەچینە جێی غەریبان
بە مەرگی خۆت ئەگەر چاوان سیا کەی!

گلە ناکەم ئەوەندەی دەنکە جۆیێ
ئەگەر کەللەی سەریشم پڕ لە کا کەی

هەموو وەقتم دوعایە، داخۆ کەی بێ
بە تیرێکم شەهیدی کەربەلا کەی؟!

چ خۆشە من وەکو تازی بنۆڕم
ئەتۆش هەروەک غەزالەی بەڕ هەڕا کەی!

بە حەسرەت عومری من یەکبارە فەوتا
مەگەر عومرێ دووبارەم پێ عەطا کەی

گوتت: 'نالی'! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم
خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی!.


حــــه‌ناییی کـــردووه‌ پـــه‌نــجـه‌ی بــه‌ خــوێناوی دڵـــی زارم


حــــه‌ناییی کـــردووه‌ پـــه‌نــجـه‌ی بــه‌ خــوێناوی دڵـــی زارم
ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ شه‌هــاده‌ت بێ که‌ کـــوشته‌ی ده‌ستی دڵـدارم

گــوتم: ئایــا بـــه‌ زاری خۆت ده‌پرســی حــاڵـی زاری مــن ؟
بــرۆی هێنایه‌ یه‌ک، وه‌ک شــکڵی (لا) یه‌عنی که‌ بـــێزارم

عه‌جه‌ب ئه‌ستێره‌ شه‌و هه‌ڵدێ له‌ ترسی خوسره‌وی خـاوه‌ر
به‌ ڕووی تـــۆم دیده‌ هـــه‌ڵنایێ شــه‌و و ڕۆژ، ئــه‌رچی بێـدارم

طه‌بیبی من ده‌بـــێ ده‌خڵی هه‌بـێ، صـاحیب ئیشاره‌ت بــێ
مـه‌گـــه‌‌ر چـــاوت بزانێ من له‌به‌ر چی مـــه‌ست و بیـمـارم !

به‌ سه‌روم وت که‌ ڕاسته‌ سه‌رکه‌ش و به‌رزی، که‌چی له‌رزی:
کـــه‌ فه‌رقیشم بــگاته‌ ئـــاسمان بـــه‌نده‌ی قـــه‌دی یـــارم‌ !

له‌ شیرینیی ئه‌تۆ، ئه‌ی خوسره‌وی تــه‌ختی زه‌مین، ڕه‌نــگه‌
بـــــگـاتـــه‌ ئـــاسمانــــی بێسـتــوون فه‌رهـــادی هـــاوارم

برۆت باڵی هوما سایه‌ی ‌ سـه‌ری سوڵطانی حـــوسنت بــوو
خه‌طت هات و وتی: من ناسیخی طـــوغــرایــی خـــونــــکارم

سه‌راپـــا هـــه‌روه‌کـــوو حــــه‌ڵقـه‌ی زرێ په‌روێزه‌یی خــوێنم
بــــه‌ یــه‌ک یـــه‌ک تیری مـــوژگـــــانی زرێ دۆزت بـــریندارم

حـــه‌مایێل کــه‌ ده‌مــی تێغت له‌ حه‌ڵقه‌ی گه‌ردنی (( نــالی))
مـــه‌گـــه‌ر تێـراو ببم بـــه‌و ڕه‌نـــگه‌، تینووی ســـاعیدی یارم.


ســــــه‌ری هـــه‌ر مــووی بـــه‌ده‌نـم طه‌رزه‌ تـه‌مـه‌ننایێـــکـه‌


ســــــه‌ری هـــه‌ر مــووی بـــه‌ده‌نـم طه‌رزه‌ تـه‌مـه‌ننایێـــکـه‌
گـــه‌ردشـی تــووکـی ســـه‌رم دووکه‌ڵـــی ســـه‌ودایـێـــکــه‌

وه‌ره‌ ســــه‌ر سـه‌یـری صه‌فــاگــاهـی نـــه‌ظه‌رگه‌ی چــــاوم
کــــه‌ عـه‌جـه‌ب مــه‌نـظه‌ره‌یـــی ســه‌یـرو تـــه‌مـاشـــایـێـــکه‌

ســـۆزشێـــکــی نـــه‌فــــه‌س و شــۆڕشـی نــــائی نـــــایێ
هـــــه‌ریــه‌کـــه‌ نــــه‌وعــه‌ غــینـایێــــکه‌، بـــه‌ مــــه‌عنایێــکه‌

حـــه‌لـقـه‌ حـــه‌لـقـه‌ی‌ چ ده‌کــه‌ی داوی کـه‌مـه‌ندی زوڵــفـت
بــۆ دڵـــی خــه‌سـته‌ کـــه‌وا بــه‌ستــه‌یی هــــه‌ودایـێــــکه‌ ؟!

هـــه‌رده‌مـــه‌ فــه‌رشـی که‌سێـکی که‌یه‌ بــێ مه‌هرو نیکــاح
دوور لـــه‌ چــاکــانـــی، عـه‌جـــه‌ب فــــــاحیشــه‌ دنیایێـــکه‌ !

