تۆڵه‌ی جودایی
ســــاقیا، ڕووم تێکه‌وه، ڕووم تێکه‌وه
نه‌خته نه‌خته، نامه‌وێ بۆم تێكه‌وه
لێم مه‌پرسه کێم؟ چ کاره‌م کوێنده‌ریم؟
لێم گه‌ڕێ چیم هه‌نده‌ریم یا موشته‌ریم؟
موشته‌ری نیم شاعیرێکم بێ وڵات
تێکه مه‌ی نه‌مدیوه ڕووی خۆشی چ کات
مه‌ی ده‌وایه بۆ زوخاوی ده‌رده‌دار
ده‌رده‌دارم، ده‌رده‌دارم، ده‌رده‌دار
ده‌ردی من ده‌ردێكی ئاسایی نییه
ده‌ردی خۆم و ده‌ردی ته‌نیایی نییه
ده‌ردی من ده‌ردی له‌مێژینه‌ی گه‌له
ئه‌و گه‌له‌ی دوژمن قه‌ڕانی پێ هه‌له
ده‌ردی بی مافی و په‌ت و سێداره‌یه
ده‌ردی کوردی بێکه‌س و ئاواره‌یه
ده‌ردی من ده‌ردێکی سه‌خته و خوێنده‌ڵێن
دڵچز و گورچووڕز و وه‌رهه‌مهه‌ڵێن
له‌و ده‌وایه تێکه با بیخۆمه‌وه
با به مه‌ستی بچمه دنیای خۆمه‌وه
گه‌رچی چاری ده‌رده‌که‌م نه‌کرێ به‌مه‌ش
قه‌یدی نییه با نه‌ختێ سه‌رخۆش بین ئه‌مه‌ش
& & &
ساقیا، ئاوڕده‌وه، ها، ورده‌وه
وا خوماری هه‌ڵمه‌تی هاورده‌وه
چاره‌ێی به‌ربۆته نێو دڵ ئاگرێ
قه‌ت به قوم قوم، چاری ده‌ردم ناکرێ
هێنده پڕ ده‌ردم ئه‌گه‌ر بووبا، ده‌با
بیکڕم هه‌رچی شه‌ڕاب و باده با
بۆیه ڕووم کردۆته نێو مه‌یخانه‌وه
تا به با ده‌م خه‌م له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌وه
ئێره‌یی نیم تا ڕه‌چاو که‌م چۆنه داب
لێم گه‌ڕێ بۆم دامه‌نێ جامی شه‌ڕاب
نامه‌وێ ئه‌م که‌پکه‌په و ئه‌م ده‌بده‌به
پێم نیشان ده، کۆپه و ده‌فر و ده‌به
بێڵی ئێستا سه‌ر له کۆپه‌ی ڕاده‌که‌م
مه‌مکه لۆمه، چاده‌که‌م گه‌ر وا ده‌که‌م
& & &
ساقیا، ڕێ کل مه‌که، ڕێ کل مه‌که
بێره‌لام، هه‌ر ڕوو له ئی زل زل مه‌که
مه‌ی ره‌فیقی بێ نه‌وایه، بێنه، وام
تا بڵێی ڕووت و هه‌ژار و بێنه‌وام
پیاوی بێده‌رد کوا ده‌زانێ قه‌دری مه‌ی
دێته نێو مه‌یخانه هه‌رشه‌و، بۆ گه‌مه‌ی
ڕێ مه‌ده قه‌ت باده‌خۆری بێ ده‌لیل
چی ده‌وێ ئینسانی گه‌نده و که‌لله‌فیل
ئه‌و که‌سانه فڕ بده‌ن هه‌ر پیاڵه‌ێی
دێننه بیرم ده‌نگی ئاه و ناڵه‌ێی
ئه‌و که‌سه‌ی وا زگزل و بڵح و بڵه
بۆ ده‌بێ به‌ربێته باده وه‌ک مڵه
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یزانی دڵته‌نگی چییه؟
