جیهان ئارا
![]()
وه‌ك هه‌موو كچێك ژیانی مند‌اڵی و عازه‌بی له ماڵی باوكی بردۆته سه‌ر. سه‌ید تاهیری هاشمی به‌ڕێزه‌وه ناوی جیهان ئارا ده‌با، به‌یه‌كێ له زانایانی پاوه‌ی داده‌نێ، ده‌ڵێ له جوانیدا شۆخ و شه‌نگ و بێ وێنه بووه، شیعری جوانی نووسیوه.
جیهان ئارا هێشتا بچووك بووه كه حه‌مه به‌گی وه‌كیل حه‌زی لێ كردووه، چووه بۆ خوازبێنی به‌ڵام شووی پێ نه‌كردووه. له پاشانا شووی به‌عه‌لی ئه‌كبه‌رخانی ئه‌رده‌ڵانی كردووه، ئه‌مه پورزای خۆی بووه له باوكییه‌وه.
له دوای ماوه‌یێكی كه‌م له ساڵی 1880 عه‌لی ئه‌كبه‌ر له لایه‌ن ناسره‌دین شای قاجاره‌وه بانگ كراوه‌ته تاران و كراوه به به‌ڕێوبه‌ری ئازربێجان. ئیتر ئه‌م كابرایه له‌و خۆشییه‌دا جیهان ئارا له بیر ده‌چێته‌وه، كچێك له شازاده‌كانی قاجار ده‌ێنی و به‌م هۆیه‌وه ته‌ڵاقنامه بۆ جیهان ئارا ده‌نێرێ. زۆری پێ ناچێ جیهان ئارا مێرد به‌حه‌بیبوڵڵاخانی سه‌ره‌ك عێلی بابه‌جانیی جاف ده‌كا. له‌مه چه‌ند مند‌اڵی ده‌بێ و ژیانی وه‌ك خانمی ماڵ ده‌باته سه‌ر.
ئه‌م ژنه شاعیره له ساڵی 1911 له جوانڕۆ كۆچی دواییكردووه و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێرراوه.
جیهان ئارا شاعیرێكی خۆڕسك و هه‌ست ناسك بووه، مێردی یه‌كه‌می زۆر خۆش ویستووه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌كوڵ بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه شیعری موناجاتی گله‌یی و لاواندنه‌وه‌ئامێزی هۆنیوه‌ته‌وه. ئه‌م كرده‌وه‌یه له وێژه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شتێكی نوێ بوو.
كارێكی ئاسایییه دلبه‌ر پشت له دڵدار بكا و به‌جێی بهێڵێ و پیاوه‌كه ببێ به‌كۆیله و لێی بپاڕێته‌وه، كه‌چی لێره‌دا جیهان ئارا پشتگوێ خراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شیعر شین و شه‌پۆڕ بۆ جیابوونه‌وه‌ی مێردی ده‌كا.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی جیهان ئارا له هه‌ڵوێستی مه‌ستووره ناكا به‌رامبه‌ر به‌خوسره‌و خانی والیی ئه‌رده‌لان چونكه خوسره‌و خان یه‌کێ له كچه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی قاجاری هێناوه مه‌ستووره‌ی ته‌ڵاق نه‌داوه و خۆشی ویستووه، شیعری مه‌ستووره بۆ مردنی خوسره‌و جیاوازه له شیعری جیهان ئارا بۆ ئه‌وه مێرده‌ی ته‌ڵاقی داوه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر خۆشی ویستووه.
جیهان ئارا درۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌كردووه، ئه‌و دڵداریییه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه له گیانێكی خاوێن و بێ گه‌رده‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
جیهان ئارا بۆ جیابوونه‌وه‌یه قه‌سیده‌یێكی "پۆیێمێكی" درێژی داناوه، ژماره‌ی دێڕه‌كانی له سه‌د تێپه‌ڕی كردووه، له‌و شیعره‌دا وه‌ك موناجاتێك له‌گه‌ڵ مێردی كۆنی ده‌دوێت.