(( نـــــــــالی )) ئـــاسووده‌ نییه‌ طوولــی نــه‌مـامی عومرت
بــه‌ نـه‌فـه‌س دێت و ده‌چێت، ئـــه‌سـڵـی لــه‌سـه‌ر بـــایێـــکه‌


ده‌روونــم پــڕ کـــه‌بــــاب و ده‌رده‌ بـــێ تـۆ


ده‌روونــم پــڕ کـــه‌بــــاب و ده‌رده‌ بـــێ تـۆ
دڵم گه‌رمه‌ و هــه‌ناسه‌م سـه‌رده‌ بــــێ تـۆ

خـه‌ریکی شه‌ش‌ده‌ری هــات و نـــه‌هــاتـم
خه‌لاصیم قه‌ت نییه‌ له‌م نـــــه‌رده‌ بـــێ تـۆ

لیباسم مــاتــه‌مـــه‌، شینه‌، لــــه‌ شیندام
سوروشکم سووره‌، ڕه‌نـــگم زه‌رده‌ بــێ تۆ

عه‌زیزم ! دڵ ڕه‌قه‌ و خۆم فــــه‌رد و تــــه‌نهام
ده‌ترسـم بمـــکوژێ ئــــه‌م ده‌رده‌ بـــێ تـۆ

بـه‌ بێ دیــداری تــــۆ خـــۆ لاڵـه‌ "نـالـــــی"
عـه‌جه‌ب هه‌ستاوه‌ ئه‌م چه‌ن فه‌رده‌ بێ تۆ !.


بـــــا ڕه‌فیقــــانـم بــــكەن شینم كـــه‌ وه‌قــتــی زارییه


بـــــا ڕه‌فیقــــانـم بــــكەن شینم كـــه‌ وه‌قــتــی زارییه
قەط مەكەن تەقصـیر لەگریان، شیوەنــم یـــه‌گـجـارییه

تیرەكــەی ئــــه‌وڕۆژە مەحبووبەم كە لوطفی كــرد بە من
گـــــەر نەبەخشێ مـــەرهەمی وەصڵی، برینم كارییه

حەپسی چــــاهی میحنەتم، كـــافر بەحاڵی من نەبێ!
كـــــار و پیشەم دائیـمــــەن گـــــــریـــان و شین و زارییه

هـــه‌ر بـــە ئوممێدی عــــه‌یادەت بەڵــــكە جارێ بێتە لام
من، ئــــەگەرچـــی بیشمرم، پێم خــۆشە ئەم بیمارییه

كـەس نه‌كــا مه‌نعی گــوڵم، گەرچی دڵی كردوومە خوێن
چــونــكە مەعلوومە كە ئیشی خونچە هەر خوێن‌خوارییه

كوچە كوچە خــون چـــه‌كەی په‌یكــــانی مـــوژگانـی گوڵم
بــــۆ شەهیدی شــــاهیـدە دائیـــم كـــە خـــوێنم جارییه

هه‌رچی مـه‌حبووبان دەكەن خۆشه، بەڵام داخی ڕەقیب
دەمـكوژێ، طــه‌رحی مـرێ، هەر وەك كــه‌ری بێــگارییه!

ناڵە ناڵی "نــــالی"یە وا خــــه‌ڵــقــی خستە زه‌لـــزه‌لـــه،
یـــــا نە خـۆ حــــه‌شره، گـــونــه‌هــكارە وەهــا هاوارییه؟!.


ئه و سیلسیله وا میشگی خەتا نێوی براوه


ئه و سیلسیله وا میشگی خەتا نێوی براوه،
پر پێچ و شكەن، خەم بە خەم و، حەڵقه كراوه،

لەولاوێكه لەولاوه به ئەم لاوه كشاوه،
یا یاسەمەنی خاوه به ڕووی ڕۆژدا ڕژاوه؟!

یا دووكەڵی جەسته ی منه بەو شەمعه سوتاوه،
یا هەوری سیاتاوه كه مانیع له هەتاوه؟!

داوێكه له ڕووی دانەیی خاڵت تەنراوه
زنجیره له پێی مائیلی ئەو ڕووته نراوه

هەی هەی! غەڵەطم گوت. ئەمه ظوڵمەت، ئەوه ئاوه
بەو ظوڵمەته، بەو ئاوه، حەیاتم غەڵەطاوه

دڵ تینووه، سووتاوه، به بێ طاقەت و تاوه
ڕێگەم به سەراوه، كه دەچم ڕێم بەسراوه

ئەو شەربەته، ئەو جامه شەراوه لەبی ناوه
بۆ "نالی"یه ئاخر كه خودا بۆ ئەوی داوه.


شه‌وی یـــه‌ڵدایه‌، یــــا ده‌یجـــووره‌ ئــــه‌مشه‌و


شه‌وی یـــه‌ڵدایه‌، یــــا ده‌یجـــووره‌ ئــــه‌مشه‌و
که‌ دیــده‌م دوور له‌ تۆ بێ‌ نــووره‌ ئــــه‌مشه‌و؟!

