بۆ بیستن و یا داگرتنی( دانلۆد )شێعرەکانی مامۆستا گۆران لە قەبارەی (فوڕمەت ) mp3 لە سەر ناوی شێعرەکان دا کرتە (کلیک ) فەرموون
دیوانی گۆران بەشی١-دیوانی گۆران بەشی٢-دیوانی گۆران بەشی٣-دیوانی گۆران بەشی٤
عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەستپێدەکات و چەند جار دەخرێتە بەندیخانە. لە ١٩٥٢ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە. گرینگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە شیعری کوردی‌دا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە.

سەرەتای ژیان
ناوی عەبدوڵڵا بەگە و کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوک و باپیریشی لە ھۆنراوە و وێژەدا بەھرەیان ھەبووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» لە ناوچەی مەریوان بوون. پاشان ڕوودەکەنە ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە جاف زانیوە و لەوێ جێگر ئەبن.
گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەن چەمی بیارە و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون و بۆ پایز ئەگەرێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیز‌ەوە تەواو کردووە.
لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ.گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.
چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی
پاش ١٩٣٧ ماوەیەک بێکار ئەمێنیتە و دواییش بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی «کاروباری ڕێگاوبان» و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا لەو بەشەدا ئەمێنێتەوە. لەو بەینەدا چەند ساڵێک لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کورددا دەچێ بۆ یافا لە فەلەستین و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم، بەشی کوردستان دەکەنەوە.
لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەچێ بۆ سلێمانی و دەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی دەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە و نوگرە سەلمان و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا. لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا ئەبێت بە چاوەشی کرێکار.
کاتێک کە ئیسرائیل ھێرش دەباتە سەر میسر، دوای ڕاس بوونەوەی عەرەبەکان لە ئیسرائیل، بڕێک لە کوردەکانیش بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵیان پەیمانی برایەتی دەبەسن. گۆرانیش لەوانەی و دەیگرن و لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت و کردەوەی وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ. گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ و ئە ئەشیەوێ گفتی وەھا بە میری بدات، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە و تا ١٠ی ئابی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووە.
پاش بەربوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین و کۆریای باکوور ئەدا.
لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێ‌پرس کاری بەجێھێشتووە - کار بەجێھێشتنەکەی بۆ چوون بوە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورددا - لەسەر کار لای دەبەن.
لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.
چالاکییە ئەدەبییەکان
یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شێعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە «سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە» و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو «شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە».
لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی «پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست» لە چاپ دەدات.
لە ١٩٥٨دا گۆران بەنیاز بووە کۆمەڵەشێعرێک بە ناوی «سروشت و دەروون» لە چاپ دا کە دوای خستنە ژێر چاپی تەواوی نەکرد کە پاشان لە لایەن «ھۆگر»ی کوڕی و براکانی لە ١٩٦٨دا بە ناوی «سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران» لە چاپ دراوە.
گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی بووە چون نەویستووە لە ئەدەبیاتی ڕۆژ دوور کەوێتەوە دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی. باوڕی وابووە کە ئەبێت شێعری کوردی لە عەرووزەوە بگرێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە(ھیجا)ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پی ھۆنراوەتەوە. ھەر لەم بارەوە دوای شیکردنەوەی مانای شیعر لە زمان چەند ناوداری جیھانی، پاشان ئەلێت: «.. بە دروستیش سەرنج بدەین ئەبینین، کە لە گشت زمانەکانی رووی زەویدا شیعرێک، بە شیعر دانرابێ و پشتاوپشت ھەتا ئێستا بە جێ ھێڵرابێ ھەر ئەو شیعرانەن، کە بە پێی تابەتێتی و پێوانەی نەتەوەی عائیدی خۆیان وەزنێک تایبەتییان ھەیە. تەنانەت قافیەش لەناو ھەندێ نەتەوەدا بە پێویستی بنجی(ئەسڵی)دائەنرێ بۆ شیعر، ئەگەرچی شیعری ئەم نەتەوانە ھەرگیز وەک ھی ئەوانی تر نەیتوانیوە بە کێوی ناوبانگی ئیتاتیکی بە ناوی شیعری پەخشانەوە، ناو بە ناو ئایا بخوێنینەوە.» ئەو نوێ خوازیە دەبێت بە ھۆی ئاڵگوڕێکی نوێ لە دنیای ئێستای شیعری کوردی‌دا.