سه‌ره‌تا به‌م دێڕانه ده‌ستپێده‌كات:
قیبله‌م ده‌ماغم قیبله‌م ده‌ماغم
نه‌مه‌نده‌ن نیه‌ن به‌رزی ده‌ماغم
دوور جه تۆ به‌رده‌ی ده‌روون دا‌غ داغم
زنجیر ته‌قدیر كه‌رده‌ن یاساغم
كه‌م كه‌م كه‌رده‌ن سۆمای چراغم
په‌ژمورده‌ن غونچه‌ی گوڵاڵه‌ی باغم
مه‌لاى جزیرى
ناوى ته‌واوى شێخ ئه‌حمه‌د کوڕى شێخ محه‌مه‌د جزیرى یه، یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ى بناغه‌ى شیعرى کوردیان داناوه، شاعیر به مه‌لاى جزیرى به‌ناوبانگه ئه‌مه‌ش بۆ جزیره‌ى بۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه که ده‌که‌وێته که‌نارى ڕوبارى دیجله له‌نزیک شاخى "جودى" که به ناوى "نیشانى" دێت که‌له هه‌ندێ له قه‌سیده‌کانیدا ناوى هاتووه چه‌ندبۆچوونێک هه‌یه بۆ مێژووى ژیانى ئه‌م شاعیره.
![]()
ساڵى 1570 له جزیره‌ى بۆتان هاتۆته دنیاوه که سه‌رده‌مى "ئه‌میر شه‌ره‌فخانى کوڕى میر ئه‌بدال" بووه. له ته‌مه‌نى ده ساڵییه‌وه له‌لاى باوکى ده‌ستى به‌خوێندن کردووه و پاشان چۆته لاى زانا به‌ناوبانگه‌کانى جزیره و فێرى زانست بووه.
به‌فه‌قێیه‌تى هه‌موو ناوچه‌کانى جزیره و هه‌کار ى و ئامێدى و دیار به‌کر و عه‌مادیه گه‌ڕاوه و له ته‌مه‌نى (32) ساڵیدا ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تى پێدراوه پاشان بۆته مه‌لا و زوربه‌ى کاتى بۆ وانه وتنه‌وه ته‌رخان کردووه.
شێخ محه‌مه‌دى باوکى له بنه‌ماڵه‌یه‌کى شێخى به‌رماڵى بووه و زۆر حه‌زى به خوێنده‌وارى کردووه .. ڕۆژهه‌ڵات ناسى ئه‌ڵمانى "فون هارسمان" له ساڵى 1904 دیوانه‌که‌ى مه‌لاى جزیرى له به‌رلین چاپ کردووه و خۆى پێشه‌کى بۆ نوسیوه، له په‌رتووكى "مێژوى کورد و کوردستان"ى ئه‌مین زه‌کى به‌گ دا هاتووه "مه‌لاى جزیرى ناوى شێخ ئه‌حمه‌ده و له جزیره‌ى "ئیبن عمر" له نیوه‌ى دوایى سه‌ده‌ى شه‌شه‌مى هیجرى له ده‌ورى "عیماده‌دین" حاکمى موسڵدا ژیاوه.
شێخ ئه‌حمه‌د چۆن شاعیرێکى کوردى بووه هه‌روه‌ها زمانى فارسى و عه‌ره‌بی و تورکى به‌باشى زانیوه. مه‌لاى جزیرى سۆفى بووه و له‌سه‌ر ڕێ و شوێنى "نه‌قشبه‌ندى" بووه. زۆربه‌ى زۆرى شیعره‌کانى ته‌ڕ و پاراو و شیرین و ڕه‌وانن هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دڵدارى و ته‌سه‌وف و ڕاستى و خواپه‌رستى بووه و به‌مه‌به‌ستى دڵدارى و خواناسى و سروشت هۆنراوه‌ى داناوه، ده‌ستێکى باڵاى هه‌بووه له لێکدانه‌وه‌ى قورئان و فه‌لسه‌فه و لێكدانه‌وه‌ی و ئه‌ستێره‌ناسى و زانستى کیمیا و فیزیا و پزیشکى دا.
مه‌لاى جزیرى ساڵى 1640 له جزیره‌ى بۆتان کۆچى دوایى کردووه.