پیاوه‌تی و ویژدان و یه‌کڕه‌نگی چییه؟
ئه‌و که‌سه‌ی وه‌ک سه‌گ له سه‌ر پووڵ وه‌رکه‌وێ
بۆ ده‌بێ مه‌یخانه بێ، جێی هه‌ر شه‌وێ
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یزانی چۆنه ره‌نچ و کار
هه‌ر به خۆشی ڕایبواردووه ڕۆژگار
ئه‌و که‌سه‌ی نوستووه هه‌تا لای نیوه‌ڕۆ
بۆ ده‌بێ بگرێته‌وه جێی ڕه‌نجه‌ڕۆ
ئه‌و که‌سه‌ی هه‌رگیز نه‌ڕێژێ ئاره‌قێ
سه‌یره سه‌یره، چۆن ده‌چێژێ ئاره‌قێ
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یبیست شه‌وێ ناڵه‌ی ئه‌وین
ئێمه که‌ی هاوده‌نگ و هاوپیاڵه‌ی ئه‌وین
ئه‌و که‌سه‌ی بێده‌رده ساقی، دوور له ڕووت
ده‌ک، له جێ بیکاته ژار و ژه‌قنه‌مووت
گه‌ر دڵۆپێک بۆ ده‌وا باده‌ی ده‌نێ
سه‌یره ئی وا، لێره وه‌ک با، ده‌یده‌نێ
& & &
ساقیا، لێم لامه‌ده، لێم لا مه‌ده
ڕوو له‌مه‌ش که، چاوه‌که‌م سه‌ر با مه‌ده
بێنه مه‌ی، بۆمه‌ی، کڵۆڵی دوور وڵات
ئه‌و وڵاته‌ی بووکی شادی لێ هه‌ڵات
ئه‌و وڵاته‌ی کۆتری ئازادی له‌وێ
که‌وته به‌ر شاڵاوی داڵاشی شه‌وێ
ئه‌و وڵاته‌ی ڕۆژگارێ بوو... ده‌مێ
بۆنی خۆشی و ڕه‌نگی شادی دی که‌مێ
داخه‌که‌م دێوزمه ڕویی تێکرده‌وه
خوێنڕژی لێی بوو به باو و کرده‌وه
ئه‌و وڵاته‌ی چاوی تۆی پێ روون ده‌بوو
ئێستێ ساقی لێی ده‌خوێنێ کونده‌بوو
& & &
ساقیا، بۆ پێشه‌وه، بۆ پێشه‌وه
ئاخۆ چبکه‌م به‌م دڵه‌ی پڕ ئێشه‌وه
بێنه مه‌ی، بۆ مه‌ی له سه‌ر خاک ڕاونراو
نیشتمانی کوت کوت و ئه‌نجن کراو
ڕامه‌مێنه، بێنه خۆ و ئیمانه‌که‌ت
پڕکه‌وه بۆم، نوێکه‌وه په‌یمانه‌که‌ت
تۆش که دیبات گوند و شاری نیشتمان
چۆن له ژێر بارانی بۆمبا تێکڕمان
تۆش که دیبات ڕۆژی تاڵی کاره‌سات
بۆچزیلک و بۆکڕووزی نێو وڵات
موو ڕنینی خوشک و دایکی مل به کوێن:
ــ سه‌ر له کوێن و ده‌ست له کوێن و مل له کوێن
بابه هه‌ی ڕۆ و دایه هه‌ی ڕۆ و خاڵه ڕۆ
کاکه‌ڕۆڕۆ و داده ڕۆڕۆ و ڕۆڵه ڕۆ
شێت و ماخولیا ده‌بووی تۆش ساقیا
دات ده‌گرت ڕیگا به‌ره‌و چۆل و چیا
تۆش ئه‌گه‌ر چاوت له شاری "بانه" با
کورد که چه‌شنی کێوی"ئاربابا" نه‌با
کوا ده‌با مابایه.. ئه‌مما بشته‌زێ
نابه‌زێت و نابه‌زێت و نابه‌زێ...