گۆران بێجگە لە شیعر دەستێکی بەرزیشی لە بواری پەخشاندا بووە. پەخشانی گۆران ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لە سەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازە کردنەوەی تێدا داوە بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە.
لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە بەڵام گۆران زۆر بە ئاوات بوو تا پێش مەرگی دیوانە شێعرەکەی لە چاپ بدرێت. لە ١٩٧٨ لیژنەیەک پێکھاتوو لە محەممەدی مەلاکەریم، دوکتۆر عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح ، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ و ھۆگر گۆران و ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی کە زۆربەی لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە و دەنگی داس و ژین و ئازادی و گۆڤاری گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و ھیوا و شەفەق و بەیان و بڵێسە و رووناھی و نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق ئەکەونە تەقالادان و بەم بۆنەیەوە ئاگاداری و بانگەوازێک بو ئەدەب دوستان لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» ژمارەی ٢٧٧ و «پاشکۆی عێراق» ژمارەکانی ١٢و١٣ بڵاو ئەکەنەوە. لە ئاکامدا دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ ئەکۆیتە بەر چاوی خوێنەران و ھۆگرانی شێعری کوردی.
کۆتاییی ژیانی
لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێ‌دا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.
بەرھەمەکان
بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠
ئومێد ئاشنا کتێبی «نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی گۆران»ی کۆکردووەتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر چاپی کردووە.
سەرچاوەکان
شیعر و ئەدەبیاتی کوردی ، بەرگی دووەم ، ڕەفیق حیلمی
نامەیەکی تایبەتی کاک ئەژی گۆران بۆ ئامادەکاری "دیوانی گۆران"
ئاگاداریەکانی تایبەتی محەمەدی مەلا کەریم
نمونەی شیعری ڕۆمانتیکی گۆران
پاییز! پاییز
بووکی پرچ زه‌رد
من مات تۆ زیز
هه‌ردوو هاوده‌رد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هه‌ناسه‌م، تۆ بای ساردت
من خه‌م، تۆ هه‌وری گریانت
دوایی نایه دادم دادت
پایز پایز
گه‌ڵا رێزانت
هه‌وری ماتی ئاسمانت
له‌بر کزه‌ی بای سه‌ر ته‌زێن
له گه‌ڵ گه‌ڵای دره‌ختا ئه‌ژین
به‌ڵام قورسه زۆر به جۆشه
دۆزه‌خێکم کوا له جۆشه
پاییز! پاییز!
شان و مل رووت
من مات، تۆ زیز
هه‌ردووکمان جووت
هه‌رچه‌ند گوڵ سیس ئه‌بێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئه‌ڕژێ بگرین
ڤپۆلی باڵدار ئه‌فرێ بگرین
بگرین… بگرین… چاومان نه‌سڕین
هه‌رگیز، هه‌رگیز
گوڵی خوێناوی
کوڕ:
بڕوانە،شایی یە،چۆپی یە،لەو ماڵە
گوێ بگرە!زوڕنایە،دەهۆڵە،شمشاڵە
زەرد و سوور تێکەڵ بوون،ژن و پیاو هەرایە
لەوناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە
ساتوخوا خێراکە بابڕۆین دەست بگرین
بەکامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم:ئاڵ چەپکێ،زەرد چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن،نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
کوڕ:
کچ لەڕێی جوانیتا،کچ لەڕێی جوانیتا
کچ لەڕێی نێونیگای هاتوچۆی کانیتا
پایزە گەڵای دار ڕژاوە باغ ڕووتە
گووڵ کوانێ گوڵ لێوی بەبزە پشکووتە!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم:زەرد چەپکێ،ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن،نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
بتدایە دڵ بەمن بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە
کوڕ(ئەڕوا لەبەرخۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ):
باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە
خێڵی دوشمن دەوری داوە
ئەڕۆم:ڕێگام لێ گیراوە
ناڕۆم:چاوکاڵ لێم تۆراوە!