مه‌لاى جزیرى خۆى به شاعیرى بۆتان و هه‌موو کوردستان زانیوه‌و وتویه‌تى:
گوڵى باغى ئیره‌مى بۆتانم
شه‌ب چراغى شه‌بى کوردستانم
نموونه‌یه‌ك له‌شیعری مه‌لا جزیری
نازک له‌تیف، گه‌ردن خه‌فیف، لبسى شریف، کیخمه‌وقه‌دیف
من دى به‌وه‌خت، ئه‌ونێک به‌خت، ئیرۆله‌ته‌خت، فه‌غفور بو
فه‌غفور سوره، سیما دوره، هه‌یبه‌ت پرره، پردل گره
ئه‌وهاته‌مه‌ش، من چومه هه‌ش، دل من ژعشقى فور بو
جافه‌ر قولی
جافه‌ر قولی شاعیری ناسراوی كوردی خۆراسان وڵاتی توركمانستانی ئاسیای ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌نده‌ی لای خه‌ڵكی به‌ناوبانگ و خۆشه‌ویسته ئه‌وه‌نده له ژیان و شیعری نه‌کۆڵراوه‌ته‌وه.
![]()
جافه‌ر (جه‌عفه‌ر) قولی كوڕی مه‌لا ڕه‌زا قولی له ده‌روروبه‌ری ساڵی 1814 له گوندی شكافكۆی له بنه‌ماڵه‌یێكی ڕه‌نجبه‌ری دێهاتی له دایك بووه، ئه‌م گونه‌نده كه‌وتۆته باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاوایی قۆچان. باوكی له ئێلی كوردی زه‌نگه‌لانلوو بووه. له ناو خه‌ڵكی به‌جافه‌ر قولی زه‌نگلی، جافه‌ر قولی بێچاره، جافه‌ر قولی عه‌نده‌لیب، جافه‌ر قولی موختار ناسراوه، هه‌ندێ له‌م ناوانه خۆی بۆ خۆی داینابوون و له‌ناو شیعریدا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه.
خوێندنی به‌ڕێكوپێكی نه‌بووه، له تافی لاویه‌تیدا گرفتاری جوانی كچێك بووه، ناوی ملواری بووه. له‌م لایه‌نه‌وه ده‌ڵێ؛ مه‌له نینم خود به‌ندم وه‌سی جزمێ قورئانێ (مه‌لا نیم شاعیرم به‌سی جزمی قورئان). كوردی خۆراسان له بابه‌ت جافه‌ر قولییه‌وه ده‌ڵێن؛ دڵداری جافه‌ر قولی ملواری وه‌ك دڵداری مه‌ولانا جه‌لادینی ڕۆمییه بۆ شه‌مسی ته‌بریزی. ئه‌وان ئه‌م شاعیره‌یان به‌دڵدار و هونه‌روه‌ر و جیهانگه‌رد مۆسیقار دانای ده‌ژمێرن، كه ناوی ده‌به‌ن مه‌لیكولشوعه‌رای كرمانجی پێ ده‌ڵێن.
وا ده‌گێڕنه‌وه جافه‌ر قولی شاعیرێكی میللی بووه، دوو تاری به‌مله‌وه بووه و به‌ده‌م گۆرانی له شیعری خۆیه‌وه دوو تار لێداوه.
شار به‌شار و كووچه گه‌ڕاوه، ماوه‌یێكیش له سارا و بیابانان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و دڕنده و باڵداران ژیاوه. ڕۆژگارێكیش له ووڵاتی خوارزه‌مدا ژیاوه له‌و خاكانه‌ی ئێستا به‌كۆماره ئیسلامییه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست ناویان ده‌به‌ن.
به‌شی زۆری ژیانی جافه‌ر قولی پێوه‌ندی به‌و كچه‌وه هه‌یه كه ناوی ملواری بووه، هه‌میشه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی به‌ده‌م ئامێری تاره‌وه گۆرانی بۆ خه‌ڵكی چڕیوه، زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی بۆ ملواری خۆشه‌ویست وتووه. خه‌ڵکی كوردی خۆراسان و توركمانستان ئه‌وه‌نده هۆگری جافه‌ر قولین ده‌زانن باوكی ملواری ناوی كاروالا گولییه و خه‌ڵكی گوندی زه‌نگلانه له ناوچه‌ی ده‌ره‌گه‌زی ئێران. جافه‌ر قولی له بابه‌ت خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێ؛
ملوازی قیزا كاروالا گولی
سوور و چقه‌ر و داخه‌ملـی
ئاشق كریه جافه‌ر قولـــی
هه‌ندێ ئه‌فسانه‌ی میللی ناو خه‌ڵكی كوردی تێكه‌ڵ به‌ژیانی جافه‌ر قولی بوون، وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ؛ جافه‌ر قولی له تافی لاویه‌تیدا له خه‌و كچێكی جوان ده‌بینێ و حه‌زی لێ ده‌كا، کچی خه‌ونه‌كه ناوی ملواری ده‌بێ، له پاشانا به‌ڕێكه‌وت چاوی به‌كچێك ده‌كه‌وێ ئه‌ویش ناوی ملواری ده‌بێ و شێوه و ئه‌دگای له كچی خه‌ونه‌كه ده‌كا، ئیتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جافه‌ر قولی تا ڕاده‌یێك ئه‌مه‌یان به‌ئه‌و ده‌زانێ به‌ڵام هه‌میشه ده‌ڵێ ملواری خه‌ونه‌كه نه‌دۆزمه‌وه له شێتی ڕزگاریم نابێ.
