جیهان ئارا
![]()
وه‌ك هه‌موو كچێك ژیانی مند‌اڵی و عازه‌بی له ماڵی باوكی بردۆته سه‌ر. سه‌ید تاهیری هاشمی به‌ڕێزه‌وه ناوی جیهان ئارا ده‌با، به‌یه‌كێ له زانایانی پاوه‌ی داده‌نێ، ده‌ڵێ له جوانیدا شۆخ و شه‌نگ و بێ وێنه بووه، شیعری جوانی نووسیوه.
جیهان ئارا هێشتا بچووك بووه كه حه‌مه به‌گی وه‌كیل حه‌زی لێ كردووه، چووه بۆ خوازبێنی به‌ڵام شووی پێ نه‌كردووه. له پاشانا شووی به‌عه‌لی ئه‌كبه‌رخانی ئه‌رده‌ڵانی كردووه، ئه‌مه پورزای خۆی بووه له باوكییه‌وه.
له دوای ماوه‌یێكی كه‌م له ساڵی 1880 عه‌لی ئه‌كبه‌ر له لایه‌ن ناسره‌دین شای قاجاره‌وه بانگ كراوه‌ته تاران و كراوه به به‌ڕێوبه‌ری ئازربێجان. ئیتر ئه‌م كابرایه له‌و خۆشییه‌دا جیهان ئارا له بیر ده‌چێته‌وه، كچێك له شازاده‌كانی قاجار ده‌ێنی و به‌م هۆیه‌وه ته‌ڵاقنامه بۆ جیهان ئارا ده‌نێرێ. زۆری پێ ناچێ جیهان ئارا مێرد به‌حه‌بیبوڵڵاخانی سه‌ره‌ك عێلی بابه‌جانیی جاف ده‌كا. له‌مه چه‌ند مند‌اڵی ده‌بێ و ژیانی وه‌ك خانمی ماڵ ده‌باته سه‌ر.
ئه‌م ژنه شاعیره له ساڵی 1911 له جوانڕۆ كۆچی دواییكردووه و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێرراوه.
جیهان ئارا شاعیرێكی خۆڕسك و هه‌ست ناسك بووه، مێردی یه‌كه‌می زۆر خۆش ویستووه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌كوڵ بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه شیعری موناجاتی گله‌یی و لاواندنه‌وه‌ئامێزی هۆنیوه‌ته‌وه. ئه‌م كرده‌وه‌یه له وێژه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شتێكی نوێ بوو.
كارێكی ئاسایییه دلبه‌ر پشت له دڵدار بكا و به‌جێی بهێڵێ و پیاوه‌كه ببێ به‌كۆیله و لێی بپاڕێته‌وه، كه‌چی لێره‌دا جیهان ئارا پشتگوێ خراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شیعر شین و شه‌پۆڕ بۆ جیابوونه‌وه‌ی مێردی ده‌كا.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی جیهان ئارا له هه‌ڵوێستی مه‌ستووره ناكا به‌رامبه‌ر به‌خوسره‌و خانی والیی ئه‌رده‌لان چونكه خوسره‌و خان یه‌کێ له كچه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی قاجاری هێناوه مه‌ستووره‌ی ته‌ڵاق نه‌داوه و خۆشی ویستووه، شیعری مه‌ستووره بۆ مردنی خوسره‌و جیاوازه له شیعری جیهان ئارا بۆ ئه‌وه مێرده‌ی ته‌ڵاقی داوه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر خۆشی ویستووه.
جیهان ئارا درۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌كردووه، ئه‌و دڵداریییه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه له گیانێكی خاوێن و بێ گه‌رده‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
جیهان ئارا بۆ جیابوونه‌وه‌یه قه‌سیده‌یێكی "پۆیێمێكی" درێژی داناوه، ژماره‌ی دێڕه‌كانی له سه‌د تێپه‌ڕی كردووه، له‌و شیعره‌دا وه‌ك موناجاتێك له‌گه‌ڵ مێردی كۆنی ده‌دوێت.
سه‌ره‌تا به‌م دێڕانه ده‌ستپێده‌كات:
قیبله‌م ده‌ماغم قیبله‌م ده‌ماغم
نه‌مه‌نده‌ن نیه‌ن به‌رزی ده‌ماغم
دوور جه تۆ به‌رده‌ی ده‌روون دا‌غ داغم
زنجیر ته‌قدیر كه‌رده‌ن یاساغم
كه‌م كه‌م كه‌رده‌ن سۆمای چراغم
په‌ژمورده‌ن غونچه‌ی گوڵاڵه‌ی باغم