کوڕ:
بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام،خوار و ژوور
زەرد هەبوو بۆم چنیت،چنگ نەکەوت گوڵی سوور
کچ:نایەم،گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ!
کوڕ(یەخەی مراخانی ترازان):
ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی!
کچ:
ئەی هاوار!تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم
بابگریم بۆ دڵێ،بۆ گوڵێ دۆڕانم!
خەوە؟ خەیاڵە؟ عەردە، بەهەشتە؟
خەوە؟خەیاڵە؟ عەردە، بەهەشتە؟
هەڵپەڕکێی ژنە، یا هی فریشتە؟
پەلکە زێڕینەی ئێوارەی بەهار
لەعەزرەت تارای سوور، کەوتووەتە خوار
... ئێستا سەرگەرمی ئیلتیفاتی بووک
جرم و جوڵیەتی و هەڵئەپەڕێ سووک
(ئامان لەرزانە، هاڕەی لەرزانە)
بەستەی هەڵپەڕکێی باڵا بەرزانە
گۆرانی بێژ، بێ و بچۆ و خۆت بادە
کێ ئەوەندەی تۆ دەروونی شادە؟
وەک هەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ
لادە جارجارێ بۆ بەرپێی گوڵێ
گوڵ، بە ئاهەنگی (ئامان لەرزۆکە)
پێیە دابنی و پێیە بەرزۆ کە
بە ناز لار بگرە سەری بێ پوشین
با بریقەی بێ کڵاوزەڕ، چین چین
پێچکەی پشتەسەر لەسەر زوڵفی ڕەش
با بجریوێنێ وەک ئەستێرەی گەش
شانی بۆ شل کە و خۆت هەڵسێنەوە
سوخمەی سەر مەمک بلەرێنەوە
با پێچکەی نقیم، گورج گورج، بە تاسە
لێو بنێتە سەر کوڵمی هەیاسە
هەوری پاییز
له ده‌ریاوه قه‌تاری هه‌وری بارشت که‌وته دووی پێشه‌نگ
به سه‌ر سینگی چیادا چۆکی داداوه،ک‌ش و بێ ده‌نگ
به سه‌ر پایزی زه‌ردا با به خوڕ بگری، به کوڵ بگری،
له سه‌ر ئاخر گه‌ڵا،ئاخر چڵی ته‌نیایی گوڵ بگری،
به خوڕ بگری،به کوڵ بگری،به سه‌ر ده‌شت و ده‌ری وشکا
به سه‌ر داری گه‌ڵا زه‌ردا، به سه‌ر پووشا،به سه‌ر دڕکا،
به سه‌ر سه‌رچاوه‌یی کزرا،به سه‌ر زیخی چه‌می دێما،
به سه‌ر هه‌ر وشکی پێکا وا له هاوینی گه‌رم جێ ما
به‌ڵی بگری،به کوڵ بگری،هه‌تا ئاخر دڵۆپ بگری،
به گریه‌ی هه‌وری پایز با نوقم بێ سینه‌ی کزری!
به‌فر ئاسۆی بڵند بگرێته چوارچێوه‌ی بلوورینی،
له چه‌م هه‌ڵسێ خوڕه‌و هاژه‌ی شه‌پۆلی ئاوی خوێنینی!
دڵۆپی سارد‌و فێنک با له سه‌ر دار‌و ده‌وه‌ن بڕژێ،
په‌پووله‌ی زه‌ردی ئاڵتوونی له سه‌ر لق هه‌ڵوه‌رێ، بپژێ
به‌ڵێ! بگری هه‌ور،بارانی پایز بێ وچان بگری،
له سه‌ر باغچه‌ی گوڵێ وا سیس ئه‌بێ ئاخر چڵی عومری!