هه‌ر چۆنێ بێ ئه‌م به‌سه‌رهاته ئه‌فسانه‌یییانه چێژ و ئه‌ندێشه‌ی شاعیری خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وار و ساكاری ناو میلله‌ت دروستیان كردووه.
جافه‌ر قولی له دوای ته‌مه‌نێكی درێژ له ساڵی 1905 له خوارزه‌م كۆچی دواییكردووه.
ڕۆسته‌م حه‌وێزی
شاعیری شیعری ڕامیاری كوردی ڕۆسته‌م حه‌وێزی له ساڵی 1913دا له‌شاری كۆیه له‌دایكبووه ناوی ته‌واوی "محه‌مه‌د نافیع كوڕی عه‌بدولفه‌تاح ئاغای كوڕی عه‌وڵاغای حه‌وێزیی"ه‌و خوێندنی تاكو پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی بووه.
![]()
به‌ڵام به‌زیره‌كی خۆی و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی وێژه‌ی و ڕووناكبیریی بووه‌ته لاوێكی ڕۆشنبیری هۆشیارو له‌گه‌ڵ دروست بوونی پارتی "هیوا" له‌ساڵی 1939دا به‌سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا "ڕه‌فیق حیلمی" بووه‌ته ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌و پارته و له‌دواییدا ڕێبازێكی چه‌پی گرتووه‌و له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تووشی گه‌لێك گرتن و ڕاوه‌دونان بووه تاكو به‌رپابوونی شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1958 ئینجا به فه‌رمانبه‌ری تاپۆ له كۆیه دامه‌زراوه و له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی پارتی به‌عس دووباره به به‌ر هه‌ڵمه‌تی گرتن كه‌وتووه و ژیانێكی كوله‌مه‌رگی ژیاوه تاكو له شه‌وی 27 له‌سه‌ر 28ی شوباتی 1999 هه‌ر له كۆیه له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكردووه.
ڕۆسته‌م حه‌وێزی شاعیرێكی لێهاتووی شیعری ڕامیاری كوردی بووه‌و دیوانێكی گه‌وره‌ی له‌و جۆره شیعره له پاش به‌جێماوه‌و به‌شێكی له‌ساڵی 2001دا له‌لایه‌ن "چه‌له‌نگ"ی كوڕییه‌وه به چاپ گه‌یێنراوه‌و ده‌كه‌وێته 190 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره ناونجی.