& & &
ساقیا، بمنواڕه‌وه، بمنواڕه‌وه
چاوێ کل که، نه‌ختێ بۆلای خواره‌وه
مه‌ی ڕه‌فیقی بێکه‌سانه، بێ که‌سم
لابه‌ری ژه‌نگی دڵانه بێ، هه‌سم
بێنه مه‌ی، بۆمه‌ی غه‌ریبی بێ قه‌رار
تازیه‌باری داخداری ڕه‌نج خه‌سار
تۆش ئه‌گه‌ر با و گه‌رده‌لوولی ڕۆژگار
به‌رببا گوڵزاره‌که‌ت وه‌رزی به‌هار
تۆش ئه‌گه‌ر په‌ڕپه‌ڕ ببا خونچه و گوڵت
ئاگری خه‌م به‌رببا جه‌رگ و دڵت
تۆش ئه‌گه‌ر خزم و که‌ست جێ هێشتبا
ده‌ردی دووری دایک و بابت چێشتبا
تۆش له زیندانێ ببان، دۆست و برات
پێم بڵێ: تۆ چیت ده‌کرد؟ خۆت و خودات
نه‌تده‌برد وه‌ک من، ئه‌تۆش بۆ مه‌ی په‌نا؟
مه‌ستی خۆشه وه‌ختی وا، وانییه ده‌نا؟
& & &
ساقیا مه‌ی بێنه‌وه مه‌ی بێنه‌وه
ڕووت له کوێیه زووکه بۆ مه‌ی بێنه‌وه
تا بڵێم کێ جامی باده‌ی باده‌دا
ئه‌و نه‌یاره‌ی ڕه‌نجی مه‌ی به‌ر با ده‌دا
تۆش که دیبات ڕاوه کورد و خوێنمژی
ده‌سته ده‌سته گرتن و ئینسانکوژی
کوشتنی په‌نجا و نۆ که‌س پێکه‌وه
نه‌تده‌گوت: تۆبی خودا، بۆم تێکه‌وه
تۆش که دیبات گه‌نج و لاوی شاره‌کان
سرت و خورتی عاشق و دڵداره‌کان
ساوه ساوی کۆرپه‌ڵه‌ی سه‌ر لانکێ
چاو چاو و ڕۆڵه‌رۆڵه‌ی دایکێ
ده‌یته‌زاندی ڕۆڵه لایلایه‌ی شه‌وێ
ــ ڕه‌ببی ڕۆڵه شه‌ڕفرۆش کۆستی که‌وێ
تۆش که نامه‌رد گرتبایان سێ به‌رت
یا به تف ئه‌نگاوتبایان سێبه‌رت
تؤش که هه‌ر کارێ له ده‌ستت هاتبا
کردبات و مافی خۆت نه‌ستاندبا
ئه‌م شه‌وه‌ت بۆ مه‌ستی باده‌ی داده‌نا
یا ده‌نا، نا، "نۆت له سه‌ر ده‌ی داده‌نا"!
& & &
ساقیا، بمخوێنه‌وه، بمخوێنه‌وه
ئاخۆ چبکه‌م به‌م دڵه‌ی پڕ خوێنه‌وه
هێند له سه‌رمایه خه‌یاڵی بێ ژمار
هه‌ر خومارم، هه‌ر خومارم، هه‌ر خومار
بێنه مه‌ی بۆ مه‌ی له ڕێی عیشقا ئه‌سیر
خه‌سته و مارگه‌سته و ئاماڵ پیر
دڵپڕی ماڵ کاولی گورچوو بڕاو
خاوه‌نی خامه‌ی کولی ده‌فته‌ر دڕا‌و
بولبولی گوڵ په‌ڕپه‌ڕی وێرانه ماڵ
شاعیری سه‌وداسه‌ری جوانی و جه‌ماڵ
تا ده‌توانی بێنه بۆم ئی توند و تاڵ
با به بینه بچمه ناو ده‌ریای خه‌یاڵ
تۆش که دیبات شۆخه‌کوردێ خۆش خه‌رام
ژیکه‌ڵه و باریکه‌ڵه و باڵا نه‌مام
لاروله‌نجه و رؤین و ئۆین و حاڵه‌تی
زولفی لوول و په‌رچه‌م و خاڵ و خه‌تی
دست و په‌نجه و به‌ژنی شووش و ناسکی
ڕاخوشین و ڕه‌وت و شێوه‌ی ئاسکی
به‌زمی نه‌زمی هێز برژانگ و برۆ
عه‌زمی جه‌زمی کاتی ڕه‌زما وه‌ک مرۆ
ته‌رزی ڕه‌مزی ڵێوی ئاماڵ سوور و ئاڵ
ڕازی نازی چاوی مه‌ست و نه‌ختێ کاڵ
گا، به‌ناز ئاوڕێکی لێ دابایه‌وه
رۆژێ سه‌دجار مردبای ژیابایه‌وه
ساقیا، ئاورت ده‌گرت ئه‌و عانه تۆش
جامی مینات نۆش ده‌کرد مه‌ستانه تۆش
یه‌ک به خۆت ده‌تکرد، هه‌را و هاوارو داد:
"هه‌رچی بادا، هه‌رچی بادا، هه‌رچی باد!"