دڵم وه‌ک حـــــاکــمی مـه‌عزوولــه‌، قــــوربان!
خــه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نــــظووره‌ ئه‌مشه‌و

دڵیش مــــایـل بـــه‌ دیـــده‌ی تـــــۆیه‌، بـۆیـــه‌
له‌ من وه‌حشی و ڕه‌میده‌ و دووره‌ ئـــه‌مشه‌و

کـــه‌ تۆی شای که‌چ‌کولاهی دیده‌ مـــه‌ستان،
چ باکـــم قه‌یصــه‌ر و فـــه‌غفووره‌ ئــه‌مشه‌و؟!

له‌ خـه‌و هه‌ڵساوه‌، یـــــا ئـــــاڵــۆزه‌ چـــــاوت؟
هه‌میشه‌ وایـــه‌، یــــا مه‌خمووره‌، ئـــه‌مشه‌و؟

سوروشــــکم نه‌قشی چـاوی تۆ ده‌کێشــێ
جــێگەم سه‌ر داره‌که‌ی (مه‌نصـوور)ه‌ ئه‌مشه‌و

موسوڵمـــانــان ده‌پرسن حــــاڵی " نـــــالی"
له‌ کونـجی بێ‌که‌سی مـه‌هجووره‌ ئـه‌مشه‌و.


سـه‌یلی هـیجرت به‌ردی بنچینـه‌ی لـه‌ ڕه‌گ هێنـامـه‌ ده‌ر

سـه‌یلی هـیجرت به‌ردی بنچینـه‌ی لـه‌ ڕه‌گ هێنـامـه‌ ده‌ر
بـاری فیـکرت قه‌ددی ڕاستـی تێـکشــکاندم وه‌ک فه‌نه‌ر

شیری ئـــــه‌برۆت ، تیری غـه‌مزه‌ت وا له‌ جـه‌رگم کارییه‌
دێت لــه‌ تۆفـانـی دوو چـاوم له‌ت‌له‌تـی خوێنی جــــگه‌ر

چـــــــاو و دڵ شــه‌ڕیـانه‌ ، نـازانــم خـه‌تای کامیـانــه‌ خـۆ
تــا بـه‌ داری کــه‌م ، ده‌ری که‌م بیخه‌مـه‌ شین و چه‌مه‌ر

نـووری چــــــــاوم ! چاوه‌که‌م بێ نووره‌ بێ تۆ ، ذه‌ڕڕه‌یـی
خـــاکی ده‌رگــاکه‌ت ببێژم بیــــکه‌مه‌ کوحـــلی به‌صــه‌ر

دڵ مووشـه‌ببه‌ک بـــوو لـــه‌به‌ر ئێشان و نێشـانی مـوژه‌ت
ئیشی چـــاو بوو بۆیه‌ هێنده گریام و خوێنـی که‌وته‌ سه‌ر

له‌ت‌له‌ت وکـون‌کــون بووه‌ دڵ وا له‌ شه‌وقی شیره‌کـه‌ت
ڕۆحــه‌که‌م دێت و ده‌چــێ ، نازانم له‌ کــامیان دێته‌ ده‌ر؟!

هـه‌رچــــی مــه‌حبووبه‌م ده‌بینــێ وا ته‌حه‌ییور ده‌یـــگرێ
سـوێن ده‌خـوا بـه‌ خــــوا ده‌ڵـێ (( بالله‌ مـــــا هذا بشر ))

چەندە خۆشە دابنیشین دوو بە دوو ئەمن و گوڵم
داکەوێتن موددەعی لەو خوارە هەروەک دەستی کەر

ڕۆژپـــــه‌رستی ڕووته‌ ((نالــــــی)) بۆیه‌ دائیم وه‌ک غوڵام
زه‌ردو گـــــــه‌رده‌ن‌کـــه‌چ له‌ ده‌رگات حاضره‌ ده‌سته‌و نـه‌ظه‌ر.


دڵ ده‌ڵێ سه‌یری چــه‌مه‌ن خـۆشـه‌ جـه‌وابی نـاده‌م


دڵ ده‌ڵێ سه‌یری چــه‌مه‌ن خـۆشـه‌ جـه‌وابی نـاده‌م
مــودده‌تێـکـه‌ لــه‌ قـه‌فــه‌سدایـــه‌، عــه‌ذابی نـاده‌م

مه‌جلیسێکی چه‌مه‌ن و بولبول و به‌زمی گـوڵ و موڵ
به‌ دووصـه‌د مـــه‌دره‌سه‌ و ده‌رس و کیتابـی نـــــاده‌م

گوتـم: ئــه‌ی مــاهـ، دڵــی من به‌ دڵی خــۆت بــکڕە!
گوتی: من به‌ردی بــه‌ قیمه‌ت به‌ کــه‌بــابــی نــاده‌م

گۆشه‌گیرم لــه‌ بـــــرۆت و، موته‌وه‌ححیش له‌ موژه‌ت
ڕۆحـــی شیرینم ئـــه‌بـــه‌ر شیر و قــولابـی نـــاده‌م

طـه‌ڵـــه‌بــی سینه‌یی چـــاکم مــه‌کـه‌ بـــه‌و چـــاوانه‌
سینه‌کـــه‌م چــــاکه‌ به‌ ئینسانی خــــه‌رابی نــاده‌م

(( نالیـــا )) ئەم غەزەلەت تازە بە تازە وتووە
بە دووصەد ( مەثنەوی ) و ( لوببی لوباب )ی نادەم.