شاعیر له هۆنراوه‌یه‌كیدا به‌ناوی سه‌ربه‌ستی ئه‌م بابه‌ته به‌جۆرێكی هونه‌ریی پڕ چه‌مك و واتا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و سه‌ربه‌ستی به به‌راتێكی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی و به‌گوڵی ته‌مه‌نی به‌ندكراوه‌كانی نێو گرتووخانه‌ی زۆرداریی و به‌ری كۆششی مه‌ردی خه‌باتگێڕو ڕه‌نجی جوتیار و كرێكاران داده‌نێ و له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێ:
به‌راتێكی ته‌بیعی كۆمه‌ڵی ئینسانه سه‌ربه‌ستی
وه‌ڵاشی میلله‌تی خاوه‌ن ڕه‌وشتی جوانه سه‌ربه‌ستی
گوڵی عومری هه‌زاران گرتی نێو زیندانه سه‌ربه‌ستی
به‌رو مێوه‌ی ته‌لاش و كۆششی مه‌ردانه سه‌ربه‌ستی
بڕشتی ڕه‌نجی جوتیارو كرێكارانه سه‌ربه‌ستی
ئینجا له پێنج خشته‌كی دووه‌می هۆنراوه‌كه‌یدا پتر نرخ و به‌های سه‌ربه‌ستی بۆ مرۆڤ ده‌رده‌بڕێ كه‌چۆن وه‌ك گه‌وهه‌ر و ڕۆژ و چرای ڕووناك و دوڕو مه‌رچانه‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا دوژمنی زۆردار و دزانه و ده‌ڵێ:
له‌ناو به‌ردی نه‌زانی گه‌وهه‌ری په‌نهانه سه‌ربه‌ستی
له‌پشت هه‌وری زوڵم ڕۆژ و چرای ئاسمانه سه‌ربه‌ستی
له‌ژێر ده‌ریایی داگیركه‌ر دووڕو مه‌رجانه سه‌ربه‌ستی
شه‌وه‌ی زۆردار و توججار و دزو گۆرانه سه‌ربه‌ستی
له‌سه‌ر كایه‌ی حوكمڕانی سه‌پان سوڵتانه سه‌ربه‌ستی!
شاعیر هه‌ر له بواری ڕامیاریدا له هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌دا له‌باری ژیانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه ده‌دوێ كه چۆن ئه‌م میلله‌ته له‌سه‌ر گه‌نجینه‌ی به‌هاداری نه‌وت و به‌ربوومی كشتوكاڵی زۆر و زه‌وه‌ندن و سروشتی خاكه‌كه‌یان هه‌موو خێر و بێرێكی پێ به‌خشیوون كه‌چی به‌شیان له‌و هه‌موو خێر‌و به‌رهه‌مه زۆره ته‌نیا نان و دۆیه و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ:
له‌سه‌ر گه‌نج و خه‌زینه‌ی زێڕی ڕه‌شدان
له‌ناو خه‌رمانی گه‌نم و باخی لیمۆ!
ته‌بیعه‌ت هیچ نه‌ما پێیان ببه‌خشێ
كه‌چی نیتیان به غه‌یره‌ز نانی جۆو دۆ!
ڕۆسته‌م حه‌وێزی له هۆنینه‌وه‌ی چوارینی ڕامیاریش ده‌ست ڕۆیشتوو بووه و چه‌پكێكی له‌و جۆره شیعره پێشكه‌ش كردووین و ئه‌مه‌ی خواره‌وه نموونه‌یه‌كیه‌تی:
گه‌وره‌كم ده‌وێ زانا به‌كاربێ
به‌بێ نۆكه‌رو بێ خزمه‌تكار بێ
ڕزگاریی قه‌ومی له‌لا شیعار بێ!!
ڕۆسته‌م حه‌وێزی شاعیرێكی ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌خنه‌گربووه‌و هه‌ر چه‌نده له‌ڕووی ڕووخساره‌وه شیعری له چوارچێوه‌ی كلاسیكی داڕشتووه، به‌ڵام به‌ناوه‌ڕۆك نوێن و هاوچه‌رخانه‌ن، كێشی شیعره‌كانی عه‌رووزین، به‌ڵام ده‌كرێن به‌بڕگه بیان كێشرێت و هه‌ست بكرێت زۆربه‌ی شیعره‌كانی له‌سه‌ر كێشی 10 بڕگه‌یی و 11 بڕگه‌یی و 16 بڕگه‌یین و سه‌روای ستوونی و هه‌ندێ جاریش جووت سه‌روایی به‌كارهێناوه.
ئه‌حمه‌د موختار به‌گ
ناوی ئه‌حمه‌دی كوڕی وه‌سمان پاشای گه‌وره‌ی جافه. ساڵی 1896 له‌هه‌ڵه‌بجه له‌دایك بووه. ئه‌حمه‌د موختار به‌گ به‌لێكدانه‌وه‌ی ئه‌بجه‌دی ئه‌كاته 1316ی كۆچی كه بریتییه له مێژووی له‌دایكبوونی و بۆیه ئه‌و ناوه نراوه.
![]()
هه‌رچه‌نده ده‌رچووی قوتابخانه‌و خوێندنگا باڵاكان نه‌بووه، به‌ڵام مرۆڤێكی زیره‌ك و وردبین بووه.