& & &
ساقیا، وا لاده‌وه وا لاده‌وه
سه‌ر سه‌رێ تاکه‌ی، سه‌رێ له‌ملا ده‌وه
بگره، ئه‌مشۆ قه‌دری ئێمه‌ی چاو له ڕێ
هیمنانه"باده‌وه" و 'وا وه‌رگه‌ڕێ"
"واوه‌ره ده‌ی واوه‌ره، نیزیک به لێم"
چاوه‌ڕێتم، چاوه‌ڕێتم، چاوه‌ڕێم
بێنه مه‌ی، بۆ مه‌ی قڕاتووی بێنه‌وا
ته‌ڕکه‌وه نه‌ی ژه‌نگهه‌ڵاتووی بێ نه‌وا
هه‌رکه مه‌ست بووم شه‌رته وه‌ک نه‌ی هێمنی
بۆت بڵێم ئه‌و شێعره جوانه‌ی (هێمن) ی
"کورده‌واری ئه‌ی وڵاته جوانه‌که‌م
ڕۆڵه‌که‌م، خێزانه‌که‌م، باوانه‌که‌م"
خۆشه‌ویستم، دڵبه‌ره نه‌شمیله‌که‌م
ژیکه‌ڵه‌ی خشپیله‌که‌ی خنجیله‌که‌م
ئه‌ی تریفه‌م، ئه‌ی تروسکه‌م، یاره‌که‌م
یاره‌که‌ی نازداره‌که‌ی ڕازداره‌که‌م
ئه‌ی ئه‌وه‌ی وێردی ده‌م و زاری منی
چاوه‌ڕێی دیداری تۆم وه‌ک (هێمن) ی
(هێمن) ێکی هات به‌ره‌و ژوان بێته‌وه
مه‌ست و سه‌رخۆش و گه‌ش و جوان بێته‌وه
هات ببینێ نیشتمان و زێده‌که‌ی
هات ببینێ خزم و کاک و دێده‌که‌ی
هات به‌ره‌وو ده‌شت و ده‌ر و دۆڵ و ده‌راو
هات به‌ره‌و دێ و دیمه‌ن و دێم و به‌راو
هات به‌ره‌و هۆبه و هه‌واری کێله شین
وه‌ک مه‌مێ بگرێته ئامێز یایه زین
هات وه‌کوو سیامه‌ند په‌لی وردی بڕی
بۆ خه‌جێ هات کیوی هه‌ڵگوردی بڕی
هات ببینێ یاری گۆرینی له‌بار
یاری جوانی دووره‌ژوانی چاوخومار
هات که ده‌یگوت: "تا بمێنێ هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم"
هات ببینێ گشت عه‌زیزانی وڵات
هات و هات و هات و هات و هات و هات
هات به‌ره‌و دوندی بڵیندی کێوی له‌ند
شاعیری گه‌وره‌ی گه‌لی خۆش زه‌وق و ڕه‌ند
هات که دیتی دوور به دوور ڕه‌شپۆشه یار
هات.. له به‌رزایی گه‌لا و که‌وته خوار
عیشقی پیریی، بووبه دێوی کۆنه‌ساڵ
گرتی ئه‌وکی شاعیری ناسک خه‌یاڵ..
& & &
ساقیا، به‌س بێنه مه‌ی، به‌س بێنه مه‌ی
وا به‌یانه، مه‌ستی تۆڵه‌م ئه‌و ژه‌مه‌ی
له‌و گزینگه‌ی ئێستێ وا هاتۆته‌ده‌ر
هێشوو هێشوو تیکده‌نێم تێشووی سه‌فه‌ر
تین ده‌ده‌م هێز و بڕست و هه‌ستی خۆم
دێنمه دی ئاواتی به‌رز و قه‌ستی خۆم
هه‌ڵده‌که‌م قؤل بۆ خه‌باتی پڕ خه‌ته‌ر
سه‌د ته‌لێسم و که‌ند و کۆسپم بێته‌به‌ر
تا بمێنێ گیان و سه‌ر تا سه‌ر ده‌ڕۆم
هه‌ر ده‌ڕۆم و هه‌ر ده‌ڕۆم و هه‌ر ده‌ڕۆم..
مه‌رگه‌وه‌ڕۆک، گه‌لاوێژی 1363(1984)