هەرچـــەنده كــه عومری خضر و جامی جەمت بوو

هەرچـــەنده كــه عومری خضر و جامی جەمت بوو
چونـــكه ئەمەلت زۆره، چ عومرێـــكی كـــەمت بوو!

ئــــەی جامیعی دونیا و قیامـــه‌ت بـــە خــــەیاڵات
ئـــەو ڕۆژه كـــه مـــردی، نه ئەوت بوو نه ئەمت بوو!

بێزاره لـــــه تۆ ئیسته، هــەمـــاغـووشی عــه‌دووته
دونیــــــا،‌ كـــه دوێنێ حــه‌ره‌می مـــوحتــه‌ره‌مت بوو!

دوێنێ چ بــــوو دەتدا بـــه زوبــان لافی كەرامەت؟!
ئەمڕۆ نــه‌ده‌مت بــوو، نــه‌ ده‌مـت بوو،‌ نــه‌ ده‌مت بوو!

عومرت نه‌فه‌سێكی كــــه هــــه‌موو عــــالەمی دێـــــنا
بمره لــــه غەمیدا كـه هه موو صەرفی غه مت بوو

وەك شــەڵته پــه‌ین گــه‌هـ ‌پــڕ و گـه‌هـ ‌خاڵییه بەطنت
صەوم و ئەمەلت باعیثــی نەفس و شـكەمت بوو

(( نـــالی )) چییه وا میثـلی جوعه‌ل غـه‌رقی شیاكه‌ی
خـۆ تــۆ به حیسابـی وەكــو پەروانــه شەمت بوو؟!.


گـــه‌ر ده‌پرســی مـن له‌ بـه‌ر چــی کـه‌م ده‌خـۆم


گـــه‌ر ده‌پرســی مـن له‌ بـه‌ر چــی کـه‌م ده‌خـۆم
مــن بــه‌ برســی قه‌ط مـه‌زانــه‌ ، غــه‌م ده‌خـۆم

ئــــــــاوی سوێری چـــــاو و بـــــاری تاڵــــی لێو
ســـوێر و تـاڵـــــیی دەم‌دەم و ژەم‌ژەم ده‌خـۆم

تــــــــــا ســـه‌ری زوڵفت له‌سه‌ر ڕوو حــــه‌ڵقه ‌دا
مــن وه‌کــو مـــــاری ســه‌ر ئـــاگر خـه‌م ده‌خـۆم

ئــــــاوی که‌وثه‌ر نۆشـی صۆفــــی بێ کـه‌ مـن
ئـــــــاوی ئینسـان ، یه‌عنـی ماچــی ده‌م ده‌خـۆم

شه‌ربه‌تـــــی خـــه‌وف و ڕه‌جـــای ئه‌غیار و یـــــــار
ترش و شیریـن هـــه‌م ده‌چێژم ، هــــه‌م ده‌خـــۆم

مــن لــــــــه‌ طه‌وری عـالــه‌م و ده‌وری فــــه‌لـــه‌ک
ضه‌ربـــــی لازیب، زه‌خــــمــی بێ مه‌رهه‌م ده‌خـۆم

تـــــــاڵی بێ‌یار و دیــــــار و تـــــار و مـــــار
عـــه‌لقه‌می چی؟ ئه‌رقه‌می چی؟ سه‌م ده‌خـۆم !

نـه‌وعــــه‌ ئینسـانـــێ هه‌یــــه‌ غـــــه‌م قـــــووتییه‌
مـــن غه‌مـــی خـۆم و غه‌مــــی عـالـــه‌م ده‌خـۆم


ڕه‌فـیـقــــان ! مـن ئــــه‌وا ڕۆیـیـم لـــه‌ لاتـــان


ڕه‌فـیـقــــان ! مـن ئــــه‌وا ڕۆیـیـم لـــه‌ لاتـــان
لــــه‌ مـــه‌ظڵــوومـــان بڵا چـــــۆڵ بـــێ وڵاتان

بــڵا ســــا شـــار به‌ شـــار و دێ بــه‌ دێ بین
لـــــه‌ ده‌س یـــــاران بـــــکه‌ین طه‌یــی وڵاتــان

مه‌ڵێن که‌ڵکی نــه‌بوو،‌ ڕۆیی ، جــه‌هــه‌ننه‌م !
ســـه‌رم قــــه‌ڵـغــانــه‌ بـــۆ تیری قــــه‌ضاتــان

سه‌فــــه‌رمان چـــونکه‌ ڕێی هـــات و نـه‌هاته‌
دوعـــامـــان بـۆ بـــــکه‌ن ، ئێوه‌ و خـــــوداتان !

منم سه‌رکرده‌تان بــۆ لـــه‌شـــــکری غــــه‌م
ده‌ترسم من بـڕۆم ، بشـــکێ‌ ســـوپـــاتـــان

شــــکاری وه‌حشیـان بــه‌س ده‌سته‌مـۆ کـه‌ن
نــــه‌وه‌ک بـــه‌ر بـــێ شــــکاری خـــانــه‌زاتـان

ئه‌وه‌نده‌ ئه‌رجوو ده‌کا ((نالـــی)) کـه‌ جـار جــار
بکەن یادی موحیببــــی بێ ڕیاتــــان.


قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور!


قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور!
ئه‌ی په‌یكی شاره‌زا به‌ هه‌موو شاری (شاره‌زوور)

ئه‌ی لوطفه‌كه‌ت خه‌فیی و هه‌وا خواه و هه‌مده‌مه‌ !
وه‌ی سروه‌كه‌ت به‌شاره‌تی سه‌ر گۆشه‌یی حوضوور!

ئه‌ی هه‌م میزاجی ئه‌شكی ته‌ڕ و گه‌رمی عاشقان:
طۆفانی دیده‌ و شه‌ره‌ری قه‌لبی وه‌ك تەنوور!

گاهێ ده‌بی به‌ ڕه‌وح و ده‌كه‌ی باوه‌شێنی دڵ
گاهێ ده‌بی به‌ ده‌م، ده‌ده‌مێنی ده‌می غوروور

مه‌حوی قه‌بووڵی خاطری عاطر شه‌میمته‌
گه‌ردی شیمال و گێژی جه‌نووب و كزه‌ی ده‌بوور

سووتا ڕه‌واقی خانه‌یی صه‌برم، دڵ و ده‌روون
نه‌یماوه‌ غه‌یری گۆشه‌یی ذیكرێكی یا صه‌بوور

هەم هەم‌عەنانی ئاهم و، هەم هەم‌ڕیکابی ئەشک
ڕه‌حمێ به‌م ئاھ و ئه‌شكه‌ بكه‌، هه‌سته‌ بێ قوصوور

وه‌ك ئاهه‌كه‌م ده‌وان به‌ هه‌تا خاكی كۆیی یار
وه‌ك ئه‌شكه‌كه‌م ڕه‌وان به‌ هه‌تا ئاوی (شیوه‌سوور)

به‌و ئاوه‌ خۆت بشۆ له‌ كودوراتی سه‌رزه‌مین
شادبن به‌ وه‌صلی یه‌كدی: كه‌ تۆی طاهیر، ئه‌و طه‌هوور

ئه‌مجا مه‌وه‌سته‌ تا ده‌گه‌یه‌ عه‌ینی (سه‌رچنار)
ئاوێكه‌ پڕ له‌ نار و چنار و گوڵ و چنوور

چه‌شمێكه‌ میثلی خۆر كه‌ له‌ صه‌د جێ، به‌ ڕۆشنی
فه‌ورانی، نووری صافه‌ له‌سه‌ر به‌ردی وه‌ك بلوور

یا عه‌كسی ئاسمانه‌ له‌ ئاوێنه‌دا كه‌وا
ئه‌ستێره‌كانی ڕابكشێن وه‌ك شه‌هابی نوور

یا چه‌شمه‌ســاری خاطری پڕ فه‌یضی عاریفــه‌
یه‌نبووعی نووره‌ دابڕژێنێ له‌ كێوی طـوور

ده‌موت دوو چاوی خۆمه‌ ئه‌گه‌ر (به‌كره‌جۆ) یی ئه‌شك
نه‌بوایه‌ تیژ و بێ ثه‌مه‌ر و گه‌رم و سوێر و سوور

داخڵ نه‌بی به‌ عه‌نبه‌ری سارایی (خاك و خۆڵ)
هه‌تا نه‌كه‌ی به‌ خاكی (سوله‌یمانی) یا عوبوور

یه‌عنی ڕیاضی ڕه‌وضه‌ كه‌ تێیدا به‌ چه‌ن ده‌مێ
موشكین ده‌بی به‌ كاكۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور

خاكی میزاجی عه‌نبه‌ر و، داری ڕه‌واجی عوود
به‌ردی خه‌راجی گه‌وهه‌ر و، جۆباری عه‌ینی نوور

شامی هه‌موو نه‌هار و، فوصوڵی هه‌موو به‌هار
تۆزی هه‌موو عه‌بیر و، بوخاری هه‌موو بوخوور

شارێكه‌ عه‌دل و گه‌رمه‌، له‌ جێـگـێكه‌ خۆش و نه‌رم
بۆ ده‌فعی چاوه‌زاره‌ ده‌ڵێن شاری شاره‌زوور

ئه‌هلێكی وای هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌هلی دانشن
هه‌م ناظیمی عوقودن و هه‌م ناظیری ئوموور

سه‌یرێ بكه‌ له‌ به‌رد و له‌ داری مه‌حه‌لله‌كان
ده‌ورێ بده‌ به‌ پرسش و ته‌فتیش و خوار و ژوور

داخۆ ده‌روونی شه‌ق نه‌بووه‌ (پردی سه‌رشه‌قام)؟!
پیر و فوتاده‌ ته‌ن نه‌بووه‌ (داری پیرمه‌سوور)؟!

ئێسته‌ش به‌ به‌رگ و باره‌ عەلەم‌داری (شێخ هه‌باس)
یا بێ نه‌وا و به‌رگه‌، گه‌ڕاوه‌ به‌ شه‌خسی عوور؟!