بێجگه له‌زمانی كوردی، فارسی و توركی و عه‌ره‌بی و كه‌مێكیش ئینگلیزی زانیوه. ته‌نانه‌ت به‌زمانی فارسی چه‌ند هه‌وڵێكی شیعری هه‌یه، خۆی و تایه‌ر به‌گی برای به‌دوو شاعیری گه‌وره‌ی كورد ئه‌ژمێردرێن.
ئه‌م شاعیره به‌توانایه له‌هه‌موو بواره‌كاندا شیعری وتووه‌و هه‌ڵبه‌سته نیشتمانییه‌كانی له‌ریزی پێشه‌وه‌ی شیعره نیشتمانییه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو دائه‌نرێن.
ئه‌حمه‌د موختار به‌گ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌ناوبانگی جافه، تێكه‌ڵی ڕامیاری و كاروباری ده‌وڵه‌تیش بووه. له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه‌سایه‌تێكی خۆشه‌ویست و خێره‌ومه‌ند بووه‌و ماوه‌یه‌ك قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه بووه، دواتر له ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراندنی عێراق و له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ئه‌ندام بووه.
مانگی شوباتی ساڵی 1935 له ڕووداوێكی دڵته‌زێندا تیرۆركرا‌و له‌گوندی "عه‌بابه‌یلێ"ی نزیكی هه‌ڵه‌بجه به‌خاك سپێردرا.
تاهیر به‌گی جاف
تاهیر به‌گی جاف، كوڕی عوسمان به‌گی كوڕی محه‌مه‌د پاشای جافه.
عادیله‌خانمی دایكی تاهیر به‌گ كه له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رده‌ڵانیه‌كانه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دروستكردنی كه‌سایه‌تی ئه‌م شاعیره به توانایه‌دا.
![]()
تاهیربه‌گ خوێندنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له هه‌ڵه‌بجه ته‌واو كردووه‌و بواری بۆ نه‌ڕه‌خساوه خوێندنی باڵا ته‌واو بكات، به‌ڵام به‌هۆی تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌داو له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه وێژ‌یه‌ییه‌كانه‌وه بوو به‌یه‌كێك له‌خوێنه‌واره ڕوناكبیره‌كانی زه‌مانی خۆی.
غه‌زه‌له به‌ناوبانگه‌كانی تاهیربه‌گ تائێستاش بایه‌خی وێژه‌ی خۆیان ماوه.
پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رقاڵ بوونی به‌ئیش وكاری خێڵی جافه‌وه له مه‌سه‌له نیشتمانییه‌كان دایان نه‌بڕی، تاهیر به‌گ هه‌میشه داوای پێشخستنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتنی ڕیزه‌كانی كوردی كردووه.
هۆنراو‌ه‌کانی به‌زمانی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن تاهیر به‌گ جگه له‌وه‌ی كوردی زانێكی به‌سه‌لیقه بووه، له‌زمانه‌كانی تریشدا شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌بووه.
چه‌ند ساڵێ پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی‌ئه‌و كاته‌ی مێجه‌رسۆن به‌ناوی "غولام حسێنی شیرازی" له‌ماڵی تاهیر به‌گا خۆی كردبوو به‌خزمه‌تكار، تاهیر به‌زیره‌كی خۆی بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌م كابرایه ئینگلیزه، به‌ڵام نهێنییه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌ماڵی و دوو به‌دوو داوای لێ كرد به‌زووترین كات ناوچه‌كه جێ بهێڵێ.
تاهیر به‌گ ساڵی 1918 كۆچی دواییكرد و له‌عه‌بابه‌یلێ به‌خاك سپێردرا.