بگرمێنێ،ته‌پ و نم دابکا،بیکاته شه‌ست،هه‌رگیز،
نه‌وه‌ستێ قوڵپی گریانی،نه‌وه‌ستێ هه‌وره‌که‌ی پایز،
ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاکاوه، له حاڵی گیان که‌نشتایه،
نیشانه‌ی ماته‌می پایز له فرمێسکی درشتایه
هیوا مەگری
هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵ دە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم، کۆرپەڵەم، میوانی دونیای تازە خوڵقاوم
ئەدا گریەت، بە زەبری چز، لە ڕۆحی پڕگلاراوم
چیە ئەو گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو، خورپێن؟
چیە ئەو قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لە سەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چیە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ
وەکوو ئەو بەرخە بچکۆڵەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو
لە بەر چی نەشئەی یاری، هەڵت ناداتە سەر پاشوو؟
ئەڵەی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە، فەڕشی هێلانەی
چ ئێشێکە، کوڕم؟ بۆ چی لە سەر ئەو هەڵکڕووزانەی؟
چیە توخوا؟ چ سڕێکە وەها مەحکوومی گریانی؟
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت، زەهرت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت، بە دەم باوە بپێژایە
لە ناو کڵپەو و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتا یەکسەر بسووتایە
بەهاری عومری جوانیت، هەم گوڵ و هەم بەر، بەڵێ ڕۆڵەم
ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختی ئیدراکیش لە تۆشی رەش بکردایە
نە وەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش، حەقت بوو
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی، بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵێ ڕێشت
حەقت بوو ئەو هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا
زمانی بەست و تەقریری شکاتت بێ، لە دەست دونیا
حەقت بوو بێ وچان بگری، بە سەر تاوانی باوکیما
بەحر پڕ کەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما
بەڵام ڕۆڵەم، کە تۆ هێشتا لە فەجری زیندگانیتای
لە بەر دەرگای تەلسمی بەخت مەجهوول و نیهانیتای
بە چی مەعلووم بە شوێن هی منا ئەڕژێ، چەمی عومرت؟
سەراسەر پێ کەنین و خوڕڕەمی نابێ، خەمی عومرت؟
بەڵێ بەرخم، ئەگەر چی هەر وەکوو یەک ژینی گش لایە
لە بەینی بێشکە و قەبرا، بڕینی عەینی ڕێگایە
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەر زەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین
وەلێ کۆچی ژیان، کۆچێکی پڕ سێحر و پڕ ئەفسوونە
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە، یەکێ لێڵ و یەکێ ڕوونە
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە
هەیە هی واش کە فەڕشی ژێری پێی، ئاوریشمی گوڵزارە
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاری ئەکا دونیا
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە، ئەڕژێ بە سەر سەریا
کوڕم، هەر وەک لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگری
شتێکیش بەختیاری، پێ کەنین، گرتوویە چوار دەوری
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری، لە ئەستێاوە
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
زه‌نگی په‌ستیی١
ئه‌وا دیسان له گۆشه‌ی نادیاری
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ی زه‌نگی فگاریی٢
به ئه‌سپایی، به بێهێزیی، به عاسته‌م،
هه‌وای ڕۆحم ئه‌خاته سه‌ر له‌ره‌ی خه‌م!
به ئه‌سپایی، به له‌رزۆکیی، هه‌ژاریی،
ئه‌ناڵێنێ له شوێنی نادیاریی!
زمانێک دێته گۆ هه‌رچه‌ن زڕه‌ی دێ،
که تێر نابم له گوێکرتن به دوو گوێ!
زمانێک، به‌سته‌یه‌ک، ده‌نگێک، نه‌وایه‌ک،
سکاڵایه‌ک، هه‌ناسه و ئاخ و ئایه‌ک
که تێی ناگه‌م، که نازانم ئه‌ڵێ چی،
به‌ڵام خوڕخوڕ له‌گه‌ڵیا ڕۆحم ئه‌گری!