ئایا به‌ جه‌مع و دائیره‌یه‌ ده‌وری (كانی با)،
یاخۆ بووه‌ به‌ ته‌فریقه‌یی شۆڕش و نوشوور؟!

(سه‌یوان) نه‌ظیری گونبه‌دی كه‌یوانه‌ سه‌بز و ساف،
یاخۆ بووه‌ به‌ دائیره‌یی ئه‌نجومی قوبوور؟!

ئێسته‌ش مه‌كانی ئاسكه‌یه‌ (كانیی ئاسكان)،
یاخۆ بووه‌ به‌ مه‌لعه‌به‌یی گورگ و لووره‌لوور ؟!

ئێسته‌ش سوروشكی عیشقی هه‌یه‌ (شیوی ئاودار)،
یاخۆ بووه‌ به‌ صـۆفیی وشكی به‌ له‌ حه‌ق به‌ دوور ؟!

داخۆ ده‌روونی سافه‌، گوڕه‌ی ماوه‌ (تانجه‌رۆ)،
یاخۆ ئه‌سیری خاكه‌ به‌ لێڵیی ده‌كا عوبوور؟

سه‌یرێكی خۆش له‌ چیمه‌نی ناو (خانه‌قا) بكه‌
ئایا ڕه‌بیعی ئاهووه‌، یا چایری ستوور؟!

سه‌بزه‌ له‌ ده‌وری گوڵ، ته‌ڕه‌ وه‌ك خه‌ططی ڕوویی یار
یا پووشی وشك و زووره‌ وه‌کو ڕیشی (كاكه‌ سوور)؟

قه‌لبی مونه‌ووه‌ره‌ له‌ حه‌بیبانی نازه‌نین،
یا وه‌ك سه‌قه‌ر پڕه‌ له‌ ڕه‌قیبانی له‌نده‌هوور؟

دەس‌بەندیانە دێن و ده‌چن سه‌رو و ناره‌وه‌ن،
یا حه‌ڵقه‌یانه‌ صۆفی ملخوار و مه‌نده‌بوور؟

مه‌یلێ بكه‌ له‌ سه‌بزه‌ دره‌ختانی مه‌دره‌سه‌:
ئه‌وراقیان موقه‌ددیمەیی شینه‌ یا نه‌ سوور؟

حه‌وزی پڕی كه‌ نائیبی دیده‌ی منه‌ له‌وێ،
لێڵاوی دانه‌هاتووه‌ وه‌ك سه‌یلی (شیوه‌سوور)؟

ئێسته‌ش كه‌ناری حه‌وشه‌كه‌ جێی باز و كه‌وشه‌كه‌،
یاریی تیایه‌، یا بووه‌ته‌ مه‌عره‌ضی نوفوور؟

چاوێ بخه‌ له‌ سه‌بزه‌ و سێرابی دائیره‌
جێ جلیوه‌گاهی چاوه‌كه‌مه‌ نه‌رمه‌ یا نه‌ زوور؟

توخوا فه‌ضایی ده‌شتی فه‌قێكان ئه‌مێسته‌كه‌ش
مه‌حشه‌ر میثـاله‌ یا بووەته‌ (چۆڵی سه‌لم و توور)؟

واصـیل بكه‌ عه‌بیری سه‌لامم به‌ حوجره‌كه‌م
چی ماوه‌، چی نه‌ماوه‌، له‌ هه‌یوان و تاق و ژوور؟

ئه‌و غاری یاره‌ ئێستە پڕ ئه‌غیاره‌، یا نه‌ خۆ
هه‌ر غاری یاره‌، یا بووته‌ غاری مار و موور؟

زارم وه‌كو هیلال و نه‌حیفم وه‌كو خه‌یاڵ!
ئایا ده‌كه‌ومه‌ زار و به‌ دڵدا ده‌كه‌م خوطوور؟!

له‌م شه‌رحی ده‌ردی غوربه‌ته‌، له‌م سۆزی هیجره‌ته‌
دل ڕه‌نگه‌ بێ به‌ ئاو و به‌ چاوا بكا عوبوور!

ئایا مه‌قامی ڕوخصـه‌ته‌ له‌م به‌ینه‌ بێمه‌وه‌،
یا مه‌صـڵه‌حه‌ت ته‌وه‌ققوفه‌ تا یه‌ومی نه‌فخی صـور؟

حاڵیی بكه‌ به‌ خوفیه‌: كه‌ ئه‌ی یاری سه‌نگ دڵ
''نالی'' لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور....