پیرباڵ مه‌حمود ئیبراهیم
شیعره كوردییه‌كانی پیرباڵ هه‌ر چه‌ند به‌روخساری و قاڵب كلاسیكین و به زۆری كێشی عه‌رووزی و سه‌روای ستوونی به‌كارهێناوه، به‌ڵام له ڕووی ناوه‌ڕۆك و چه‌مكه‌وه ڕۆمانسین و هه‌ندێ جاریش به‌ره‌و ڕیالیزمی ڕه‌خنه‌گری په‌لیان هاویشتووه، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج ڕ‌اكێشانی ڕه‌خنه‌گرانی وێژه‌ی كوردییه ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی سه‌ره‌تایی شاعیرییه‌تی و به‌رهه‌مه‌كانی كۆتایی ژیانی له ڕووی سۆز و ئه‌ندێشه‌ی شیعرییه‌وه، هه‌مان گۆڕ و تینی لاوێتیان به‌سه‌ره‌وه‌یه و سه‌ركه‌وتنی هونه‌ریی تێداوه‌ده‌ست هێناون و گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ئه‌م هۆنراوه‌یه ناسكه‌ی دوا ڕۆژانی ژیانی، هه‌ست ده‌كه‌ین شاعیر خاوه‌ن هه‌ستێكی لاوانه و سۆزێكی گه‌نجانه‌یه، هه‌روه‌ك له هۆنراوه‌كه‌ی "کاڵێ"ی‌دا هه‌ستی پێ ده‌كرێ:
سه‌یركه گه‌وره بوو كاڵـــێ
بووه شا شۆخی نێو ماڵـــێ
قه‌شه‌نگی نێو قه‌شه‌نگانــه
كه‌مه‌ر ته‌نگی گۆنا ئــــاڵێ
دیاره هه‌روه‌كو حــــــــــۆری
له‌قه‌د شاخ و له قه‌د پـا‌ڵێ
پیرباڵ مه‌حمود شاعیر ڕۆڵێكی دیاری بووه له یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد و له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئه‌و ڕێكخراوه وێژه‌ییه‌ی كورد له 1970.10.02دا بووته ئه‌ندامێكی چالاكی و به‌شداریی له كۆنگره‌ی دامه‌زراندنیدا كردووه كه له ڕۆژی 23 و 24ی حوز‌ه‌یرانی 1970دا له به‌غدا به‌ستراوه له‌دوایشدا بووه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد لقی هه‌ولێر و كاتێك كه لقه‌كه مۆڵه‌تی ئیشكردنی فه‌رمی پێدراو كرایه‌وه بووه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ئاماده‌كردنی ده‌سته‌ی ئاماده‌كردنی كۆنفرانسی دامه‌زراندنی لقه‌كه، كه له ڕۆژی 1971.01.15دا له هۆڵی گه‌ل له شاری هه‌ولێر به‌سترا.
ئه‌م شاعیره لێهاتووه‌ی كورد له هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه و ڤیستڤاڵێكی شیعری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد به‌شداری كردووه و شیعری پێشكه‌ش كردووه، به‌كورتی پیرباڵ مه‌حموود مرۆڤێكی پاك و دڵساف بوو، خزمه‌تێکی زۆری وێژه و ڕۆژنامه‌نووسی كوردی كرد.
2004.10.17 شاعیری ڕۆمانسی به‌توانای كورد پیرباڵ مه‌حمود ئیبراهیم به‌بێ ده‌نگی ماڵئاوایی له ئه‌ده‌بیان و شاری هه‌ولێری دێرین كرد و هه‌تایه پێڵوی چاوه گه‌شه‌كانی لێكنا و چووه جیهانی نه‌مرانه‌وه.
سه‌بری بۆتانی
سه‌بری بۆتانی له ساڵی 1925دا له گوندی شووشی ده‌ڤه‌ری وان له كوردستانی باكوور هاتۆته دنیاوه‌و له منداڵیه‌وه هه‌ستی به سته‌می كاربه‌ده‌ستانی توركیا كردووه به تایبه‌تی دوای كوژاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی كورد له ئاگری دا‌غ له ساڵی 1930 به سه‌ركردایه‌تی ئیحسان نووری پاشا، بۆیه له ناوه‌ڕاستی سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌خاووخێزانه‌وه زێدی باب و باپیرانیان به‌جێهێشت و ڕوویان كرده كوردستانی باشوور و له زاخۆ جێگربوون ملیان دایه كاروكاسبی.
![]()
محه‌مه‌د شێخ حوسێن به‌رزنجی
محه‌مه‌د شێخ حوسێن به‌رزنجی، ناسراو به "ع.ح.ب"، له ساڵی 1923دا له دێی به‌رزنجه‌ی سه‌ر به قه‌زای چوارتا له پارێزگای سلێمانی له دایكبووه‌و ماڵه‌كه‌یان له ساڵی 1931 چۆته سلێمانی و لێی نیشته‌جێ بووه.