چییه ئه‌ی ڕۆحی بێ لێوار و بێ په‌ی
له تۆ ناشاره‌زایی من هه‌تا که‌ی؟
چییه ئه‌م ده‌نگه؟ ئه‌م ئاوازه دووره؟
که پێهه‌ڵهێنه‌ری چاوی شوعووره؟
که دێ په‌ستم، که نایه ئاره‌زووی دڵ
به دوویا وێڵ ئه‌بێ مه‌نزڵ به مه‌نزڵ!
چییه ئه‌م زه‌نگه زرنگه‌ی دێ به ماتیی
که ژێر ته‌م که‌وتووه شوێنی وڵاتی؟
--------------------------------------------------------------------------------------------------------------
١٩٤٠-گۆران
١. هه‌ندێ جار له قووڵایی دڵما هه‌ستی په‌ستییه‌ک ئه‌که‌م، له چه‌شنه مه‌ستییه‌ک ئه‌چێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌م بیر و خه‌یاڵ و لێکدانه‌وه لێ ئه‌ورووژێنێ، شه‌که‌تم ئه‌کات، که‌جی ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێکی نه‌ختێ درێژ خۆیم لێ بشارێته‌وه، گیانم وه‌کو مناڵ ئه‌که‌وێته به‌یاییه‌کی به کوڵ بۆی... ویستم ئه‌م بیرانه‌م له قاڵبی شیعردا داڕێژم، هه‌رچه‌ن تێکۆشام، هه‌ر توانیم ئه‌مه بێنمه دی.
٢. فگاریی: په‌ستیی و عاجزیی
ئاواتی دووری
ئەی چاو! چەشنی بازی قەفەس هەڵوەری پەڕت،
کوا باڵە تیژەکانی نیگای حوسنی دڵبەرت؟
کوانێ دوو چاوی مەست؟ کوانێ؟
کوانێ برۆی پەیوەست؟ کوانێ؟
کوانێ زوڵفی ڕەش؟
کوڵمی ئاڵ و گەش؟
کوا هەیکەلی جەمال؟
کوا حوسنی بێ میسال؟
ئەی گوێ! زەلیلی چاوم و بەر تۆ پەنا ئەبەم!
دەنگێ لە یاری دوورەوە، چی بکەم لە زیل و بەم١؟
با بێ، خەندەی پڕ ئاهه‌نگ بێ!
نەغمەی نازی شۆخ و شەنگ بێ!
زڕەی بازن بێ!
بەرەو لای من بێ!
هاڕەی هەیاسەکەی،
ورشەی کراسەکەی!...
ئەی حیسسی شاممە! لە چاو و لە گوێچکە مەئیووسم،
بۆنێ لە یارەوە دێنێ خیتامی ئەفسووسم؛
با بێ: بۆنی هەناسەی بێ
پڕ بە سینەم وەک تاسەی بێ!
با بێ بۆی مەمەی
لە درزی سوخمەی
بۆنی وەنەوشە، گوڵ
مێخەک، عەتر، سمڵ...
ئەی لامیسە! ئەگەرچی نەبوو دەنگ و ڕەنگ و بۆ،
وەک شێت بەعەقڵی خامەوە خۆم خستە بەختی تۆ!
کوا تەماسی لەشی نەرمی؟
کوا لەزەتی کۆشی گەرمی!
کوا مەمکی پڕ چنگ؟
لیمۆی باخی سنگ؟
کوا ماچی لێوی ئاڵ
جورعەی٢ ئەبەد، خەیاڵ؟
ئەی خاتیراتی عومری گوزەشتەم، دەخیلی تۆم!
خنکاوی بەحری دووری نەکەی عەشقی ڕەنجەڕۆم؛
جیلوەت لە چاوم ون نەبێ
هەرگیز لای تۆ نووستن نەبێ!