عاشقی بـێ دڵ ده‌نــاڵی ، مـــه‌یلی گــــریانی هـەیه


عاشقی بـێ دڵ ده‌نــاڵی، مـــه‌یلی گــــریانی هـەیه
بــــێ شــکه هــــەورەتریشقه تــــاوی بارانی هـەیه

چاوی من ده‌م‌ده‌م دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گه‌ش
دا بڵێن ده‌ریای عــــــومــــانه‌ دوڕڕ و مه‌رجــــانی هه‌یه‌

پــــــه‌رچـــه‌می ڕوو داده‌پـۆشێ، پێچی زوڵفی پێچه‌یه‌
دا بــه‌ ڕۆژیش پێی بڵێن شه‌معی شه‌بــوستانی هه‌یه‌

ئاسمـانی حوسنی مه‌حبووبه‌م له‌ ئه‌بـرۆ و زوڵف و ڕوو
دوو هیلال و دوو شـــه‌و و دوو مـــاهی تـابــانی هه‌یه‌

هــه‌ر لــه‌بت، یـا سینه‌شت هه‌ر دوو به‌ده‌رخه‌، دا بڵێن:
لــه‌علی ڕوممانی هه‌یه‌، یــــا له‌عل و ڕوممانی هه‌یه‌

وه‌حشییه‌ لێمان له‌به‌ر طه‌عنه‌ی ڕه‌قیبی سه‌گ صـــیفه‌ت
ڕاسته‌ هه‌ر ذیی‌ڕۆحێ، بــۆ وه‌سواسه‌ شه‌یطانی هه‌یه‌

دڵ موشه‌ببه‌ک بــــوو له‌ به‌ر ئێشانی نیشانی مــوژه‌ت
حـــه‌یــفـه‌ قـــوربان! ئــاخر ئه‌م نیشانه‌یی شانی هه‌یه‌

لــه‌حظه‌یێک و لـــه‌محه‌یێک چــــاوم به‌ چـــاوی ناکه‌وێ
کـــێ ده‌ڵــێ وه‌حشی غه‌زاله‌ مه‌یلی ئینسانی هه‌یه

تۆ ئــه‌گــه‌ر هه‌ستی، له‌ جێ ڕاوه‌ستی دێو و کافریش
دێن ده‌ڵێن: به‌ خـــودا قیامه‌ت ڕاسته‌ هه‌ستانی هه‌یه‌

فارس و کــورد و عـــه‌ره‌ب هه‌ر سێم به‌ ده‌فته‌ر گـرتووه‌
"نـــــالی" ئه‌مڕۆ حاکمی سێ موڵکه‌، دیـوانی هه‌یه‌.


نه‌فه‌س بگره‌ له‌ هاتوچۆیی خۆڕایی هه‌تا ماوی

نه‌فه‌س بگره‌ له‌ هاتوچۆیی خۆڕایی هه‌تا ماوی
که‌ ئه‌م بایه‌ هه‌تا ئێستاکه‌ هه‌ر عومری به‌ با داوی

حه‌یاتت نه‌قدی ته‌حصیلی به‌قاو و ڕیبحی ڕیظوانه‌
ئه‌تۆ ده‌یکه‌ی به‌ مایه‌ی ده‌خڵ و خه‌رج و که‌سبی به‌دناوی

عه‌جه‌ب ماوم له‌ جه‌رگت، ئه‌ی دڵه‌ی غافڵ، که‌ موددێکه‌
له‌سه‌ر ئه‌م ئاگره‌م داناوی، هێشتا هه‌ر نه‌برژاوی

مه‌ثه‌ل دنیا ژن و، چه‌رخیش خه‌ڕه‌ک، ده‌م ده‌م به‌دۆخی غه‌م
ڕه‌گی تاری وجودت با ده‌دا، هێشتاکو هه‌ر خاوی

زه‌مانه‌ چه‌رخ و، چه‌رخی ئاسمانیشی، فه‌له‌ک فیلکه‌
سه‌ری ڕشته‌ی وجودی چه‌نده‌ باداوی و هه‌ر ماوی

مه‌گه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ دنیا که‌وا کاسی له‌به‌ر که‌ئسی!
به‌ نه‌غمه‌ی عودی سوتاوی، به‌نه‌شئه‌ی طاسی تاساوی!

ئه‌مێسته‌یش، گه‌رچی عه‌یش و عوشره‌تت هه‌ر تاڵ و تاڵاوه‌
به‌ مه‌رگی تۆ، له‌ پاشانیش ده‌خۆی تاڵاوی تاڵاوی

هه‌وای سه‌یری به‌ڕ و به‌حر ئاگری به‌رداوه‌ته‌ عومرت
که‌ تۆزی مونعه‌قید خاکی، دڵۆپێ مونجه‌مید ئاوی!

که‌ خاکی، خاکی دامه‌ن به‌، وه‌گه‌ر نه‌، تۆزی به‌ربادی
که‌ ئاوی، ئاوی گه‌وهه‌ر به‌، وه‌گه‌ر نه‌، بڵقی سه‌رئاوی

هه‌تا شه‌ققه‌ی فه‌له‌ک نه‌بوه‌ به‌ کافوری کفن، هه‌سته‌
که‌ ئه‌مشه‌و فرصه‌ته‌، هێشتا فه‌له‌ک ماوی، ئه‌تۆش ماوی

نه‌واڵه‌ی تۆبه‌ ده‌ربێنه‌، هه‌تا ته‌ن نه‌بوه‌ته‌ سفره‌
پیاڵه‌ی شیشه‌ بشکێنه‌، هه‌تا وه‌ک کوپه‌ نه‌شکاوی