![]()
له‌و شاره زیندووه‌دا چۆته به‌رخوێندنی فه‌ڕمیی و قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی ته‌واو كردووه‌و له ساڵی 1946دا به مووچه‌خۆر دامه‌زراوه‌و نموونه‌ی فه‌رمانبه‌ر خزتگوزارو ده‌ست پاك بووه.
له ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چۆته پاڵ بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی پێشكه‌وتنخواز و له ساڵی 1963دا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ڕامیاری تووسی گرتن و ئه‌شكه‌نجه ده‌بێ و تاكو ساڵی 1968بێ كار‌و فرمان ده‌مێنێته‌وه ئینجا له‌سه‌ر فرمانه‌كه‌ی دانراوه‌ته‌وه.
"ع.ح.ب" له ساڵی 1945ه‌وه شیعری نیشتمانی هۆنیوه‌ته‌وه‌و له سه‌ره‌تای ژیانی وێژه‌یدا كه‌وتووه‌ته به‌ركاریگه‌ری شیعره‌كانی سالیمی ساحێبقران تایه‌ر به‌گی جاف و ئه‌ده‌ب و شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و داویشدا شیعره‌كانی پێره‌مێردو گۆران پتر بۆ گۆڕه‌پانی وێژه‌یان ڕاكێشاوه، به‌ڵام كه توانای شاعیرییه‌تی به‌هێزبووه بۆته خاوه‌نی ده‌نگی خۆی.
شاعیری نیشتیمانپه‌روه‌رمان، شاعیرێكی ڕیالیستی ڕه‌خنه‌گربوو، یه‌كه‌م هۆنراوه‌ی سه‌ركه‌وتووی له ساڵی 1947دا له گۆڤاری گه‌لاوێژدا به ناوی "له گه‌نجی و پیری و مردنا" بڵاو كردۆته‌وه‌و سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گرانی پێ ڕاكێشاوه‌و بووه‌ته شاعیری سروشت و جوانی و ده‌نگی هه‌ژاره چه‌وساوه‌كان و شیعره‌كانی به‌زۆری له‌سه‌ر كێشی سووكی خۆماڵی كوردی داده‌نان و ناوه‌رۆكێكی پته‌و‌و ڕوون و ڕه‌وانی پێ ده‌به‌خشین، بۆیه نوێكاریی به هۆنراوه‌كانیه‌وه دیاربووه.
شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری پێشكه‌وتنخوازی كورد محه‌مه‌د شێخ حوسێن به‌رزنجی له 2000.01.06 له شاری سلێمانی له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا كۆچی دواییكرد و میلله‌تی كورد شاعیرێكی به‌هره‌داری له ده‌ست چوو.
شاعیری دڵسۆزی كورد هۆنراوه‌یه‌كی پڕسۆزی كورد هۆنراوه‌یه‌كی پڕسۆزی نه‌ته‌وه‌یی له یادی له سێداره‌دانی پێشه‌وای كورد قازی محه‌مه‌د و هه‌ڤاڵه‌كانی داناوه‌و له به‌شێكی دا به‌سه‌ربه‌رزیی و به‌جه‌ر‌گی قاره‌مانانی كوردمان بۆ ده‌رده‌برێ:
پاڵه‌وانان
ئه‌و ڕۆڵانه‌ی به‌دڵ و به‌گیان
له‌گه‌ڵ زۆردارا ئه‌جه‌نگان
شاعیری پێشكه‌وتنخوازمان له ماوه‌ی ژیانی ویژه‌یی دا چوار دیوانه شیعری به چاپ گه‌یاندووه‌كه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1- ناسۆری ده‌روون له ساڵی 1968دا به‌چاپی گه‌یاندووه‌و 188 لاپه‌ڕه‌یه
2- گرێی نهێنیه‌كان - ساڵی 1975 چاپكراوه‌و 88 لاپه‌ڕه‌یه
3- زه‌رده‌خه‌نه‌ی تاساو ساڵی 1980 چاپكراوه‌و 85 لاپه‌ڕه‌یه
4- تریفه ورێژاو - ساڵی 1985دا چاپكراوه 288 لاپه‌ڕه‌یه