چەشنی ئاوێنە
دائیم بنوێنە:
عەشقی قەدیمی یار
تا وەختی ئیحتیراز٣
١. زیل و بەم: تیژ و بۆڕ یا باریک و قەبە، سیفەتن بۆ دەنگ لە مۆسیقادا
٢. جورعە: قوم، فڕێ لە خواردنەوە
٣. ئیحتیزار: سەرەمەرگ
بێدارییه‌ک...
ژوورم ته‌نیا و دنیای به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوور،
به چوارده‌وری باخچه‌ی کۆشکا، هه‌تا دوور،
دارستانی سه‌روه و سنه‌وبه‌ری سه‌وز
شه‌و ڕووناکه و چاوم یاخی له وه‌نه‌وز
ئه‌ی بولبولی شه‌به‌قی شه‌و! بخوێنه،
هه‌ستی 'جوانی په‌رستی'م بورووژێنه
با به زه‌بری مه‌ستیم به ئاوازه‌ی نوێت!
وێڵی دارستان بم کاتێک: خه‌ڵک ئه‌نوێت!
ئه‌گه‌ر عه‌شقی هونه‌ر، وه‌ک تۆ، ئه‌ی بولبول،
له‌ناو ڕه‌گما له‌گه‌ڵ خوێنا بدا پل،
منیش وه‌ک تۆ خه‌وم ئه‌خه‌مه ژێر پێم،
دێم به چڕی دارستانا ئه‌گه‌ڕێم.
به لای له‌شی سپی په‌یکه‌ره‌کانا
تێئه‌په‌ڕم، ده‌ستی چه‌پ له گیرفانا،
ئه‌شێلم گیای بن داری نوقمی ئاونگ،
بای دارستانله‌رزێن ئه‌مژم پڕ به سنگ
به شه‌پۆلی گه‌ڵای سه‌وزا که ڕوانیم،
سۆزی له‌ره‌ی نوێ ئه‌چێته گۆرانیم؛
وه‌ک شووشه‌ی عه‌تر وشه‌کانی هه‌ڵبه‌ستم
ئه‌گرن بۆنی گوڵی له‌یلاخی ده‌ستم
ئه‌وسا مه‌گه‌ر، زاتێک بنێمه به‌ر خۆ،
ده‌م له جوانیی تۆ به‌م هه‌واری مۆسکۆ!
هەڵبەستی دەروون
هەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم:
بۆچی وەها دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین...
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی،
کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایەی کە شیعری
بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو
تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو!..
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!..
له لادێ
کراس‌که‌تانی که‌واسه‌وزی به‌ژنوباڵا به‌رز،
به شان و گۆزه‌وه چه‌ن جوانی ئه‌ی په‌ری سه‌ر ئه‌رز!
له دووره‌وه چ نمایانه پێچ و سه‌رپۆشت!
چ زوو ئه‌گاته ده‌ماخم شه‌پۆلی بۆی خۆشت!
شه‌ماڵی ڕێگه‌ی کانی ئه‌خاته باڵاکه‌ت،
له‌رانه‌وه‌ی له‌شی زیوینی شۆڕه‌بیی که‌ڵه‌گه‌ت!
ئه‌ڕۆی به عیشوه، به له‌نجه، به وه‌زنی گۆرانی
ئه‌ڕۆی... زڕه‌ی که‌مه‌ره‌ت دێ هه‌تاکو به‌ر کانی
ئه‌گه‌یته کۆمه‌ڵی پیاوانی به‌رده‌می مزگه‌وت،
سڵێک ئه‌که‌ی وه‌کو ئاسک له سێبه‌ری ئه‌شکه‌وت!
له ڕێگه‌تا هه‌یه پۆل پۆل له لاوی دێ کۆمه‌ڵ،
که هه‌ر یه‌که گوڵی هێناوه چه‌شنێ، پڕ باخه‌ڵ!
هه‌موو به عه‌زره‌ته‌وه‌ن گوڵ فڕێ ده‌نه به‌ر پێت،
خوایه ئاخۆ گوڵی کێ به دڵته‌وه ئه‌لکێت؟...