به‌ میعراجی سولوکی سالیکاندا، تا نه‌چی ڕۆژێ،
له‌ناو جه‌هلی موره‌ککه‌بدا ده‌مێنی هه‌روه‌کو ماوی

گه‌دا ئینسان و دنیا غوربه‌ته‌ ((من حیث لا تشعر))
به‌ هیممه‌ت طالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی

شتێکه‌ بێ شه‌بیھ و جینس و فه‌صڵ و که‌شف و ته‌قریره‌
موبه‌ڕڕایه‌ له‌ ته‌قریر و حه‌دیثی حادیث و ڕاوی

نه‌زانینیت له‌به‌ر عیجزه‌، نه‌وه‌ک جه‌هله‌، که‌ئه‌م چشته‌
قه‌دیمه‌ نایه‌ته‌ ته‌قریری قه‌ولی حاکی یو ڕاوی

له‌ قورئاندا به‌ (ما اخفی لهم) مه‌کتوم و مه‌ختومه‌
به‌یان نابێ به‌ ته‌فسیری دو‌صه‌د (که‌ششاف) و (به‌یظاوی)

موبه‌ییه‌ن بوو له‌ قورئاندا به‌ نووری (قره الاعین)
نه‌ واظیح بوو به‌ (که‌ششاف) و، نه‌ ڕۆشن بوو به‌(به‌یضاوی)

که‌ جێگه‌ت بۆ عیباده‌ت بێ، چ فه‌وقانی چ ته‌حتانی
که‌ حوبت بۆ سیاده‌ت بێ، چ (به‌رزنجی)، چ (باراوی)

مه‌که‌ ده‌عوایی پاکیی یی نه‌سه‌ب بۆ جیفه‌یی دونیا
که‌ سه‌ید بی، چ (به‌رزنجی)، چ (پیریایی) چ (باراوی)

وه‌ره‌ ئه‌م نیکته‌یه‌ من پێت بڵێم ((نالی)) ئه‌گه‌ر فه‌رضه‌ن
هه‌موو دنیات ببێ، هێشتاکو هه‌ر حه‌یران و داماوی


ماهی من

تا له‌ من ئه‌و زوڵفه‌ ڕێی بۆسه‌ و که‌ناری گرتووه‌
ناو ده‌مم بێ شوبهه‌ تامی زه‌هری ماری گرتووه‌

خۆش له‌سه‌ر سینه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ دوو گۆی سه‌ر به‌ مۆر
مات و حه‌یرانم که‌ عه‌رعه‌ر که‌ی هه‌ناری گرتووه‌!

ئه‌ژده‌های زوڵفی له‌ ده‌وری گه‌نجی حوسنی حاریسه‌
حه‌ڵقه‌ حه‌ڵقه‌، چین به‌ چین، سه‌ر تا به‌ خواری گرتووه‌

ماهی من ته‌نها مه‌هێکه‌ صه‌د نوجوومی مه‌حو کرد
یاری من ته‌نها گوڵێکه‌ صه‌د هه‌زاری گرتووه‌

دامه‌نی پاکی مه‌داری دائیره‌ی خامه‌ک نییه‌
خوێنی مه‌قتولانه‌ وا دامێنی یاری گرتووه‌

گه‌رد و بادی هیجری تۆ وا عاله‌می لێ کردمه‌ تۆز
نه‌ک دوو چاوم، به‌ڵکه‌ حه‌تتا دڵ غوباری گرتووه‌

شه‌ربه‌تی عوننابی لێوی شه‌ککه‌ر و بادامی چاو،
سه‌روی قه‌ددت ڕاسته‌ ئه‌نواعی ثیماری گرتووه‌

له‌علی شه‌ککه‌رباری تۆ تێراوه‌، شه‌ککه‌ر باریه‌
لێوی میحنه‌ت‌باری من بێ ئاوه‌، باری گرتووه‌

پڕجه‌فایه‌، بێ وه‌فایه‌، زود جه‌نگه‌، دێر صوڵح
صه‌د درێخ و حه‌یفه‌ طه‌بعی ڕۆزگاری گرتووه‌

یادی (کانی دمدم) و سه‌رچاوه‌که‌ی (مێگوڕ) ده‌کا
(به‌کره‌جۆ)ی چاوم که‌ شێوه‌ی (سه‌رچنار)ی گرتووه‌

بێ مه‌حابا ئاو ده‌ڕێژێ گه‌ھ به‌ فه‌ور و گه‌ھ به‌ ده‌ور
چاوی من موددێکه‌ شێوه‌ی ئابشاری گرتووه‌

شه‌معی به‌زمی من که‌وا سوتاوه‌، زه‌رد و ئه‌شک ڕێژ
قه‌ت نییه‌ فه‌ردێک نه‌ڵێ ڕه‌نگی مه‌زاری گرتووه‌

مودده‌عی زه‌جرم ده‌کات و، پێم ده‌ڵێ: صه‌برت ببێ
که‌ر به‌ له‌عنه‌ت بێ که‌ که‌ی عاشق قه‌راری گرتووه‌!

(نالی) وا دائیم که‌ مه‌شغوڵی فوغان و ناڵه‌یه‌
باعیثی هیجرانی یاره‌ دڵ شه‌راری گرتووه‌